سینەما

تێبینیێک لە سەر فلیمی ‘یاریزانی ژمارە یەک ئامادە بە’

یاریزانی ژمارە یەک ئامادە بە – Ready Player One
دەرهێنەر: ستیڤن سپیلبێرگ – Steven Spielberg
ئەکتەران: تای شێریدان، ئۆلیڤیا کووک، بێن مێندەلسۆن، تی. جەی. میلەر
دەرچوون: ٢٠١٨
تێبینیێک لە سەر فلیمی "یاریزانی ژمارە یەک ئامادە بە"

تێبینیێک لە سەر فلیمی “یاریزانی ژمارە یەک ئامادە بە”

ئەم یارییە سەیروسەمەرە لە نێو جیهانێکی ناکۆتا و دواڕۆژیدا دەچێتە پێشێ و ڕێگایەکی سەیریش بەرەو ساڵی هەفتا و هەشتاکان ئەبڕێت.

بۆ سینەمای مۆدێڕن، واقعی مەجازی (ڤی ئاڕ) وەکوو دانسێکە بە دەسی بەتاڵ (ئەو دانسەی کە هیچ بە دەستەوە نیە بەڵام وای پیشان ئەدەی کە گیتار ئەژەنی): ئەم واقعی مەجازیە چالاکیێکی پڕ وزەو خەیاڵئاوی لەگەڵدایە لە نێو دنیایەکی دەستکرددا، جیهانێک کە لە پلەیەکی نزمتر لە دونیای خودی چیرۆکەکەیە. “یاریزانی ژمارە یەک ئامادە بە”ی ستیڤن سپیلبێرگ لە سەر ڕۆمانێکی تایبەت بە تازەلاوان دروست کراوە. نێوی ڕۆمانەکەش هەر ئەمەیە و ئێرنێست کلاین لە ساڵی ٢٠١١ نوسیویەتی. ئەم فلیمە ئەمانباتە نێو یاریێکی واقعی مەجازیەو، یاریێکی سەیر لە جیهانێکی ناکۆتادا کە بۆی هەیە بە هەر ئاڕاستەیەکدا بڕوات. ئاماژەگەلێکی سەیریشی بۆ کولتوری باوی هەفتا و هەشتاکان هەیە، بۆ نمونە هەندێک لە بەرهەمەکانی خودی سپیلبێرگ.

وەکوو هەموو واقعە مەجازیەکانی دیکەی نێو فلیمەکان، هەر لە ترۆن ساڵی ١٩٨٢ تا جومانجی ٢٠١٧، لەم فلیمەشدا هەستم بە دۆخێکی هێمن و دوور لە ئاڵۆزی نێو جیهانێکی دیجیتاڵی کرد. فلیمەکە هاوڕێ دەبێت لە گەڵ وتووێژێکی بێوزەی نێوان واقعی مەجازی و جیهانە سڕ و وڕەکەی پێشوو واتە جیهان واقع.

چیرۆکی فلیمەکە لە ساڵی ٢٠٤٥ دایە. ئەگەرچی ڕەنگە شێوەیەک لە درامای تازەلاوانی سەبارەت بە ناشوێنێکی پێش دونیائاخری تێدا ببینین، بەڵام یاریزانی ژمارە یەک ئامادە بە لەو چەشنە فلیمانە نیە. ئەم جیهانە دواڕۆژیە لە شوێن زنجیرەیەک کارەسات بە تەواوی تێک چووە. ئەم جیهانە خەیاڵئاویە بە جوانی پیشان دراوە. شارەکان لە دۆخێکی شێواو و ناشریندان و ئێستا واقعی مەجازی وەکوو ئەفیونێکە بۆ خەڵک. تای شەریدان دەوری وەید واتسی هەیە؛ کوڕە لاوێکی تاق و تەنیا کە لە شاری کولومبوسی ئۆهایۆ دەژیت، شارێک کە ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە، شارێک پڕ لە کانێکسگەلێکی لە سەر یەک کەڵەکە بوو. تەنیا ئیشی دڵخوازی ئەم کوڕە ئەوەیە کە هێدسێتی واقعی مەجازیەکەی لە سەر بنێ و بچێتە نێو جیهانی مەجازی “ئۆیسێز” کە بووەتە جێگری دنیای واقع. لەو جیهانەدا بە نازناو و ڕواڵەتی کەسایەتیێکی ئەفسانەیی بە نێوی پارزیفال دەردەکەوێ. لێرە وێنەو دونیایەکی خەیاڵی بێکۆتا و بێسنوور هەیە کە خەڵک ئەتوانن یاری کەن و ئەزمونی جۆراوجۆریان هەبێت. یاریزانەکان ئەتوانن لە کێبەرکێگەلێکی جۆراوجۆردا پارەیەکی دیجیتاڵی کۆ بکەنەوە بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە ڕۆژێک هەمووی بدۆڕێنن.

درووسکەری یاریەکە جەیمز هالیدەیە کە ئێستا مردووە. مارک ڕایلەنس دەوری ئەم کەسایەتیە ئەگێڕێ. هالیدەی کەسێکی بلیمەتە بە ئاکارێکی گێلانەوە کە جلێکی نەفەرمی لە بەر دەکات؛ کەسایەتیێک لە نێوان ویلی ڤۆنکا (کەسایەتیێکی خەیاڵی نێو ڕۆمانی چارلی و کارگەی چۆکلێت سازیستیڤ جابز و تیم بێرنەرز لی (داهێنەری ئینتەرنێت). هالیدەی پێش مردنی سێ کلیل لە ئەم دنیایەیدا دەشارێتەوە، یاریزانەکان بۆ گەیشتن بە هێلکەی ئیستەر (هێلکەی جێژنی گاوران: جێژنی زیندووبوونەوەی عیسا) پێویستە هەر سێ کلیلەکە بدۆزنەوە. براوەی یاریەکە کە دەستی بگات بە ئەم هێلکەیە، ئەبێت بە خاوەن دەسەڵاتی تەواوی ئەم جیهانە سەیر و ئەفسانەییە. ئیدی وەید دەبێت بە ڕاوچیێکی هێلکە، لە گەڵ هەندێک هاوڕییدا وەکوو سامانتا (بە نازاوی ئارتمیس-Art3mis) بە دەورگێڕانی ئۆلیڤیا کووک. وەید لەم دنیا مەجازیەدا کڕاشێکی زۆری لەسەر ئەم کچە هەیە و بە تەواوی شەیدای دەبێت. ئایک (بێن مێندێلسۆن)یش باشترین هاوڕێی وەیدە. بەڵام کەسێکی ناحەزی بە کرێگیراو بە ناوی سۆرێنتۆ (بێن مێندەلسۆن) ئەیەوێ دەستی بگات بە هێلکەکە و هەموو ئەو یاریکەرە بەزەوقانە لە ناو بەرێت کە “ئۆیسێز” بۆیان یاریگەیەکی خۆش و بەکەیفە. دەورێکی سەیریش لە تی. جەی. میلەر دەبینین کە یارمەتیدەری خراپکاریەکانی سۆرێنتۆیە و نازناوی ئای راکە.

جیهانی “ئۆیسێز” دۆخێکی سەرسوڕهێنەری هەیە. ئێمە ڕوبەڕوی جیهانێکی خەیاڵی و ڕوانگەیەکی مەسێحئاسایی لە لایەن هالیدەی و هێلکەکەی ئەبینەوە، ئەم بلیمەتە شتێکی دروست کردووە وەکوو حەبی شین لە فلیمەکەی ماتریکس بۆ خووگرتنێکی تەواوی مرۆڤەکانی جیهان و ئێستا هەموو خەڵک سەرقاڵی ئەم یاریەنە. ژیانی پووری وەید (سوزان لینچ) ئەکەوێتە ژێر کاریگەریێکی زۆری دۆستە کوڕەکەیەوەو و ئەمە ئەبێت بە هۆی ڕوخانی ژیانی. دۆستەکەی زەلامێکی توندوتیژە (راڵف ئینەسۆن) کە کەوتوەتە نێو لایەنی قوماری یاریەکەوە.

لە کۆتایی فلیمەکەدا بۆمان ڕوون نابێتەوە کە وەید بە دوای گەیشتن بە هێلکەکە چ ئاکارێکی بەرانبەر ئەم لایەنەی یاریەکە ئەبێت، یان تەنانەت چاکسازی دەکات؟ ساڵی ٢٠٤٥ە: هالیدەی چۆن وەها پەیوەندیێکی قوڵی لەگەڵ ئەو ساڵانەی ڕابردووەدا هەیە؟ لە بەشێکی فلیمەکەدا وێنایەک لە ژووری منداڵیەکەی دەبینین کە وا دیارە لە هەفتاکان و هەشتاکان دا گەورە بووبێ. ئاخۆ لە دۆخێکی دەستکرد بە ڕواڵەتی ڕابردووەوە گەورە بووە؟ یان پسپۆڕانی دواڕۆژ پێیان وایە کولتوری باوی پێشین لە گەڵ کەوتنی دیواری بەرلین بە تەواوی مردووە؟

فلیمەکە بە دۆزینەوەی کلیلی یەکەم بە جۆرێک وەڵامی نیگەرانیەکان ئەداتەوە. وەید بۆ دۆزینەوەی کلیلی یەکەم سەرنج ئەدات بە حەزی زۆر و کوشندەی هالیدەی بۆ “بەرەو دوا ڕۆیشتنەوە” و بەمجۆرە تێدەگات ڕەنگە ئەمە ڕێگایەک بێت بۆ تەواو کردنی ئەو کێبەرکێیە دژوار و سەیری ماشینانە کە لە نیۆیۆرکێکی ساختەدا بەڕێوە دەچێت. ئەمکاتە لە فلیمەکە، بەشێکی هەستیار و بەتامە هاوکات لە گەڵ نمایشێکی جوانی کینگ کۆنگ. ڕێگای دۆزینەوەی یەکەم کلیل ئەبێت بە تەواو کەری پەردەی یەکەمی فلیمەکە. تامی هەرە زۆری فلیمەکەش هەر لەم بەشە دایە، لەمەو بەدوا ئەکشنی فلیمەکە ئاڵۆز ئەبێت و تێکەڵ دەبێت بە هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی سامانتا لە وەید و هاوڕێکانی بۆ خولقاندنی کارەساتێکی چیرۆکئاسا.

ئەمە فلیمێکە کە ڕێز و سەرنجی سپیلبێرگ بۆ سەرسامی و ئیدیالیزمی لاویەتی ناچار دەکات تێکەڵ ببێت بەو ئاکارە توندوتیژانەوە کە لە ڕۆمانە نوێکانی تازەلاواندا دەر دەکەوێت؛ توندوتیژیێک کە بۆ زیندوومان لە دنیایەکی تێکشکاودا ڕوو ئەدات. لە کۆتاییدا بەڕاستی وێنەگەلێکی سەرسامکەر و سەیر لەم فلیمەدا دەبینین.

پیتەر برەدشۆ
سەرچاوە: The Guardian

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە