وێژە

تێبینیێک لە سەر شانۆنامەی مەرگەساتی فرۆشیارێک

مەرگەساتی فرۆشیارێک
نووسەر: ئارسەر میلەر
ساڵ: 1949

مەترسییەکانی جیهانی نوێ و پاشکەوتوو

شانۆنامەی مەرگەساتی فرۆشیارێک لە ساڵی 1949 دا بۆ یەکەم جار پیشان درا. ئەو ساڵە سەرەتای دەیەیەک بوو پڕ لە بەرخۆرپەروەری و پاشکەوتنێکی زۆر لە تەکنۆلۆجیا و پیشەسازی لە ئەمەریکا دا. زۆربەی داهێنانە نوێیەکان تایبەت بە ماڵەکان بوون، لە پەنجاکاندا بوو کە تەلەفیزیۆن و جلشۆ بوون بە کەرەستەیەکی ئاسایی و گشتی لە نێو ماڵان دا. میلەر هەستێکی هەڤدژ بەرانبەر بە کەرەستە نوێیەکان و بیرۆکە نوێیەکان پیشان دەدات. ویلی لۆمان کەسایەتیێکی تێکچوو و ناتەواوە، بەڵام شتێک هەیە کە تووشی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی دەکات و هەستی دەوروژێنێ. جیهانی نوێ دەبێتە هۆی بێکەڵک بوونی ئیشی ویلی لۆمان کە فرۆشیارێکی گەڕۆکە، ئیشەکەی خەریکە کۆن دەبێت و باوی نامێنێت. جێگای سەرنجە کە ویلی لە هەوڵەکانی بۆ خۆکوژی، کەرەستە نوێیەکان وەکو ئوتۆموبیل و غاز بە کار دێنێ.

پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ

لە مەرگەساتی فرۆشیارێک، ژن بە دوو پۆلدا دابەش دەبێت: لیندا و ئەوانی دیکە. پیاوەکان بە ڕوونی، کێشەیەکی فریشتە / سۆزانی دەنوێنن؛ بەو جۆرە کە تەنیا دەتوانن دایکی بەڕێزیان کە بەخێویانی کردووە لە ژنانی دیکە پۆلێن کەن، لە ژنانێک کە بە ئاسانی لە بەر دەستدان (بۆ نموونە ئەو ژنەی کە ویلی لەگەڵیدا پەیوەندیێکی سێکسی هەیە یان خاتوو فۆرسیت). پیاوەکان خۆیان لۆمە دەکەن لە ئەوەی کە حەزیان لە ژنانی سۆزانییە، بەڵام هێشتا هەر چاویان ها بە شوێنیانەوە و لە ژێر کاریگەریاندان. لە دۆخێکی ئۆدیپی دا، هاپی خەفەت دەخوات کە ناتوانێ ژنێک وەکوو دایکی بدۆزێتەوە. لەم شانۆنامەیەدا ژنەکان خۆیشیان کەسایەتیگەلێکی دوو لایەنەن. ژنان لە دەرەوەی بازنەی ئیشی پیاوانەوە دەمێننەوە. وا دیارە بێجگە لەو چەشنە پەیوەندییە کە بە پیاوانەوە هەیانە، بیر و ئارەزوویێکی دیکەیان نیە. تەنانەت لینداش کە بەهێزترین کەسایەتی ژنی نێو شانۆنامەکەیە، تەنیا خەریکی هێمن کردنەوەی کێشەی نێوان شووەکەی و کوڕەکانییەتی. بێ گرنگی دان بە خۆی، خۆی تەرخانی یارمەتی دان بە ئەوان و چارەسەر کردنی کێشەکانیان دەکات.

شێتیی

شێتی بۆ زۆربەی نووسەرەکان بیرۆکەیەکی مەترسیدارە. لەوانەیە تواناکانیان لە داهێناندا، بیانباتە سەر هێڵی سووری بڕواکانی کۆمەڵگا. میلەر سەبارەت بە بابەتی بۆرجوازی (چینی مامناوەندی) بنەماڵەیەکی بنچینەیی دەپشکنێ، بۆیە پیشاندانی بیرۆکەی شێتی لەم بەرهەمەدا، بە جۆرێک سەرسووڕهێنەرە. شێتی لە مەرگەساتی فرۆشیارێکدا، توانا و تەکنیکێکی داهێنەرانە و زیرەکانە نیشان دەدات. شانۆنامەکە بەردەوام لە نێوان کاتدا باز دەبات و ئەمە خۆی لایەنێک لە ئەم شێتیە دەخاتە ڕوو. بەردەوام شانۆنامەکە بەر و دوا دەکات. خوێنەر یان بینەر هەر زوو تێ دەگات کە ئەم باروودۆخە، ڕووداوەکانی نێو مێشکی شێواو و گێژی ویلیە. هەرچی خەیاڵەکانی ویلی گەورەتر دەبن، متمانە بە ئەم کەسایەتیە لە ئاستی گێڕەرێکدا زۆرتر دەکەوێتە ژێر گومانەوە. خوێنەر دەبێت خۆی بڕیار بدات لە سەر ئەوەی بۆ نموونە بێن چەندە کەسایەتیەکی خۆڕاگر و بەهێزە، یان چەندە شێوازی گێڕانەوە، پلان و نەخشەی چیرۆکەکە جێی باوەڕە، ئەویش کاتێک لە ڕوانگەی کەسێکی تووڕە وەکوو ویلیەوە بگێڕدرێتەوە.

ستایشی کەسایەتی

یەکێک لە تەکنیکەکانی میلەر لەم شانۆنامەدا ئەوەیە کە هەندێک لە کەسایەتییەکان بە دووبارە کردنەوەی بیر و ڕەوشتەکانیان پێمان دەناسێنێت. بڕوا و ڕەوشتی هەمیشەیی ویلی ئەمەیە کە بازرگان دەبێت قۆز بێت. بنەمای ڕەوشتی لە بازرگانیشدا بە تەواوی لە سەر بیرۆکەی ستایشی کەسایەتیەکانە. بڕوای وایە کە ئەو شتەی لە جیهاندا بە کەڵک دێت و دەبێت بە هۆی پێش کەوتنت، پانتایی تواناکانت نیە بەڵکوو ئەوەیە کە چ کەسانێک دەناسی و چۆن لەگەڵیاندا هەڵسووکەوت دەکەیت. ئەم ڕوانگەیە بە شێوەیەکی دڵتەزێن کۆتایی بە ژیانی ئەم کەسایەتیە دێنێ، دەبێت بە هۆی دۆڕانی خۆی و کوڕەکانیشی. کوڕەکانی وایاندەزانی دەتوانن تەنیا بە بەکارهێنانی خورتی و قۆز بوونیان لە ژیاندا پێش کەون و ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە و ئیدی پێویستیان بە هیچ توانا و هەوڵێکی دیکە نیە.

نۆستالۆژیا / پاشگەزی

هەستی زاڵ بە سەر ئەم شانۆنامەدا هەستی نۆستالۆژیا تێکەڵ بە پاشگەزییە. تەواوی بنەماڵەی لۆمان وا هەست دەکەن کە هەڵەیان کردووە یان هەڵبژاردەیەکی نادرووستیان بووە. لایەنە تەکنیکیەکانی شانۆنامەکە بە هاتووچووی ناکاوی بەرەو ڕۆژانی زووتر و خۆشتر، پەرە بەم هەستە دەدات. لاویەتی و جوانی زۆرتر بۆ خەونی ئەمەریکی دەگونجێ. بیرۆکە بازرگانیەکانی ویلی ئەو کاتەی ژیانێکی تەواوی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی بتوانێ بەها و نرخی تواناکانی خۆی بسەلمێنێت، زۆر خەمهێن و ڕوو بە دۆڕان نین. بیف بە سۆزەوە بیر لەو ڕۆژانە دەکاتەوە وا پاڵەوانی وەرزشی قوتابخانە بوو، بە تایبەت ئەو ڕۆژانە وا هێشتا نەیدەزانی باوکی چ فێڵبازێکە و ئەو شتە نیە وا دەینوێنێ، ئەو ڕۆژانە وا هێشتا ستایشی باوکی دەکرد و باوکی لە بەر چاوی کەسایەتییەکی بەرزی هەبوو.

بوار

لە گەڵ بیرۆکەی خەونی ئەمەریکی، بوار و هەبوونی بارودۆخێکی گونجاو لە ئاڕادایە. ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکات و دەڵێت کە ئەوێ وڵات و شوێنی دەرفەت و بزووتنەوەی کەلتوورییە. تەنانەت هەژارترین خەڵکیش دەبێ بۆیان هەبێت بە پێی تێکۆشانی خۆیان لە ژیانیاندا سەرکەون و بە شوێن و ئاستێکی بەرزتر بگەن. میلەر ئەم بیرۆکەی دەرفەتە پەیوەند دەدات بە کاتەوە و بەم جۆرە ئاڵۆزتری دەکات. نیشان دەدات کە دەرفەتی نوێ جار دوای جار پێک نایەت و دووبارە نابێتەوە. بێرنارد لە زۆربەی دەرفەتەکانی کەڵکی وەرگرتووە، لە قوتابخانە زۆری خوێندووە، لە پیشەکەیدا پێشکەوتووە و ئێستا ها بە شوێن پیشاندانی داهێنانێکدا. بەڵام بیف کە دەرفەتێکی هاوشێوەی هەبووە، هیواکانی ڕووخاندووە و دەرفەتەکانی لە کیس داوە بە هۆی ئەو بڕیارانەی کە لە تەمەنی هەژدەساڵیدا داویەتی.

گەشەکردن و گەورە بوون

لە شانۆنامەیەکدا کە بەردەوام لە نێوانی کاتگەلێکی جیاوازدا هاتووچوو دەکرێ، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بینەری گەورە بوون و گەشە کردنی کەسایەتیەکانی بین. بەڵام لە مەرگەساتی فرۆشیارێکدا ئەم شتە نابینین. ئەندامەکانی بنەماڵەی لۆمان گرێ دراون بە کێشەیەکی کەسایەتی هاوشێوەوە؛ کێشەیەکی تاکەکەسی لە هەبوونی شێوازێکی نەگۆڕ لە ژیاندا. ویلی تێناگات کە ئەو شێوەی بازرگانی و پیشەیە کاردانەوەی نیە و هەر بەردەوام دەبێت لە سەر ئەو شێوە هەڵەیە کە گرتوویەتە بەر. بیف و هاپی نەک هەر گرێ دراون بە کاتی منداڵیانەوە، تەنانەت هێشتا بە کێشەکانی ئەو کاتانەوە دەتلێنەوە: کێشە و ناکۆکی بیف لە گەڵ باوکیدا و کێشەی هاپی لە گەڵ ژناندا هەر بەردەوامە. کاتێکی گرنگ لە دوا بەشی شانۆنامەکەدایە کە ویلی هەندێک تۆو دەوەشنێ؛ کاتێک تێدەگات بنەماڵەکەی بە درێژایی ئەم ساڵانە هیچ گەشەیەکیان نەکردووە.

سەرچاوە: Grade Saver

0 0 vote
Article Rating

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

بە ئەندام بوون
ئاگادار بوونەوە لە
guest
0 Comments
Inline Feedbacks
View all comments
0
Would love your thoughts, please comment.x
()
x