سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی ڕووناکییەکانی شار

ڕووناکییەکانی شار – City Lights
دەرهێنەر: چارلی چاپلن – Charlie Chaplin
ئەکتەران: چارلی چاپلن، ڤیرجینیا چێریل، فلۆرانس لی، هەری مایەر
دەرچوون: ١٩٣١

ڕووناکییەکانی شار فلیمێکی بێدەنگ و ئەوینداری و کۆمێدی بەرهەمی ساڵی ١٩٣١ە. چارلی چاپلن دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر، ئەکتەر و نووسەری فلیمەکە بووە. چیرۆکی فلیمەکە باسی ژیانی گەڕیدەیێک (بە کایەی چارلی چاپلن) دەکات کە ئەوینی کچێکی گوڵفرۆشی کوێر (ڤیرجینیا چێریل) دەچێتە دڵیەوە. لە گەڵ ملیۆنەرێکدا (هەری مایەر) دەبێت بە هاوڕێ و بەمجۆرە چیرۆکی فلیمەکە دەست پێ دەکات و دەچێتە پێشێ و کێشەکان و ئاڵۆزیەکانی ژیانی گەڕیدەکە بە شێوازێکی کۆمێدی دەگێڕدریتەوە. ئەگەرچی ڕووداوەکان پێکەنینئاوین بەڵام لە ناخیاندا هەڵگری تراژیدیایەکن. لە سەرەتای فلیمەکە گەڕیدەکە بە هەڵە دەناسێنرێ و ئەم شووناسە هەڵەیە ئەبێت بە یەکێک لە بیرۆکە سەرەکیەکانی چیرۆکەکە و تا کۆتایی فلیمەکە لە سەر ڕووداوەکان ڕەنگ ئەداتەوە. هەروەها دۆخ و ژیانی چینە کۆمەڵایەتیەکان لە کۆمەڵگا پیشان ئەدرێت و پێوەندی تۆخ و تێکەڵاوی ژیانی چینەکانی کۆمەڵگا دەخرێنە ڕوو. ئەوین و خۆشەویستی، تێکەڵ بوونی کۆمێدیا و تراژیدی، دۆخی ژیانی ناو شار، مانا و ناخی وەفاداری بیرۆکە سەرەکیەکانی فلیمەکەن کە لێرەدا باسیان دەکەین.

شووناسی هەڵە

لە سەرەتای فلیمەکەوە گەڕیدەکە (چارلی چاپلن) کاتێک دەگات بە کچە گوڵفرۆشەکە و گوڵی لێ دەکڕێ، هاوکات کەسێکی ساماندار بۆ ترۆمبیلەکەی سەردەکەوێت و درگاکەی دەژەنێ، لە دەنگی درگاکە کچە گوڵفرۆشەکە وادەزانێ گەڕیدەکە ئەو کەسە دەوڵەمەندەیە و بە هەڵە دەچێ، گەڕیدەکەش هیچ ناڵێت و هەڵەکەی ڕاست ناکاتەوە. کاتێک کچە گوڵفرۆشەکە چاوی ساغ دەبیتەوە، چاوەڕوانی دیتنی کەسێکی ساماندارە ئیدی کاتێک گەڕیدەکە دەبینێت کە گەڕۆکێکە بە جلی شڕەوپڕەوە نایناسێتەوە، تەنیا کاتێک دەستی دەگرێ تێدەگات و دەیناسێتەوە. ئەم بە هەڵە ناسینە، ئەبێت بە ناوەڕۆکی پەیوەندی و خۆشەویستیەکەیان.

هەروەها پیاوە ملیۆنەرەکە پێناسەی بۆ شووناسی گەڕیدەکە لە گۆڕاندایە. کاتێک مەست دەبێ وەکوو هاوڕێیێکی گیانییە بۆی و یارمەتی ئەدات، بەڵام کاتێ مەستی لە سەری دەکەوێ ئیدی نایناسێتەوە و ڕاوی دەنێ. هەر لە بەر ئەم کێشەیەش یاساوڵەکان بە هەڵە دەچن و بە چەتەی دەزانن، قۆڵبەستی دەکەن و دەیخەنە زیندانەوە. بە درێژایی فلیمەکە کێشەی شووناسی گەڕیدەکە برچاو دەبێت، ئەوەی کە خەڵک زۆر جار نازانن کێیە و لە ناسینیدا بە هەڵە دەچن.

چینە کۆمەڵایەتییەکان

هاوڕێتیێک لە نێوان گەڕیدەکە و پیاوە ملیۆنەرەکە ساز دەبێ کاتێک بەر بە خۆکوژی ملیۆنەرەکە دەگرێ. کێشە ئەوەیە کە ملیۆنەرەکە تەنیا کاتێک گەڕیدەکە دەناسێتەوە کە مەست بێت. ئەمە جیاوازی چینایەتی نێو کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو، ئەوەی کە تەنیا لە کاتی مەستیدا هاوڕێکەی دەناسێتەوە نیشاندەری ڕوانینی بەرتەسک و کورتخایەنی چینی ساماندار و باڵادەستی کۆمەڵگایە بۆ چینی هەژار و بندەست.

کچە گوڵفرۆشەکە وا گەڕیدەکە عاشقی دەبێ کەسێکە لە چینی هەژاری کۆمەڵگا کە لەگەڵ داپیریدا لە ماڵێک کرێچین و بۆ بژێوی ژیانیان ناچارە گوڵ بفرۆشێت. کاتێک مۆڵەتی کرێ خانووەکەیان تەواو دەبێت، گەڕێدەکە بە شووناسی کەسێکی ساماندارەوە ئەیەوێ یارمەتیان بدات. کچەکەش بەو بۆنەوە متمانەی پێدەکات کە وادەزانێ زەلامێکی ساماندارە. ئەڵبەت بە داپیریشی دەڵێت هۆکاری خۆشەویستیەکەی بۆ ئەو زەلامە تەنیا سامان و پارەدار بوونی نیە. لە کۆتایدا کچەکە دۆخی ئابووری زۆر باشترە لە گەڕیدە شڕەبارەکە و تەنیا ئەو کاتە دەیناسێتەوە کە دەستی یەک دەگرن. فلیمەکە بە دیمەنی دوو کەس لە دوو چینی جیاوازەوە کۆتایی دێ کە هەستێکی قوڵ لە نێوانیاندا دەبینرێ.

ئەوین و جوانی

بە درێژایی فلیمەکە کچە گوڵفرۆشەکە وێنا و هێمای جوانی، ساوایی و ئەوینە. بۆ بژێوی ژیانی، گوڵ دەفرۆشێ. ئەو جوانی و ئەوینە کە دەچێتە نێو ڕۆحی گەڕیدەکەوە ئەبێت بە بیرۆکە و خاڵێکی گرینگ لە چیرۆکەکەدا. لە کاتی کێبەرکێی بۆکسەکەشدا وێنەی کچەکە دێتە بەرچاوی و ئەمە هێزێکی پێ دەبەخشێ بۆ بەردەوام بوون. پەردەی کۆتاییش کە تەرخان کراوە بۆ پیشاندانی ئەو ئەوین و جوانیە، کاتێک کچەکە گەڕێدەکە دەناسێتەوە و هەست بە خۆشەویستیێک دەکا کە لە بەر پارە نیە و تەنیا بە هۆی جوانی و خاوێنی دڵی گەڕیدەکەوەیە.

تراژیدیا بەرانبەر کۆمێدیا

فلیمەکە زۆر کۆمێدیایە و دەیان جار بە دووبارە بوونەوەی کایە جەستەییەکان و کردوە سەیر و گەڵحۆیانەکان، ڕووداوگەلێکی پێکەنیناوی پێک دێن. بۆ نموونە کاتێک ملیۆنەرەکە ئەیەوێ خۆی بکوژێت و بەردێکی بەستووە خۆیوەوە و گەرەکیە خۆی بخاتە نێو گۆمەکەوە و گەڕیدەکە ڕزگاری دەکات، بەشێکی دوبارە بوونەوە و پێکەنیناوی پێک دێت کە دووبارە و دووبارە دەکەونە نێو گۆمەکەوە و دێنە دەرەوە. لەم بەشەدا چاپلن تیشک دەخاتە سەر بیرۆکەی خۆکوژی و توندوتیژی و ناخی پوچ و ئەبسۆردی ئەو ئاکارانە پیشان ئەدات؛ ئەوەی کە ئەم خووانە چۆن دەتوانن ئاسایی ببنەوە و ببن بە شتێکی ڕۆژانە لە ژیاندا. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ناخی کات و ساتە پێکەنیناویەکانی ژیاندا، وزەگەلێکی تاریک و ڕەشیش بوونیان هەیە. هەستی ملیۆنەرەکە لە نێوان ویستی خۆکوژی و خۆشحاڵیدا لە گۆڕاندایە، واتە ژیان دەتوانێ لە نێوان تراژیدیا و کۆمێدیا بەردەوام لە هاتووچوودا بێت. ژیان بە تەواوی کۆمێدی یان تراژیدی نیە، بەڵکوو تێکەڵێکە لە هەردووکیان.

ژیانی شار

نێوی فلیمەکە ڕووناکییەکانی شارە و ئەگەرچی گێڕەری چیرۆکەکە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە تایبەتمەندیەکانی شارەکە ناکات بەڵام بە درێژایی چیرۆکەکە باسی ڕوداوگەلێک دەکرێ کە لە نێو دڵی شاردا ڕوو ئەدەن. کەسایەتیەکان بەردەوام بەرانبەر یەک دەبنەوە و تێکەڵ بە رووداوگەلێکی چاوەڕوان نەکراو ئەبن لە نێو قەرەباڵغیەکانی شاردا. چینی هەژار و ساماندار بە نێزیکیێکی زۆرەەوە لە پاڵ یەکەوە دەژین و ژیانیان پێکەوە گرێ دراوە و بە درێژایی فلیمەکە تایبەتمەندیەکانی ژیانی نێو شار پیشان ئەدرێن. شێوازی ژیانی شار و هەڵسووکەوتی شارنشینەکان یەکێک لە بیرۆکە گرینەگەکانی فلیمەکەیە.

ئازار و کێشەکانی ژیان

چیرۆکەکە باسی ئازارەکانی ژیان دەکات. ئازارەکانی گەڕیدەکە بەرچاوترە و جیاوازن لە کێشەی کەسایەتیەکانی دیکەی فلیمەکە. بۆ نمونە ملیۆنەر و کچە گوڵفرۆشەکەش ئازارگەلێک دەچێژن بەڵام ئازارەکانیان بە تایبەتی گەڕیدەکە نین. کەسایەتی گەڕیدەکە وەکوو کەسێکی گەڕۆک و ماڵ بەکۆڵ دەناسێنرێ کە دەر لە کۆمەڵگا دەژیت و هیچکات ناتوانێ بە تەواوی تێکەڵی ئەو جیهانە بێت. ئیدی لە هەموو بەشەکانی ژیانیدا بەرانبەری ئازار و کێشە دەبێتەوە. جارێکیان ئاو دەڕژێتە ڕومەتیا، فیقەیەک دەپەڕێتە قورگی، ڕوبانگەلێک دەخوات کە وادەزانێ ئیساپاگێتیە… زۆربەی بەشە پێکەنیناویەکانی فلیمەکە لە سەر توانای کەسایەتی گەڕیدەکەیە لە ئازار چێشتندا و ئەو کۆمێدیا بە هێزە کە لە جوڵەکانیدا دەیبینین. هەر جوڵەیەک کێشەیەکی لێ دەکەوێتەوە و چاپلن بە جۆرێک پسپۆڕانە ئەم کێشانە پیشان ئەدات کە کۆمێدیایەکی بە هێز دەخولقێنێ و وا دەکات بینەر بە بینی ئەم ئازار و کێشەوگرفتانە ببێت بە کەنینەوە.

وەفاداری

کاتێک گەڕیدەکە ژیانی ملیۆنەرەکە ڕزگار دەکات و بەر بە خۆکوژیەکەی دەگرێ، ملیۆنەرەکە بەڵێنی وەفاداری و بڕیاری هاوڕێتیێکی هەتاهەتایی ئەدات لە نێوانیاندا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمە تەنیا لە کاتی مەست بوونیدا بەردەوام دەبێت و کاتێک مەستیەکەی نامێنێت ئیدی نایناسێتەوە و وەکوو هەر گەڕۆک و لانەوازێکی دیکە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات. بەڵام لە لایەکی دیکەوە گەڕیدەکە هیچ بڕیار و سوێندێکی توند ناخوات بۆ وەفاداری بەرانبەر کچە گولفرۆشەکە، کەچی تا کۆتایی بۆ یارمەتی دان پێ هەوڵ ئەدات و وەفادار دەمێنێت. بە پیشان دانی ئەم دوو کەسایەتیە جیاوازە، چیرۆکەکە ناخی وەفاداری بەرانبەری پرسیار دەکاتەوە و بە گالتەوە پیشآنی ئەدات و ڕوانینە جیاوازەکان سەبارەت بە بیرۆکەی وەفاداری و هاوڕێتیێکی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو.

سەرچاوە: Grade Saver

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە