سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی بەندییەکان

بەندییەکان – Prisoners
دەرهێنەر: دێنیس فیلنۆف
ئەکتەران: هیوو جەکمان، جەیک جیڵنهاڵ، ڤیۆلا داڤیس، ماریا بێلۆ، ئێرێنس هۆووارد، مەلیسا لیۆ
دەرچوون: 2013

چیرۆکەکانی مرۆڤ ڕفێنی  زۆرتر بەم جۆرەن کە لە سەرەتادا بە وێنا کردنی دۆخێکی هێمنەوە دەست پێ دەکەن و ژیانێکی ئاسوودە مان پیشان ئەدەن کە هەر زوو تێک دەچێت و ئەو هێمنایەتیە تێکەڵ بە کێشەو ئاڵۆزی دەبێت. بەندییەکانی دێنیس فیلنۆف بەم ڕێگایەدا ناچێتە پێشێ. فلیمەکە بە دیمەنێک لە جەنگەڵێکی سپی لە بەفر دەست پێ دەکات، ئاسکێک دەبینین کە بە شوێن خۆراکدا دەگەڕێت. بەرمیلی تفەنگێکی ڕاو دێتە نێو چوارچێوەی دیمەنەکەوە. دەنگی نزایەک دەبیستین. تەقەیەک دێت و ئاسکەکە دەکەوێت. کامێراکە دەکشێتە دواوە تاکو باوکێک (هیوو جەکمەن) و کوڕە مێردمنداڵەکەی (دیلان مینێتی) دەرکەون. لە نێوان دارە ڕوتەکانەوە وردی نێچیرەکەیان دەبنەوە. لە ڕێگادا کە دەچنەوە بەرەو ماڵێ، لە نێو ترۆمبێلەکەدا باوکەکە کە ماندوو دەنوێنێ بە جۆرێکی گرژ و جیدی، ئاموژگاری کوڕەکەی دەکات کە چۆن هەموو کاتێک ئامادە بێت بۆ کێشەو گرفتەکانی ژیان.

دەستپێکی فلیمەکە ئەوەندە توند و گرژە کە جێی سەرنجە چۆن لە ژێر بارستایی واتاو سەمبولەکانی ناشکێتەوە. وێنەگری سینەمایی فلیمەکە ڕۆجەر دیاکینسە، وێنەگرێکی زۆر توانا کە پێشتر ئەزمونێکی زۆری  لە گەڵ براکانی کۆین دا هەبووە. فلیمێکە لە باراندا خوساو و ڕەنگ لێ بڕاو. ڕووگەلێک لە بەندییەکان زۆر کاریگەریان هەیە، بەڵام بەشێکی زۆریشی پووچ و بێمانایە (کە چی دەیەوێ زۆر بە جیدی پێدا بڕوانین). زۆربەی دەورەکانیش لە ئاستێکی بەرزدان.

کێلەر دۆڤەر (جەکمان) پەیمانکارێکی سەربەخۆیە کە لەگەڵ خێزانەکەی گرەیس (ماریا بێلۆ) و دو منداڵەکەیان لە گەڕەکێکی قەراخ شار دەژین. کێلەر، بروس ئەسپرینگستین گۆرانیبێژ و ئەکتەر، ئاڵای پرهەسارە گۆرانی نیشتمانی ئەمەریکا ، ڕاو، کۆ کردنەوەی شتو مەکی جۆراوجۆری پێ خۆشە. هەندێک قتوو، ماسکی غاز و … لە ژێرخانەکەیاندا کۆ کردوەسەو بۆ کاتی پێویست. لە ڕۆژی جێژنی سوپاس گوزاریدا بنەماڵەی دۆڤەر بۆ شێو خواردن دەچن بۆ ماڵی جیرانێکیان، فرانکلین و نانجی بێرچ (تێرێنس هاوارد، ڤیۆلا داڤیس) کە دوو منداڵی هاوتەمەنی منداڵەکانی ئەمانیان هەیە. کاتێک باوک و دایکەکان لە هۆلەکەدا شەراب دەخۆن و پێکەوە قسە دەکەن، دوو کچە بچووکەکە دەیانەوێ بۆ پیاسە کردنێک بچنە دەرێ. چوونەدەرێک کە ئیدی ناگەڕێنەوە. ترس و پەشۆکی دوو خێزانەکە دادەگرێ بەتایبەت کاتێک ئاگادار دەبن ماشێنێکی کاروانی لەو نێزیکانەوە پارک کرا بوو بەڵام ئێستا نەماوە. لێکۆلەر لۆکی (جەیک جیلنهاڵ) دۆسیەکە دەگرێتە دەس.

خاوەنی سەیارە کاروانیەکە، ئەلێکس جۆنز (پاول دانۆ) بۆ هەندێک لێپرسینەوە دەگرن. لێکۆلەرانی بەشی تاوان دەڵێن سەیارەکە هیچ نیشانەیەک لە گرژی و زۆرەملێ تێدا نیە. بەڵام ئەلێکس خۆی کوڕێکی سەیر و نامۆیە. بە چرپەو بە دەنگێکی ناسکەوە قسە دەکات دەڵێی منداڵێکی دە ساڵانە. سەیر نیە ئەگەر گومان بەین کە شتێک دەشارێتەوە. دۆڤەر و لوکی هەر زوو تێکەڵ بە بابەتی لێکۆڵینەوەکە دەبن. کاتێک جۆنز لە بەر نەبوونی بەڵگە و شایەت بە سرپەرشتی پووری (مەلیسا لێۆ) بەر دەبێ، دۆڤەر هێشتا هەر گومانی پێ هەیە، جۆنز دەدزێ و لە خانوویێکی کاول و وێرانەدا کە میراتی باوکیە بە بارمتەی دەگرێت. دۆڤەر، فرەنکلین بێرچ یش لە پیلانەکەی ئاگادار دەکاتەوە. گەرەکیە بە هەر چەشنێک بێت جۆنز بێنێتە قسەو شوێنی منداڵەکان هەڵکات. بێرچ کاتێک جۆنز دەبینێ بەسراوەتە دەستشۆرەکەوە، ترس دایدەگرێت بەڵام دوایی لە بەرانبەر توڕەیی و دڵنیایی  دۆڤەر، دەستورە ئاخلاقیەکانی  لە بیر دەکات. ئەمە یەکێک لە باسە قایمەکانی چیرۆکەکەیە: چۆن دڵنیایی دەتوانێ بە زۆر، گومان باتە لاوە و بە سەر گوماندا زاڵ ببێت، یان چۆنە کە زۆر جار بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە ناخماندا نەقوژێتەوە، پێویستمان بە گومانە.

هیوو جەکمان بە درێژایی فلیمەکە دەقێڕێنێ و هاوار و دادیە و توڕەیە، تا ڕادەیەک کە یەکجۆر دەبێتو ئەم دۆخەی ناگۆڕێ، بەڵام ئەم هەڵسوکەوتە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم کەسایەتیە پیاوێکی لاوازە کە پێویستیە هەست بە بەهێز بوون بکات. لە بەشێکدا کاتێک بە چرپەوە دەڵێ نزایەک دەخوێنێت، ناتوانێ تەواوی کات و بڵێت “بەوجۆرە کە لەوانە دەبوورین کە ئازارمانیان دا”. لە ژێرخانەکەیاندا ئەوەندە کەرەستەو شتی جۆراوجۆری هەیە کە بنەماڵەکەی لە دۆخێکی چاوەڕوان نەکراودا دەتوانن بەرگە بگرن و کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام ئەو نەیتوانی کچەکەی لە پیاسەیەکی ساکار لە گەڕەکێکی هێمندا بپارێزێت. ئەوەندە دڵنیایە ئەلێکس جۆنز بەرپرسیارە لە ون بوونی کچەکەی کە بیر لە هیچ ئەگەرێکی تر ناکاتەوە. لەم کاتانەشدا ژنەکەی لە سەر قەرەوێڵەکە ڕادەکێشێ و ئارامبەخش دەخوات و ئاگای لە ئەم ئیشەی شووەکەی نیە.

جیلنهاڵ زۆر باش دەرکەوتوە، ئەویش لە دەورێکدا کە لە سە کاغەز ڕەنگە زۆر سەرنجڕاکێش نەبووبێ. ئەم سیناریۆیەی (نووسینی سینەمایی) ئارۆن گوزیکۆوسکی نووسیویەتی ئەوەندە هێما و سەمبولی ئایینی تێدایە کە شێوەی خوتبەیەکی ئایینی دەگرێتە خۆی. لوکی کەسایەتیێکی نایابە کە نووسەر توانایەکی بەهێزی لە نەخشاندنیدا هەبووە. تەنیا وێنەیەک کە لە ئەم کەسایەتیە دەر لە دۆخ و سنوری ئیشەکەیدا دەیبینین، دیمەنی ناساندنیەتی کە لە چێشتخانەیەکی چۆڵی چینیدا خەریکی خواردنی شێوی جێژنی سوپاسگوزاریە، لە دەرەوەش بە خوڕ باران دەبارێ. تەنیا شتێک کە لە ڕابردوی دەزانین ئەوەیە کە لە خانووی بێ سەرپەرشتەکاندا بووە و بە چاودێری خێرخوازەکان گەورە بووە. لاملی و لە سەر قامکەکانی هەندێک تەتۆ دەبینین. لە ڕومەتیشیدا تیکێکی هەیە. لە بەندییەکان دا جوڵەی نهێنی زۆر دەبینین، وا هەست دەکەین لوکی یش ئەگەر پۆلیس نەبواتای، ڕەنگە ئەویش وەکو کەسایەتیەکانی دیکە ئیشی بکردایە. دەرهێنەر فیلنۆف هەندێک دیمەنی پڕ لە دڕدۆنگی دەخولقێنێ. یەکێک لەوانە ڕاوەدوونانێکی شەوانەیە لە نێو گەڕەکەکەدا کاتێک خەڵک کۆ بوونەسەوەو بۆ دو کچە ون بووەکە شەمیان داگیرساندوە. بەمجۆرە چیرۆکەکە دەچێتە پێشێ، ئاڵۆزتر دەبێت و گومانی دیکە دەبەین. کردەوەی نهێنی و بێ بەزەییانەش درێژەی دەبێت.

شیلا ئۆمالەی

سەرچاوە: Roger Ebert

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە