×

ئێمە و سیاسەت و لێبوردەیی

گفتووگۆ لەسەر لایەنگرییەکان لەنێو پەیوەندییەکانماندا

ئێمە لە باسی لایەنگرییە سیاسییەکانماندا، چەندە لە یەکدی دەبوورین؟ ئەمە ئەزموونێکی قورسە. بابەتی زۆر نووسراوە لەسەر لایەنگرییە سیاسییەکان و تێکچوونی هاوڕێتی و پەیوەندییەکان بە هۆی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەکانەوە. لە دە ساڵی ڕابردوودا ناوەندی توێژینەوەی پەو (٢٠١٤) سەرنجی خستە سەر جیاوازییە سیاسییەکان و ویستمان بۆ پاراستنی ئایدۆلۆژییەکانمان؛ کە تێیدا خەڵک بەهۆی بۆچوونە جیاوازە سیاسییەکانیانەوە، دەستبەردای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە دەبن. ئەمە بووەتە هۆی زیادکردنی ڕێژەی خۆ دوورخستنەوە لەو کەسانەی بۆچوون و ڕوانینە سیاسییەکانیان لەگەڵمان جیاوازە و ئەمەش وادەکات ئاستی گفتووگۆی ڕاستەقینە و دەرفەتمان بۆ درووست کردنی پردێک لەنێوان جیاوازییەکانماندا کەم ببێتەوە. لە ڕاستیدا ئێمە خەریکین خۆمان لەم وتووێژانە دەدزینەوە و خۆمان دوور دەگرین لە وتووێژ لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەتەک بۆچوون و پیرۆزییەکانی ئێمە تەبا نین و ڕای خۆیان، کە دژی ڕوانینی ئێمەیە، دەردەبڕن.

گۆڕانکاری لەمەدا چەندە سەختە؟

ئەگەرچی گفتووگۆکانمان زۆر کەم دەبنەوە بەڵام کاتێک گفتووگۆیەک بێتە ئاراوە، زۆربەی جار درێژ دەبێتەوە. بۆچی؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە گۆڕینی بیروڕای خۆت یان کەسانی دی شتێکی زۆر زەحمەتە. جەفری کۆتلەر و ڕیچارد بالکین لە کتێبەکەیاندا بە ناوی ئەفسانە و هەڵەتێگەیشتن و گومانی ناڕەوای ڕاڤە و دەرمانی دەروونی1Myths, Misconceptions, and Invalid Assumptions of Counseling and Psychotherapy (Oxford University Press, 2020)دا ئاماژە بەم باسە دەکەن:

گۆرمان و گۆرمان (2017) ڕاڤەی دەکەن کە چۆن مێشک بەرگری لە خۆی دەکات بەرانبەر “مەترسی”ی گۆڕینی بیروڕای کەسێک. کاتێک کە بیرۆکەیەک جێگیر دەبێت، ناوەندی ڤەنترال سترایتوم2ventral striatum و نوکلیووس ئاکوومبەنس3nucleus accumbens لە مێشکدا چالاک دەبنەوە. هەر چەشنە زانیارییەکی زیادە کە بکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدا، بەرپەرچێک لە “ترس” لەنێو توێژی پێشەوە4prefrontal cortex – لە مێشکدا، توێژی پێشەوە ئەو توێکڵی مێشکەیە کە بەشی پێشەوەی ناوچەوانە پل دادەپۆشێت.دا چالاک دەکاتەوە: مەترسی! مەترسی! مەنتق و هۆکار لە ڕێگای ناوچەیەک لەنێو توێژی پێشەوەدا دێنە ژوورەوە و هەوڵ دەدەن، بە لۆجیک و وتووێژی مەنتقی و بڕیاردان و قووڵ بیرکردنەوە، بەسەر مێشکی ساکاری پێشوودا زاڵ ببن. بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی خاوە کە پێویستی بە کات و هێز و ئیش و هەروەها ویست و حەز هەیە. ئەمە ئیشێکی قورسە و ئاسانترە کە هەر دەست بگرین بەو شتانەی ئێستا دەیانزانین و لێیان تێدەگەین.

ئەمانە واتای چی؟ واتە ئەگەر مەبەستت ئەوەیە کەسێک قایل بکەیت وەکوو تۆ بیر بکاتەوە یان لانیکەم ڕای بگۆڕیت و قەبووڵی بکات کە تۆ شەڕکەرێکی ئایدۆلۆژییا و دەمارگرژ لەسەر بزووتنەوەیەکی سیاسی نیت، لەوە ناچێت کە سەرکەوتوو ببیت. تەنانەت ئەگەر بەڵگەیەکی بەهێزیش بخەیتەڕوو دیسان شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. ئەم چەشنە گۆڕانە ڕەنگە ڕووبدات بەڵام شتێکی باو نییە و تەنانەت زۆریش دەگمەنە.

دەی کەچی؟

هەندێ جار ڕەنگە هیچ بۆتان گرینگ نەبێت کە کەسێک ڕوانین و بۆچوونەکانتانی قەبووڵ نییە و تەنانەت دژیشی ببێتەوە و یان ڕقی لەو بۆچوونەتان بێت. بەڵام ئەگەر ئەم دژایەتی و ناکۆکی و ڕەتکردنەوەیە لەلایەن کەسێکەوە بێت کە ڕێزتان بۆی هەیە چی؟

لەڕاستیدا، کاتێک کەسێک کە خۆشمان دەوێت و ڕێزمان بۆی هەیە و بۆمان گرینگە، دژ بە بۆچوون و ڕوانینەکانمان دەبێتەوە، ئازاربەخش دەبێت بۆمان. هەرواش کە پێشتر گوتمان گۆڕینی بیروڕای ئەو، نەکردەیە یان زۆر زەحمەتە. پاش ڕوودانی وەها ناکۆکی و دژبوونەوەیەک، پاراستنی پەیوەندییەکە شتێکی ئاسان نییە و زەحمەت دەبێتەوە بە پەیوەندییەکەی جاران. چونکە شوێنگرتنی چەشنێک لە لێبوردەیی نێوانکەسی (لێبوردەیی لە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا) بە جۆرێک کە دەربڕینی پەشیمانی و گۆڕانی هەڵسووکەوتی بەدوادا بێت، دیاردەیەکی دەگمەنە.

ئەگەرێکی دیکە بۆ بەردەوام بوون، لێبوردەیی تاکەکەسی (لێبوردەیی لەنێوان خۆت و خۆتدا)؛ کە تێبگەین ئەو کەسەی دڵمانی ئێشاندووە بە بۆچوون و بڕوا و کردار و خووەکانییەوە ئەو شتەمان پێشکەش ناکات کە دەمانەوێت، و ئەوە هەوڵێکی بێئەنجام و بێسوودە کە چاوەڕێ بین لەم کەسەدا قایل بوون یان تێگەیشتن ببینینەوە. لێرەدا دوو بژاردەت دەبێت:

  1. کۆتایی هێنان بە پەیوەندییەکە. ئەمە لەوانەیە بۆ کورتخایەن ئاسوودەگییەک بەرهەم بێنێت، بەڵام لەوانەشە ببێتە هۆی هەندێک خەم و پەژارە لەوەی کە پەیوەندییەکت لەدەست داوە کە سەردەمێک بۆت گرینگ و بەنرخ بووە. وەها بڕیارێک زۆرتر لە کاتگەلێکدا ڕوو دەدات کە ویست و حەزمان بۆ خۆپاراستن و دوورگرتن لە کاریگەری و وزە نەرێنییەکان، کە ئەو پێوەندییە دەیخاتە سەر ژیانمان، زۆرتر بێت لە هەر شتێکی ئەرێنیی گرێدراو بەو پەیوەندییەوە. ڕەنگە بەشێک لە هۆکاری ئەوەی کە خەڵک خۆیان دەخزێننە نێو بازنەی ئایدۆلۆژییەکەوە بۆ پاراستنی خۆیانە لەو پەیوەندییانە کە لەوانەیە مەترسیدار بنوێنێت بۆیان. بەداخەوە کاتێک پەیوەندییەکان بەهۆی جیاوازی بیر و بۆچوونەکانەوە دادەخرێن، توانای ئێمەش بۆ تێگەیشتن لە ڕوانیینە جیاوازەکانی دەورووبەرمان دادەخرێت.
  2. بەردەوامبوون لەسەر پەیوەندییەکە. لەم بڕیارەدا دەزانیت کە هەندێک لەو شتانەی لە پەیوەندیەکە چاوەڕێیان دەکەیت، وەکوو ستایش و پاڵپشتی کردن لە بۆچوون و ڕوانگەکان و پیرۆزییەکانت، وەرناگریت. لەڕاستیدا بەم چەشنە، لایەنە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکە قەبووڵ دەکەیت سەرەڕای لایەنە نەرێنییەکانی کە لەوانەیە ببنە هۆی دڵگرانی و تەنانەت تووڕەبوونت.

ناسینەوەی پەیوەندییە ڕاستەقینەکان

لە ناخی ئەو بڕیارانەی کە باسمان کرد، گرینگی خودی پەیوەندییەکە وەستاوە. بێگومان وتووێژە سیاسییەکان وەڕزکەرن، بەڵام هەموو دەمەقاڵەیەک هی پەیوەندەییەکی تایبەت و گرینگ نییە. بۆ نموونە پەیوەندی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاو بگرن. خەڵک دەتوانن بەتەواوی ببن بە شەڕکەری کیبۆردەکان؛ دەمەقڕە و شەڕەقسە و بێڕێزی و هتد کە ئەمە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە و بنەڕەتی نییە. ئەوانە ئەوەندە گرینگ نین، هەرچەندە دەتوانن وەڕزکەر بن. لەم دۆخانەدا لێگەڕان یان تەواوکردنی ئەو بەڕواڵەت پەیوەندییە باشترین بژاردەیە. تۆ ناتەوێت و ناتوانیت ئەو کەسە بگۆڕیت و گرینگە کە ئەم دەرەنجامە قەبووڵ بکەیت.

پاشان ئەگەری ڕوودانی ئەم چەشنە وتووێژانە بەشێوازی ڕووبەڕوو، زۆر کەمە. بۆ نموونە ئەوە بەرچاو بگرە کە وەها وتووێژێکی توند لە کۆبوونەوەیەکدا ڕووبدات لەکاتێکدا منداڵێک لە ژوورەکەدا بێت، ڕەنگە منداڵێک لە باوەشت بێت، زمان و چەشنی وتووێژەکە ناگۆڕێت؟ بەدڵنیایەوە زۆربەی جار دەگۆڕێت.

بەڵام وەها دۆخێک زۆر دەگمەنە، مەگەر ئەوەی کە ئەو وتووێژە لەگەڵ ئەندامێکی بنەماڵە یان هاوڕێیەکدا بێتە ئاراوە؛ لەگەڵ کەسێک کە بۆت بەنرخە. کەواتە بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەم چەشنە وتووێژانەدا مامەڵە دەکەیت. لە ئەنجامدا، توانای ئیش کردن لەسەرلێبوردەیی تاکەکەسی و هاوکات پاراستن و بەردەوام بوونی پەیوەندییەکە ئاسانترە. قەبووڵکردنی ئەوەی کە ئەو گۆڕانەی دەتەوێت لە کەسانی دیکەدا بیبینیتەوە لەوانەیە زۆر دەگمەن و ئەگەری ڕوودانیان کەم بێت، بەشێکی هەرە گرینگە لە لێبوردەیی تاکەکەسی. دوورخستنەوەی هەستگەلێکی خراپ و ژەحر و قین بەرانبەر کەسانی دیکە، ئەگەرچی ئەو کەسە هەست بە پەشیمانی نەکات و نەگۆڕێت و بۆچوونی تۆ قەبووڵ نەکات، دەتوانێت ببێتە هۆی گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر لە ئاسوودەگی.

Richard S. Balkin /2021/’Forgiveness, Politics, and Us’/ Psychology Today

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.