سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی کچی ملوێن دۆلاری

کچی ملوێن دۆلاری – Million Dollar Baby
دەرهێنەر: کلینت ئیستوود – Clint Eastwood
ئەکتەران: کلینت ئیستوود، هیلاری سوانک، مۆرگان فریمان
ساڵی دەرچوون: 2004

تەنانەت پێش ئەوەی کچی ملوێن دۆلاری بە دەرهێنەری کلینت ئێستوود خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فلیم وەربگرێت، ڕخنەگرانی سینەما بۆ ستایشی فلیمەکە هاوڕا بوون و بەجۆرێک فلیمەکە توانی ستایشێکی گشتی لە نێوان ڕخنەگران کۆ بکاتەوە. فلیمەکەیان وەکوو “فلیمێکی تەواو و بێ کێشە”، “درامایەکی نەفەسبڕ”، “بەرهەمێکی سینەمایی لە ئاستی وێژەی هێمنیگوای” شرۆڤە دەکرد. لەم نێوانەدا هەنێکی کەم دژ بە فلیمەکە بوون و وەک بەرهەمێکی ساکار و فێڵکەر و ئاست نزم و کۆکراوەیەک لە کڵێشەی نێو فلیمە مستانی’ە لاوازەکان باسیان لێ دەکرد.

شتێکی ئاڵۆز سەبارەت بە فلیمەکە ئەوەیە کە هەر دوو لایەنی ڕخنەگرەکان ڕاست بوون. فلیمەکە هاوکات هەم خاڵە گشتیەکانی کۆمەڵگای تێدایە، هەمیش خاڵگەلێکی جیاواز و دژ بە ڕەوتی کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو. هەم بەرینە و باسێکی بەربڵاو دەگرێتە خۆی، هەمیش هاوشێوەی بەهەمەکانی دیکەی ئەم ژانرەیە و جیاوازیگەلێکی کەمی تێدایە. کاریگەرە و هەست بزوێنیشە. فلیمێکی شەڕەمشتی ئاست نزمە و هاوکات بەرهەمێکی بەهێز و جێگەی سەرنجە سەبارەت بە بیرۆکەی ئەخلاق. بە هەل بووبێت یان بە داڕشتن، ئێستوود شتێکی ناوازەی بەرهەم هێناوە، شاکارێکی وەڕزکەر و کڵێشەیی.

فلیمەکە لە ٩٠ خولەکی سەرەتایدا هەر ئەو چیرۆکەی فلیمە مستانیە ناسراوەکان دەگێڕێتەوە، چیرۆکی مەشق کردن و مشت وەشاندنی وەرزشەوانێکی لاو کە گەرەکیە بێتە مستانیکەرێکی بەهێز و ناسراو. لاوێک کە هیچی نیە بێجگە هەستێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوون و ڕاهێنەرێکی پسپۆڕ. بەهێز ئەبێت تاکوو دەگات بە ئاستی کێبەرکێ جیهانیەکان. خاڵی سەرسامکەر و جیاوازی فلیمەکە ئەوەیە کە وەرزشەوانەکە ژنە. ماگی فیتگێرالد (بە کایەی هیلاری سوانک) کچێکی ٣١ ساڵانە کە کارگوزاری چێشتخانەیەکە و لەوێ ئیش دەکات و بە زەحمەت پارە کۆ دەکاتەوە بۆ پێداویستیەکانی ژیانی وەکوو وەرزشەوانێک. وەک خۆی دەڵێ تەنیا شتێک کە هەست ئەکات دەتوانێ لەڕێگایەوە بگات بە ئامانجێکی بەبایەخ، مستانیە. دەچێتە کۆرسی وەرزشەوانی فرانکی دان (ئێستوود) و داوای لێ دەکات کە ببێت بە ڕاهێنەری. فرانکی’ش لە سەرەتاوە ڕەتی دەکاتەوەو دەڵێ کە نابێت بە ڕاهێنەری کچان. ماگی بێهیوا نابێت و هەموو ڕۆژێک دەچێت بۆ مەشق کردن تا ئاخری بە هاوکاری و یارمەتی سکراپ (مۆرگان فریمەن) ئەتوانێ دڵی فرانکی نەرم کات و ببێت بە ڕاهێنەری. ئینجا دەبێت بە وەرزشەوانێکی بەتوانا و زۆربەی ڕکابەرەکانی هەر زوو ئەبەزێنێ و بە دوای ١٨ مانگەوە تا ڕادەی ئاستی جیهانی بەرز دەبێتەوە…

لە دوا کێبەرکێکەی دایە کە چیرۆکی فلیمەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و شتێکی دڵتەزێن ڕووئەدات. کاتێک کە ماگی پشت بە ڕکابەرەکەیە، ژنێک بە نازناوی ‘ورچی شین’ کە جاران سۆزانی بووە و ئێستا وەکوو دڵڕەقترین مستانیکەر دەیناسن، لە کاتێکدا کە کێبەرکێکە وەستاوە لە پشتەوە مستێک دەوەشێنێت لە ماگی و سەری ئەدات بەعەرزا. کە دێتە هۆش لە نەخۆشخانەیە و ئیفلیج بووە و دواییش بە هۆی لاڕەشە’وە پایکی دەبڕنەوە. هیوای بە ژیان نامێنێت و لە فرانکی دەخوازێ کە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. ئەڵێ کە ئەو کاتانەی براوەی کێبەرکێکان بوو و خەڵک چەپڵەیان بۆ لێ دەدا خۆشترین کاتی ژیانی بووە و نایەوێ ئەو وێنە و بەشە لە ژیانی تێک بچێت. لێرەدا فرانکی بەرانبەری دوو ڕێیانێکی ئەخلاقی دەبێتەوە. لە کلێسەدا تەک قەشەکە باسی دەکات و ئەویش دەڵێ ئەگەر ئەم تاوانە بکەیت بۆ هەمیشە خۆت ون دەکەیت و هیچکات ناتوانی خۆت بدۆزیتەوە. ئەم وتەیە لە کۆتایی فلیمەکە ڕەنگ ئەداتەوە کاتێک کە فرانکی ئەچێت و کەس نایبینێتەوە.

فلیمەکە تێکەڵێکە لە فلیمێکی وەرزشەوانی و فلیمێکی دڵتەزێن لەوانەی کە ناتوانی بەر بە فرمێسکەکانت بگری. سەرەتا پڕ لە وزەو هیوای کچێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و لە کۆتاییدا بە ساردی و بێهیوایی و مەرگێکی تراژیدی کۆتایی پێ دێت. ماگی کە بنەماڵەیەکی هەژاری هەیە تا ئێستا وەکوو جەنگاوەرێک بەرانبەر ژیان وەستاوە و حەزی بۆ مستانی وەکوو حەزی بۆ بەرەنگار بوونەوەیە لە گەڵ کێشەکانی ژیان. کچێکی تاق و تەنیا کە تەنانەت بنەماڵەکەیشی گاڵتە بە جەنگاوەر بوونی ئەکەن و ڕێز بۆ دەسکەوتەکانی دانانێن. لە کاتێکدا ئەم هەموو هێزی دەخاتە گڕ بۆ یارمەتی دان بەوان.

فرانکی کچێکی هەیە کە هەرچەن نامەی بۆ دەنێرێ، ئەو بێئەوەی نامەکان بخوێنێتەوە دەیاننێرێتەوە. ماگی’ش باوکی کاتێک کە ئەم منداڵ بوووە مردووە. فرانکی دەڵێت تۆ کچێکی باشی و ماگی دەڵێ تۆ باوکم دێنیتەوە بیرم. پەیوەندیێکی خۆشەویستی باوک و کچانە لە نێوانیاندا پێک دێت. فرانکی پێشتر ڕاهێنەری سکراپ بووە، لە کێبەرکێکدا سکراپ چاوێکی کوێر دەبێت و هێشتا فرانکی خۆی لۆمە دەکات کە بۆچی کێبەرکێکەی نەوەستاند. ئیدی لەوکاتەوە زۆر لە سەر پاراستن و تەندرووستی جەنگاوەرەکانی بە تایبەت ماگی هەستیارە. دەڵێت گرینگتین یاسا ئەوەیە کە ‘خۆت بپارێزە’. فلیمەکە ئەگەر چی کلێشەگەلێکی ئەم جۆرە فلیمانەی تێدایە بەڵام لەم ئاستەدا نامێنێتەوە و چیرۆکی پێداگر بوون لە سەر ئامانج و ئەخلاق بەرز دەکاتەوە و ئەبێت بە یەکێک لە باشترین فلیمەکانی ئەو سەردەمەی ئەمەریکا.

بۆ دەیان ساڵ ئێستوود یەکێک لەو ژمارە کەمە دەرهێنەرە ئەمەریکیانە بووە کە زۆرجار بەریان بە هەبوونی پەیوەندیێکی ئەڤینداری لە فلیمەکانیاندا گرتووە. لە ئەم فلیمەش کە نەبوون و باس نەکردن لە ئەوینداری بەربڵاو و بەرینە. تەنانەت یەک کەس لە کەسایەتیەکانی فلیمەکە نابینین کە لە پەیوەندیێکی خۆشەویستیدا بێت یان هیوای پێکهێنانی خێزانی هەبێت. تەنانەت ئەندامانی ناحەزی بنەماڵەی ماگی’ش هەموویان تاک و بێهاوژینن. ئەڵێی لە جیهانی فلیمەکەدا پێوەندی ئەوینداری قەدەغە کراوە و پێوەندیەکان لە ئاست و شێوەی هاوڕێتیدا ماونەتەوە، کە ئەوەش بە جۆرێک پیشان ئەدرێ کە ئەوەندە ئاڵۆزە کە بەرگەگرتنی ئەستەمە.

فلیمەکە فەلسەفەی هیچخوازی پیشان ئەدات. لە کۆتاییدا ماگی چاک نابێتەوە و فرانکیش ناگات بە ڕزگاری و لە هیچ کام لە پێوەندیەکانا هیچ ئاسوودەیێک نابینرێتەوە. بەتایبەت فرانکی ناگات بەو ئاسوودەیی و زانیاریە کە ئایا بڕیارەکەی چاک و درووست بووە یان نا.

فرانکی ستایشی ویستی ماگی بۆ مردن دەکات و کارەکەی وەکوو بڕیاری درووست پیشان ئەدرێت و ڕەنگە لە دۆخێکی وادا هەر چاوەڕوانی وەها بڕیارێک بین. بەڵام ئەم بڕیارە ئەنجامی قورسی لێ دەکەوێتەوە. فرانکی لە پێناوی بڕیارەکەیدا ڕۆحی ئەدۆڕێنێت و ئیدی هیچ کات ناتوانێ بگەڕێتەوە نێو جەرگەی کۆمەڵگا. بەشی کۆتایی بە تەواوی باسی بەرانبەربوونەوەی فرانکیە بۆ مەرگ و سەرکەوتنی بە سەر ترسەکانی لە نەمانی ماگی دا. دەیان ساڵە فرانکی یاسایەکی بۆ خۆی داناوە کە دەڵێ خۆت بپارێزە و تا ئێستا خۆی لە پێوەندیە ئاڵۆزەکان پاراستووە بەڵام لە کۆتاییدا بە یارمەتی دانی ماگی بۆ مردن، هەموو ئەو قەڵغانانە تێکدەشکێت و ئەکەوێتە نێو پەیوەندیێکی خۆشەویستی باوکانەوە. هەستبزوێنترین بەشی فلیمەکەش ئەو کاتەیە کە فرانکی مانای نازناوەکە وا هەڵیبژاردبوو بۆ ماگی پێ دەڵێ و ئەیژێ کە “Mo cuishle” بە زمانی ئیری واتە “ئازیزەکەم، جەرگەکەم”.

لە کۆتایدا کچی ملوێن دۆلاری بە هەموو کەمووکۆڕیەکانیەوە فلیمێکی پوخت و بەهێزە و ئەتوانین بێژین یەکێک لە باشترین فلیمەکانی سەبارەت بە مستانیە.

سەرچاوە:

The Atlantic. Christopher Orr. Million Dollar Baby. 2005

Shmoop

 

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە