سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی کچی ملیۆن دۆلاری

کچی ملیۆن دۆلاری – Million Dollar Baby
دەرهێنەر: کلینت ئیستوود – Clint Eastwood
ئەکتەران: کلینت ئیستوود، هیلاری سوانک، مۆرگان فریمان
ساڵی دەرچوون: 2004

تەنانەت پێش ئەوەی کچی ملیۆن دۆلاری بە دەرهێنەری کلینت ئێستوود خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فلیم وەربگرێت، ڕخنەگرانی سینەما بۆ ستایشی فلیمەکە هاوڕا بوون و بەجۆرێک فلیمەکە توانی ستایشێکی گشتی لە نێوان ڕخنەگران کۆ بکاتەوە. فلیمەکەیان وەکوو “فلیمێکی تەواو و بێ کێشە”، “درامایەکی نەفەسبڕ”، “بەرهەمێکی سینەمایی لە ئاستی وێژەی هێمنیگوای” شرۆڤە دەکرد. لەم نێوانەدا هەندێکی کەم دژ بە فلیمەکە بوون و وەک بەرهەمێکی ساکار و فێڵکەر و ئاست نزم و کۆکراوەیەک لە کڵێشەی نێو فلیمە مستانییە لاوازەکان باسیان لێ دەکرد.

شتێکی ئاڵۆز سەبارەت بە فلیمەکە ئەوەیە کە هەر دوو لایەنی ڕخنەگرەکان ڕاست بوون. فلیمەکە هاوکات هەم خاڵە گشتییەکانی کۆمەڵگای تێدایە، هەمیش خاڵگەلێکی جیاواز و دژ بە ڕەوتی کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو. هەم بەرینە و باسێکی بەربڵاو دەگرێتە خۆی، هەمیش هاوشێوەی بەرهەمەکانی دیکەی ئەم ژانرەیە و جیاوازیگەلێکی کەمی تێدایە. کاریگەرە و هەست بزوێنیشە. فلیمێکی شەڕەمشتی ئاست نزمە و هاوکات بەرهەمێکی بەهێز و جێگەی سەرنجە سەبارەت بە بیرۆکەی ئەخلاق. بە هەل بووبێت یان بە داڕشتن، ئێستوود شتێکی ناوازەی بەرهەم هێناوە، شاکارێکی وەڕزکەر و کڵێشەیی.

فلیمەکە لە ٩٠ خولەکی سەرەتاییدا هەر ئەو چیرۆکەی فلیمە مستانییە ناسراوەکان دەگێڕێتەوە، چیرۆکی مەشق کردن و مشت وەشاندنی وەرزشەوانێکی لاو کە گەرەکییە ببێتە مستانیکەرێکی بەهێز و ناسراو. لاوێک کە هیچی نیە بێجگە هەستێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوون و ڕاهێنەرێکی پسپۆڕ. بەهێز دەبێت تاکوو دەگات بە ئاستی کێبەرکێ جیهانییەکان. خاڵی سەرسامکەر و جیاوازی فلیمەکە ئەوەیە کە وەرزشەوانەکە ژنە. ماگی فیتگێرالد (بە دەورگێڕانی هیلاری سوانک) کچێکی ٣١ ساڵانە کە کارگوزاری چێشتخانەیەکە و لەوێ ئیش دەکات و بە زەحمەت پارە کۆ دەکاتەوە بۆ پێداویستییەکانی ژیانی وەکوو وەرزشەوانێک. وەک خۆی دەڵێ تەنیا شتێک کە هەست دەکات دەتوانێ لە ڕێگایەوە بگات بە ئامانجێکی بە بایەخ، مستانییە. دەچێتە کۆرسی وەرزشەوانی فرانکی دان (ئێستوود) و داوای لێ دەکات کە ببێت بە ڕاهێنەری. فرانکیش لە سەرەتاوە ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێ کە نابێت بە ڕاهێنەری کچان. ماگی بێهیوا نابێت و هەموو ڕۆژێک دەچێت بۆ مەشق کردن تا ئاخری بە هاوکاری و یارمەتی سکراپ (مۆرگان فریمەن) دەتوانێ دڵی فرانکی نەرم کات و ببێت بە ڕاهێنەری. ئینجا دەبێت بە وەرزشەوانێکی بەتوانا و زۆربەی ڕکابەرەکانی هەر زوو دەبەزێنێت و بە دوای ١٨ مانگەوە تا ڕادەی ئاستی جیهانی بەرز دەبێتەوە…

لە دوا کێبەرکێکەی دایە کە چیرۆکی فلیمەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و شتێکی دڵتەزێن ڕوودەدات. کاتێک کە ماگی پشت بە ڕکابەرەکەیە، ژنێک بە نازناوی ‘ورچی شین’ کە جاران سۆزانی بووە و ئێستا وەکوو دڵڕەقترین مستانیکەر دەیناسن، لە کاتێکدا کە کێبەرکێکە وەستاوە لە پشتەوە مستێک دەوەشێنێت لە ماگی و سەری دەدات بە عەرزدا. کە دێتە هۆش لە نەخۆشخانەیە و ئیفلیج بووە و دواییش بە هۆی لاڕەشەوە پایکی دەبڕنەوە. هیوای بە ژیان نامێنێت و لە فرانکی داوا دەکات کە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. دەڵێ کە ئەو کاتانەی براوەی کێبەرکێکان بوو و خەڵک چەپڵەیان بۆ لێ دەدا خۆشترین کاتی ژیانی بووە و نایەوێ ئەو وێنە و بەشە لە ژیانی تێک بچێت. لێرەدا فرانکی بەرانبەری دووڕێیانێکی ئەخلاقی دەبێتەوە. لە کڵێسەدا تەک قەشەکە باسی دەکات و ئەویش دەڵێ ئەگەر ئەم تاوانە بکەیت بۆ هەمیشە خۆت ون دەکەیت و هیچکات ناتوانی خۆت بدۆزیتەوە. ئەم وتەیە لە کۆتایی فلیمەکە ڕەنگ دەداتەوە کاتێک کە فرانکی دەچێت و کەس ئیدی نایبینێتەوە.

فلیمەکە تێکەڵێکە لە فلیمێکی وەرزشەوانی و فلیمێکی دڵتەزێن لەوانەی کە ناتوانی بەر بە فرمێسکەکانت بگری. سەرەتا پڕ لە وزە و هیوای کچێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و لە کۆتاییدا بە ساردی و بێهیوایی و مەرگێکی تراژیدی کۆتایی پێ دێت. ماگی کە بنەماڵەیەکی هەژاری هەیە تا ئێستا وەکوو جەنگاوەرێک بەرانبەر ژیان وەستاوە و حەزی بۆ مستانی وەکوو حەزی بۆ بەرەنگار بوونەوەیە لە گەڵ کێشەکانی ژیان. کچێکی تاک و تەنیا کە تەنانەت بنەماڵەکەیشی گاڵتە بە جەنگاوەر بوونی دەکەن و ڕێز بۆ دەسکەوتەکانی دانانێن. لە کاتێکدا ئەم هەموو هێزی دەخاتە گڕ بۆ یارمەتی دان بەوان.

فرانکی کچێکی هەیە کە هەرچەندە نامەی بۆ دەنێرێ، ئەو بێئەوەی نامەکان بخوێنێتەوە دەیاننێرێتەوە. ماگیش باوکی کاتێک کە ئەم منداڵ بوووە مردووە. فرانکی دەڵێت تۆ کچێکی باشی و ماگی دەڵێ تۆ باوکم دێنیتەوە بیرم. پەیوەندیێکی خۆشەویستی باوک و کچانە لە نێوانیاندا پێک دێت. فرانکی پێشتر ڕاهێنەری سکراپ بووە، لە کێبەرکێیەکدا سکراپ چاوێکی کوێر دەبێت و هێشتا فرانکی خۆی لۆمە دەکات کە بۆچی کێبەرکێکەی نەوەستاند. ئیدی لەو کاتەوە زۆر لە سەر پاراستن و تەندرووستی جەنگاوەرەکانی بە تایبەت ماگی هەستیارە. دەڵێت گرینگترین یاسا ئەوەیە کە ‘خۆت بپارێزە’. فلیمەکە ئەگەرچی کلێشەگەلێکی ئەم چەشنە فلیمانەی تێدایە بەڵام لەم ئاستەدا ناوەستێ و چیرۆکی پێداگر بوون لە سەر ئامانج و ئەخلاق بەرز دەکاتەوە و دەبێت بە یەکێک لە باشترین فلیمەکانی ئەو سەردەمەی ئەمەریکا.

بۆ دەیان ساڵ ئێستوود یەکێک لەو ژمارە کەمە دەرهێنەرە ئەمەریکییانە بووە کە زۆرجار بەریان بە هەبوونی پەیوەندیێکی ئەوینداری لە فلیمەکانیاندا گرتووە. لە ئەم فلیمەشدا نەبوون و باس نەکردن لە ئەوینداری بەربڵاو و بەرینە. تەنانەت یەک کەس لە کەسایەتییەکانی فلیمەکە نابینین کە لە پەیوەندیێکی خۆشەویستیدا بێت یان هیوای پێکهێنانی خێزانی هەبێت. تەنانەت ئەندامانی ناحەزی بنەماڵەی ماگیش هەموویان سەڵت و بێهاوژینن. دەڵێی لە جیهانی فلیمەکەدا پێوەندی ئەوینداری قەدەغە کراوە و پێوەندییەکان لە ئاست و شێوازی هاوڕێتیدا ماونەتەوە، ئەوەش بە جۆرێک پیشان دەدرێت و ئەوەندە ئاڵۆزە کە بەرگە گرتنی ئەستەمە.

فلیمەکە فەلسەفەی هیچخوازی پیشان دەدات. لە کۆتاییدا ماگی چاک نابێتەوە و فرانکیش ناگات بە ڕزگاری و لە هیچ یەک لە پێوەندییەکاندا هیچ ئاسوودەییێک نابینرێتەوە. بە تایبەت فرانکی ناگات بەو ئاسوودەیی و زانیارییە کە ئایا بڕیارەکەی چاک و درووست بووە یان نا.

فرانکی ستایشی ویستی ماگی بۆ مردن دەکات و کارەکەی وەکوو بڕیاری درووست پیشان دەدرێت و ڕەنگە لە دۆخێکی وادا هەر چاوەڕوانی وەها بڕیارێک بین. بەڵام ئەم بڕیارە ئەنجامی قورسی لێ دەکەوێتەوە. فرانکی لە پێناوی بڕیارەکەیدا ڕۆحی دەدۆڕێنێت و ئیدی هیچ کات ناتوانێت بگەڕێتەوە نێو جەرگەی کۆمەڵگا. بەشی کۆتایی بە تەواوی باسی بەرانبەر بوونەوەی فرانکییە بۆ مەرگ و سەرکەوتنی بە سەر ترسەکانی لە نەمانی ماگیدا. دەیان ساڵە فرانکی یاسایەکی بۆ خۆی داناوە کە دەڵێ خۆت بپارێزە و تا ئێستا خۆی لە پێوەندییە ئاڵۆزەکان پاراستووە بەڵام لە کۆتاییدا بە یارمەتی دانی ماگی بۆ مردن، هەموو ئەو قەڵغانانە تێکدەشکێت و دەکەوێتە نێو پەیوەندیێکی خۆشەویستی باوکانەوە. هەستبزوێنترین بەشی فلیمەکەش ئەو کاتەیە کە فرانکی مانای نازناوەکە وا هەڵیبژاردبوو بۆ ماگی پێ دەڵێت و دەڵێ کە “Mo cuishle” بە زمانی ئیری واتە “ئازیزەکەم، جەرگەکەم”.

لە کۆتایدا کچی ملیۆن دۆلاری بە هەموو کەمووکۆڕییەکانییەوە فلیمێکی پوخت و بەهێزە و دەتوانین بێژین یەکێک لە باشترین فلیمەکانی سەبارەت بە مستانییە.

سەرچاوە:

The Atlantic. Christopher Orr. Million Dollar Baby. 2005

Shmoop

 

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە