سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی ژیان جوانە

ژیان جوانە – Life Is Beautiful
دەرهێنەر: ڕۆبێرتۆ بێنیگنی
ئەکتەران: ڕۆبێرتۆ بێنیگنی، نیکۆلێتا براسچی
دەرچوون: 1997

لە دەستپێکدا باشترە سەرنجیێکی کورتمان هەبێت بۆ پێڕەوێکی ئارسەر شۆپنهاوەر کە بیرۆکەکانی لەم فلیمەدا بە کار هێنراوە. شۆپنهاوەر فەیلەسۆفێکی ئەڵمانی بوو کە لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا دەژیا. لە ناسراوترین بەرهەمیدا بە ناوی ‘جیهان وەکو ویست و بیرۆکە’، باسی ئەوە دەکات کە ‘ویست’ هێزێکی جیهانیە و بۆ خۆی لە هەموو شوێنێکدا هەیە و ئەمە شتێک نیە هین تەنیا کەسێکی تایبەت بێت. بە بڕوای ئەو, ئەم ویستە تەنانەت زۆر گرینگترە لە زەینی ئاوەزمەند. ئەگەر چی هەر ئەم ویستەیە کە سەرچاوەی هەموو ئازارێکیشە.

بەکارهێنانی بیرۆکەکانی شۆپنهاوەر لەم فلیمەدا بە چەند هۆیەک تا ڕادەیەک ئاڵۆز دەبێت. گیودۆ لە ئەو سەرنجەی شۆپنهاوەر بۆ سەر گرنگی خواست بە هەڵەدا دەچێ و وا تێدەگات کە ئەو هێزی خواستە بەسە بۆ ئیش کردن و گۆڕانکاری لە جیهانی دەوروبەریدا. لە ڕاستیدا، ڕوانگەی شۆپنهاوەر ئەوەیە کە ژیان شتێکی بێ ئامانج و ئازاربەخشە؛ خواستەکان ئازار، ناخۆشی، خەفەت و خەمۆکی پێک دێنن و ئەگەر بکرێ باشترە بەر بە ژیان بگیرێ. ئەمە تەوس (ئایرۆنی)ێکە کە گیودۆ بیرۆکەی شۆپنهاوەر لەگەڵ ئایدیالیزم و هیوادا بەکار دێنێ و بەهرەی لێ دەبات و ئەیەوێت سەرنجی دۆرا بۆ خۆی ڕا بکێشی، هەروەها ئەم ڕەوشتە بە کار دێنێ تا کوڕەکەی لە نێو کامپەکەدا لە مەرگ بپارێزێ. هەندێک لە ڕخنەگرەکان دەڵێن کە فەلسەفەکانی شۆپنهاوەر بەشێک لە سرووش و ئیلهامەکانی ڕژیمی فاشیستی بووە، بەجۆرێک کە کاتێک گیودۆ بیرۆکەکەی شۆپنهاوەر دژ بە فاشیزم بە کار دەهێنێ، ئایرۆنیەکی زۆر بەرچاو پێک دێت.

گیودۆ جیهانێکی خەیاڵی بۆ کەسانی دەوروبەری دەخولقێنێ. بە ناوی ‘شازادە خاتوون’ بانگ لە دۆرا دەکات و خۆیشی بە ‘میرزادەیەک’ پیشان ئەدات. سەرەڕای ئەوە کە هەردوکیان ڕاستیەکە دەزانن، زۆر حەز دەکەن کە لەو جیهانە خەیاڵیەدا بن و چێژ لەو گەمەیە ببینن. بەم جۆرە، خەیاڵەکانی گیودۆ شێوەیەکە بۆ دەرچوون لە ناخۆشی و ڕزگار بوون لە زامەکانی ژیانی واقێع، شێوەیەک بۆ بەرانبەر بوونەوە لە گەڵ واقێعە ناحەزاکە و ڕازاندنەوەی ئازارەکان و ناشرینیەکان بە جوانی.

گیودۆ لە هەندێک ڕوداوی هاوکات بەهرە دەبات و خۆی بە جۆرێک پیشان ئەدات کە ئەڵێی کاریگەری لە سەر چارەنوس هەیە و یان دەتوانێ شتێکی جادویی بکات. بەوجۆرە دەوروبەریەکانی سەرسام دەکات، و فێڵەکانیشی ئاشکرا ناکات. ئەو پێی خۆشە کە جیهانێکی دی بۆ کەسانی دەوروبەری و خۆشەویستەکانی بخولقێنێ. ئەمە ئەو بیرۆکەیە بەرز دەکاتەوە کە دەرک و تێگەیشتنی هەر کەسێک بەشێکە لە واقیعی ئەو کەسە. گیودۆ بە ئیشەکانی، شێوازی تێگەیشتنی کەسانی دەوریبەری بۆ دونیا دەگۆڕێت و لە چەشنی هەڵسوکەوتی ئەوان لەگەڵ دونیادا کاریگەری دادەنێ. کاتێک گیودۆ بە سواری ئەسپ دەچێ بۆ ڕزگار کردنی دۆرا، لە خەیاڵ و فەنتەزیای خۆیدا، سوارچاکێک دەبینێت کە دەچێت کچێکی خەمۆک ڕزگار بکات و لەم خەیاڵەی چێژ دەبینێت. ئەگەر چی بە ڕاستیش خەریکە دۆرا لە ئەو ژیانەی ڕزگار دەکات و بە سواری ئەسپ دەیڕفێنێ. هەر بەم جۆرە، کاتێک دەکەونە نێو کامپەکەدا و ڕوبەڕوی مەترسی مەرگ دەبنەوە، بە گیۆسودەڵێ هەموو شتێک گەمەیەکە، هەوڵ ئەدات چیرۆک و خەیاڵێک لە ڕۆح و دەرونی کوڕەکەیدا نگا بێڵێت. سەرەڕای ئەمانە لە کۆتایی فلیمەکەدا، گیۆسو زیندو دەمێنێت و ڕزگاری دەبێت، ژیان و ئەو شتانەی فێریان دەبێت زۆر ڕاست و واقعین. لە ژیان جوانە دا دەبینین کە فەنتازیا و خەیاڵ دەتوانێ ببێت بە واقیع.

گیودۆ بە ویستی خۆی کەسێکی ساوایە، یان لانی کەم بەو چەشنە خۆی دەردەخا. کاتێک فێروکیۆ بیرۆکەی شۆپنهاوەری بۆ باس دەکات، ئەو بابەتە زۆر بە جدی وەر دەگرێت بەڵام هەر لە واتا سەرەکیەیەی دەگات و تێناگات کە ئەوە دۆخێکی زەینیە و فێڵێکی جادوویی نیە. ئەم ساوایەتیە جۆرێک لە خاوێنی و پاکیە کە زۆر جار وا دەکات وا دەر بکەوێ کە ناتوانێ لە دڵڕەقی و لایەنی شەیتانی نێو کەسانی دیکە تێ بگات. کاتێک ئێلیسیۆی مامی ئەسپەکەی پێ نیشان ئەدات کە وشەی ‘ئەسپی جوولەکە’ی لە سەر نوسراوە، وەکو گاڵتەیەکی ئازابەخش بۆی سەیری دەکات نەک نیشانەیەک لە ڕق و توندوتێژی.

گیۆسو خاوێنی و پاکی منداڵێکی هەیە، گیودۆیش هەوڵ ئەدات ئەم خاوێنیەی کوڕەکەی بپارێزێت. ئەو گەمەیە کە بۆ گیۆسو دەیخولقێنێ، ئەو منداڵە لە لایەنە ناشرین و پیسەکەی نێو سروشتی مرۆڤەکان دەپارێزێ. جیا لە پاراستنی گیانی کوڕەکەی، گیودۆ خاوێنی کوڕەکەیشی دەپارێزێت. لە ژیان جوانە دا، خاوێنی و ساوایی ڕوانگەیەکە نەک تەنیا شتێکی پاک کە کەس بتوانی تێکی بدات. سەرەڕای ئەوەی کە فلیمەکە چەند ساڵ ئەخایەنێ، گیودۆ هیچکات فێری شۆفێری نابێت و هەر بە سواری باسکل هاتوچوو دەکات. گیودۆ تێ دەگات لەو چەوساندنەوانە کە سەرۆکە فاشیستەکانی کامپەکە بە سەریدا دەیسەپێنن، بەڵام ئەیەوێ ڕوانینێکی پۆسەتیڤ لە ژیانیدا نگا بێڵێت. گیۆسویش ڕوبەڕوی ئەم چەوساندنەوە دەبێتەوە، بەڵام گیودۆ ڕوانینە پۆسیتیڤەکەی خۆی فێری کوڕەکەیشی دەکات. گیودۆ ئەیەوێ ساوایی خۆی و کەسانی دیکەی خۆش بوێت، چونکە ئەو عاشقی مرۆڤایەتیە و ناهێڵێت دۆڕانەکان بیبەزێنێت.

بابەتێکی گرنگی دیکە لە ژیان جوانە دا بیرۆکەی بێدەنگیە. بێدەنگی لێرەدا هەم ئازایەتی و هەم ترسەنۆکیش نیشان ئەدات. مامۆ ئێلیسیۆ بیرۆکەی بێدەنگی وەکوو ئازایەتیێک ئەنوێنێ: کاتێک ڕوبەڕوی توندوتیژی و بێڕەحمی دەبێتەوە، هێمنە و ئازارەکانی دەر ناخات. بۆ یەکەمین جار کە لە فلیمەکەدا دەر دەکەوێ، بەر هەڕەشەو گوڕەشەی هەندێک بەڕبەڕ و کەسانی دژ بە جوولەکە کەوتوە. کاتێک لێ دەپرسن بۆچی دەنگی بەرز نەکردەوە و هاواری نەکرد، دەڵێت ‘هەندێ جار بێدەنگ بوون باشترین چەکە’. درێژە بە ژیانی ڕۆژانەی ئەدات و زۆر کەم گرنگی بەو پەلامارانە ئەدات. زۆرتر هەوڵ ئەدات یارمەتی گیودۆی برازای بدات کە بە دۆخە نوێکەی داکەوێ. مەترسیەکانی فاشیزم وەکو درێژەی چارەڕەشی و کێشەیەک دیبینێ و هەوڵ ئەدات ئەم کێشانە بە هێمنی ڕابگرێت.

دوکتۆر لێسینگیش بەرانبەر ئەو هەڵسوکەوتەی دژ بە جولەکەکان بێدەنگە، بەڵام ئەم جۆرە بێدەنگیە شیاو نیە. وەکو کەسێکی پلە بەرز لە حیزب و لایەنە فاشیستەکەدا، هێزێکی زۆری هەیە. قسەی ئەو بڕەوی هەیە، بەڵام بێدەنگیەکەی وا دەکات فاشیستەکان کارەکانیان بە بێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک درێژە پێ بدەن. یارمەتی نەدانی گیودۆ، مەحکومی دەکا. ئەگەرچی لە ڕاستیدا ڕاستەوخۆ کەسێک ناکوژێت بەڵآم بێدەنگی و هیچ نەبێژیەکەی یارمەتیێکە بۆ ئەو ئیشە دژە مرۆڤایەتیە کە لە کامپەکەدا ڕوو ئەدات. بێدەنگیەکەی ترسنۆکانەیە، ئەوەی کە نایەوێ بەرەنگاری فاشیستەکان و ئازاری جووەکان و تەنانەت هاوڕێکەی خۆیشی بێتەوە بە جۆرێک ڕازی بوونی لە گەڵ ئەو دۆخە ئەگەیەنەت.

گیودۆ زۆر حەزی لە مەتەڵە و لە وەڵام دانەوەیان زۆر توانایە، ئەم توانایە لە شی کردنەوەی مەتەڵەکان چۆنایەتی هەڵسوکەوتی لە گەڵ ژیاندا نیشان ئەدات. زۆر چێژ دەبینێ لەوەی چارەسەری بۆ کێشە ئاڵۆزەکان بدۆزێتەوە و هەموو کات ها لە بیر ئەوەدا کە بە زەینی خێرا و تێژی خۆی، ئەوانەی دەوروبەری سەرسام بکات یان لە مەترسی بیانپارێزێ.

کاتێک دوکتۆر لێسینگ لە جێژنی شامەکەدا مەتيڵێک بۆ گیودۆ دەڵێت، گیودۆ وا دەزانێ دوکتۆر ئەیەوێ یارمەتیان بدات لەوێ ڕزگاریان بێت، بەڵام ئەم هیوایەی تێک دەچێت. لەم بەشەدا گرنگی دۆخی گیودۆ بەرانبەر سروشتی بێنرخ و بێ بایەخی مەتەڵدا دەبینین. پێش هۆلۆکۆست ژیان زۆر هێمن و ئاسانتر بوو، کێشەگەلێک کە خەڵک پێی سەرقاڵ بوون شتگەلێکی زۆر ساکارتر بوون و مەترسیەکان ئەوەندە بەهێز نەبوون. مەتەڵ (یان ڕەنگە کێشەگەلێی ڕۆژانە) بەراورد بە دۆخی ئێستای گیودۆ شتێکی سوریاڵ و گەمژانە دێنە بەرچاو.

بابەتێکی گرنگی دیکە لەم فلیمەدا ئازایەتیە. ئازایەتی بیرۆکەیەکە لە سەرانسەری ژیان جوانەدا دەر دەکەوێ. گوشاری دژەجووەکان، بێڕەحمی، زوڵم و ڕق لە سەر هەمووکەسێکی نێو فلیمەکە کاریگەری دادەنێ. کاردانەوەی هەر کەسایەتیێکیش بەرانبەر ئەم گوشارانە، پیشاندەری بڕوا و سروشتی دەرونی ئەو کەسەیە.

دۆرا نمونەیکی تەواو لە کەسێکی ئازایە. دوڕێیانگەلێک کە لە فلیمەکەدا ڕوبەڕویان دەبێتەوە، ئاوێنیەی ئەو دوڕێیانانەن کە خەلکێکی زۆری ئیتالیا لە ساڵەکانی ١٩٣٠ ڕوبەڕوی دەبوونەوە. لە سەرەتای فلیمەکەدا خۆی لە نێو پەیوەندیەک لە گەڵ پیاوێک دەبینێتەوە کە خۆشی ناوێت. دەوروبەریشی کەسانێکن کە بیر و کردەوەیان لە گەڵ ئەودا ناگونجێت. ڕقی لەو دۆخ و شێوازی ژیانی کەسانی دەوروبەریە بەڵام هەست دەکات بێیارمەتیدەرەو ڕزگاری نابێت. کاتێک گیودۆ دێتە کایەوە، تێدەگات کە ڕێگایەکی دیش هەیە: ئەوەی کە شوێن دڵی بکەوێت. دۆرا زۆر ئازایانە ئەو دۆخە ئاسودەیە جێ دێڵێ تاکو لە گەڵ ئەوینە ڕاستەقینەکەی دا بێت، زۆر لە کردەوەکەشی دڵخۆش دەبێت. هەستی دۆرا وەکوو دیلێک لە نێو دۆخ و کەسانی دەوروبەریدا، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە کاتێک فاشیستەکان دەسەڵاتیان گرتوەسە دەس، ئاخۆ خەڵکی ئیتالیا چ هەستێکیان هەبووە. دۆرا ئەو شتانەی لە ژیانیدا ڕو ئەدەنی پێ خۆش نیە، بەڵام چارێکیش بۆ سەرکەوتن نابینێ. هەر بەمجۆرە خەڵکی ئیتالیای ئەو ساڵانەش هەستیان دەکرد کە بەرەنگار بونەوە لە گەڵ حکومەت شتێکی نەکردە و مەترسیدارە. لەولاشەوە بێدەنگیەکەیان ئیزنی ئەدا بە چەوسێنەرەکان کە هەرچێک ئەیانەوێ بیکەن. بێدەنگیەکەیان ڕەنگە وەکوو ترسنۆکی و ئازانەبوونیان دەرکەوتبێ. کاتێک گیودۆ بە ئەسپێکەوە دێتە نێو هۆڵەکەوەو دۆرا ڕزگار دەکات، پیشانی ئەدات کە وەها ئازایەتیێک ئەتوانێ بوونی هەبێت و زۆریش بەنرخە، ئەو کردەوەیە وەکوو ئالیگۆری و نمونەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوە دژ بە حکومەت دێتە بەر چاو.

هەر وا کە دیارە، باسی سەرەکی فلیمەکە کارەساتی هۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژی جوولەکەکانە. کارەساتێک وەکو هۆلۆکۆست زۆر زۆر ئاڵۆزترە لە کارەساتێکی سروشتی وەکو زریان یان بومەلەرزە. کارەساتە سروشتیەکان ئازایەتی کەسەکان تاقی دەکەنەوە بەڵام دەستپێک و ڕودانیان بەدەرە لە ئیش و کردەوەی مرۆڤەکان. بەڵام هۆلۆکۆست بەرهەمی ڕاستەوخۆی هەڵبژاردن و ویستی مرۆڤە. (ئاکامی ئەم ویستە جیا لە کەسەکان نەبوو وەکو شۆپنهاوەر باسی دەکات، ئەم ویستە ڕاستەوخۆ لە هەندێک کەسی تایبەتەوە درکەوتوە). ئەگەر کارەساتێکی سروشتی وەکو پێکدادانێک لە نێوان کۆمەڵگا و سروشتدا سەیر بکەین، کارەساتێک وەکو هۆلۆکۆست، کۆمەڵگا ڕوبەڕوی خۆی دەکاتەوە. لە کاتی ڕودانی هۆلۆکۆستدا هەر کەسێک دەبوو دۆخەکەی شێ بکردایەوە و بڕیاری بدای ئاخۆ دەبێ مل بدات بە بەها نوێکانی کۆمەڵگا یان نا. ئازایەتی لە پاڵ وەفاداری تاک و بەها تاکیەکان تاقی دەبوونەوە. ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەم بڕیارە ئاڵۆزانەدا پێک دەهاتن تاقیکەرەوەی ئاستی ئازایەتی کەسەکان بوو. بۆ نمونە فەرمانبەرێکی نازی لەگەڵ مامێکی جوولەکە دەبوا وەفاداریان بەرانبەر حکومەت لە گەڵ وەفاداریان بۆ بنەماڵەیان بسەنگێنن، لێرەدا ئەم پرسیارەی کە چۆن دەبێ ئازا بن وەڵامێکی ئاسانی نیە. جوتیارێکی جولەکەی ئیتالی کە زەوینێکی هەبوو، ئەشیا بڕیاری بدایت ئاخۆ وڵات بە جێ بێڵێ یان بمێنێت و ئەو زەوینە کە هی باوک و با پیرانی بووە بپارێزێت. ئەوینی بۆ ماڵ و نیشتمان لە گەڵ خواستی سروشتی بۆ ژیان بسەنگێنێ. مرۆڤایەتی، ئایدیاڵیزم، ویست شتگەلێکی پێویست و گرنگن. هەندێ جار ‘کاری دروست کردن’ ئەوەندەی ئازا بوون بەرانبەر مەترسیەکان ئاسان نیە. کردەوەی ئازایانە شتێکە لە سەر هەبوونی بیرمەندی، ئایین، هەڵسەنگاندن و بڕیار دان لە نێوان دوڕێیانەکاندا سەرهەڵئەدات.

ژیان جوانە دەیەوێ شتێک بڵێت ئەویش باس کردنی واقیعی ژیانە لە دۆخێکی تایبەت لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، بە تایبەت ژیانی بنەماڵەیەک لە کامپێکدا کە فاشیستەکان جوولەکەیەکی زۆری تێدا دەکوژن. ئەم فلیمە ڕۆحێکی نوێ دەخاتە نێو چیرۆکێکی تراژیدی و دڵتەزێنەوە کە پێشتر زۆر جار گێڕدراوەسەوە. ئەم بڕیارەی بێنیگنی کە بۆ پیشاندانی نامرۆڤایەتی و نەگریسی فاشێستەکان، کۆمێدیا بە کار بهێنێ، زۆر سەرسوڕهێنەرە. بەڵام کاریگەریێکی زۆری هەبووە و توانیویە ئەو بیرو بڕوایەی بە باشی وێنا بکات کە جوانی و ڕۆشنایی تەنانەت لە ناخۆشترین و سامناکترین شوێنەکانیشدا هەر ئەدۆزرێنەوە.

سەرچاوە: Grade Saver

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە