سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی ‘بیل بکوژە’

بیل بکوژە –  Kill Bill
دەرهێنەر: کوەنتین تارانتینۆ – Quentin Tarantino
ئەکتەران: یوما تورمان، لوسی لیو، ڤیڤیکا فۆکس، مایکل مەدسێن، داریل هانا، دەیڤید کارادین
دەرچوون: بەشی یەکەم: ٢٠٠٣، بەشی دووەم: ٢٠٠٤

ڕزگاری و گۆڕانکاری دەروونی لە فلیمی بیل بکوژە دا

لەو کاتەوە کە ئستەنلی کوبریک شرۆڤە دەروونیەکانی سەبارەت بە ئیقتباسەکەی لە ڕۆمانی بروسکە (The Shining) بە لا نا و ئەو فلیمەی بە ساکاری تەنیا وەکوو چیرۆکێکی ڕۆح/تارمایی پێناسە کرد، نەماندیوە کە دەرهێنەرێک بە ئەنقەست لێکۆڵینەوە تیۆریەکان لە بەرهەمێکی سەرنجڕاکێش بخاتە پەراوێزەوە و گرنگی پێ نەدات. ئیستاش کوەنتین تارانتینۆ پێشی بە ئەوجۆرە پرسیارانە گرتوە و لە هەموو دەرفەتێکدا ئەم فلیمە چوار کاتژمێریەی وەکوو فلیمێک سەبارەت بە تۆڵە و توڕەیی ناساندوە و هیچ شی کردنەوەیەکی ئەوتۆی نەخستوەتە بەردەست. بەڵام نکۆڵی لێ ناکرێ کە لەم فلیمەدا باسگەلێگی بەرینتر و قوڵتر لەوەی گوتراوە هەیە کە جێگای سەرنجن و پێویستی بە شی کردنەوەیە.

هەر کەسێک ئەتوانی لاسایی هەر شتێک بکاتەوە، بەڵام وادیارە کە بیل بکوژە شتێکە بەرینتر لە لاسایی کردنەوە، ئەتوانین بڵێین بەرهەمێکە بۆ ئاوڕدانەوەیێک لە سینەماکانی سەدەی ١٧ یان سینەمای وێستێرن. خاڵگەلێکی زۆریشی تێدایە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەم فلیمە شتێکە بەرینتر لە چیرۆکێکی ساکار سەبارەت بە تۆڵە کردنەوەکانی ژنێکی توڕە.

ڕەنگە بینەرە لاوەکان لانیکەم لە سەرەتادا سەرنج نەدەن بەوەی کە پەردەیەکی تایبەت لەم فلیمە ئاماژەی هەیە بۆ فلیمی لە جلێکی سەرسامکەردا یان کەسایەتی پای مەی کە کەسایەتیێکە لە فلیمەکانی براکانی شۆ و پێشتریش کەسایەتیێکی مێژویی بووە. ئەگەر پێوەندیێکی قوڵ لە گەڵ فلیمەکە بگرن و چێژ لە فلیمێک ببینن کە دنیای خەیاڵ و فەنتازیا تێک ئەشکێنێت، سروشتیە کە ئەوانیش هەر ئەو پرسیارانە لە خۆیان بکەن کە تارانتینۆ وەکوو لاوێکی هەستیار سەبارەت بەو بەرهەمانە پرسیویە کە بۆی سەرنجڕاکێش بوون: بۆچی ئەم بەرهەمەم پێ خۆشە؟ ئەم فلیمە سەبارەت بە چیە؟ چ شتێک کەسایەتیە دڵخوازەکانم بەرەو پێش ئەبات؟ ئایا واتایەکی شاراوە لێرە هەیە کە پێویستی بە سەرنج دان بێت؟ یان پرسیارێکی دیکە کە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە بۆچی ئەوەندە بۆ ئەم دەرهێنەرە گرینگ بووە؟

تارانتینۆ دەرهێنەرێکی ڕێزگرە کە بۆ ڕێز گرتن و ستایشی بەرهەمە کۆنترەکان، بەشگەلێکی لێیان بە قەرز دەگرێ. بەڵام بە دڵنیایەوە زیرەکی، خولیا و خەونی تایبەت بە خۆیشی هەیە. هیچ دەرهێنەرێک فلیمی نوێ چێ ناکات تەنیا بەو مەبەستەی کە سەرنجی بینەران بەرەو بەرهەمە کۆنەکان ڕابکێشێت. ڕەنگە هەست کەن تارانتینۆ لە بیل بکووژە دا بێجگە لەوەی دەخوزێ ئاماژە بداتە سەر بەرهەمە مەزنەکانی هەفتاکان، ئەیەوێ سەرنجی بینەرە لاوەکانیش ڕابکێشێ کە زۆرترین ژمارەی بینەرانی سینەمای هاوچەرخ پێک دێنن.

بیل بکوژە فلیمێکی سەیرو سەمەرەیە. بێجگە لە لێکۆلەران، یوما تورمان (کە دەوری بیاتریکس دەگێڕێ)یش ئەم فلیمەی وەکوو چیرۆکێکی تۆڵە و رزگاری پێناسە کردووە. کەسایەتیەکان سەیر و ناوازەن و تارانتینۆ هەوڵی داوە جیاواز بیاننوێنێ. زۆر شتمان پیشان ئەدات کە بۆ چێژ بینین لە بەرهەمەکە پێویستیێکمان بە دیتنیان نیە، بۆ نموونە ژیانی تاڵ و ناخۆشی ڕیشی ئۆرێن لە منداڵیدا و گەورەبوونی بە ڕق و تونوتیژیەکی تۆخەوە، ژیاننامەیەکی کورت لە کەسایەتیە پەراوێزیەکان، یان شکست و نەمانی بود(Budd). تارانتینۆ هەوڵێکی زۆر دەخاتە گڕ بۆ چێ کردنی بەشی تایبەت بە پای مەی. لە سەرەتا بە ڕوونی دیار نیە کە بۆچی ئەم بیرەوەریانە ئەوەندە گرنگن ئەگەر بەڕاستی فلیمەکە تەنیا چیرۆکێک بێت سەبارەت بە ژنێکی توڕە کە ئەیەوێ تۆڵە لە پێنج کەس بکاتەوە کە ئەیانویست بیکوژن و ئێستا بە شوێن داد دایە. چیرۆکێکی وەها ساکار بیس چرکە زۆرتری ناوێ.

پرسیاری سەرەکی سەبارەت بە ڕزگاری

ئەگەرچی زۆر جار لەسەری ناکۆکی هەیە بەڵام ڕوانین بۆ بیل بکوژە وەکوو چیرۆکێکی ڕزگاری شتێکی گشتگیرە. سەرەتا پێمان دەڵێن کە فلیمەکە سەبارەت بە تۆڵەیە و گەڕان و بەسەرهاتی بیاتریکس بە دوی پێکهێنانی داد و تۆڵە کردنەوەدا دەگێڕێتەوە کە بۆ زۆرێک لە بینەران وەکوو ئاماژەگەلێک بۆ گەیشتن بە ڕزگاری دێتە بەرچاو.

بڕوانن بۆ ئەو کاتەی پێش کۆمەڵکوژیەکە، بیاتریکس بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئیدی نایەوێ لە پیاوکوژیەکاندا بەشداری بکات یان لە گەڵ ئەو کەسانە کە ئیشیان کوشتنە بمێنێتەوە. بەڵام ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئەو گۆڕانە و ئەو بڕیارەی پیشاندەری گۆڕانێکی دەروونی پێوەندی بە هەستێکی ئەخلاقیەوە هەیە؟ بیاتریکس دان بەوە نانێ کە لە کردەوەکانی ڕابردووی پەژیوان بووبێتەوە یان هەست بە تاوان و شەرمەزاری بکات. هەر وا کە بە ڕوونی لە پاشڕوانێکدا ئەیبینین بڕیارەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە پیاوکوژی هاوکاتە لە گەڵ دوگیان بوونی. ئەمە ئەوە دەگەینێ کە بیاتریکس بڕیارێکی نوێ ناوەتە جێی بڕیارێکی کۆن ئەویش بە هۆکارێک بێجگە لە گۆڕانێکی دەرووونی و ئەخلاقی. ئەو کۆتایی دێنێ بە ئیشەکەی نەک لە بەر ئەوەی کە پیاوکوژی لە پێناو پارە ئیشێکی پیس و دوور لە ئەخلاقە، بەڵکوو لە بەر ئەوەی کە نایەوێ زیانێک بەری خۆی یان منداڵەکەی بکەوێت. ئەگەرچی لە زۆرێک لە کولتورەکان شتێکی ئاساییە کە بەرانبەر خۆت یان منداڵت بەزەیی و میهرەبانیت هەبێ. بەڵام هەست و بەزەیی ڕاستەقینە و ڕاستۆگیانە هەموو گیانێک بەلایەوە بەنرخە و جیاوازیێک قایل نابێت لە نێوان گیانی کەسێکدا کە پارەیەک بۆ کوشتنی دابین کراوە یان منداڵێک کە لە زک دایکیدایە و هێشتا لە دایک نەبووە. ئەگەر ئاکار یان کردوەیەک بەرانبەر خزمێک هەڵە بێت هەر ئەو ئاکارە بەرانبەر کەسێکی نەناس و بێگانە یان تەنانەت کەسێکی ڕکابەرێکیشت هەر هەڵەیە و خراپە. ئەگەرچی دڵو ناخی بیاتریکس تووشی گۆڕانێک ئەبێت بەڵام مەبەست و هۆکاری ئەم گۆڕانە حەز و خواستێکە بۆ پاراستنی خۆی نەک سەرهەڵدانی ویژدان یان گەشە کردنەوەی هەستی ئەخلاقی لە ناخیدا.

دەرچوونی بەرەو ئێل پاسۆ بڕیارێکی تاکەکەسیە کە بە ڕێکەوت ئەبێتە هۆی پێک هاتنی گۆڕانێکی ئەخلاقی کە لە فلیمەکە هیچکات بە تەواوی ڕوون ناکرێتەوە. بیاتریکس بڕیارێکی مەنتیقی داوە نەک بڕیارێکی ڕۆحی و دەروونی. دوایی لە سەر خواست و حەزی بۆ تۆڵە کردنەوە بەو ئاکامە ئەگات کە گوشتنی بکوژەکانی سزایەکی گونجاوە بۆ قەرەبو کردنەوەی ئەو ئازارانەی لە دەستیان چەشتوویە. لە ڕێگای گەڕان بە شوێن ئەم دادورەیەدا کەسانێکی زۆری دیکەش دەکوژرێن. ئەم پیاوکوژیە لە بەر توڕەییە نەک پارە بەڵام لە دووایدا هەر پیاوکوژیە.

ئەگەر بیر بکەینەوە لەوەی کە ئایا بیاتریکس ئەگات بە ڕزگاری یان نا، بەرانبەر پرسیارێک ئەبینەوە: تۆڵە چۆن دەتوانێ ڕێگایەک بێت بەرەو ڕزگاری، کاتێک کە ئەو کەسەی بە شوێن گەیشتن بە ڕزگاریدایە هەر بە قەد ئەو کەسانە تاوان دەکات کە بەرانبەر ئەم تاوانیان کردووەو بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم ڕێگایە بگرێتە بەر؟ پیاوکوژێک کە هیچ هەستێکی تاوانبار بوون و پەشیمانی بەرانبەر ئیشە خراپەکانی پێشووی نیە، لە ڕێگای کوشتنی پیاوکوژگەلێکی دیکەوە ناگات بە ڕزگاری، لە کاتێکدا گرنگیش نادا بەو گۆڕانەی لە ناخیدا خەریکی روودانە.

بەمانەشەوە هێشتا هەر زۆرێک لە بینەران وەکوو چیرۆکێکی تۆڵە و رزگاری ئاماژە بە بیل بکوژە دەکەن. بەڵام بە گشتی، چیرۆکی بیاتریکس و گەڕانی بە شوێن تۆڵە کردنەوەدا ئەبێت بە چیرۆکێکی ئاڵۆز و سەیروسەمەرە کە بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی ئاوڕ ئەداتەوە لە ڕزگاری و بەرپرس بوون. فلیمگەلێکی زۆر سەبارەت بە ڕزگاری دروس ئەکرێن و ئەیانبینین، بەڵام هیچیان وا نیە کە پاڵەوانی چیرۆکەکە تا گەیشتن بە کۆتایی چیرۆکەکە دەیان کەس بکوژێت.

سەرچاوە: Slant Magazine

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە