سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی قازی ڕەش

تێبینیێک لە سەر فلیمی قازی ڕەش

تێبینیێک لە سەر فلیمی قازی ڕەش

قازی ڕەش – Black Swan
دەرهێنەر: دارێن ئارۆنۆڤسکی
ئەکتەران: ناتالی پۆرتمان، ڤەنسانت کاسەل، میلا کونیس، باربارا هەرشی
دەرچوون: ۲۰۱۰

قازی ڕەشی دارێن ئارۆنۆڤسکی میلۆدرامایەکی تەواوە، بە گێڕانەوەیەکی بەسۆز و پیشاندانێکی نایاب لە پووچیەکی تاریک. فلیمەکە تیشک دەخاتە سەر دەورگێڕانی بوێرانەی ناتالی پۆرتمان و ململانێی نێوان خێر و شەڕ لە بالەی دەریاچەی قازیی چایکۆڤسکی دا دەخاتە ڕوو. ئەمە لەو دەورگێڕانانەیە کە دەبێ خۆت نوقمی هونەرەکەت بکەی، بەجۆرێ کە وا دەکات لەو ڕۆڵەدا ون بیت. کەسایەتییەکەی پۆرتمان شێت دەبێت.

هەموو شتێکی سەمای بالەی کلاسیک دەگەڕێتەوە بۆ زیادەڕۆیی. ئەم شێوازە هونەریە مەترسیێکی لەگەڵە؛ مەترسی تووشیار بوون بە خولیای سەرکەوتن بە سەر واقیع و تەنانەت بە سەر هێزی ڕاکێشانی زەویندا. بە جۆرێک  دەتخاپێنێت بۆ سەرکەوتن بە سەر ڕاستیەکاندا. ئەم هونەرە ساڵانێک مەشقی توند و سەختی لە سەماکەرەکان دەوێ، چەشنێک مەشق و ڕاهێنانی جەستەیی و دەروونی کە زاڵ دەبێت بە سەر ژیانی ئاساییاندا. ئەم ململانێی نێوان نموونەیی بوون⋆ و ڕاستییە سێبەر دەخاتە سەر نینا سایەر کەسایەتیەکەی ناتالی پۆرتمان.

ژیانی نینا تەرخانی بالە کراوە بەڵام ئایا ئەوە هەمووی هەڵبژاردەی خۆی بووە؟ ئێریکا (بە دەورگێڕانی باربارا هەرشی) دایکی نینا خۆیشی ڕۆژگارێک سەماکەر بووە و ئێستا ژیانی تەرخان کردووە بۆ ئیشی کچەکەی. ئەوان پێکەوە لە شووقەیەکی بچوکدان کە هەندێک کات لە پەناگا و هەندێک جار لە زیندانێک دەچێت. ئەوان یەکتر لە باوەش دەکەن و وەک دوو خوشک لە گەڵ یەک دەدوێن. هەست بە هەبوونی کێشەیەک دەکرێت.

نینا لە سەنتەری لینکۆلنی نیۆیۆرک لە کۆمپانیایەک سەما دەکات کە لە لایەن تۆماس لیۆری (ڤەنسانت کاسەل) کە کەسێکی ئۆتۆکراتە بەڕێوە دەچێت. ئاستی خۆپەسەندی ئەو لەم بەشەدا دەردەکەوێ کە کەسایەتیە دیکتاتۆریە کۆنەکان وێنا دەکاتەوە.

تۆماس خۆشەویستە پێشووەکەی بێس مەکینتایەر (وینۆنا ڕایدەر) کە سەماکەری سەرەکی کۆمپانیاکە بووە لادەبات و ئێستا بۆ شانۆی ئەم وەرزەیانە بە دوای سەماکەرێکی نوێ دەگەڕێت. دەریاچەی قاز پێویستی بە سەماکەرێکە کە دوو دەوری پێچەوانە بگێڕێت. بە ڕوونی دیارە کە نینا باشترین سەماکەرە بۆ دەوری قازی سپی، بەڵام تۆماس پێی وایە نینا بۆ دەوری قازی ڕەش_یش زۆر چاکە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی سەماکردنی نینا؛ ئەو بە تەکنیک سەما دەکات نەک بە هەست.

وا دیارە کە فلیمەکە بە ڕووداوگەلێکی چاوەڕوانکراوەوە خۆی دەردەخات: گرژیێک لە نێوان نینا و تۆماس دا پێک دێت و دواتر لیلی (میلا کونیس) سەماکەرێکی نوێ لە کەناری ڕۆژئاوای ئەمەریکاوە دێت. ئەو ڕێک پێچەوانەی نینایە؛ ئازا و ڕەهایە و متمانە بەخۆی زۆرە. ئەو سەرنجی نینا ڕادەکێشێت نەک تەنها وەکوو ڕکابەرێک بەڵکوو وەک سەماکەرێکی نموونەیی. لیلی جیا لە شتەکانی دیکە بە ڕوونی دیارە کە بوونەوەرێکی جنسییە، لە کاتێکدا پێمان وایە نینا ڕەنگە هیچ کات ژوانێکی نەبووبێت و قەد لەگەڵ پیاوێک نەخەوتبێت. بۆ نینا، لیلی ئێستا مەترسیێکە لە سەر ئیشەکەی و ئەبێت بە هۆی ئەوەی ئەم خۆی لۆمە بکات.

تۆماس بەوە ناسراوە کە لە گەڵ سەماکەرەکانی پەیوەندی هەیە. بە یاری تۆقێنەر و خۆباییانەی کاسەل، بە ڕوونی دیارە بەرنامەی هەیە بۆ پاکی و کچێنی نینا. ئەمە تەنگەژەیەک لە مێشکی نینا درووست دەکات کە ئاخۆ چۆن بتوانێت خۆی ڕزگار بکات لە گەیشتن بە بێخەوشیێکی تەکنیکی و هەروەها ئەو سنوورانەی بپارێزێ کە دایکی بۆی دیاری کردوون سەبارەت بە پێوەیدنی جنسی و هاوکات وەفادار بمێنێت بەو پێوەندییە دەروونیە داخراوەیانەوە؟

هیچ چیرۆکێک سەبارەت بە ئامادەکاری پشت شانۆی بالەیەک ناتوانی ببینی و  فلیمی پێڵاوە سوورەکان⋆ وە بیر نەهێنێتەوە. گەر هیچ کات نەتانبینیوە، بە دڵنیاییەوە ئاخری ڕۆژێک سەیری دەکەن. ئارۆنۆڤسکی و کاسەل لە کەسایەتی تۆماس دا، بوریس لێرمۆنتۆڤ (بە دەورگێڕانی ئانتۆن والبرووک) تێرنەوە یاد؛ بەڕێوەبەری شانۆیی نێو ئەو فلیمە کە ئاکارە ئۆتۆکراتیانەکانی خۆشەویستیەکی قووڵی تێدا دەشارێتەوە. لە نینا_یش دا چەشنێک لە ساوایی مۆیرا شیارێر دەبینرێتەوە.

قازی ڕەش فلیمی پێشووی ئارۆنۆڤسکی بە نێوی زۆرانباز⋆ وە بیر دەهێنێتەوە. هەر دوو فلیمەکە تاکڕەهەندیێکی پیشەیی بە دووی گەیشتن بە ئاستێک پیشان دەدەن کە ئەبێت بە هۆی وێران بوونی ژیانی تاکەکەسی. من هەروەها یەکەم فلیمی ئارۆنۆڤسکی بە نێوی پی⋆م هاتەوە بیر؛ فلیمێک دەربارەی بیرکارێک کە لە گەڕان بە دوای زمانێکی بیرکاری جیهانیدا شێت دەبێت. هەروەها فلیمی سەرچاوە⋆ کە لە بارەی پیاوێکە دەیهەوێ زاڵ بێت بە سەر کات و شوێن دا. کەسایەتییەکانی ئارۆنۆڤسکی نەخشە و بەرنامەی بچووکیان نییە.

چیرۆکی سەرەکی قازی ڕەش شتێکی نوێ نییە؛ بەربەرەکانی پشت شانۆ، بەغیلی هونەری، ئیشێکی مەزنی هونەری و ڕەنگ دانەوەی لە ژیانی بەرهەمهێنەرەکانیدا. ئارۆنۆڤسکی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش ئەو خاڵانە دەگوازێتەوە بۆ نێو مێشکی نینا. وردە وردە نینا سنوورەکانی لێ تێک دەچێت. فلیمەکە بە خەونێکەوە دەکرێتەوە و ڕوون دەبێتەوە کە ژیانی نێو خەونەکانی لەگەڵ ژیانی ڕاستەقینەی دا هاوتەریبن و پێکەوە دەچنە پێشێ. ئارۆنۆڤسکی و پۆرتمان بێباکانە دەکەونە شوێن ئەوە بۆ هەر جێگایەی بیانبات.

دەورگێڕانی پۆرتمان لەم فلیمەدا زۆر بەرچاوە، کەسێ کە لە سێزدە ساڵیدا لە فلیمی کچانی جوان⋆ دەورێکی سەرنجڕاکێشی گێڕا. ئەو هەرگیز پێشتر دەورێکی وا دوو بەرەکیانەی نەگێڕاوە و بەرانبەری دۆخێکی جەستەیی وەها نەبووەتەوە. (ئەو بە دە مانگ ڕاهێنان ئامادە بوو.) بە جۆرێک دەگات بە لوتکەی هەست و وزە و هێشتا لە کەسایەتییەکەیدا دەمێنێتەوە. ئەکتەرەکانی‌تر وەک سەماکەری هەڤپشکن کە ئەو هەڵدەگرن. باربارا هەرشی بە جوانی دەوری دایکێک دەگێڕێت کە خۆشەویستییەکەی ڕاستەقینەیە؛ کەسێک کە هەموو ژیانی تەرخانی کچەکەی و کاری کچەکەی کردووە.

تراژیدی نینا و زۆرێک لە ورزشەوانە لاوەکانی دیکە ئەوەیە کە ئەو هەوڵ و ویستەیان بۆ نموونەیی بوون لە تەنها یەک بواری ژیاندا دەبێت بە هۆی قوربانی بوونی بەشەکانی دیکەی ژیانیان. لە تەمەنی گەنجێتیدا هەوڵ و سەرنجیان دەخەنە سەر خۆشحاڵ‌ کردنی کەسێک (بنەماڵە، ڕاهێنەر، هاوکار) و ئەمە وا دەکات هیچ کات خۆیان خۆشحاڵ نەبن. وا دەکات لە هەموو بوارێک‌دا سەرکەوتوو بن بێجگە لە خودی ژیاندا.

کۆبوونەوەیەک بۆ وەرگرتنی دەورێک لە بالەیەکی براڤورا دا لە زۆربەی فلیمەکانی سەبارەت بە بالەدا وەکوو نەریتێکە. قازی ڕەش فلیمێکی زۆر جوانە، هەموو بابەتەکانی مۆسیقا و ژیان، هاوشانی چیرۆک و شانۆی بالەکە و تێکەڵاوی ڕاستی و خەیاڵ هەموویان پێکەوە سۆزێکی بەتین بەرهەم دێنن. ئەم ڕەوتە تەنها دەتوانێ ئێمە بۆ شوێنێک ببات. ئەگەر لە جێگای ئێوە بوایەم کاتێکی زێدەم تەرخانی ئەوە نەدەکرد کە بزانم ڕێک چی ڕوودەدات. زۆر کەس لە بارەی کۆتایی فلیمی پێڵاوی ڕەش_یش دوودڵ بوون، ئەوان لە هەڵە دا بوون، بەڵام ئەو کارەیان کرد.

سەرچاوە: Roger Ebert
و: ئارەزوو_س

***

سەبارەت بە ئارۆنۆڤسکی

دارێن ئارۆنۆڤسکی دەرهێنەری ئەمەریکی لە ١٢شوباتی ساڵی ١٩٦٩ز لە نیۆیۆرک لە دایک بووە. کاتێک لە پەیمانگای فلیمسازی ئەمەریکا قوتابی بوو یەکەم کاری لە ساڵی ١٩٩١ بە ناوی(Fortune Cookie) بەرهەم دەهێنێت، هەر لەو ساڵە کورتە فلیمێکی تر بە ناوی (supermarket sweep)درووس دەکات، دواتر کاتێک کە هێشتا خوێندنەکەی تەواو نەکردبوو لە ساڵی ١٩٩٣ فلیمێکی تر بە ناوی (Protozoa) بەرهەم دەهێنێت کە هیچ کات بۆ فرۆشتن بڵاو ناکرێتەوە. ئارۆنۆڤسکی دوای پێنج ساڵ بە هۆی فیلمی پی ناوبانگی دەرکرد، ئەم فلیمە لە بارەی بیرکارێکە باوەڕی وایە جیهان لە ژمارەکان درووست بووە، هەر بەو هۆیەش هەوڵ دەدات لە ڕێگای ژمارەکانەوە بوونی خودا بسەلمێنێت.
شێوازی فلیمەکانی ئارۆنۆڤسکی سوریالی، شیکاری دەروونی و تێکەڵێکن لە ڕاستی و خەیاڵ؛ بە جۆرێک کە بینەر خەیاڵ و ڕاستی لێک جیا ناکاتەوە. ئارۆنۆڤسکی ئەزموونێکی چڕ و زۆری لە فلیمسازی دا هەیە و هەر یەک لە بەرهەمە ڕەچەشکێنەکانی لە جیهانی سینەمادا زۆر جێگەی باسن. لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە:

۱- بە یادی خەونێک / ۲۰۰۰
٢-سەرچاوە / ٢٠٠٦
٣-زۆرانباز ۲۰۰۸
٤-قازی ڕەش / ۲۰۱۰ داگرتنی ژێرنووسی کوردی ئەم فلیمە
٥- نووح ۲۰۱۴
٦-دایک! ۲۰۱۷

ئەم دەرهێنەرە سەرکەوتووە جیا لە سینەما، شەیدای ژینگەیە و بە هۆی چالاکیە ژینگەییەکانیەوە براوەی خەڵاتی مرۆڤ دۆستییە.

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە