سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی پاشای کۆمیدیا

پاشای کۆمیدیا – The King of Comedy
دەرهێنەر: مارتن سـکۆرسێزی
ئەکتەران: ڕۆبەرت دی نیرۆ، جێری لوئیـس، سەندرا بەرنهارد، دایان ئابۆت
دەرچوون: ۱۹۸۲

پاشای کۆمیدیای دەرهێنەر مارتن سکۆرسێزی یەکێک لە وشکترین و ئازاربەخشترین و بریندارترین فلیمگەلێکە تا ئێستا دیبێتم. ئەستەمە بڕوا بکەین سکۆرسێزی ئەم فلیمەی چێ کردبێت؛ بە پێچەوانەی ژیانی نێو شارە قەرەباڵغەکان، توندوتیژی و پێوەندیە جنسیەکانی نێو فلیمەکانی دیکەی وەکوو شۆفێری تەکسی و شەقامە کەلاوەنشینەکان ئەو شتەی کە لێرە هەمانە وێنایەکی چڕە لە خەڵکانێکی تەنیا و تووڕە کە هەموو هەستەکانیان دەشارنەوە و هیچیان دەرنابڕن. ئەمە فلیمێکە پێ دەچێ کە ئامادە بێت بۆ تەقینەوە، کەچی ئەو شتە قەد ڕوو نادات.

یەکەم جار کە پاشای کۆمیدیام سەیر کرد، ئەو نەبوونی حەسانەوە و خۆ دەرخستنە لە فلیمەکەدا وەڕسی کردم. هەوڵم دا بەردەوام بم و چاوەڕێ بووم فلیمەکە خۆی دەرخات، و ئەمە ماندوو و وەڕزی کردم. ڕەنگە ئەمە بیرۆکەی فلیمەکە بووبێت. ئەمە فلیمێکە سەبارەت بە نەپەژراندن و ڕەد کردنەوە، لەگەڵ پاڵەوانێک کە هیچ کات دان بەوەدا نانێت کە ڕەد کراوەتەوە، ئیدی نە تراژیدیێکی لێ دەکەوێتەوە نەک کۆمیدیێک، و دەبێت بە دواخستن و درێژە دان بە ئازار.

کاتێ لە یەکەم نمایشی فلیمەکە هاتمە دەرەوە، پڕ بووم لە هەستێکی ناخۆش بەرانبەر بە فلیمەکە و هیچ خۆشم نەویست؛ هەڵبەت خۆش نەویستن نەک بێبایەخی و گرینگ نەبوون. بیرەوەریەکانی پاشای کۆمیدیا بەردەوام چنگی لە دەروونم دەگرت و کاتێک خەڵک لێمیان دەپرسی ڕام سەبارەت بە فلیمەکە چیە، دەمگوت دڵنیا نیم! پاشان چووم فلیمەکە بۆ جاری دووهەم سەیر کەم، پێدەچوو ئەم جار باشتر بێت، ڕەنگە لە بەر ئەوەی کە دەمتوانی بە بێ هیچ چاوەڕوانیێک بچمە ژوورێ. دەمزانی کە فلیمێک نیە بۆ ڕابواردن، دەمزانی کە کۆتایێکی هەستبزوێنی نیە و کۆتاییەکەی ڕەشبینانە و ناپەسەندە. بەم زانیاریانەوە و ئەوەی کە شتێکی دیکەی تێدا نیە بۆ ڕوو دان، ئازاد بووم کە بەس سەیری ئەو شتە بکەم کە لە سەر پەردەکە نمایش دەکرێت.

ئەو شتەی دووهەم جار باشتر لە یەکەم جار بەدیم کرد، دەور گێڕانی ڕۆبەرت دی نیرۆ، جێری لوئیس، دیان ئابۆت و ساندرا بەرنهارد بوو کە دەوری سەرەکیترین کەسایەتیەکانی فلیمەکەیان هەبوو. دەشێ پیشان دانی دەوری ئەم کەسایەتیانە ئیشێکی قورس بووبێت چونکە لەم فلیمەدا کەس گوێ ناگرێت؛ هەمووان چاوەڕێن بەرانبەرەکەیان قسەکانی تەواو کات و خۆی بتوانێ دەس بکات بە قسە کردن. هەروەها هەموو کەسێک لە فلیەمەکەدا ئەوەندە لە بواری هەستیەوە دابڕاو و دوورپەرێزن کە لەوانەیە تەنانەت نەتوانن تێبگەن ئاخۆ چیان کەمە!

لە فلیمەکەدا ڕۆبەرت دی نیرۆ دەوری ڕوپەرت پوپکین دەگێڕێ، پیاوێکی سەیری تەمەن سی ساڵان کە لە خولیاکانیدا خۆی وەکوو ئەستێرەیەکی تەلەفیزیۆن دەبینێت. لە ژێرخانەکەیدا مەشق دەکات و لەگەڵ پەیکەرگەلێکی کاغەزی لە وێنەی لیزا مینەلی و جێری لوئیس قسان دەکات. خەون بە ئەوەوە دەبینێ کە دەرفەتی ستەندئاپ کۆمیدیێکی هەبێت لە پرۆگرامی تەلەفیزیۆنی نیوەشەوان بە میوانداری لوئیس (کە لە فلیمەکەدا نێوی جێری لانگفۆرد_ە). فلیمەکە بە یەکەمین دیداری ڕوپەرت لەگەڵ جێری_ەوە دەست پێدەکات کە بە زۆرەملێ خۆی دەخاتە نێو لیموزینەکەی جێری_ەوە و ناحەزانە و بە نێوی بچووک جێری بانگ دەکات و دەست دەکات بە قسە کردن. جێری بەڵێنێکی نادیار دەدات بۆ سەرنج دان و بینینی شێوازی کۆمیدیایی ڕوپەرت. ئیدی درێژەی فلیمەکە تەرخان دەکرێت بە ڕوپەرت و تاکە ئامانجەکەی کە کەوتنە دووی گەیشتنە بە ناوبانگ. دەچێتە نووسینگەکەی جێری، بە ڕوویەکی خۆشەوە دەینێرنە دەرەوە، دەگەڕێتەوە و دیسان پێشوازی لێ ناکرێ و گرینگی پێ نادەن، لەگەڵ دۆسەکەیدا دەچێت بۆ ماڵەکەی جێری لە دەرەوەی شار و دیسان دەس دەنرێتە ڕوویەوە و لە کۆتایدا بڕیاری ڕفاندنی جێری دەدات.

ئەمە لە چیرۆکێک دەچێت بۆ ڕابواردن، بەڵام سکۆرسێزی تاکە پەردەیەکیش ئامادە ناکات بۆ ئەوەی دەرکەوتن و دەرئەنجامێک درووست بکات. فلیمەکە ئەزمونێکە لە نیوەچڵ هێشتنەوەیکی سینەمایی، تەنانەت لە پەردە گرینگەکەی نێو باڕەکەدا کاتێ ڕوپەرت بە کەیفخۆشی و زەوقەوە تەلەفیزیۆنەکە هەڵ دەکات تاکوو نمایشەکەی خۆی پیشان بدرێت، بە ئەنقەست بە جۆرێ دەستکاری کراوە کە ئەو گرتە فلیمانە دەرئەنجامێک لە کاردانەوەی کڕیارە سەرسووڕماوەکان پیشان نەدەن. سکۆرسێزی نایەوێ ئەم فلیمە پێکەنینی بێت، هەروەها نایەوێت دەرئەنجامی لێ بکەوێتەوە و فلیمەکە خۆی دەر بخات. هەموو فلیمەکە سەبارەت بە نەتوانینی کەسایەتیەکانە بۆ گەیشتن بە هەر چەشنە کاردانەوەیەکی ئەرێنی بەرانبەر هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ پێناسە کران و بۆ ئەوەی کە کەسانی دیکە لێیان تێبگەن. ئەم لێک تێنەگەیشتنەش لە نێوان کەسایەتیەکاندا هەر وەکوو خۆی دمەێنێتەوە.

پاشای کۆمیدیا فلیمێکی پێکەنینی و بۆ ڕابواردن نیە. هەروەها فلیمێکی خراپیش نیە. سەیر کردنی وەڕزکەرە و بیرەوەریێکی ناخۆش لە بینەردا بە جێ دێڵێ و بە شێوازێکی تایبەت زۆریش کاریگەرە. ئەمە پیشاندەری گۆڕانێکی گەورە و جیاوازە لە سکۆرسێزی دا کە فلیمەکانی پڕ بوون لە ژیان. لەم فلیمەدا دەبینین کە چۆن دەرهێنەرێک وا جاران کامێراکەی بە بێحەسانەوە لە نێوان جیهانی فلیمەکانیدا لە هاتووچوودا بوو، لێرەدا کامێراکەی داچەقاندووە. سکۆرسیزی و دێ نیرۆ گروپێکی دەرهێنەر_ئەکتەری بە توانا و داهێنەرن و خاڵێکی ئەرێنیە کە ئەو ئازادیەیان بە خۆیان بەخشیوە کە وەها فلیمێکی سەیر و جیاواز درووست کەن کە زۆر بە دڵی کۆی بینەران نیە بەڵام بە گشتی پاشای کۆمیدیا فلیمێکە پاش دیتنی وا دەکات بینەر بیەوێت بچێت و فلیمەکانی دیکەی سکۆرسێزی سەیر بکات.

سەرچاوە: Roger Ebert

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە