وێژە

بیرۆکە سەرەکیەکان لە شانۆنامەی هاملێت دا

گومان و نەبوونی دڵنیایی

ئەو شتەی هاملێت لە شانۆنامەکانی دیکە وا لە سەر بابەتی تۆڵە کردنەوە نوسراون، یان تەنانەت لە هەمو شانۆنامەکانی پێشو جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە بەردەوام ئەو شتەی چاوەڕوانین ڕو بدات بە تایبەت ئەو شتانەی پەیوەندیان بە هاملێتەوە هەیە، بەردەوام دوا دەخرێن و ڕونادەن؛ لە بەر ئەوەی هاملێت هەوڵ ئەدات سەبارەت بە بڕیارەکانی بە دڵنیایەکی زۆرتر و زانیاریەکی ڕونتر بگات. ئەم شانۆنامەیە پرسیارێکی زۆر دەخاتە ڕو، پرسیارگەلێک کە شانۆنامەکانی دی لێیدەگەڕێن و بێ ئەوەی گومانی لێ بکەن بە شتێکی ئاسایی و دروستی دادەنێن. ئەکرێ زانیارییەکی ڕونمان لە سەر تارمایی هەبێت؟ تارمایی هەر ئەو شتەیە کە ئەبینرێ یان لە ڕاستیدا گێچەڵێکە و مرۆڤ دەخەڵتنێ؟ تارمایی زانیاریەکی دروستی لە سەر مەرگی خۆی هەیە، یان تارماییەکە خۆیشی خەڵەتێنراوە و لە ڕاستی و واقێعەکە تێنەگەیشتوە؟ لە ئاست و ڕێبازی زەمینی دا، ئێمە چۆن دەتوانین زانیاریەکی دروست و بێ گومانمان لە سەر تاوانێک هەبێت کە هیچ شایەت و گۆڤانێکی نیە؟ هاملێت دەتوانێ لە ڕوی هەڵسوکەوتی کلۆدیوس بگات بە ناخی و لە بارودۆخی دەرونی وی تێبگات؟ ئەگەر واش بێت، دەتوانێت بە ڕوانین بۆ بارودۆخی دەرونی کلۆدیوس تێبگات کە بە ڕاستی ئەو چی کردوە؟ کلۆدیوس یان بینەر بە دیتنی هەڵسوکەوتی هاملێت و بیستنی وتارەکانی دەتوانن لە بارودۆخی دەرونی و ئەو شتەی لە مێشکی دایە تێ بگەن؟ ئەتوانین دڵنیابین کە کردەوەکانمان هەر ئەو کاردانەوانەیان ئەبێت کە خۆمان ئەمانەوێ؟ هەموو شتێک سەبارەت بە ژیانی پاش مەرگ دەزانین؟

خەڵکانێکی زۆر شانۆنامەی هاملێت بە شانۆنامەیەکی ئاڵۆز و ناڕون دەزانن کە پاڵەوانەکەی ناتوانێ بە دروستی بڕیار بدات. هاملێت شانۆنامەیەکە پێمان نیشان ئەدات ناڕونیەکی زۆر لە ژیاندا هەیە و ژیان لە سەری ئەم ناڕونی و لێڵاییانە دامەزراوە، پێمان نیشان ئەدات کاتێک ئەمانەوێ کارێک بکەین یان کردەوەی کەسێکی دی بسەنگێنین، چ شتگەلێک هەیە کە تێ نەگەیشتوین بەڵام بە دروستیان دادەنێین.

ئاڵۆزی کردەوەکان

بیرۆکەی کردەوە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بیرۆکەی دڵنیاییەوە. چۆن ئەکرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، کردەوەیەکی ژیرانە، گونجاو و کاریگەرمان هەبێت؟ لە هاملێت دا ئەم پرسیارە کە کردەوەکانمان ئەبێ چۆن بن، بێجگە لە تێڕامانێکی لۆژیكی و ژیرانە و هەبوونی دڵنیایی و بێگومانی، پەیوەندیەکی قوڵی بە هەست، ئەخلاق و دۆخی دەروونی کەسایەتیەکانیشەوە هەیە. وا دیارە هاملێت خۆیشی دڵنیا نیە کە بتوانێ بە شێوەکی ئامانجدار و چاودێرانە بڕیار بدات و ئیش بکات. کاتێک بڕیارێک ئەدات، بە توندو تێژی، بێ باکی و کوێرانە جێ بە جێ ئەکات. کەسایەتیەکانی دیکە زۆر کەمتر لە هاملێت سەبارەت بە کردەوەکانیان بیر دەکەنەوە بۆیە هەست بە ئازارێکی ئەوتۆ ناکەن بەرامبەر بەوەی ئاخۆ کردەوەیەکی کاریگەر و شیاویان بوە یان نا. ئەوان ئەو جۆرە وا بە باشی دەزانن و هەست دەکەن باشە، هەروا ئیش دەکەن و بڕیار ئەدەن. بەڵام لە هەندێک ڕوانگەوە کەسایەتی ئەوان ئەیسەلمێنێ کە هاملێت ڕاست دەکا، چونکە تەواوی کردەوەکانی ئەوان بێ ئەنجام دەردەچن. کلۆدیوس، شاژن و تاجی پاشایەتی بە توندەتێژیەکانی بە دەست دەهێنێ بەڵام ویژدانی ئازاری ئەدات. ڕوبەڕوی مەترسیگەلێک دژ بە دەسەڵاتی دەبێتەوە (دوایش لە ئەنجامدا دەمرێ). لێیرتیس ڕێک دەکەوێ کە هیچ شتێک ناتوانێ بەر بڕیارەکەی بۆ تۆڵە سەندنەوە بگرێت، بەڵام هەر زۆر زوو ئەکەوێتە ژێر کاریگەری کلۆدیوس و لەپێناو ئامانجەکانی پاشادا ئیش دەکات. لە کۆتایشدا بە شمشێرە ژەحراویەکەی خۆی دەمرێت.

نهێنی مەرگ

لە پاش کوژرانی باوکی، هاملێت گیرۆدەی بیرۆکەی مەرگ ئەبێت و چەمکی مەرگ مێشکی داگیر دەکات. بە درێژایی شانۆنامەکە لە ڕوانینگەیەکی زۆرەوە لە مەرگ ڕادەمێنێ. هاملێت لە بەشی مەعنەوی پاش مەرگ ڕادەمێنێ، ئەو شتەی لە تارمایەکەدا پێک هاتوە. هەروەها لە پاشماوەی جەستەیی مردوەکان وەکو کەلە سەری یوریک و لاشەی مردوەکانی گۆڕستانیش ڕادەمێنێ. بە گشتی، مەرگ پەیوەندیێکی قوڵی هەیە بە بیرۆکەی ڕۆح و ڕاستی و گومانەوە، بۆ ئەوەی مەرگ لەوانەیە وەڵامی قوڵترین پرسیارەکانی هاملێت بداتەوە و بە یەکجاری کۆتایی بێنێ بە کێشەکانی سەبارەت بە تێگەیشتن لە ڕاستیەکانی جیهانێکی ناڕوون و پڕ لە گومان. مەرگ هۆی تۆڵە سەندنەوەیەو و ئەنجامیشیەتی، پەیوەندیەکی زۆری بە تۆڵەو دادەوە هەیە. کوژرانی پاشا هاملێت بە دەسی کلۆدیوس سەرەتا و دەستپێکی خواست و ئارەزوی هاملێتە بۆ تۆڵە کردنەوە و مەرگی کلۆدیوس کۆتایی بەو ئارەزوە دێنێ.

پرسیار لە سەر مەرگی خۆی، دەچێنە ناخ و دەرونی هاملێتەوە، بەردەوام بیر دەکاتەوە ئاخۆ لەم جیهانە پڕ لە ئازارەدا خۆکوژی ڕەوایە یان نا؟ ئازار و نەهامەتی هاملێت ئەوەندەیە کە بەردەوام ئاواتەخوازی مەرگە تاکو لە ئازارەکانی ڕزگاری بێت بەڵام ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر خۆی بکوژێت، بۆ هەتاهەتایی لە دۆزەخدا بمێنێتو ئازار بچێژێ، چونکە ئایینی مەسیحیەت خۆکوشتنی قەدەغە کردوە. لە تاکبێژیە زۆر ناسراوەکەیدا کە ئەڵێت «بوون یان نەبوون…» هاملێت بە شێوەیەکی فەلسفی بەو بیر و بڕوایە ئەگات کە هیچ کەسێک ئەم ئازارەی ژیان هەڵنابژێرێت ئەگەر لەوەی ڕەنگە دوای مەرگ بێتە دی نەترسابایە. هەر ئەم ترسەیە کە وا دەکات تێڕامانە ئەخلاقیە ئاڵۆزەکان تێکەڵ بە بڕیارەکان و کردەوەکان بن.

نەتەوە وەکو جەستەیەکی ناساغ

لە هاملێت دا هەمو شتێک پەیوەندی بە یەکەوە هەیە. وەکو پەیوەندی بەختیاری بنەماڵەی پاشا و تەندروستی وڵاتێکی یەکپاڕچە. پەردە سەرەتاکانی شانۆنامەکە هەستی پەرێشانی، پەشۆکاوی و ترسێک ئەکۆڵێ کە گەیشتنی دەسەڵات لە سەرۆکێک بۆ سەرۆکێکی دیکە ئەگرێتە بەر. بە درێژایی شانۆنامەکە، کاراکتەرەکان پەیوەندیێکی ڕون لە نێوان یاسا و ئەخلاقی سەرۆکێک و تەندروستی نەتەوەیەک پیشان ئەدەن. دانیمارک بەردەوام بە جەستەیەک ئەشوبهێنرێ کە بە هۆی لە کیس چونی ئەخلاقی کلۆدیوس و گێرترود نەخۆش کەوتوە. زۆر لە چاودێرەکان دەرکەوتنی تارمایەکە بە پێشبینیەکی سەرسروشتی دەزانن کە ئاماژە بەوە دەکات «شتێک لە وڵاتی دانیمارکدا تێکچوە». پاشا هاملێتی مردوو وەک سەرۆکێکی بەهێز و ڕاستبێژ پیشان ئەدرێ کە لە ژێر سەرۆکایەتی و پاسەوانی ئەودا، وڵات تەندروستیێکی باشی هەبووە بەڵام کلۆدیوس سیاسیەکی بەدڕەوشت و خراپە کە دانیمارکی بۆ تێر کردنی ئارەزوەکانی خۆی دەوێ. لە کۆتایی شانۆنامەکەدا، هێزی فۆرتینبراس بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوە دەگەینێ کە دانیمارک لە داهاتودا جارێکی دی بەهێز دەبێت.

سەرچاوە: Spark Note

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە