×

باسێکی کورت لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق

بە درێژایی مێژووی فەلسەفە و مرۆڤایەتی، بۆچوون و تیۆرەی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئەخلاق و پێناسەکانی هاتوونەتە ئاراوە.

هەندێک پرسیار هەن کە دەمانەوێت هەر تیۆرەیەکی ئەخلاقی وەڵامیان بداتەوە و لە تێبینیمان لە هەر تیۆرەیەکدا ئەم پرسیارانە دەخەینە ڕوو.

  1. چ بڕیار و کردارگەلێک درووستن و چ بڕیار و کردارگەلێک هەڵەن؟
    کێ بەشێک لە بازنەی بڕیارە ئەخلاقییەکانمانە؟ بەرانبەر بە چ کەسانێک ئەرکی ئەخلاقیمان هەیە؟ هەندێک / هەموو مرۆڤەکان؟ ئاژەڵان؟ سرووشت؟
    ویستە ئەخلاقییەکان چ پێوەندییەکیان لەگەڵ بڕیار و ویستە مەنتیقییەکانی دیکەوە هەیە؟ ئایا هەمیشە لەسەر یەکدی کاریگەرییان هەیە؟
  2. چ شتێک وا لە کردەوەیەک دەکات کە بە ئەخلاقی یان نائەخلاقی پێناسەیان بکەین؟ واتە چ شتێک ئەو بڕیارە دەدات لە سەر ئەخلاقی بوون یان ئەخلاقی نەبوونی کردەوەیەک؟
  3. ئێمە چۆن دەزانین شتێک چاکە یان خراپە؟
  4. چ شتێک ئێمە هان دەدات ئیشی چاکە بکەین؟

هەر کردەوەیەک لە سێ بەش پێک هاتووە:

  • ئەو کەسەی ئیشەکە دەکات
  • ئیشەکە خۆی
  • ئەو دەرەنجامانەی لە ئیشەکەوە دەوەشێنەوە

ئەخلاقە بەرزەکان سەرنج دەخاتە سەر یەکەمی و زۆرتر کەسایەتی بکەرەکە بۆی گرینگە، دیئنتۆلۆجی سەرنج دەخاتە سەر دووهەمی و فەلسەفەی ئەنجامگەرایی سەرنج دەخاتە سەر سێهەمی.

ئەخلاقە بەرزەکان1virtue ethics – ئەخلاقە بەرزەکان تیۆرەیەکی ئەخلاقییە کە سەرنج دەخاتە سەر کەسایەتی تاکەکان وەکوو بنەڕەت و سەرچاوەی بیر کردنەوەیەکی ئەخلاقی.

لە تیۆرەی ئەخلاقە بەرزەکاندا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە چۆن دەتوانم ژیانێکی چاک بژیم؟ ئەریستۆ پێ وابوو کە باشترین ژیان، ژیانی کەسێکی تەواو تێگەیشتووە، مرۆڤێک کە پیشاندەری بێخەوشی و چاکەی تەواو بێت لە هەموو لایەنەکانی مرۆڤەوە؛ لایەنی هەست، لایەنی ئەزموون و مەنتق و هتد. هەروا کە خێری کەرەستەیەک وەکوو پێنووس ئەوەیە کە هەندێک تایبەتمەندی تێدابێت تاکوو بتوانێت باشترین کردەوی هەبێت کە نووسینە، خێری مرۆڤیش ئەوەیە ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت وەکوو میهرەبانی و وزە و دڵپاکی بۆ ئەوەی مرۆڤێکی تەواو و نموونەیی بێت. بە پێچەوانەی تیۆرەکانی دیکەوە، ئەخلاقە بەرزەکان دەستوورێکی نییە بۆ بڕیاردانی ئەوەی کە چ کردەوەگەلێکمان هەبێت. بەس ئەو شێوازەمان پێ پێشنیار دەکات تاکوو بە ئامانجی بگرین کە وا بین، کە چ چەشنە کەسایەتییەکمان هەبێت و ئەو تایبەتمەندییانەمان هەبێت کە لە مرۆڤێکی پێگەیشتوو و تەواودا هەیە.

ڕیشە و بنەڕەتی فەلسەفەی ئەخلاقە بەرزەکان دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسۆفی کۆن ئەریستۆ. ئەخلاقە بەرزەکان سەرنج دەخاتە سەر کەسایەتی و دەڵیت کە ئەخلاق دەگەڕێتەوە بۆ خاوەن کردارەکە، نەک خودی کردار یان دەرئەنجامەکانی. ژیانێکی ئەخلاقی یان باش گرێدراوە بە ئەوەی کە تایبەتمەندی و جەوهەری کەسێکی چاکت هەبێت واتە تایبەتمەندی و ئەخلاقێکی گونجاوت هەبێت.

بە پێچەوانەی دیئۆنتۆلۆجییەوە کە سەرنج دەخاتە سەر فێربوونی ژیان لەسەر بنەمای دەستوورە ئەخلاقییەکان، ئەخلاقی بەرز سەرنج دەخاتە سەر سرووشتی تایبەتمەندی چاکە و گەشە پێکردنی، واتە گەشە پێدانی تایبەتمەندییە چاکەکان و لایەنە خێرەکان و ناخە جوانەکان و هەروەها دوور گرتن و خۆپاراستن لە لایەنی شەڕ.

دیئۆنتۆلۆجی2Deontology

لەم تیۆرەیەدا ئەخلاقی بوونی کردەوەیەک بە پێی ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو کردەوەیە لە سرووشتی خۆیدا و بە پێی هەندێک یاسا درووستە یان هەڵە، نەک بە پێی ئەوەی کە چ دەرەنجام و ئاکامێکی لێ دەوەشێتەوە.
دیئۆنتۆلۆجی لە وشەی یۆنانی دیۆنەوە هاتووە بە مانای ئەرک، لەم تیۆرە ئەخلاقییەدا درووست بوونی کردەوەیەک بە پێی بنەمای سرووشتی ئەو کردارەیە؛ واتە کردەوەیەک لە سرووشتی خۆیدا درووستە یان هەڵەیە و گرینگ نییە چ شتێک لە ئەنجامی ئەو کردارەدا ئەگەری ڕوودانی هەبێت یان ڕوو بدات. کەواتە بۆ نموونە کەسێک ئەرکێکی لەسەر شانە، لە ڕوانگەیەکی دیئۆنتۆلۆجییەوە دەبێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات تەنانەت ئەگەر ئاکامی ببێت بە شتێکی نەخوازراو. لە ڕوانگەی دیئۆنتۆلۆجییەوە هەندێک کردەوە نابێت لەسەر دەرەنجامەکانیان بریاریان لەسەر بدرێت واتە ئەنجام و کۆتایی شتێک، مەبەست و پێناسەی ئەو کردەوەیە نییە.

ئیمانۆیل کانت دەلێت: “هەر کەسێک دەبێت بە چەشنێک هەڵسووکەوت بکات وەکوو ئەوەی لەگەڵ مرۆڤایەتی هەڵسووکەوت دەکات، هەم لە خۆتدا و هەم لە کەسی بەرانبەردا، هەمیشە وەکوو کۆتاییەک سەیری کردارەکان بکەیت نەک وەکوو بەس مەبەستێک (بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک)” کانت پێوابوو کە بنەمای ئەخلاق ستانداردێکی مەنتیقییە (لە ئەخلاقی مەنتیقیدا بۆ نموونە کەسێکی بەئەخلاق کەسێکی مەنتیقییە، یان با بڵێین کردەوەیەکی ئەخلاقی کردەوەیەکە کە هۆکار و مەنیتقە گشتییەکان قەبووڵی بکەن) واتە ئێمە دەبێت بە پێی ئەو خاڵ و ڕەوشت و ڕاستییە گشتییانە هەڵسووکەوت بکەین کە وەکوو یاساگەلێکی گشتگیر قەبووڵ کراون و هەموو خەڵک قەبووڵیانە.
واتە لە هەر کردەوەیەکدا دەبێت بە پێی هۆکارێک بجووڵێیتەوە کە هەموو کەسێک ئەو هۆکارەی قەبووڵ بێت و لە هەموو کردەوەکاندا کەسانی دی وەکوو سەرچاوەی ڕێز سەیر بکرێت و قەد لە کەسێک وەکوو ئامێرێک بۆ گەیشتن بە سوودی خۆت کەڵک نەگریت.

دژایەتییەکانی دیئۆنتۆلۆجی کانتی: بە پێی بۆچوونی کانت، چاکە و ئەخلاقی بوونی کردەوەکانی ئێمە بەس بە پێی سرووشت و پێناسەی ناخی ئەو شتەیە کە لە سرووشتیدا ڕاست بێت یان هەڵە. ئەمە واتە درۆ کردن بۆ نموونە لە هەموو دۆخێکدا هەڵەیە و گرینگ نییە چ ئاکامێکی لێ بوەشێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بکوژێک هەواڵی شوێنی کەسێکت لێ بپرسێت کەچی تۆ دەزانیت ئەوە بکوژە، نابێت درۆ بڵێیت و دەبێت شوێنی ئەو کەسە بدرکێنیت! کە ئەمە هیچ مەنتیقی نییە.

ئەنجامگەرایی3consequentialism

تیۆرەکانی ئەنجامگەرایی بە پێچەوانەی ئەخلاقە بەرزەکان و ئۆنتۆلۆجییەوە، سەرنج دەخەنە سەر ئەنجامی بڕیار و کردارەکان. بە پێی ئەم بۆچوونانە کردەوەیەک ئەخلاقی و مۆراڵ دێتە ئەژمار کە دەرەنجامێکی چاکی هەبێت، واتە پێوەر و بنەمای چاکە و درووست بوونی کردەوەیەک بەس لەسەر دەرەنجامەکانی دەبێت. بەرچاوترین و گرینگرترین شێوازی ئەنجامگەرایی، سوودگەراییە.

سوودگەرایی4Utilitarianism دەڵێت کە کردەوەیەک، چاکەیەکی ئەخلاقییە بەس بەو مەرجەی کە ببێتە هۆی زیاد کردنی چاکە و وا بکات چاکە بگات بە بەرزترین ئاست یان ئەوەی کە خراپە بگاتە کەمترین ئاست. سوودگەرا کلاسیکەکان و هەروەها زۆرێک لە ئەوانەی هاوچەرخ، چاکە وەکوو چێژ یان تەندرووستی پێناسە دەکەن (تەندرووستی لە چوارچێوەی فەلسەفیدا، بە پێچەوانەی بەکارهێنانە باوەکەی لە ڕۆژانەدا کە بەس بۆ سەلامەتی جەستە بەکار دەهێنرێت، مەبەست چاکەیەکی سرووشتی یان کۆتایی تاکێکە). واتە لەم ڕوانگەیەدا کردەوەیەک چاکە و ئەخلاقییە بەس بەو مەرجەی کە ببێتە هۆی ئەوەی چێژ و تەندرووستی بگاتە بەرزترین ئاست یان ئەوەی کە ئازار بگاتە کەمترین ئاست.
ئەم ڕوانگەیە هەندێ جار پێ دەڵێن ئەنجامگەرایی هیدۆنیستی. بۆ ئەمانە، چاکە و ئەخلاقی بوونی کردارەکان بەس بەپێی بنەمای دەرەنجامی چێژ یان ئازارە.

1. sevenpillarsinstitute.org / moral traditions
2. ocw.mit.edu / 2017 / good food ethics and politics of food

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.