سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت

ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت – Mission Impossible-Fallout
دەرهێنەر: کریستۆفەر ماککواری – Cristopher McQuarri
ئەکتەران:تۆم کرووز، هێنری کاڤیڵ، ڤینگ ڕاهمیس، سیمۆن پەگ، ڕێبێکا فێرگوسۆن
دەرچوون: 2018
تێبینیێک لە سەر فلیمی ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت

تێبینیێک لە سەر فلیمی ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت

لەم ٢٢ ساڵەدا هەر لە یەکەم ژمارەی فلیمی ئەرکی مەحاڵەوە، کەسایەتی ئێتان هەنت بە کایەی تۆم کرووز هەر وەک خۆی ماوەتەوە، کەسایەتیێکی بەئەخلاق و قۆز، ڕوومەتیشی هیچی لێ نەگۆڕاوە و هەر وەک جارانە. کردەوە مەترسیدار و سەرنجڕاکێشەکانی هەنت، شێوازێکی نوێی بۆ پاڵەوانەکانی فلیمە ئاکشن و سەرکێشیەکان داهێناوە. جەیمز بۆند بێبەزەیی و دڵڕەقی لەگەڵە، بۆرن (Bourne) کەسایەتیێکی خۆپەرستە، جۆن ویک (John Wick) ئەگەرچی لە گروپێکی دژەتاوان ئیش دەکات بەڵام پاڵەوان نیە و ئالوودەیە بە هەستی تۆڵە کردنەوە. بەڵام بە پێچەوانەی پاڵەوانی فلیمەکانی دیکەوە، هەنت بە ئاکارەکانیەوە وەکوو کەسێکی بەهەست و بەزەییەوە دەناسرێ؛ لاوازیێک کە تێکەڵی ئەم ژمارە لە فلیمەکە ئەبێت و نرخی ئیشەکە دەباتە سەرێ.

ئەم جار سێ گولە تۆپی پلۆتۆنیۆمی زیوی کەوتۆتە دەستی گروپی ئاپۆستەلز، گروپێکی ئەنارشیست کە ئەیانەوێ بەم بۆمبانە ڤاتیکان، ئورشەلیم و مەککە بتەقێننەوە. ئەیانەوەێ ئەم تەقەمەنیانە بکڕن بۆ سۆلۆمۆن لان(بە کایەی شان هاریس) تاوانکارێک کە هەنت لە نەتەوەی بێ یاسا ژمارەی پێشوی ئەم زنجیرە فلیمەدا گرتبووی. ئێستا هەنت و هاوڕێکانی لە گرووپی ئەرکە ئاستەمەکان ماوەیەکی کەمیان هەیە بۆ ئەوەی پێش بە ڕوودانی کارەساتێکی گەورە بگرن. هەنت بە یارمەتی لوتەر(ڤینگ ڕاموس) و بێنجی(سیمۆن پەگ)بەردەوام دەبێ، هەروەها ڕاسپاردەیەکی وەڕزکەری سی‌ئای‌ئەی بە نێوی واکەر(هێنری کاڤیل)یش لە گەڵیانە. سەرۆکی سی‌ئای‌ئەی وەکوو “چەکوشێک” بۆ یارمەتی دان بە “چەقۆی” هەنت وەسفی ئەم زەلامە دەکات، کەچی لە ڕاستیدا کوتە دارێکی داتاشراو ئەتوانێ لە ئەو بەسوودتر بێ. بەشێکی دیکە لە جووڵەی چیرۆکی فلیمەکە ئەگەڕێتەوە بۆ تاوانکارێک بە نێوی وایت ویدەو بە کایەی ڤانەسا کیربای.

لە سەرەتای فلیمەکە کێشمەکێشێک دێتە ئاڕاوە؛ شتێک کە ئەبێتە ئاڵۆز بوونی دۆخەکە و دەستپێکی چیرۆکی فلیمەکە، ئەویش هەڵبژاردنێکە لە لایەن پاڵەوانی فلیمەکەوە. هەنت ناچارە لە نێوان ژیانی هاوڕێکەی و سەرکەوتن لەو ئەرکە یەکێکیان هەڵبژێری. بەڵام هەر وا کە لە کەسایەتی هەنت چاوەڕوان ئەکرێ، ڕزگار کردنی ژیانی لوتەر هەڵئەبژێری. بەم جۆرە پلۆتۆنیۆمەکان ئەکەونە دەستی تاوانکارەکان و ژیانی چەند ملیۆن کەس دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەم هەڵبژاردنە ئەخلاقیە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی کەسایەتی هەنت پیشان ئەدات، سەرۆکەکان لۆمەی ئەکەن بەڵام لە ئەنجامی فلیمەکە وەکوو پاڵەوانێک ئەیبینەنەوە کە بە یارمەتی هاوڕێکانی پێش بە ڕوودانی کارەساتێکی گەورە ئەگرێت.

بە دیزاین و پێک هێنانێکی جوانەوە ئەبینین کە تۆم کروزی ٥٦ ساڵان لە فڕۆکەیەک لە بەرزایێکی زۆرەوە دائەپەڕێ لە کاتێکدا زریانێک لە ئاسماندایە، لە کڵابێکی پاریس بە کرژوکۆڵی هاتووچوو دەکا و پەردەگەلێکی ئاکشنی جووان دەخولقێنێ. دەچێتە نێو مەنهۆڵەکانی ژێر گالەری تات مۆدێرن لە لەندەن. دێڕگەلێک دەڵێتەوە وەکوو:”کاتێک بگەین بەو پردە، دەیڕوخێنین”. تۆم کرووز بە درێژایی فلیمەکە کەرەستەگەلێک وەکوو ماتۆڕسکیل، هەلیکۆپتەر، تەناف و ماسک بە کار ئەهێنێت. دڵی دوو ژن لە ژیانی ڕابردوویدا دەخاتە خورپەوە (ژولیا بە کایەی میشێل مۆناگان، ئیلسا فراست بە کایەی ڕێىێکا فەرگوسۆن). لە شێوازی ژانرەکە، دیارە کە لە ئاکامدا ئەم ئیشانە نەکردە و مەحاڵ نین، بەڵام کریستۆفەر مەککارنی دەرهێنەری فلیمەکە بە جۆرێک ڕووداوەکان دەر ئەخات و سەرنج دەخاتە سەر خێرایی تێپەڕبوونی کات کە سەیر کردنی ئەم فلیمانە زۆر چێژبەخش دەبن.

سیمران هانس
سەرچاوە: The Guardian

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە