×

تێبینییەک لە سەر ڕۆمانی ‘کیمیاگەر’ی پاولۆ کۆیلۆ

کیمیاگەر – The Alchemist
نووسەر: پاولۆ کۆیلۆ – Paulo Coelho
ساڵ: 1988

بیروبڕوا ئایینیەکان لە ڕۆمانی کیمیاگەردا

ئایینی مەسیح

سانتیاگۆ لە ڕوانین بۆ جیهانی دەوروبەری و ئاکاری پەزەکانی، شتێکی زۆر فێر دەبێت. بیردەکاتەوە ئەو خودایە کە وەها پەزەکان بە باشی هیدایەت دەدات، مرۆڤیش هیدایەت دەدات. پیاوە ئنگلیزیەکە دەڵێ کە پێ سەیر نییە ئەگەر پاشایەک وەکوو مەلکیسادقی لەگەڵ شوانێک دوابێت. دەڵێ شوانەکان بوون کە بۆ یەکەم جار پاشایەکیان ناسی کە هیچ کەسی دیکە لە جیهاندا نەیناسیبوو.

کاتێک بەڕێوەبەری کاروانەکە لە هەمووان دەخوازێ کە هەر کەس و بە خودای خۆی سوێند بخوات کە گوێ دەگرێت لە فرمانەکانی کاروانچیەکە، سانتیاگۆ بە مەسیح سوێند دەخوات. پێشبینیکەرێک دانی پێدادەنێت کە ئەو تەنیا شتگەلێک لە داهاتوو دەقەبڵێنێت. دەلێت داهاتوو تەنیا هی خودایە و جاروبار لە دۆخگەلێکی تایبەتدا ئاشکرای دەکات. دەڵێ خەڵک پێویستە هەموو ڕۆژێ بەو بڕوایەوە ژیان بەسەربەرن کە خودا عاشقی مناڵەکانیە (بەندەکانی) و خۆشیانی دەوێ. شێخێک لە بیابان چیرۆکی ژۆزێف و خەونەکانی فیرعەون بۆ سانتیاگۆ دەگێڕێتەوە. کیمیاگەرەکە و کەسانی دیکەی نێو چیرۆکەکە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دڵی مرۆڤ لە هەر کوێ بوو، گەنجینەکەشی هەر لەوێیە. کیمیاگەرەکە ئەو چیرۆکەی ئنجیل سەبارەت بە ئەفسەرە ڕۆمانیەکەی بۆ دەگێڕێتەوە کە بڕوای هەبووە مەسیح دەتوانێ خزمەتکارەکەی دەرمان بکات. ئاماژە دەکات کە وتەکانی ئەم پیاوە بۆ هەمیشە وەبیردێنەوە. باسی ئەوە دەکات کە ئێمە بە درێژایی ژیان زۆربەی کات نازانین بە چ شێوەیەک ڕەنگە لەسەر داهاتوو کاریگەریمان دانابێت.

کاتێک ئەم لاوە دەگات بە هەرەمەکانی میسر، سوپاسی خودا دەکات. ئینجا ئاماژە دەکات کە خودا ڕێگایەکی سەیری هەڵبژاردووە بۆ یارمەتی دانی بۆ دۆزینەوەی گەنجینەکەی، بەڵام لەم ڕێگایەدا شتانێکی جۆراوجۆریش فێر بووە.

بیروبڕوا ئایینیەکانی دیکە

سانتیاگۆ هەست بە وزەیەکی ئەفسانەیی و سەیر دەکات کە ژیانی گرێ دەدا بە ژیانی پەزەکانیەوە. باوک و دایکی دەیانویست ببێت بە قەشە بەڵام بۆ خۆی، ناسینی دونیا گرینگتر بوو لە خوێندن سەبارەت بە خودا و گوناهەکانی ئینسان. جارێکیان کاتێک بۆ خۆرهەڵات دەڕوانێ، دەڵێ کە نەیدەتوانی خودا لە نێو حوجرەدا (کۆلێجی ئایینی) بدۆزێتەوە. سانتیاگۆ لەگەڵ قەرەجێکی پێشبینیکەر دیداری دەبێت. ئەگەرچی سانتیاگۆ فێربووە کە متمانە بە قەرەجەکان نەکات بەڵام هەست دەکات ئەم ژنە کێشەیەکی نییە چوونکە وێنەی دڵی لە خاچدراوی مەسیحی پێیە. کاتێک بە ترسەوە چاوەڕوانی پێشبینی ئەو ژنە دەکات، لەبەر خۆیەوە دۆعاکانی خودا دەڵێتەوە.

لە کتێبی تەورات، مەلکیسادقی پاشای شالیمیش دێتە لای ئابرام:

مەلكیسادقی پاشای شالیمیش (شالیم واتە ‘ئۆرشەلیم’). نان و شەرابی دەرهێنا. ئەو كاهینی خودای هەرەبەرز بوو. ١٩. داوای بەرەكەتی بۆ كرد و گوتی: «با خودای هەرەبەرز، خولقێنەری ئاسمان و زەوی، ئەبرام بەرەكەتدار بكات. ٢٠. ستایش بۆ خودای هەرەبەرز كە دوژمنەكانتی دایە دەستت.» ئەبرامیش دەیەكی هەموو شتێكی پێدا. (پەیدابوون ١٤، ئایەتی ١٨تا٢٠).

مەلکیسادقی لە ڕۆمانی کیمیاگەردا وەکوو پیرەپیاوێک دەردەکەوێت و دەڵێ کە دەتوانێ بە شێوازگەلی جۆراوجۆر وەکوو بەردێک، ڕێگەچارەیەک یان بیرۆکەیەکی باش خۆی نیشان بدات. شتگەلێک سەبارەت بە سانتیاگۆ دەزانێت کە ئاگاداربوون لێیان بەبێ هەبوونی هێزێکی نهێنی ناکرێ. دەڵێ کە گرینگە ئەم لاوە ئەفسانەی تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە.

دەڵێ بە تێپەڕبوونی کات هێزێکی نهێنی و ئەفسانەیی وادەکات خەڵک نەتوانن لە ئەفسانەی تایبەتی خۆیان تێبگەن. مەلکیسادقی دەڵێت ئەفسانەی تایبەتی هەر کەسێک ئەرکێکی ئەو کەسەیە لەسەر عەرز و پێویستە جێبەجێ بکات، ویست و ئارەزویەکە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ “ڕۆحی گەردوون”. دەڵێ کە خۆراکی “ڕۆحی گەردوون”، شایی و دڵخۆشی خەڵکە. کاتێکیش کەسێک شتێکی دەوێت، هەموو گەردوون پلان دەڕێژن و هەوڵ دەدەن کە ئەو کەسە بە ئامانجەکەی بگات. تاکە ئەرکی ڕاستەقینەی مرۆڤ لە ژیانیدا ئەوەیە کە لە چارەنووسی خۆی تێبگات. مەلکیسادقی کە داوای یەک لە دەی پەزەکانی سانتیاگۆ دەکات دەڵێت: جەنگاوەرانی ڕووناکی ئەوەت فێر دەکەن کە هەر شتێک لە ژیاندا نرخێکی هەیە.

سانتیاگۆ سەری سووڕ دەمێنێ کە چۆن وەها خێرا توانیویە پەزەکانی بفرۆشێت، مەلکیسادقیش ئەمە وەکوو بەختێکی سەرەکی ناو دەبات. ئاماژە بەو هێزە دەکات کە دەیەوێت کەسێک لە ئەفسانەی تایبەتی خۆی تێبگات. دەڵێ خودا بۆ هەر کەسێک ڕێگایەکی ئامادە کردووە کە شوێنی بکەوێت، بەڵام پێویستە ئەو نیشانە و ئاماژانە بخوێنیتەوە کە خودا بۆی داناوی. لەمەوبەدوا لە ڕۆمانەکەدا بە زۆری ئاماژە دەکرێت بە نیشانەکان.

مەلکیسادقی دوو بەرد، یەکێکیان سپی و ئەوی دیکەیان ڕەش، بە ناوگەلی یوریم و تومیم دەدات بە سانتیاگۆ تا لە بڕیارەکانیدا یارمەتی بدەن. ئەگر هەرکات نەیتوانی نیشانەکان بخوێنێتەوە دەتوانێ لە بەردەکان کەڵک وەربگرێت؛ بەردی ڕەش واتای ‘ئەرێ’ و بەردی سپی واتای ‘نا’ی هەیە. کاتێک مەلکیسادقی دەڕوانێ بۆ سەرکەوتنی سانتیاگۆ بۆ بەلەمەکە، دەزانێ کە خوداکان ناکرێ حەز و خەونیان هەبێت چوونە ئەفسانە و چیرۆکی تاکەکەسیان نییە. دیسان هیوادارە ئەو کوڕە سەرکەوتوو بێ.

فرۆشیاری بلوورەکان کە پیاوێکی موسوڵمانە سەبارەت بە گوتەکانی پێغەمبەرەکەی قسەدەکات. دەڵێت کە ئیسلام پێویستی کردووە کە سەفەرێک بەرەو مەککە بڕوات.

پیاوە ئنگلیزیەکەش وەکوو سانتیاگۆ دوو بەردی یوریم و تومیمی هەیە. بە سانتیاگۆ دەڵێ کە ئەم بەردانە تەنیا چەشنێکی پێشبینین کە خوادا ئیزنی لەسەر داوە. ئەم پیاوە بە شوێنی کیمیاگەرێکدا دەگەڕێت؛ کەسێک کە لە زمانی گەردوون تێدەگات. دەڵێت کە ‘هەست’ و ‘هاوشێوەیی’ ئەو وشانەن کە زمانی گەردوونی پێیان نووسراوە.

کاتێک سانتیاگۆ چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ پیاوە ئنگلیزیەکە دەگێڕێتەوە، ئەو زەلامە دەڵێت کە چیرۆکەکە پیشاندەری ڕێسایەکە؛ ئەو ڕێسایە کە هەموو شتێک بەڕێوە دەبات و بە زاراوەی کیمیا پێی دەڵێن ‘ڕۆحی گەردوون’. دەڵێ کەسێک ئەو کاتە نزیکی ‘ڕۆحی گەردوون’ دەبێتەوە کە کەوتبێتە شوێن ئاواتێک؛ ئامانجێک کە پڕ بە دڵ ئاواتەخوازی بێت. پیاوە ئنگلیزیەکە ئەوەش دەڵێ کە ئەم باسە تەنیا بۆ مرۆڤەکان نییە؛ هەموو شتێک لە سەر زەوین، زیندەوەرەکان و گیاکان و کانزاکان ڕۆحێکیان هەیە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە.

کیمیاگەرەکان لەو بڕوایەدان ئەگەر بتوانن بە کانزایەک ئەوەندە گەرما بدەن لە تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕزگاری ببێت، ئەو شتەی دەمێنێتەوە ‘ڕۆحی گەردوون’ە. ئینجا کیمیاگەرەکان دەتوانن لە هەموو شتێکی جیهان تێبگەن، چوونکە ئەو زمانە گەردوونییەیان پێیە کە هەموو شتێک پێ دەدوێن. کیمیاگەرەکان نێوی ئەم دەستکەوتەیان نا ‘ئیشی مەزن’؛ بەشێکی شلەمەنی و بەشێکی ڕەقەمەنیە. بە بەشی شلەمەنیەکەییان دەگوت ‘ئیکسیری ژیان’ کە دەتوانێت هەموو نەخۆشینێک چاک بکاتەوە. بەشی ڕەقەمەنیەکەشیان دەگوت ‘بەردی فەیلەسۆف’ کە دەتوانێت کانزا بکات بە زێڕ. زەلامە ئنگلیزیەکە دەڵێت پاڵاوتنی کانزاکان، کیمیاگەرەکان دەبات بەرەوە پاڵاوتنی خۆیان.

بەڕێوەبەری کاروانەکە لەو بیابانەدا دەزانێت گەشتیارەکان هەر کامە و سەر بە ئایینێکی جیاوازن و خودایەکی جیاواز دەپەرەستن. دەڵێ کە خۆی ئەڵڵا دەپەرەستێ و لە ئەوانیش داوا دەکات هەر کەس بە خودای خۆی سوێند بخوات لەم سەفەرە بێقەوڵی بەڕێوەبەر نەکەن و شوێنی فرمانەکانی بکەون.

فاتمە دەڵێت ژنانی بیابان بەوە ڕاهاتوون کە بیابان مێردەکانیان لێ دەستێنێت. دەڵێت ئەو پیاوانە کە ئیدی ناگەڕێنەوە دەبنە بەشێک لە هەور و ئاو و زیندەوەران؛ دەبن بە ڕۆحی گەردوون. کیمیاگەرەکە لەو باوڕەدایە کە ئەوین نابێ ببێت بە ڕێگری پیاوێک لە کەوتنە شوێنی ئەفسانەی تایبەتی خۆی. ئەگەر رێی پێ گرت، ئیدی ئەوە ئەوینی ڕاستەقینە نەبووە. هەروەها دەڵێت کە هەر کەس خۆی بقوڵتێنێتە نێو چیرۆکی تایبەتی کەسێکی دیکەوە، هیچکات ئەفسانەی خۆی نادۆزێتەوە. کیمیاگەرەکە بە سانتیاگۆ دەڵێت هیچ دڵێک ئازاری نەچێشتووە لەوەی کە بە دووی خەونەکانیدا بکەوێت، چوونکە هەموو چرکەیەکی ئەو گەڕانە هاوڕێیە لەگەڵ خودا و جاویدانەگی. دەڵێ پێش ئەوەی کەسێک بتوانی لە خەونێک تێبگات، ڕۆحی گەردوون خەونبینەکە تاقی دەکاتەوە بزانێت لەو ڕێگایەدا چی فێر بووە.

سانتیاگۆ بەو ئاکامە دەگات کە ئەم هەستە، پەیوەندی ڕۆحە لە گەڵ جیهانی ژیانی ئێستادا، کە هەموو کەسێک پەیوەندی لەگەڵیدا هەیە. کیمیا لە ڕێگای شێوازی مادەوە، ڕۆحێکی تەواوی دەخستە بەردەست کیمیاگەرەکان. بەو ئاکامە دەگات کە کیمیا بوونی هەیە؛ هەر کەسێک بگەڕێت بە شوێن گەنجینەکەیدا و بیدۆزێتەوە، دەبێت بە شتێکی باشتر و پاڵاوتر لەو کەسایەتییەی جارانی. کاتێک سانتیاگۆ لەگەڵ بیابان و هەتاو و ‘با’دا دەدوێت، لە هەبوونی دەستێکی نەبینراو تێدەگات کە گەردونی لە شەش ڕۆژدا دروست کردووە، گەردوونێک کە بووە بە ‘ئیشێکی مەزن’. لە ‘ڕۆحی گەردوون’ تێدەگات و دەبینێت کە بەشێکە لە ڕۆحی خودا. ئینجا تێدەگات کە ڕۆحی خوداش هەر ڕۆحی خۆیەتی و دەتوانێت ئیعجاز بخولقێنێت.

سەرچاوە: Pluggedin

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.