وێژە

تێبینیێک لە سەر شانۆنامەی ئەنتیگۆنە

ئەنتیگۆنە – Antigone
نووسەر: سۆفۆکلێس – Sophocles
زمان: یۆنانی کۆن
یەکەم نمایش کردن: ٤٤٢ یان ٤٤١ پ ز
وەرگێڕان لە سوێدییەوە بۆ کوردی: خەبات عارف، ٢٠١٧

ئەنتیگۆنە. نیگارکێش: نیکیفۆرۆس لیتراس

ئەنتیگۆنە. نیگارکێش: نیکیفۆرۆس لیتراس

ئەنتیگۆنە تراژیدیێکی سۆفۆکلێس شانۆنامەنووسی یۆنانی کۆنە کە لە دەورووبەری ساڵانی ٤٤٢ی پ ز دا نووسیویەتی. سۆفۆکلێس ئەنتیگۆنەی پێش دوو شانۆنامەکەی تری سەبارەت بە شاری تێبە نووسیوە بەڵام ڕووداوەکانی دەکەونە پاش چیرۆکی “ئۆدیپی پاشا” و “ئۆدیپ لە کۆلۆنووس”ەوە و لەوێوە دەست پێ دەکا وا چیرۆکی شانۆنامەی “حەوت دژبەری تێبە”ی ئێسخیلۆس کۆتایی پێ دێ. چیرۆکی شانۆکە سەبارەت بە ئەنتیگۆنە و بڕیارەکەیە بۆ ئەسپەردە کردنی تەرمی پۆلیونێیکێسی برای و پشت گوێ خستنی یاساکانی کریۆن و ڕووداوە خەماویەکانی پاش ئەو یاخی بوونە.

کورتەیەک لە شانۆنامەکە:

ڕووداوەکانی ئەنتیگۆنە دەکەونە پاش شەڕی ناوخۆی شاری تێبە کە لەو شەڕەدا دوو برا، ئێتیۆکلێس و پۆلیونێیکێس دەکوژرێن لە بەر ئەوەی کە ئێتیۆکلێس تەختی پاشایەتی ڕادەستی براکەی ناکات بەو جۆرەی کە ئۆدیپی باوکیان بڕیاری دابوو. کریۆن بەڕێوەبەری نوێی تێبە ڕایدەگەیێنێت کە ئێتیۆکلێس ڕێزی لێ دەگیردرێ بەڵام تەرمەکەی پۆلیونێیکێس بە خاک ناسپێردرێ و هەر وا لە مەیدانی جەنگەکەدا وێڵ دەکرێ؛ کە ئەمە لەو سەردەمەدا سزایەکی قورس و بێڕێزیێکی زۆر بوو.

لە سەرەتای شانۆکەدا ئەنتیگۆنە سوێن دەخوات کە تەرمی پۆلیونێیکێسی برای ئەسپەردە کات و دژ بە فەرمانی کریۆن بوەستێتەوە، بەڵام ئێسمینەی خۆشکی لە بەر ترسی لە سزای مەرگ ئالیکاری ناکات. کریۆن بە هاوکاری کۆرسی بەیتبێژانەوە فەرمانی فڕێدانی تەرمی پۆلیونێیکێس دووپات دەکاتەوە. دواتر پاسەوانێکی پەشۆکاو دێتە ژوورێ و دەڵێ کە ئەنتیگۆنە تەرمی براکەی ناشتووە.

کریۆن کە لەم یاخی بوونەی ئەنتیگۆنە توڕە بووە، سەبارەت بە کردەوەکانی پرسیاری لێ دەکات. ئەنتیگۆنە نکۆڵی لە کردەوەکەی ناکات و ئازایانە بەرانبەری کریۆن دەوەستێتەوە و سەبارەت بە ئەخلاق و مۆراڵی کردەوەکەی خۆی و بڕیارەکەی کریۆن دەکەونە مشتوومڕەوە. ئێسمینە کە بێتاوانە هەوڵ دەدات بە درۆ خۆی وەکوو هاوکاری ئەنتیگۆنە دەربخات و دەیەوێ لە پاڵ خۆشکیدا بکوژرێ بەڵام ئەنتیگۆنە تەواوی بەرپرسیارێتی ئیشەکە دەگرێتە ئەستۆ.

هایمۆن کوڕی کریۆن دەزگیرانی ئەنتیگۆنەیە، سوێند دەخوات لە خواستی باوکی پاڵپشتی کات بەڵام دوایی بە هێمنی دەیەوێ باوکی ڕازی کات لە ئەنتیگۆنە ببورێت. هایمۆن لە گەڵ باوکی دەبێتە دەمەقڕەیان، تووڕە دەبێت و سوێند دەخوات ئیدی هیچکات باوکی نەبینێتەوە.

کریۆن لە ئێسمینە خۆش دەبێ بەڵام بڕیار دەدات ئەنتیگۆنە لە پێناو ئەو نافەرمانی و یاخی بوونەیەدا بە زیندوویی لە ئەشکەوتێکدا بنێژرێت. لە ماڵ دەیبەنە دەرێ و دەیبەن بەرەو گۆڕستانەکەی، ئەگەرچی خەمینە لە چارەنووسێک کە چاوەڕێیە بەڵام هێشتا پێداگەرە لە سەر کردەوەکانی. کۆرسەکەش هەستی پڕسۆز و خەمینی ئەم بەشە دەردەبڕن.

پەیکێکی کوێر بە ناوی تێیرێسیاس کریۆن ئاگادار دەکاتەوە کە خوداکان لایەنگری ئەنتیگۆنەن و کریۆن لە بەر تاوانی وێڵ کردنی تەرمی پۆلیونێیکێس بە نەنێژراوی و ئەو چەشنە دڵڕەقی و سزا دانەی ئەنتیگۆنە، منداڵێکی لە دەست دەدات. تێیرێسیاس ئاگاداری دەکاتەوە کە تەواوی یۆنان ڕقیان لێ دەبێت و خوداکان قوربانییەکانی تێبە قبووڵ ناکەن، بەڵام کریۆن پەیکەکە بە پیرەپیاوێکی شێت و گەوج دادەنێت و گرینگی بە قسەکانی نادات.

کۆرسەکە لە کریۆن دەپاڕێنەوە کە جارێکی تر بیر لە بڕیارەکانی بکاتەوە، لە دوایدا کریۆن ئامۆژگاریەکانیان بەرچاو دەگرێت و فەرمان دەدات ئەنتیگۆنە ئازاد بکرێ و پۆلیونێیکێس بە خاک بسپێردرێ. کریۆن لە پێشبینی و ئاگادارییەکانی پەیکەکە شڵەژاوە و لە کردەوەکانی پەژیوانە و دەیەوێ قەرەبووی هەڵەکانی بکاتەوە.

پەیکێک دێت و هەواڵی دڵتەزێنی خۆکوژی هایمۆن و ئەنتیگۆنە ڕادەگەینێت کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ئێوریوودیکە ژنی کریۆن لە مەرگی کوڕەکەی تێک دەچێت و دیمەنەکە جێ دێڵێت. کریۆنیش تێدەگات کە ئەم کارەساتانە بە هۆی نەزانکاری و هەڵەکانی خۆیەوە ڕوویان داوە. ئینجا پەیکێکی دیکە دێت و ڕایدەگەینێت کە ئێوریوودیکە خۆی کوشتووە و لە دواهەمین هەناسەکانیدا کریۆنی بە نەفرەت کردووە.

ئێستا کریۆن خۆی لۆمە دەکات بۆ ئەو شتانەی ڕوویانداوە. پیاوێکی تێکشکاوە کە ئەو یاساگەلەی بە لایەوە بەنرخ بوونی پاراست بەڵام دژ بە خواستی خوداکان جووڵایەوە و ئاکامەکەی بوو بە لە دەست دانی ژن و منداڵەکەی. شانۆنامەکە بە خوێندنی کۆرسەکەوە کۆتایی پێ دێت کە دەیەوێ هێمنایەتی ببەخشێ بە دۆخەکە و دەڵێ ئەگەر چی خوداکان کەسانی لووتبەرز و فیزن سزا دەدەن بەڵام سزا خۆی دەبێت بە هۆی گەیشتن بە وشیاری و ئاگابوونەوە.

تێبینی:

ئەگەرچی ڕووداوەکان لە شاری سەربەخۆی تێبە و لە سەردەمێکی زۆر بەر لە جەنگی ترۆجان (سەدەگەلێک پێش کاتی سۆفۆکلێس) ڕوویانداوە، بەڵام شانۆنامەکە  لە شاری ئاتێن و حکومەتی پێریکلێس دا نووسراوە. ئەم سەردەمە کاتێکی پڕ لە وزەی نەتەوەیی بوو، سۆفۆکلێس کەمێک پاش بڵاوکردنەوەی شانۆنامەکە لە گەڵ نۆ ژەنەراڵی دیکەدا دیاری کران بۆ شەڕی دژ بە دوورگەی سامۆس. بە باس کردنی ئەم بەشە مێژووییە جێگەی سەرنجە کە شانۆنامەکە بە هیچ جۆرێک هیچ پرۆپاگاندایەکی سیاسی یان ئاماژەیەک سەبارەت بە ئەو کاتەی ئاتێنی تێدا نیە و هیچ شتێک دژ بە هیچ هەستێکی نیشتمانی ناخاتە ڕوو.

هەموو دیمەنەکانی شانۆنامەکە لە بەرانبەر کۆشکی پاشایەتی لە تێبەدا ڕوو دەدەن (لە سەر ڕێسای کۆنی شانۆنامەنووسی یۆنان سەبارەت بە یەکگرتووبوونی شوێن) و ڕووداوەکان لە کەمتر لە بیست و چوار کاژێردا ڕوو دەدەن. پاش شەڕی ناوخۆیی، تێبە لە دۆخێکی ناڕووندا بە سەر دەبات. بە درێژەدانی دەمەقڕەی نێوان دوو کەسایەتییە سەرەکییەکە، ئاماژەکان بۆ ڕووداوێکی دڵتەزێن هەموو دۆخەکە دادەگرن. زنجیرە مەرگە یەک لە دوای یەکەکە و ئەنجامی شانۆنامەکە هەستێکی پاک بوونەوە بە جێ دێڵێت و پاش هەموو هەستەکانی نێو چیرۆکەکە، خاڵی بوونەوەیەک لە هەموو هەستێک بەرهەم دێت.

ئەنتیگۆنە کەسایەتیێکی نموونەییخوازە کە بە کردەوەکانی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. تاکە شتێک کە گرینگی پێ دەدات دەستوورەکانی خوداکان و وەفاداری بە بنەماڵە و بەرچاوگرتنی ڕەوشتە چاک و پەسەندەکانی کۆمەڵگایە. کریۆن لە بەرانبدەردا بەس گرینگی دەدات بە هێز و دەسەڵاتی سیاسی خۆی. زۆربەی تراژیدییای چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کریۆن زۆر دێر لە هەڵە بوون و گەوجانە بوونی بڕیارەکانی تێدەگات، تاوانێکی قورسیش دەداتەوە و لە ئاکامدا لە نێو دڵڕەقییەکانیدا بە تەنیا دەمێنێتەوە.

کەسایەتی پاسەوانەکە بۆ شانۆنامەکانی ئەو سەردەمە نائاساییە، چونکە زۆر ساکارتر و بە شێوازی چینی خواری کۆمەڵگا قسە دەکات و جیاواز لە شێوازی تایبەت و شیعرئاسای کەسایەتییەکانی دیکە دەدوێ. سەیرە کە بە درێژایی شانۆنامەکە ئاماژەیەکی زۆر کەم دەدرێ بە خوداکان و لێقەومانی ڕووداوە دڵتەزێنەکانیش بە هۆی هەڵەی مرۆڤەکانەوەیە نەک خوداکان.

شانۆنامەکە دەکەوێتە توێژینەوەی بیرۆکەگەلێک وەکوو:
دەسەڵاتی سیاسی: ئەوەی کە تاکێک بە هۆی دەسەڵاتییەوە یاساکانی کۆمەڵگا پێشێل دەکات.
بەرانبەر بوونەوەی یاسا سرووشتیەکان و یاسا دەستکردەکانی مرۆڤ: کریۆن پاڵپشتی خۆی لە یاسا دەستکردەکان ڕادەگەینێت بەڵام ئەنتیگۆنە پێداگرە لە سەر یاسا بەرزەکانی خوداکان و ئەرکی مرۆڤ بەرانبەر بنەماڵە.
کێشەکانی سەبارەت بە نافەرمانی تاکەکانی کۆمەڵگا: ئەنتیگۆنە بڕوای وایە کە یاساکانی حکومەت تەواو نین و لە کاتگەلی گرینگ و هەستیاردا یاخی بوون شتێکی پێویستە.
مافی هاوڵاتی بوون: فەرمان و دەستووری کریۆن کە تەرمی پۆلیونێیکێس نابێ بە خاک بسپێردرێ ئەوە دەگەینێت کە خەیانەتی پۆلیونێیکێس و هێرشی بۆ شارەکە مافی هاوڵاتی بوونی لێ سەندۆتەوە و ئەمە هاوڵاتی بوون لە ڕوانگەی هاوڵاتی بوونی یاساییە نەک هاوڵاتی بوونی سرووشتی.
بنەماڵە: لە ڕوانگەی ئەنتیگۆنەوە ئەرکی تاک بەرانبەر بە بنەماڵە گرینگترە لە ئەرکەکانی بەرانبەر بە نیشتیمان.

زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لە سەر ئەم بابەتەیە کە ئەنتیگۆنە پاش ئەوە تۆزی کردە مل تەرمی براکەیدا بۆچی بۆ جاری دووهەم هاتەوە بۆ ناشتنی تەرمەکە لە کاتێکدا هەر ئەو جاری یەکەمە ڕێوڕەسمە ئاینییەکەی جێبەجێ دەکرد. هەندێک دەڵێن کە ئەمە شێوە و چەشنی شانۆنامەنووسینی سۆفۆکلێس بووە و هەندێکی دیکەش دەڵێن بە هۆی پەشۆکاوی و دۆخی خولیایی کەسایەتی ئەنتیگۆنەوە بووە.

سەرچاوە: Ancient Literature. Sophocles-Antigone

0 0 دەنگ
Article Rating

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

ئاگادار بوونەوە
ئاگادار بوونەوە لە
guest
0 Comments
Inline Feedbacks
دیتنی هەموو سەرنجەکان
0
فەرموو سەرنجی خۆت بنووسەx
()
x