وێژە

تێبینیێک لە سەر ڕۆمانی جەین ئایەر

جەین ئایەر – Jane Eyre
نووسەر: شەرلۆت برۆنتی – Charlotte Brontë
ساڵ: 1847

لە سەرەتای ڕۆمانی جەین ئایەر دا، جەین بە گرژی بەرانبەر بێسی، خزمەتکارەکەی گاتهید هۆڵ دەبێتەوە کاتێک دەیانەوێ بیخەنە نێو ژوورەکەوە. دەڵێت ‘بە هەموو هێزمەوە بەرانبەریان بوومەوە: ئەمە شتێکی نوێیە بۆ من’ (بەشی دووهەم). ئەم ڕستەیە ڕوونی دەکاتەوە کە بیرۆکەی هەرە گرنگی داهاتووی ڕۆمانەکە چی دەبێت؛ بیرۆکە و بابەتی سەربەخۆیی ژنان و یاخی بوونیان. لەم بەشەدا جەین بەرانبەر ئەو سزا نابەجێیە دەوەستێت بەڵام بە درێژایی ڕۆمانەکەش بە گشتی هەر باس لە بیرۆکەکانی سەبارەت بە پێگەی ژنان دەکات. لە پاڵ ئەم بیرۆکەوە، بیرۆکەی چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەرەنگاری و پێداگرییانیش دەبینین. لە ڕۆمانەکەدا بیرۆکەگەلی ئایینی و سەروسرووشتیش دەبینرێ.

هەر زوو کە جەین لە پەیمانگای لۆڤوود جێگیر دەبێ، تێدەگات کە پەرەدان بە زەین و تواناکانی چەندە چێژبەخشە. ژیانە تاڵ و ناخۆشەکەی قوتابخانە لە بیر دەکات و خۆی سەرقاڵی ئیش و پەرە دان بە تواناکانی دەکات. دەیەوێ سەربەخۆ بێت و پێویستی بە کەس نەبێت. کاتێکیش لە گەڵ ڕۆچستردا پەیوەندیێک لە نێوانیان ساز دەبێت، نایەوێ واز لە ئەم بۆچوونەی سەبارەت بە سەربەخۆیی بێنێت. جەین نایەوێ پێویستی بە ڕۆچستر و پارە و سامانی بێت. نایەوێت وەکوو دڵدارەکانی بێت؛ بە جل و بەرگ و ئاڵتوونی جوان و خەیاڵییەوە. تەنانەت کاتێکێش لە گەڵ ڕۆچستردا هاوسەرگیری دەکەن، دەیەوێ هەر وەکوو مامۆستا و فێرکەری ئەدێلە بمێنێتەوە و درێژە بەو ئیشەی بدات، واتە نایەوێ سەربەخۆیی خۆی بە ڕۆچستر ببەخشێت. نامە بۆ مامی دەنووسێت و هەوڵ دەدات دەستی بە ماڵ‌ و سامانی خۆی ڕابگات. لە کۆتایی دا کاتێک پارەکانی دەستی دەگرێ، دەڵێت: ‘من خزمەتکاری خۆمم'(بەشی 37).

جەین نەک هەر لە ڕێگای کردەوەکانییەوە بەڵکوو لە ڕێگای بیر و ڕوانینیشیەوە، بڕواکانی سەبارەت بە سەربەخۆیی ژنان دەخاتە بەر دەستی خوێنەر. خولیای ئەوەی هەیە زۆرتر جیهان ببینێت و پەیوەندیێکی قووڵتری لەگەڵ خەڵکانیدا هەبێت. لە کاتێکدا ئەو ژیانە ساکارەی لە تۆرنفیڵد بە لایەوە بەنرخە، بەداخە کە پارەی پێویستی بۆ سەفەر کردن نیە. هەستەکانی نەک هەر بە ژنانی هاوچینی خۆی، بەڵکوو بە هەموو ژنانەوە گرێ دەدات و دەڵێت:

چاوەڕوان دەکرێ ژنان بەگشتی هێمن بن: بەڵام ژن هەست دەکات، هەر چۆن پیاو هەستی هەیە؛ پێویستە گەشە بدەن بە تواناکانیان، و پێویستیان بە دەرفەت هەیە بۆ هەوڵەکانیان، دەرفەتێک هەر بە قەد براکانیان؛ لە زەبر و توندییەکان ئازار دەبینن، لە ئەو سنوورانەی دەسەپێنرن بە سەریاندا و لەو سەرکوت کردنانەیان ئازار دەبینن، هەر چۆن پیاوەکان ئازار دەبینن. تەسکبیری ئەو کەسانەیە کە دەڵێن ژنان دەشێ خۆیان سەرقاڵی شرینی کردن و چنینی گۆرەوی بکەن، پیانۆ بژەنن و جانتاکان بڕازێننەوە. (بەشی 12)

لێرەدا گرنگە کە باس لە بێرتا بکەین، ژنێک کە ژیانێکی پڕ لە سنوور دەژی. ڕەنگە سەیر بێ کە بۆچی جەین زۆر دڵی بۆی ناسووتێ و هەستێکی ئەوتۆی بەرانبەری ئەو کەسایەتییە نیە، بەشێک لە هۆکارەکەی ڕەنگە پەیوەندی بە چەشنی نەخشاندنی کەسایەتییەکەی بێرتاوە بێت. بێرتا ژنە بەڵام وەکوو ژنێک دەرناکەوێ. لە سەرەتادا بە جیناڤی (It) بانگی دەکەن کە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ بانگ کردنی ئاژەڵان بە کار دەبرێ. جەین بەم جۆرە باسی چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ بێرتا دەکات:

لە نێو سێبەرێکی قووڵ لە ئەوپەڕی ژوورەکەدا، جەستەیەک بەروودوای دەکرد. چی بوو، ئینسان بوو یان جانەوەر، لە یەکەم بینیندا کەس نەیدەتوانی بیناسێتەوە، بە چوار دەست و پێ گاوڵکێ دەکرد، وەکوو جانەوەرێکی کێوی و نامۆ دەیمڕاند، بەڵام بە جل داپۆشرابوو. هەندێک قژی ڕەش و خۆڵەمێشی بە چەشنێکی کێویانە وەکوو یاڵی ئەسپ سەر و ڕوومەتی داپۆشیبوو (بەشی 26).

جەین لە زۆر لایەنەوە کەسێکی ناهمێیە؛ بنەماڵە، پارە و سامان، پێگەی کۆمەڵایەتی تەنانەت جوانیێکیشی نیە، بەڵام ژیر و زیرەکە. دۆخەکە جۆرێکی پێ دێت کە ڕۆچستر عاشقی جەین دەبێت. لێرەدا دژبەریێک دژ بە چینەکان دەبینین، چونکە ڕۆچستر دەیەوێ ژنێک بخوازێت کە لە ئاست و چینێکی نزمترە و ئەم کارەی دژ بە یاسا و ڕێساکانی چینی خۆیە. جەینیش بەرانبەر ئەم کێشەیە دەبێتەوە و شوو بە ڕۆچستر دەکات. ئەڵبەت جەین کاتێک ئاگادار دەبێتەوە ڕۆچستر خێزانی هەیە، دژایەتی خودا ناکات، ئاست و نرخی خۆشی دانابەزێنێت و نابێت بە دڵدارێکی ڕۆچستر.

بە درێژایی ڕۆمانەکە بیرۆکەیەکی ئایینیش سەر هەڵ دەدات. کاتێک جەین لە لاڤوودە، هێلێن بورن دەبینێ، کچێکی باش و خۆبەخش کە بەر لە مردنی، جەین پرسیارەکانی سەبارەت بە خودا و بەهەشتی لێ دەپرسێ. ئەمە وەکوو سەرەتای پەیوەندی جەین و ئایینە کە بە درێژایی ڕۆمانەکە زۆرتریش دەبێتەوە. جەین کاتێک ئاگاداری ژنەکەی ڕۆچستر دەبێتەوە، هاوار لە خودا دەکات. دەچێتە ژوورێ و دەرگاکە لە خۆی دادەخات و دەڵێت: ‘بیرۆکەیەک ناخمی هەژاند، خودای بە یاد هێنامەوە، ستایشێکی بێ وێنە ساز دەکات: لە من دوور مەبە، کە ئازار نێزیکە و یارمەتیدەرێک نیە’ (بەشی 26).
دیسان کاتێک هەوڵ دەدات بەرانبەر داخوازییەکەی ڕۆچستر ببێتەوە و تووشی هەڵە نەبێت، ئەگەڕێتەوە بۆ لای خودا. پاش هەوڵەکانی ڕۆچێستر جەین پێی دەڵێ : ‘هەر ئەو کارە بکە وا من دەیکەم: بڕوات بە خودا و بە خۆت هەبێت. بڕوات بە بەهەشت هەبێت. هیوادارم لەوێ دیسان یەکتری ببینینەوە’ (بەشی 27).
بیرۆکەی ئایین ڕەنگە گرنگترین شت لە پەیوەندی نێوان جەین و سەنت جان بێت. جان هەوڵ دەدات جەین ڕازی کا شووی پێ کات و پێکەوە بچن بۆ هیند، بەڵام جەین ڕازی نابێت. جان دەڵێت ئەوە تۆ نیت ڕەتی دەکەیتەوە بەڵکوو خودایە کە ناڕازییە. جەین لە ناکاو هەست بە ڕێز و حورمەتێکی زۆر بۆ جان دەکات، ئیدی دەلیلەکانی بۆ ڕەت کردنەوەی، هەندێک کاڵ دەبنەوە. جەین دەڵێت:  ‘ئایین بانگی کرد، فریشتەکان ئاماژەیان کرد، خودا فەرمانی دا، ژیان پێکەوە پەپکی خوارد، دەرگاکانی مەرگ کرانەوە و جاویدانەگی لەوپەڕەوە دەرکەوت؛ ڕەنگە، بۆ پێکهاتنی هێمنایەتی و ئاسوودەییێک لەوێ، پێویستە لێرە هەموو شتێک لە چرکەیەکدا ببن بە قوربانی’ (بەشی 35).

ئێستا یەکێک لە لایەنە سەروسرووشتیەکانی ڕۆمانەکە دێتە پێشێ، جەین دەنگی ڕۆچستر دەبیستێ کە لە دوورەوە بانگی دەکات. دوای ئەوەش وا دیارە کە ڕۆچستریش دەتوانێ دەنگی وەڵامەکەی جەین ببیستێ. ئەمە بەس نموونەیەکە لە لایەنە سەروسرووشتیەکانی ئەم ڕۆمانە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، جەین ئەو کاتەی لە ژووری سووردایە و درگاکەیان لە سەری دا خستووە، هەست دەکات خێوێکی بینیوە و ئەو هەستە بە پەیامێک لە دوونیایەکی دیکەوە دەزانێت. کاتێک جەین لە ڕێگادایە و دەچێت بەرەو های، سەرەتا دەنگی ئەسپەکەی ڕۆچستر دەبیستێ کە خەریکە نێزیک دەبێتەوە، چاوەڕوانە گیتراشە ببینێت. کاتێک ڕۆچستر دەبینێ، ئەو خەیاڵەی خاو دەبێتەوە، چونکە دەزانێت هیچ کات هیچ کەس سواری گیتراشە نابێت. کاتێک جەین بێرتا لە ژوورەکەیدا بە شەمێکەوە دەبینێت، وەکوو شتێکی سەروسرووشتی ناوی دەبات، وا بیر دەکاتەوە ڕەنگە تارمایێک بێت.

جەین خەونێک بە ژنێکەوە دەبینێت کە لە ڕابردوودا دەیناسی و ئەو خەونە پەیوەند دەدات بە پێشبینیێک بۆ نەخۆش کەوتنی خۆشکی ژنەکە. جەین خەون بە منداڵانی ساواوە دەبینێ، بە دوای ئەم خەونانەیدا، ماسۆن و ڕۆبێرت دێن و پێی دەڵێن کە جان ڕید مردووە و خاتوو ڕید لە جێگادایە. دیسان خەون بە ساواوە دەبینێ بەر لە ئەو هاوسەرگیریەی کە سەریش ناگرێ. خەون بە تۆرنفیڵدەوە دەبینێ کە کاول بووە،  دوایی دەبینێ کە ئەم خەونەشی دەبێت بە ڕاست.

سەرچاوە: Novel Guide

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە