×

ئایا پێویستە هەمیشە دوا قسە هی تۆ بێت؟

بگەڕە بە شوێن دۆزینەوەی ڕێگایەیک بۆ لێک تێگەیشتن، گرینگ نییە چەندە زەحمەت بێت.

چ لە گۆڕینەوەی نامە بێت و تووڕەییەکانتان بنووسن، چ بە تەلەفوون بەسەر یەکدیدا هاوار بکەن یان لە دەمەقاڵەیەکی ڕووبەڕوودا بن، ئاساییە کە بتەوێت دوا قسە و کۆتا باس هی تۆ بێت و تۆ کۆتایی بە دەمەقاڵەکە بێنیت. بەڵام لە گەرماوگەرمی شەڕ و دەمەقاڵەدا ئەو قسەی کۆتاییە لەوانەیە خراپترین ڕێگای تەواو کردنی شەڕەکە بێت.

لەوانەیە هەموومان زۆر کاریگەری فلیمە ڕۆمانسییەکان لەسەرمان بێت، لەوانەی کە لە دەمەقاڵەی نێوان دوو هاوژیندا، یەکێکیان وتار و وتەیەکی جوان دەڵێتەوە و پاشان زۆر دراماتیک ژوورەکە بەجێدێڵت و دەرگاکە توند دەژەنێت. پاشان ئەوی دی کە بە تەنیا ماوەتەوە زۆربەی جار لە هەڵەکەی خۆی تێدەگات و بە پەشیمانی و شەرمەزارییەوە دەیەوێت داوای لێبووردن بکات.

لە ژیانی ڕاستەقینەدا شەڕەکان بەم چەشنە خاوێن و ڕێک و پێک و دراماتیک نین. لە جیهانی ڕاستەقینەدا دەمەقاڵەکان هەندێ جار تێکدەچن و ئازاربەخش و ڕووخێنەر دەبن بۆ پێوەندییەکان، بەتایبەت کاتێک لایەنێک دەیەوێت سەرتر بوون و بەهێزتر بوونی خۆی بسەلمێنێت.  دەتەوێت ئەو “ڕاست بوونە” بسەلمێنیت تاکوو بەرانبەرەکەت تێبگەیەنیت، بەڵام بەداخەوە بەکارهێنانی ستراتیجی لە کاتی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان دوو دڵداردا، هەستەکان دەڕووخێنێت و وادەکات بڕوایان بە یەکدی کاڵ ببێتەوە. ڕەنگە تۆ ڕاست بیت لە بابەتی کێشەکەدا، بەڵام ئەو چەشنە هەڵسووکەوتە وا دەکات بەرانبەرەکەت هەست بکات تۆ ئیدی پێوەندییەکەتانت بەلاوە گرینگ نییە و زۆرتر لە بیری سەرکەوتندای.

توێژینەوەکانی بواری پێوەندییەکان پیشانی داوە کە ڕێگەچارەکانی تایبەت بە چارەسەر کردنی شەڕە قورسەکان، خراپترین و ڕووخێنەرترین ڕێگان بۆ چارەسەری جیاوازییە ئاساییەکانی نیوان دوو کەس کە یەکدییان خۆش دەوێت. ویستی قسەی کۆتایی کردن پێوەندی هەیە بە ناوەندی تایبەت بە دۆخی هێڕشەوە لە مێشکدا، کە بۆ چارەسەر کردن و تەواو کردنی شەڕێکی قورس چالاک دەبێتەوە. ئیدی ئەم ئاکارە لە دەمەقاڵە لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا، وا دەکات لەجیاتی سەیر کردنی جیاوازی نێوان ڕوانین و بۆچوونەکانتان، بەرانبەکەرەت وەکوو لایەنی شەڕ و پێکدادان ببینیت. مەرج نییە شەڕ و دەمەقاڵەکان ببنە هۆی ڕووخانی پێوەندییەکان، لە ڕاستیدا تەنانەت دەتوانن بۆ بەهێز کردنی پێوەندییەکان و درووست کردنی پێوەندییەکی چڕ و تەندرووست بەسوود بن.

دوو دەروونناس لە زانکۆی کالیفۆڕنیا لە ساڵی ٢٠١٦دا (ئێمی گۆردۆن و سێرێنا چێن) توێژینەوەیان لەسەر ئەو هۆکارانە کرد کە وادەکەن هاوسەرەکان دەمەقاڵەیان هەبێت بە بێ ئەوەی زەبر لە پێوەندییەکەیان بدرێت، تەنانەت ببێتە هۆی باشتر بوونی پێوەندییەکەیان. تێزە (زانستەوتار)ە سەرەکییەکەیان ئەوە بوو چونکە “زۆربەی جار لێک تێنەگەیشتنە کە هۆکاری سەرەکی دەمەقاڵەکانە” پاشان “دەمەقاڵە و شەڕ لە نێوان دوو خۆشەویستدا بەس لە کاتێکدا دەتوانێت کاریگەری خراپ لەسەر پێوەندییەکەیان دابنێت کە دوو لایەنەکە لێک تێگەیشتنیان نەبێت”. هەبوونی لێک تێگەیشتن نەک هەر ئەگەری ڕوودانی شەڕ و ناکۆکی کەم دەکاتەوە بەڵکوو هەستە نەرێنییەکانیش کاڵ دەکاتەوە کە لە ئاکامی شەڕەکاندا درووست دەبن.

بە پێی تیۆرە سەرەکەییەکەی گۆردۆن و چێن، سەرنج خستنە سەر دەمەقاڵەکە دوورت دەخاتەوە لە توانای بیستنی قسەکانی بەرانبەرەکەت و ئەوەی کە تێبگەی بەڕاست چی دەڵێت؛ کە پیشاندەری تێگەیشتنت لە ئەو کەسەیە. گوتنی قسەی کۆتایی ڕەنگە بۆ کورتخایەن هەستێکی ئاسوودەگی و دڵنیاییت پێ ببەخشتێت بەڵام وادەکات بەرانبەرەکەت دڵشکاو و ناشاد بێت و متمانەی پێت کەم بێتەوە و لە ئەنجامدا گەڕاندنەوەی ئەو دۆخە هێمنەی پێش شەڕەکە زەحمەتتر دەبێت.

گۆردۆن و چێن لە ڕێگای حەوت توێژینەوەوە لە تیۆرەکەیان کۆڵینەوە؛ هەم توێژینەوەی تیۆری و هەم ئەزموونی، کە تێدا خەمڵاندیان ئاخۆ دوو خۆشەویست کە هەست بە لێک تێگەیشتن دەکەن دەتوانن ئەو ڕەزازمەندی و هەستی دڵخۆشییەی پێش شەڕ و دەمەقاڵەکە بگەڕێننەوە یان نا. لە یەکێک لە توێژینەوەکانیاندا لە نموونەی خوێندکارەکان، کە نموونەیەکی باوە، کەڵکیان گرت. بەڵام سەرەڕای ئەمە لە بازنەی نموونەیەک لە گەورەساڵان لە هەموو ناوچەکەش کەڵکیان گرت کە پێوەندییەکی درێژخایەنیان هەبوو.

توێژەرەکان سەرنجیان دەخستە سەر چەشنی هەستی دڵدارەکان لە کاتی ناکۆکی و دەمەقاڵەدا. ئەو شێوازی لێکۆڵینەوانە لەسەر چەشنی پێوەندییەکان، کە لە زۆرێک لە توێژینەوەکانی سەبارەت بە چارەسەری ناکۆکییەکان بەکار دەچێت، سوودی خۆیانیان هەیە بەڵام ناتوانن ئەو هەستە لە لێک تێگەیشتن بدۆزنەوە کە گۆردۆن و چێن پێیان وایە زۆر بنەڕەتی و گرینگە بۆ چارەسەرییەکی تەواوی ناکۆکییەک. واتە توێژەرێک لەوانەیە قسە ناحەزەکانی تۆ کە بە بەرانبەرەکەتی دەڵێی هەژمار بکات بەڵام ئەگەر بەرانبەرەکەت ئەو قسانە بە جیدی وەرنەگرێت ئایا دەکرێت ئەو ڕستانە وەکوو هێرش بێنە ئەژمار؟ یان بە چەشنێکی دیکە ئەگەر بەرانبەرەکە بزانێت کە چۆن و ناڕاستەوخۆ هێرش بکات، ڕەنگە  توێژەرەکە وەکوو هێرش نەیبینێت و بە هێرشی نەزانێت. ئەو وشە کۆتاییە دەتوانێت وەکوو هێرشێکی شاراوە بێت، لەوانەیە کەسێک کە لە دەرەوە سەیری شەڕەکە دەکات بە شتێکی گرینگی دانەنێت بەڵام تۆ لە ناخەوە بریندار بکات.

سەرسامکەرترین توێژینەوە لە نێوان ئەم توێژینەوانە، ئەوەی سەبارەت بە درووست کردنی هەستی لێک تێگەیشتن لە نێوان ناکۆکی و دەمەقاڵەکاندا بوو. داوا لە بەشداربووان دەکرا کە خۆیان لە شەڕ لەگەڵ خۆشەویستەکەیاندا لە دوو دۆخدا ببیننەوە. لە دۆخی لێک تێگەیشتندا پێیان دەگوترا :”وا بیر بکەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەت سەبارەت بە شتێک دەبێتە شەڕتان [بابەتێک کە بۆ بەشداربووەکە ئاشنایە]. لەم شەڕەدا وای بۆ بڕوانە کە خۆشەویستەکەت دەتوانێت لە بۆچوون و هەست و ڕوانینت تێبگات. لێرەدا تۆ هەست دەکەیت بەرانبەرەکەت لێت تێدەگات. تکایە بۆ ساتێک ئەوە بهێنە پێش چاوت، ئەوەی کە لە کوێیت، تۆ و یارەکەت چی دەڵێن و چ هەستێکتان هەیە.” لە دۆخەکەی دیکەدا بە بەشداربووان دەگوترا بیر لەوە بکەنەوە کە بەرانبەرەکەیان لێیان تێناگات.

بە درێژایی توێژینەوەکان بەردەوام کاریگەری ئەو هەستی تێگەیشتنە بەرانبەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕەکان بەرچاو دەگیرا. گۆردۆن و چێن پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کە ئەو هەستی لێک تێگەیشتنە دەبێت بەو پارێزەرەی کە وادەکات دوو خۆشەویست دەمەقاڵە و ناکۆکییان هەبێت بێ ئەوەی لە پێوەندییەکەیان بێهیوا کەون. هەندێ جار دوو هاوژین دەبینیت پێکەوە دەمێننەوە سەرەڕای ئەوەی لە چاوی تۆوە پێوەندییەکی ڕووخاو و تێکشکاویان هەیە، چونکە تۆ هەموو ڕاستییەکان و هەموو لایەنکانی ژیانیان نابینیت. لەوانەیە لەسەر هەموو شتێکی ئاسایی و بچووک بەردەوام ناکۆکی و دەمەقاڵەیان هەبێت بەڵام دیسان بتوانن بە هەستێکی ڕەزامەندی دوولایەنەوە لەگەڵ یەکدی بخەون.

ئەم کۆمەڵە توێژینەوانە پیشانی دەدات کە هەڵەی هەوڵ دان بۆ براوە بوون لە نێو ناکۆکییەکاندا چییە و چەندە خەساری دەبێت بۆ پێوەندییەک. کاتێک لە ناکۆکییەکدا بەس گرینگی بە خۆت بدەیت و گرینگی بە هەستی بەرانبەرەکەت نەدەیت، سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانیت ڕێگەچارەیەکی باش بۆ کێشەکانتان بدۆزیتەوە، لە درێژخایەنیشدا وا دەکات بەرانبەرەکەت بتۆرێنیت و لە بواری هەستییەوە لێت دوور ببێتەوە. بەهێز کردنی درێژخایەنی پێوەندییەکان ئیش و ئەرکی دەوێت و ئەم ئیشە بریتییە لە هەوڵ دان بۆ تێگەیشت لە بەرانبەرەکەت؛ ئیدی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ناکۆکییەکاندا کەمتر بیر لە براوە بوون بکەیتەوە و زۆرتر لە بیری درووست کردن و پاراستنی هەستێکی ئەرێنیدا بیت بۆ بەهێزتر کردنی پێوەندییەکەتان.

Susan Krauss Whitbourne / 2016 / ‘Do you (or Your Partner) Always Need to Have the Last Word?’ / Psychology Today

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.