سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی ئەو

ئەو – Her
دەرهێنەر: سپایک جۆنز
ئەکتەران: خواکین فینیکس، سکارلێت جۆهانسن، ئەیمی ئادمز، ئۆلیڤیا وایڵد، کریس پرات
چەشن: خەیاڵی-زانستی، ڕۆمانسی
دەرچوون: 2013

‘ئەو’ فلیمێکی ڕۆمانسی و خەیاڵی_زانستی ئەمەریکیە بە دەرهێنەری، بەرهەمهێنەری و نووسەری سپایک جۆنز. فلیمەکە سەبارەت بە ژیانی تیۆدۆر_ە، پیاوێکی تەنیا کە خەریکە لە ژنەکەی جیا دەبێتەوە. ئیشی تیۆدۆر نووسینی نامەی جوانە لە لایەن کەسانی دیکەوە. لە ماڵدا کاتێ کە تەنیایە یاری کۆمپیوتەری دەکات و پاش ماوەیەک نەرمامێرێک بە نێوی OS1 دەکڕێ کە وەکوو ‘یەکەمین سکرتێری ژیری دەستکردڕیکلامی بۆ کراوە. هەر زوو دەکەوێتە خۆشەویستی سامانتا_وە کە دەنگێکی نەرمامێرەکەیە. پاش ماوەیەک تیۆدۆر و سامانتا دەکەونە پێوەندیێکەوە ئەگەرچی سامانتا هەر دەنگێکە و جەستەی نیە. فلیمەکە هەندێ بابەتی دەروونی مرۆڤ وەکوو چۆنیەتی و شێوازی پێوەندیەکان و پرسیارگەلێک سەبارەت بە پێوەندی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا و هەروەها پێوەندی مرۆڤ و تەکنۆلۆجیا و کاریگەریەکانی تەکنۆلۆجیا لە سەر ژیان و کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو.

تیۆدۆر

وێنەیەکی نزیک لە ڕوومەتی تیۆدۆر تۆمبلی دەبینین لە کاتێکدا خەریکی گوتنەوەی تاکبێژیێکە. ڕستەگەلێکی بە سۆز و ئەویندارانە دەڵێتەوە: ‘بە ڕووتی لە نێو ئەو خانۆچکە بچووکەدا ڕاکشابووم، لە ناکاو تێگەیشتم کە من بەشێکم لە شتێکی گەورەتر، هەر وەکوو دایبابمان یان دایبابی دایبابمان’. بە سۆز و هەستێکی چڕەوە بەردەوام دەبێت لە شرۆڤە کردنی ئەوینەکەیان، لە ناکاو دەردەکەوێ کە خەریکە لە زمانی کەسێکی دیکەوە قسە دەکات کە ماوەی پەنجا ساڵە هاوسەرگیری کردووە. پاش ڕستەیەکی دیکە ڕوون دەبێتەوە کە خەریکە لە زمانی ژنێکەوە دەدوێ. خەریکە لە جیاتی ژنێک بە نێوی لۆریتا لە سەر کۆمپیوتەرەکە کارتێک دەنووسێت. ئەمە ئیشیەتی و دەبینین کە کەسانێکی دیکەش لە نێو نووسینگەکەدا خەریکی نووسینی کارتن. کەسێک وەڵامی تەلەفوونەکە دەداتەوە و تێدەگەین کە لە نێو نووسینگەی سەرەکی کۆمپانیای ‘نامە دەستنووسە جوانەکان‘ داین. بەم شێوازە فلیمەکە دەست پێ دەکات.

هەر زوو دیمەنی⋆ فلیمەکە سەرساممان دەکات کە لە داهاتوویێکی نەک زۆر دوور دایە. ئەگەرچی زۆربەی بەشەکانی جیهانی فلیمەکە ئاشنا و ناسراون، هیچ بوونەوەرێکی بیانی تێدا نیە و خەڵک هێشتا تیشەرتی یەقەدار لە بەریاندایە، بەڵام بە ڕوونی دیارە کە ئەمە جیهانی ساڵانی ٢٠١٠ نیە. تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووترە، تایپ کردن کەمتر بووەتەوە و زۆرتر بووە بە قسە کردن، ئیشەکانیش وەکوو ئەو شوێنەی تیۆدۆر تێدا ئیش دەکات کەمتر ئاشنایە بۆمان. ئیشەکەی تیۆدۆر پیشاندەری ئەو جیهانە داهاتوویەی نێو فلیمەکەیە: ئەو لە لایەن کەسانێکی دیکەوە نامەگەلێکی هەستبزوێن و جوان دەڵێتەوە و پاشان نامەکان پرینت دەکرێن وەک بڵێی بە دەستنووسێکی جوان نووسرابن. لە جیهانی داهاتوویی ‘ئەو‘دا ئیشەکان، خانۆچکەکان و تەکنۆلۆجیا تا ڕادەیەک جیاواز و دوور لە زەمەنی ئێستایە بەڵام بە تەواوەتی نامۆ نیە.

سپایک جۆنز دەرهێنەری فلیمەکە لە ڕێگای وردەکاری داڕشتنەکانیەوە گەیشتووە بەو تایبەتمەندیە سەرسووڕهێنەرانەی جیهانێکی داهاتوویی کە لە خەیاڵیدا بووە. کەلوپەلەکان و جلوبەرگەکان شێوەی جلی ئەورووپیەکانی ساڵانی ١٩٧٠ دەدەن و هاوکات وردەکاریگەلێکی تێدایە کە وەکوو سوریالی و داهاتوویی دەریاندەخات. ئەم تێکەڵ کردنی نوێ و کۆنە وادەکات جیهانی فلیمەکە ئاشنا بێت بە چاوی بینەران و هەروەها وەکوو خەون و خەیاڵێک بێتە بەرچاو.

تیۆدۆر تۆمبلی پاڵەوانێکی خەمۆک و دوورەپەرێزە کە دەبێتە پێشەنگی بینەر لە گەڕان بە نێو جیهانی ‘ئەو‘دا. کەسێکی ناسکخەیاڵ بەڵام لاوازە، کاتێ یەکەم جار دەیبینین بە جۆرێک دالۆژیاوە و جووڵەکانی سارد و بێتینن. لە کاتێکدا ڕەنگە پاڵەوانی فلیمەکە بێت، بەڵام پاڵەوانی ژیانی خۆی نیە و وەکوو تیشکێکی نوور یان ڕۆحێکی سەرگەردان لە دونیادا بۆ خۆی دەسووڕێتەوە. تەنانەت ئیشەکەیشی، ئەو وەکوو کەسێکی نەپەنی و نادیار دەردەخات؛ زۆربەی کاتەکان لە پشت مێزەکەی دادەنیشێت و بیر و خەیاڵی تایبەتی کەسانێکی دی دەخولقێنێت، بە جۆرێک کە دەڵێی خەیاڵ و هەستەکانی ئەم هی ئەوانە. لەم جیهانە بیانی و تەکنۆلۆجیاییەدا، تیۆدۆر بە خۆ دوور گرتن و ژیانی ژیانێک لە نێوان هەست و ئەزموونی کەسانی دیکەدا و خۆ سەرقاڵ کردن بە یاریێکی کۆپیوتەری بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدات زۆرتر وەکوو خۆی بێت.

دابڕانی تیۆدۆر لە ویست و ئارەزووەکانی خۆی هەر لە یەکەم پەردەکانی فلیمەکەوە زەق دەبێتەوە. ئەو دواهەمین کەسە کە لە نووسینگەکە دێتە دەرەوە. لە نێو شەمەندەفەرەکە لە گووشیەکەیدا سەیری وێنەی ڕووت دەکات. بە جێگەی وەڵام دانەوەی ئیمەیلی هاوڕێکانی، سەرقاڵی یاری کۆمپیوتەری دەبێت و پێوەندی دەکات بە ژوورێکی چاتی تەلەفوونیەوە بۆ وەرگرتنی چێژی سێکسی. ئەم ڕووداوانە پیشانمان دەدات کە چلۆن تیۆدۆر لە ژیانی خۆی و ویست و ئارەزووەکانی دابڕاوە و نوقمی جیهانێکی ساختە بووە بە دوور لە هەست و ئەزموونە واقیعی و ڕاستەقینەکان. لە زۆر بوارەوە خۆیشی بەشێکە لە جیهانە تەکنۆلۆجیایەکەی دەورووبەری؛ ئەو مرۆڤێکی کۆمپیووتەرئاسای تەنیایە.

ژیانی تیۆدۆر دەگۆڕێت و هەندێک وریا دەبێتەوە لە ڕێگای هێنانی نەرمامێرێکی ژیریی دەستکرد بۆ نێو ژیانی. نەرمامێرەکە خۆی بە نێوی ‘سامانتا‘ دەناسێنێ و لە سەر ڕەگەزی مێ دادەنرێ بە پێێ هەندێک پرسیاری کورت کە لە سەر پێوەندی تیۆدۆر و دایکی دەیپرسێت. سامانتا دەژیت بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک لە هەموو بوارێکدا خزمەتی بەکارهێنەرەکەی بکات: ئیمەیلەکانی ڕێک و پێک دەکات، هانی دەدات کە بچێت بۆ سەر ژوانێک و لە یاریە کۆمپیووتەریەکاندا یارمەتی دەدات. سامانتا هەمیشە لەگەڵ تیۆدۆر دەبێت و وەکوو دەنگێکی جوان و چێژبەخش هەموو کات لە گوێیدا دەبێت و لەگەڵی قسە دەکات، تیۆدۆریش بزەیەکی زۆرتر دەکەوێتە سەر لێوی. تیۆدۆر کە ماوەیەکە لە ژنەکەی جیا بووەتەوە وا دیارە کە لە هاوڕێتی سامانتا_ی دەستکرد هەست بە ئاسوودەگی دەکات، ڕەنگە بەو هۆیە بێت کە سامانتا مرۆڤێکی ڕاستەقینە نیە بە هەستە ئاڵۆز و نامەنتقیەکانەوە.

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە