وێژە

تێبینیێک لە سەر کتێبی پێداگۆگی ستەملێکراوان

پێداگۆگی ستەملێکراوان – Pedagogy of  the Oppressed
نووسەر: پاولۆ فرێری – Paulo Freire
وەرگێڕان بۆ کوردی: جیهاد محەمەد/ 2015
ساڵ: 1968

ئەم بابەتە کورتەیەک و تێبینیێکە لە سەر بیرۆکەکانی فرێری سەبارەت بە پەروەردە، فەلسەفە و سیاسەت. لەم تێبینیەدا باس لەوە دەکرێ کە چۆن سەرکوتکردن و چەوسانەوە کاریگەری لە سەر مرۆڤبوون دائەنێ. ڕخنە دەگرێت لە شێوەی فێرکاری بانکی لە پەروەردە دا و بۆچوون و شێوەی دیالۆگ کردن پێشنیار ئەدات کە دەتوانێ تاکەکان بگۆڕێت و ئازادی پێک بێنێ.

پێشەکی

پێداگۆگی ستەملێکراوانی پاولۆ فرێری بیردۆزی سیاسی، پەروەردەیی و فەلسەفی پێکەوە دەهێنێت. نووسەر شێوەکانی چەوساندنەوە و بنەماکانی پێکهێنانی ئازادی شیدەکاتەوە. پاولۆ فرێری لەو بڕوایەدایە کە بۆ ئەوەی تاکەکان بە ئازادی بگەن، پێویستە هۆشیاریەکی ڕخنەگرانەیان هەبێت و پەرە بدەن بە بیرکردنەوە و پرسیار و گومان. فرێری ڕونیدەکاتەوە کە ئەمە تەنیا لە ڕێگای شێوازێکی پەروەردەیەوە ئەتوانێت بوونی هەبێت کە پەیوەندیێک لە نێوان قوتابی و مامۆستادا پێک بێنێت، بە جۆرێک کە قوتابی هان بدات بێتە نێو دیالۆگەوە. مەبەستی ئەم ووتارە، تێبینیەکی قوڵە لە سەر بەرهەمەکەی فرێری و ڕوانینێک بۆ بڕواکانی فرێری لە سەر بە مرۆڤ کردن و لە مرۆڤ خستن و چەوساندنەوە لە ڕێگای پەروەردە و بەخشندەییەکی ساختە دا.

فرێری لە گرنگی بابەتی مرۆڤسازی بۆ مرۆڤەکان تێگەیشتوە و لەو بڕوایەدایە کە گرنگی دان بەم بابەتی بەمرۆڤکردنە لە کۆتاییدا بە پێناسە کردنی لە مرۆڤ خستن وەکوو ‘ئەگەرێکی ئۆنتۆلۆژی هەروەها ڕاستیەکی مێژوویی’ ڕەنگ ئەداتەوە. فرێری پێداگرە کە ئەگەر کەسێک لە ئاستی لە مرۆڤ خستنەکە تێبگات، ڕەنگە گومان بکات لە سەرکەوتنی بە مرۆڤ بوون. فرێری بۆ بەمرۆڤ بوون و لە مرۆڤ کەوتن بۆ هەر تاکێک وەکوو توانایەکی شاراوە دەڕوانێ، وەکوو کەسێکی ناکامڵ کە ئاگایە لە ناکامڵ بوونی خۆی. فرێری بڕوای هەیە کە زۆرداری و بێدادی، چەوساندنەوە و ستەمکاری، هەروەها توندوتیژی دەسەڵاتداران و ستەمکاران بەرگری لە مرۆڤ بوون دەکات. بە مرۆڤ بوون لە خواست و ئارەزووی چەوساوەکان بۆ گەیشتن بە داد، سەربەخۆیی و مرۆڤایەتیە لەدەست چوەکەیاندا بە دی دەکرێ. گەڕاندنەوەی مرۆڤبوونیش شتێکە بە دەستی چەوساوەکان ئەکرێ، بە جۆرێک ئەرکی ئەوانە کە ئەو مرۆڤبوونە داماڵراوە بۆ خوەیان و بۆ چەوسێنەرەکانیش بگێڕنەوە، چونکە چەوسێنەرەکان تەنانەت خەڵکی چەوساوە بە مرۆڤ دانانێن و حەسێبی مرۆڤیان بۆ ناکەن، سەرەڕای ئەمانەش گرنگە کە خەڵکی چەوساوە بە درێژای خەباتیان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری ئاگاداری ئەوە بن کە جێگای چەوسێنەرەکان نەگرنەوەو نەهێڵن خووی چەوسێنەرەکان کاریگەری لەسەریان دابنێ، ئەگینا ڕزگاری بە دەست نایەت و تەنیا جێگای چەوساوەو چەوسێنەر دەگۆڕدرێ. فرێری زۆر سەرنج ئەدات بە ئەم بابەتە و لەم کتێبەیدا بۆچوونەکانی سەبارەت بە شێوەی گەڕاندنەوەی مرۆڤایەتی و گەیشتن بە ڕزگاری شی دەکاتەوە.

نووسەر لەم بڕوایەدایە کە لە مرۆڤ خستن شتێکە لەو کەسانەدا بە دی دەکرێ کە لە مرۆڤبوون داماڵراون و دیسان لە ئەوانش کە خەڵکیان لە مرۆڤ بوون خستوە، واتە هەر چۆن چەوساوەکان بە دەستی چەوسێنەران لە مرۆڤبوون بێبەریی دەبن، چەوسێنەران خۆشیان لە مرۆڤ بوون دەکەون. دەڵێ ئەم لە مرۆڤ خستنە وا دەکات شێوەی بڕوا و خواستی کەسەکان بۆ بە مرۆڤ بوون تێک بچێت. ئەم تێکچوونە ڕوداوێکی مێژوویە، شێوازێکی ژیان نیە. نووسەر ئەو بیرۆکەیە کە لەمرۆڤخستن ڕەوشتێکی مێژووی بێت ڕەت دەکاتەوە، چونکە ئەم بیرۆکەیە بەرەو سینیسیزم و ڕەشبینی دەڕوات. دواتر دەڵێ کە هەوڵدان بۆ بە مرۆڤکردن، ڕزگار بوون لە ژێردەستەی، هەوڵ دان بۆ لە ناو بردنی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی، دوایی ڕەنگە بە ئاکام نەگات. فرێرێ دەڵێت کە سەرکوێر کردن و داماڵێن لە مرۆڤبوون، ڕەنگە وا لە چەوساوەکان بکات کە پەلاماری چەوسێنەران بدەن بۆ ئەوەی مرۆڤبوونی خۆیان بگەڕێننەوە و تۆڵە لە چەوسێنەرەکانیان بسێننەوە. فرێری بڕوای وایە کە ئەم کارە ئەوان دەکات بە ‘چەوسێنەری چەوسێنەران’ و دۆخێک پێک دێنێت کە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاری و بە مرۆڤبوون بێ مانا و پوچەڵ دەکاتەوە. فرێری دەڵێت کە چەوساوەکان ئەرکی ڕزگار کردنی هەم خۆیان و هەم چەوسێنەرانیش لە ئەستۆیانە، چونکە چەوسێنەران ئەو توانایانە نیە کە خۆیان و ئەو کەسانەی ستەمیان لێ دەکەن لەو دۆخە دەر بهێنن و ڕزگاریان بکەن. بڕوای بەوەیە کە چەوساوەکان ئەو هێز و توانایانە هەیە کە چەوسێنەرەکانیان بگۆڕن بۆ بوونەوەرگەلێک کە هەست بە مرۆڤ بوون بکەن و لە مرۆڤایەتی تێ بگەن.

نووسەر وا بیر دەکاتەوە کە بەخشندەیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە خەبات بکات و هەوڵ بدات بۆ گۆڕانی ئەو ئاکارە دوور لە ئەخلاقانە کە پەرە ئەدەن بە بەخشندەییەکی دەستکرد و ساختە بۆ فێڵ کردن لە خەڵکی چەوساوە. فرێری بڕوای وایە کە تێگەیشتن لە بەخشندەیی ڕاستەقینەو مرۆڤایەتی دەبێ لە چەوساوەکانەوە دەست پێ بکات، چونکە ئەوان باشتر لە چەوسێنەرەکان لە گرنگی هەبوونی ئازادی لە کۆمەڵگادا تێدەگەن. بۆ تێگەیشتن لە ئازادی، چەوساوەکان دەبێ هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ، ئەوین و خۆشەویستی پیشان بدەن، بەرانبەر بەو کورتە خۆشەویستیە و ئەو توندوتیژیە کە لە دڵی چەوسێنەراندا هەیە. فرێری پێداگرە کە ئەوە ‘ترس لە ئازادی’یە کە چەوساوەکان هەستی پێ دەکەن و هەر ئەم ترسە ڕەنگە وا بگات ئەوانیش ئاکار و خووی چەوسێنەرانەکانیان بگرن، یان ئەو خەسڵەتە ستەمکارانە بگرن و بەرانبەر چەوساوەکانی دەیکە بەکاری بێنن و دژ بەوانەی لە گۆشت و ئێسقانی خۆیانن بوەستنەوە و پەلاماری یەکدی بدەن. ئیدی بەمجۆرە نووسەر لێکدانەوەی ترس لە ئازادی ئەکات و باسی کاریگەریەکانی لە سەر خەباتی خەڵک بۆ ڕزگاری دەکات. فرێری بڕوای هەیە کە بۆ گەیشتن بە ئازادی، کەسەکان دەبێ لە نێوان ڕێگای ئازادیا بەرپرسیار و پێداگر بن. ئەو بڕوای هەیە کە خەڵک دەتوانن بە سەر چەوساندنەوەدا سەرکەون ئەگەر ئاگاداری سەرچاوەی ئەو چەوسانەوە بن و ئەو ستەم و نادادگەریە بە قەدەرێکی نەگۆڕ نەزانن و پەرە بەو شتانە بەن کە نرخی مرۆڤایەتی بەرز دەکاتەوە.

کاتێک پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی دێتە باسەوە،  فرێری ڕەخنە لەو پێداگۆگیە کۆن و سونەتیە دەگرێت کە لە خزمەتی ستەمکاراندایە و دژ بە ئەو شێوازی لەبەرکردنە دەوەستێ کە بە بڕوای ئەو قوتابی وەکو پەرداخێک یان جەواڵێک پێ دەکا کە دەبێ مامۆستا پڕی بکات. فرێری دەڵێت کە ئەم شێوازە، پەروەردە دەکات بە ئەزمونێکی پڕ کردن و کۆ کردنەوە کە مامۆستا ‘تێدانەرە’ و قوتابی ‘تیادانراو’. فرێری ئەم بیرۆکەیە بە شێوازی بانکی ناوزەد دەکات چونکە بە پەرداخەکە واتە قوتابی، تەنیا ئیزنی وەرگرتن، پڕ بوون و کۆ کردنی شتەکان و زانستەکان ئەدات. بە گوێرەی بۆچوونی فرێری، ڕێبازی بانکی ئەوە ئەگەیەنێ کە قوتابی لە زانست بە تەواوی بێوەریە و ئیدی مامۆستا دەبێ ئەم زانستەی پێ ببەخشێ. نووسەر بڕوای وایە کە پەروەردە دەبێ شوێن چەمکێکی باشتر بکەوێت کە پەیوەندی مامۆستاو قوتابی بە جۆرێک بگۆڕێت کە لە یەک کاتدا هەموویان ببن بە مامۆستا و بە قوتابیش.

نووسەر ئاماژە دەکات کە ئامانجی چەوسێنەران ئەوەیە کە ڕوانگەو و بیرکردنەوەی چەوساوەکان بگۆڕن، بە جۆرێک کە هەست بە چەوساوەبوونی خۆیان نەکەن و بەرەو شوێنی ئەو تێگەیشتنە نەڕۆن. دەڵێت کە ڕێبازی بانکی لە پەروەردەدا درێژە بە چەوساندنەوەکە ئەدات و وەکوو کاڵایەک بۆ چەوساوەکان دەڕوانێت و دەیانکاتە وەرگرێکی باش. لە بەر خاتری زاڵ بوون بە سەر سنورەکانی ئەم ڕێبازەدا، مامۆستا و قوتابی دەبێ شێواز و ڕێبازێکی هاوبەش دەست پێ بکەن  کە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ هەردو لایەنەکەیان بەرز بکاتەوە. لە ڕێگای ئەم بیرۆکەو شێوازەوە قوتابیەکان دەگۆڕدرێن بۆ کەسانگەلێک کە دەتوانن ئیشگەلێکی جۆراوجۆر بکەن بەجێگەی ئەوەی کە وشەگەلێک ئەزبەر کەن کە پێشتر بوون و دیسان هەمان شت هەر وەکو خۆی بۆ مامۆستاکەیان بڵێنەوە. فرێری بڕوای وایە کە ئەم ئەزمونە وا دەکات هەندێک کەس بە هۆشیارییەکی ساویلکانە بگەن بەجۆرێک کە دوایی، دۆخەکە ئاسایی ببینن. بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە یارمەتی قوتابیان ئەدات کە خۆیان برانبەر واقیعەکە بکەر یان ‘سەبجێکت’ ببینن و بۆ ڕەهایی و ڕزگاری خۆیان خەبات کەن. کەچی فرێری پشتگیری ئاگاداری لە واقیع دەکات، دەڵێت ئەوانەی کە لە ڕزگار کردنی خۆیاندا سەرکەوتوو دەبن لە کۆتاییدا ئەگەری ئەوە هەیە ببن بە ئەو شتەی خۆیان بەرەنگاری بوونەتەوە.

فرێری پشتیوانی لە شێوازی پەروەردەی دیالۆگی دەکات، کە بە ئەزمونێکی دەزانێت بۆ گەیشتن بە ڕزگاری. ئەم بیرۆکەیە گۆڕینەوە و مامەڵەیەکی هاوبەشی تێدایە کە توانای گۆڕانی دۆخەکانی هەیە. بیرۆکەی دیالۆگ قوتابیان هان ئەدات کە ڕەخنە لە دۆخە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژانەیان بگرن و ڕێگای چارەسەری بۆیان بدۆزنەوە. لە ڕێگای پرسیار کردن سەبارەت بە دۆخەکان دەکرێ کە زانست دروست بکرێ لە نێوان ئەو واقیعەی کە دەوروبەری تاکەکانی پێک هێناوە و دەکرێ کە بە سەر ئەو سنورانە سەر کەوین کە چەوسێنەران بەسەرماندا سەپاندویانە.

نووسەر پێداگرە کە بۆ ئازاد کردنی مرۆڤ و زاڵ بوون بە سەر چەوسانەوە، گرنگە لە بیرۆکە گشتگیرەکان خۆ بپارێزین. پێشنیار ئەکات کە هەر کەسەو دەبێ بیرۆکەو هزری خۆی هەبێت و بۆچوونی تایبەت بە خۆی بخولقێنێت و لە ڕێگای پراکسیسە و پەیوەندیەکان و دیالۆگەوە، بۆچوونی خۆی بە ئەوانی دی بیناسێنێ. بۆ لێکدانەوەو تێبینیێکی باش لە سەر هەر بابەتێک، پێویستە ئەو کەسە ئەو شوێنە بە وردی ببینێ کە ئەو شتە تێیدا ڕوی داوە. ئەمە بە مەبەستی هێنانی بیرکردنەوەو لێکدانەوەیە بۆ چەوساوەکان. لەم شێوازی فێربوونەدا، مامەڵەکردن و پەیوەندیێکی دو لایەنە لە نێوان کەسەکاندا گرنگیێکی زۆری هەیە. چونکە لە ڕێگای مامەڵە کردنی دوو لایەنەدا، بەشداربوەکان دەتوانن بگەن بە هۆشیاریەک لە واقیعەکە و لە جیهانی دەوروبەریان تێبگەن و بە تەواوی باسی ئەم واقیعەش بکەن.

فرێری فێرکاری فەرمی و سیستەمە پەروەردە هاوشێوەکانی بە نەشیاو دەزانێ. بۆ ئەوەی کە بە بڕوای فرێری ئەم شێوازی پەروەردەیە، گەشە کردن و هێزی داهێنەر بوون لە مرۆڤدا سڕ دەکات. بۆ ئەوەیە کە میتۆدی پەروەردەی جیاواز پێشنیار ئەدات. بە گوێرەی وتەکانی فرێری پەروەدرە دەبێ هۆشیاری سیاسی تاکەکان بەرز بکاتەوە. ئامانجی شێوەی پەروەردەیی فرێری لە ناو بردنی رژیم و دەسەڵاتی چەوسێنەرە. ئەو شێوازە پەروەردەیە نووسەر پێشنیاری دەکات، وەکو کاڵا سەیری گەشەکردن ناکات، بەڵکو وەکوو هاوبەشێکی سەرەکی و گرنگ لە گەشەکردنی گەلەکەدا سەیری هەموو تاکێک دەکات.

بیرۆکەی فرێری کە دژ بە شێوازی پەروەردەی بانکی دەبێتەوە زۆر گرنگ و جێگای سەرنجە، چونکە شێوازیێکی فێرکاری جیاواز و تایبەت دەخاتە ڕوو. ئەو بیرۆکەیە شێوازی خستنەڕوی بابەتەکان (Problem Posing) بە کار دەهێنێ کە لە دۆخگەلی جۆراوجۆردا بەسوودە. ئەم شێوازە ئەتوانێ بۆ ئەو کۆمەڵگا تەریکانە بە سوود بێ تا بتوانن گۆڕانێک هەم لە کەسەکان و هەم کۆمەڵەکادا دەست پێ بکەن. بۆ ئەوەیە کە کاتێک ڕوبەڕوی بابەتێک بوونەوە، وەڵام و کاردانەوەیان ببێت و خۆیان بگۆڕن، لەم بیرۆکەیەدا تاکەکان دەتوانن دەرک بە گۆڕان بکەن. پێداگۆگی ستەملێکراوان خوێنەر ڕوبەڕوی ئەو واقیعانە دەکاتەوە کە دەتوانن بە سوود بن لە کردنی توێژەرەکان بە خولقێنەرێکی زانست. ئەم کتێبەی فرێری بووەسە سرووشێک بۆ ئەو مامۆستا و قوتابیانە کە تێگەیشتوون لە ئەو نادادگەریە کە لە ڕێگای شێوازی پەروەردەیی بانکیەوە بە سەریاندا سەپاوە. هەروەها لە شوێنەکانی دیکە وەکو کۆمەڵناسی، دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و بابەتەکانی ئابوریدا لە بیروڕاکانی فرێری سەبارەت بە پەروەردە کەڵکیان وەرگرتوە.

پەروەردەی خستنەڕوی بابەتەکان شێوازێکی پەروەردەیە کە فرێری دژ بە ڕێبازی فێرکاری بانکی پێشنیاری ئەدات. ئەم شێوازی فێرکاریەی فرێری لە سەر بیرکردنەوەو تێفکرینێکی ڕەخنەگرانە جەخت دەکات و ئامانجی گەیشتن بە ئازادیە. فەلسەفەی ئەم پەروەردەیە دەبێت بە بنەمای پێداگۆگی ڕەخنەگرانەی مۆدێڕن. ئەم شێوازی فێرکاریە کێشەی نێوان مامۆستاو قوتابی چارە سەر دەکات و تێدەگات کە زانست شتێک نیە دانەرێک (مامۆستا) لە نێو تیادانراوێکدا (قوتابی)دا دایبنێت بەڵکو شتێکە لە پرۆسەی دیالۆگ و لە نێوان مامۆستاو قوتابی دا بەرهەم دێ. فرێری دەڵێت کە فێربوونی ڕاستەقینە ئەوە نیە کەسی ‘ئەلف’ کەسی ‘بێ’ فێر بکات، یان کەسی بێ’ کەسی ‘ئەلف’ فێر بکات، بەڵکو ئەوەیە کە کەسی ‘ئەلف’ لەگەڵ کەسی ‘بێ’دا پێکەوە فێر دەبن، جیهانیش دەکەوێتە نێوانیانەوە. جیهان دەکەوێتە ژێر کاریگەریانەوە و ڕوبەڕویشیان دەبێتەوە، لەم فێربونەدا بۆچوونگەلی دیکەش دێنە ئاراوە. دەڵێت نواندنی زانستە کە بەرەو ئازادیمان دەبات نەک پڕ کردن و دانانی زانست لە مێشکی فێرخوازدا.

دەرئەنجام

ڕوانگەی فرێری بۆ پێداگۆگی سونەتی وەکو شێوازێکی پەروەردەیی چەوسێنەرە کە لە خزمەتی ستەمکاراندایە و پێشنیاری چەمکێکی فێرکاری ئەدات لە سەر بنمەمای دیالۆگ کردن کە لە گۆڕانکاری کۆمەڵگادا بە سودە. ئەگەرچی لە کتێبەکەیدا باسی گرنگی مامۆستا لە نێو چەمکەکەیدا ناکات، هەروەها باس لە بابەتی ڕەگەز، نێر و مێ، و چینە کۆمەڵایەتیەکانیش ناکات. نووسەر باس لە بابەتی بە مرۆڤکردن و لە مرۆڤخستن دەکات، ئەو دەڵێت کە چەوسێنەرەکان بەردەوام بە ناعەدالەتی، توندوتیژی و هەڕەشەکانیانەوە ڕێگا بە مرۆڤبوونی خەڵک دەگرن. تێگەیشتن لە پێداگۆگیەکەی فرێری زۆر بە نرخە چونکە ئەو توانایەی هەیە کە تاکەکان بگۆڕێت بۆ کەسانێکی بیرکەر و ڕوناکبیر کە بتوانن بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆیان خەبات بکەن.

سەرچاوە: Write Pass

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە