سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی لا لا لاند

لا لا لاند – La La Land
دەرهێنەر: دامیێن چازێل – Damien Chazelle
ئەکتەران: ڕایان گۆسلینگ، ئێما ستۆن، جۆن لیجێند
دەرچوون: 2016

پێش دەست پێ کردنی فلیمەکە، لە سەر شاشەکە پێمان ئەگوترێ کە ئەم فلیمە بە سینەماسکۆپ گیراوە. شێوازی سینەماسکۆپ لە پەنجاکان و شەستەکاندا باو بوو، لەم شێوە فلیمگرتنەدا لە پێش کامێراکانەوە لێنزگەلێک بە نێوی ئانافۆرمیک بە کار ئەبرا بۆ ئەوەی وێنەیەکی پانوپۆڕ بگرن تا بتوانن لە سینەماکان بە ئامێرەکانی ئەو کاتەوە نمایشیان بکەن. لەو ساڵانەوە بە دوا ئیدی ئەم شێوە زۆر کەم بە کار هێنرا. ئەم بەرهەمە ئاماژەیەکە بە ڕۆژانی ترۆپکی سینەمای مۆزیکاڵی هۆلیڤوود و ڕێزنانێکە لە کاریگەریەکانی ئەو شێوە فلیمانە لە سەر جیهانی سینەما.

فلیمەکە لە ژێر ئاسمانێکی شین و هێمندا دەست پێ دەکات. ئینجا ترۆمبیلەکان ئەبینین کە دەست ئەکەن بە هۆڕن لێدان. دەنگی ڕادوێ و مۆسیقاکانیان ئەبیسین. ئەم تێکەڵ بوونی شلۆقی و قەرەباڵغیە لە نێوان ئەو وێنە هێمنەدا زۆر سەرنجڕاکێش دێتە بەرچاو. ئەم فلیمە بەرگری ناکات لەوەی کەسایەتیەکان و چیرۆکەکەی بخاتە نێوان جیهانێکی گەورەترەوە و ئەبینین کە ئەیانخاتە نێو وەرزەکان، دەنگ و هەراکان، و تەنانەت ئەستێرەکانەوە. چیرۆکی فلیمەکە چیرۆکێکی ناوچەییە بەڵام تەواوی پەردەکان دەگرێتە خۆی و تەوای فلیمەکە لە دەوری چیرۆکی ژیانی دوو کەسایەتیە سەرەکیەکەی دەخولێتەوە و ئەمە هەر لە سەرەتاوە بۆمان ڕوون ئەبێتەوە. بە درێژایی فلیمەکە ئەو هەستەمان لە لا درووس ئەبێ کە هەموو دۆخ و ئەزموونێکی ژیان دوو لایەنیان هەیە، لایەنێکی ئەوین و هێمنایەتی و ئەو لایەنەکەش کێشەو و ئاڵۆزیەکان. ژیان هیچ کات بەتەواوی ڕەش یان سپی نیە و هەمیشە تێکەلێکە لەم دوو ڕەنگە.

لە دەستپێکی فلیمەکە ڕێزێکی زۆر ترۆمبیل دەبینین، یەکەم شۆفێر دەست ئەکات بە خوێندن و لە ترۆمبیلەکەی دائەبەزێ. فلیمەکە حەزێکی زۆری هەیە بۆ ڕێز بوونەوە لە سەر وردەکاریەکان، دیمەنەکان و خەڵکی لۆس ئانجلس. کچە شۆفێرەکە ئەخوێنێت: “ئێمە هەفدەساڵان بووین، بەڵام ئەو خوێن شرین بوو، ئەمە ڕاست بوو، منیش هەر ئەو شتەم کرد کە پێویست بوو. چوونکە تازە زانیبووم.” لێرەدا خەڵکی دیکەش بەشداری ئەکەن و لە ترۆمبیلەکانیان دائەبەزن و دەست ئەکەن بە سەما و گۆرانی. فلیمەکە ئەوە دگەیەنێ کە خوێندن و هاتنە دەری ئەو کچە ئەبێت بە هاندەری ئەوانی دیکەش. وزەیەک ئەتەقێتەوە و وەکوو درمێک بڵاو ئەبێتەوەو ئەوانی دیش ئەگرێت بە جۆرێک کە حەز ئەکەن ئەوانیش خۆیان دەربخەن. ئەمە لە گۆرانیەکەشدا دەبێژرێتەوە:”هەندێ ڕۆژ کە گۆرانیەکە دەڵێمەوە/مناڵێکی شارێکی چکۆلە دێتە پێشێ/ئەوە ئەو شتە ئەبێ بۆ هاندانی بەرەو پێش”. تاکەکان ئەبینین کە هەست خۆشی خۆیان دەرئەبڕن و لە پاڵیدا هەستێکی قوڵ و بەرچاو لە ئالیکاریش دەرئەکەوێ. هەندێ کەس درگای ترۆمبیلی ئەوانی دیکە دەکەنەوە تا ئەوانیش بێنە دەرێ بۆ سەما. هەندێ جار هاوئاهەنگ سەما دەکەن، ژنێکی بە تەمەنتر ئەبینین بە جلی سورەوە لە گەڵ هاوڕێکدا سەما دەکات. بۆندێکی جاز مۆسیقا دەژەنن، زەلامێکیش بریک دانس سەما ئەکات. کەسایەتیەکانی بەشی دەستپێکی فلیمەکە جلگەلێکیان لە بەرە تایبەت بە ڕۆژێکی گەرم و ئاسایی. جلێکی تایبەت بە سەما نابینین، تێکەڵێکن لە جلی فەرمی، جلی هاوینان، شەپقەی بەیسبۆل، تی شێرت، پێڵاوی وەرزشەوانی و هتد. تێکەڵ بوونی ڕیالیزم و تەقینەوەی دەربڕینی هەستەکان لەم پەردەیەدا وا ئەکات بیر لەوە بکەینەوە ئەم شتە و ئەم ڕووداوە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیشماندا بۆی هەیە ڕوو بدات. هەروەها ئەوەشمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە ئەمە فلیمێکی مۆزیکالە.

ئەم بەشە سەرەتاییە بە یەکجاری و بێ وەستان گیراوە و ئەو هەستە بە بینەر ئەبەخشێ کە بینەری شتێکە لە ئێستادا خەریکی ڕوودانە و ئەم تەقینەوەی وزە و خۆشیە هەر لە ئێستا و لە ئێرەدا ڕوو ئەدات. ئەگەرچی هەموو شتێک هاوئاهەنگ دەچێتە پێشێ بەڵام یەکپارچە بوونی وا دەکات هەست بە واقعی بوونی بکەیت بە جۆرێک ئەڵێی لە پێشدا ئامادەکاری بۆ نەکراوە و تۆ بە ڕێکەوت هاتویتە نێو ئەم دیمەنەوە. هەر زوو بەزمەکە دوایی دێت، خەڵکەکە بڵاوە ئەکەن و سواری ترۆمبیلەکەیان ئەبنەوەو هەموو شتێک ئاسایی ئەبێتەوە.

کاتێک بۆ یەکەمین جار سێباستیەن لە نێو ترۆمبیلەکەیدا دەبینین، لە نێو ئاوێنەکەوە چاومان بە ڕومەتی ئەکەوێ، وەکوو ئەوەی ئەمە سێباستیەنی ڕاستەقینە نەبێت کە ئەیبینین و تەنیا وێنەیەکی ئەو بێت لە کات و دۆخێکی دیکەدا. خەریکی گوێدان بە مۆسیقای جازە و چەند جار مۆسیقاکە دەخاتەوە سەر. چەن ترۆمبیل بەرتر ترۆمبیلی میایە. وا دیارە تەلەفونی قسە ئەکات بەڵام دوایی ئەزانین کە خەریکی دەورگێڕانە بۆ ئەزموونی هەڵبژارندی ئەکتەر. لە نێو ترۆمبیلەکاندا هەر کەسوو خەون و خولیای خۆی هەیە و ڕەنگە واقعی ژیانیان ئەو شتە نەبێ کە لە ڕواڵەتیاندا دەرئەکەوێ.

ئەم بەشەکەی فلیمەکە سەبارەت بە میایە، وا دیارە کە هەستەکان نێو ژیانی لە گۆڕاندان. وەکوو خزمەتکارێک لە کافەیەکدا ئیش ئەکات. ئەکتەرێکی بەناوبانگ دێت بۆ کڕینی خواردنێک. کاتێک کە چاوی بڕیوەتە شوێنە پێکانی ئەکەتەرەکە، ئەکەوێتەوە بیر ئەزموونی هەڵبژارنەکەی. لێرەدا بۆشایی و مەودای نێوان ئەو شتەی تێدایە و ئەو شتەی ئەیەوێ پێ بگات ئەبینین، هەر جار و هەر ئەزموونێکی تاقی کردنەوەیەکیش بەڵێنی ژیانێکی نوێ لەگەڵدایە کە ژیانی لە ئێستاوە بگوازێتەوە بۆ داهاتوو. بەڵام لە ڕاستیدا تاقی کردنەوەکان جۆرێکن کە تەنانەت ناتوانێ تەواویان بکات و هەر جار و شتێک بەر بە تەواو بوونیان ئەگرێت. ئیدی ئەگەڕێتەوە ماڵ و خۆی ئەکوتێتە سەر قەرەوێڵەکەی لە بەرانبەر پۆستەرێکی گەورەی ئینگرید بێرگمانەوە. جیاوازی ژیانی ڕاستەقینەی و ئەو ژیانەی بە دووی دایە زۆر بەرچاووە. هاوڕێکانی لە ماڵەکەیاندا لە گەڵ گۆرانی گوتنەوەیەک بە گۆرانی “کەسێک لە نێو جەماوەردا” قایلی دەکەن بچن بۆ ئاهەنگێک. لە شەوێکیاندا بێهیوا دەمێنێتەوە و بەرانبەر ئاوێنەی گەرماوەکەوە دەست ئەکات بە خوێندنی گۆرانی. هەر وەکوو پەردەی پێشوو کە لە حەمام دێتە دەرێ، لە نێو ئاوێنەکەدا سەیری خۆی دەکات. ئەزموونی تاقیکردنەوەکان و ئاهەنگەکان دێن و دەچن بەڵام  وێنەی ئاوێنەکەی لە ژێر تیشکی ڕەش و سور دا هەر وەک خۆی ئەمێنێتەوە. هیچ خۆشی و وزەیەکی ڕووکاری ناتوانێ ئەم بێهیواییە چارەسەر بکات. ئەو شتەی لە نێو ئاوێنەکەدا بەرانبەری دەبێتەوە ‌وا‌قیعە و دوای ئاهەنگەکە دەس ئەکات بە خوێندنی”ئایا کەسێک لە نێو ئەو جەماوەرەدایە، تەنیا شتێک کە بە ڕاستی دەیبینی؟ بڕوانە کاتێک جیهان بەردەوام لە سوڕانەوەدایە. لە شوێنێکدا جێگەیەک هەیە ئەو کەسە ئەدۆزمەوە وا ئەمەوێ من بم. شوێنێک کە چاوەڕوانی دۆزرانەوەیە.” لەم دۆخەدا میا هێشتا چاوەڕوانە بدۆزرێتەوە. کاتێک دەبینێ ترۆمبیلەکەی دوور خراوەتەوە هەست ئەکەین کە هێشتا مەودایەکی زۆری ماوە بە خەونەکانی بگات. دوایی دەبینین کە ڕێگایەکی زۆر ئەبڕێت و ئەگات بە کلۆبێکی جاز کە سێباستیەن لەوێ پیانۆ دەژەنێ.

فلیمەکە کاتێک میای پێمان ناساند ڕوانگەی ئەگوازێتەوە بەرەو سێباستیەن و دۆخی ژیانی ئەومان پیشان ئەدات. بە دوای دەرچوون لە قەرەباڵغیەکە بە ترۆمبیلەکەی لە پاڵ پۆستەرێکی ‘پرتەقاڵی کالیفۆرنیا’ دەوەستێ. لە ژیانی سێباستیەنیشدا هاوشێوەی میا، واقیع و خەیاڵ تێکەڵ ئەبن و هەر زوو تێدەگەین کە چەنێک خەونەکانی دوورن لە ژیانی ڕاستەقینەیەوە. ئەچێتەوە ماڵێ، کەلوپەلەکەی هێشتا نەکراونەتەوە و دیمەنی نێو ماڵەکەی سارد و سڕی ژیانی پیشان ئەدات. خۆشکیشی کە نیگەرانی دۆخی ژیانی براکەیە پێداگرە کە کچێکی پێ بناسێنێ. بەڵام سێباستیەن ئەڵێ هیچی بۆ گوتن نیە لە گەڵ کچێک کە حەزی لە جاز نەبێت. ئگەر چی دوایی میاش لە ئەم شێوازە مۆسیقایە تێناگات بەڵام سێباستیەن وەکوو دەرفەتێک سەیری ئەکا تا جاز بە میا بناسێنێ. لە شوێنی ئیشەکەیدا سەرپەرشتی ئیشەکەی ئاگاداری ئەکاتەوە کە مۆسیقا دیاری کراوەکان بژەنێ. وەکوو ئەوەی لە نێو خەونێکدا بێت دەس ئەکات بە پیانۆ ژەنین، شوێنەکە تاریک ئەبێت و ڕووناکی ئەکەوێتە سەر سێباستیەن. ئەم دۆخە ئەتوانێ پیشاندەری ئەوە بێت کە ئەمە دەرفەتێکە تا سێباستیەن بتوانێ خۆی بێت یان ڕەنگە مەبەست پیشان دانی دیمەنەکە لە ڕوانگەی میاوە بووبێت بە جۆرێک کە لەوێ تەنیا سێباستیەن ئەبینێت. ڕەنگە هەردووکیان بێت. ئێستا سێباستیەن بە تەواوی خۆیەتی و ئەو شتەی ئەیەوێ دەریئەبڕێ بە بێ سەرنج دان بە کەسانی دەوروبەری، بە جۆرێک کە کامێراکەش بێجگە ئەو کەسی تر نابینێ. ژەندنی تەواو دەبێت و ڕووناکی دیمەنەکە ئاسایی ئەبیتەوە، خەڵک پێشوازی لە مۆسیقاکەی ناکەن و ئەمەش ئەبێتە هۆی لە دەس دانی ئیشەکەی. بێجگە میا کەس سەرنجی نادات. لۆس ئانجلێس جیهانێکی بێ بەزەیی هەیە بە جۆرێک کە تۆ هیچ نیت تا کاتێک نەبیت بە کسێکی ناودار و دەرفەتێکی کەمیشت هەیە بۆ ئەوەی ببیت بە کەسێک، چونکە ناهێڵن و دەرفەتی ئەوەت پێ نادەن کە خودی ڕاستەقینەت بیت.

بەم جۆرە چیرۆکی فلیمەکە دەچێتە پێشێ و بەردەوام ئەبێت لە پیشاندانی ئاڵوگۆڕی کێشەکان و ڕووداوەکان ژیانی میا و سێباستیەن. هەتا دوا بەشی فلیمەکە هەر بەم شێوازە بە وردی ئاوڕ دەخرێتە سەر وردەکاریەکان و دیمەنگەلێکی سەسەرسوڕهێنەرمان پێشکەش ئەکرێ وەکوو کاتی سەمای نێو ئەستێرەکان. شتێک کە بە درێژایی چیرۆکەکە زۆر ڕەنگ ئەداتەوە پێداگریە لە سەر خەونەکان. ئەوەی کە تا کوێ بچیت بە شوێن ئەو شتەی ئەتەوێت پێ بگەیت و چەندە هەوڵ ئەدەی ببیت بە ئەو کەسەی خەونی پێوە ئەبینی. ئەمەش بەرانبەر ئەبێتەوە لە گەڵ واقیع و کێشەکان و دڵڕەقیەکانی ژیان. ئایا مەعقولە ژیانی ڕاستەقینە و ئاسایی بگریتە بەر و واز لە خەونەکانت بێنی یان باشترە دەسبەرداری خواستەکانت نەبی و لەگەڵ هەموو ناهومێدی و کێشەکاندا هەر شوێنی خەونەکانت بکەوی. ئەم دووڕێیانە ئەبێت بە بەشێک لە ژیان و پێوەندی میا و سێباستیەن. ئەم دوو کەسایەتیە ژیانێکی هاوشێوەیان هەیە و بە جۆرێک ڕێگای هەڵویستەکانیان وەکوو یەکە. میا سەرەتا کە لە ئاهەنگێکدا سێباستیەن ئەبینێ کە وەکوو مۆسیقارێکی ئاهەنگەکان ئیش ئەکات، ئیشێک کە دوورە لە خەونەکانی وەکوو ئەڤیندارێکی مۆسیقای جاز، گاڵتەی پێ دەکا. دوایش کە لە گەڵ گروپێکی هاوڕێیدا دەست ئەکەن بە کۆنسێرت کردن لە سەر مۆسیقایەکی نوێ، لۆمەی ئەکات کە ئەوە لە خەونەکانی دووری ئەکاتەوە. ئەو هەمیشە ویستوویە کلۆبێکی جاز دابمەزرێنێت. بەڵام سێباستیەن ئەڵێ پێویستە ڕوبەڕوی ژیانی واقیع ببمەوە و ئەمەیە ڕاستیەکانی ژیان. کەچی دواتر هەر ئەم دۆخە لە میا دەبینینەوە کە دەسبەرداری خەونی بوون بە ئەکتەرێکی بەناوبانگ ئەبێت پاش ئەوەی کەسێکی ئەوتۆ لە شانۆگەریەکەیدا ئامادە نابن و هیواکانی دەڕوخن. لە کۆتایشدا شتێکی چاوەڕوان نەکراو دەبینین، فلیمەکە دەگەڕێتەوە و ئاوڕێکی خێرا ئەداتەوە لە ڕوداوەکان و ئەم جار چیرۆکەکە بە شێوازێکی دیکە ئەگێڕێتەوە کە ئەگەر هەڵویستەکان جیاواز بوونایە، ئەنجام چی ئەبوو و ژیانی کەسایەتیەکانی بە کوێ ئەگەیشت.

سەرچاوە: Shmoop

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

1
سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
نوێترین کۆنترین زۆرترین دەنگ
ئاگادار بوونەوە لە
سارا
میوان
سارا

دانێ لە باشترین فیلمگەلێکە دیمە، عاشق ڕەنگەکانی بووم، سپاس بۆ وەرگێڕانە باشەکەتان، فرە حەزم کرد، دووبارە خستمیەو بیر چیرۆکەکەی میا و سێباستیەن⁦❤️⁩⁦😍❤️⁩