گۆرانی بیانی

تێبینیێک لە سەر گۆرانی ‘وەکوو کەسێکی گەڕۆک’

وەکوو کەسێکی گەڕۆک – Like A Rolling Stone

گۆرانی بێژ و هۆنراوەنووس: بۆب دیلان – Bob Dylan

ساڵ: ١٩٦٥

لە مێژووی سەرکەوتووترین گۆرانیەکاندا بۆب دیلان کەسایەتیێکی بەرچاوە و کاریگەریێکی زۆری لە سەر مۆسیقا هەبووە. بە تایبەت گۆرانی وەکوو کەسێکی گەڕۆک کە لە ساڵی ١٩٦٥ نووسی و کردی بە گۆرانی. ئەم بەرهەمە وەکوو کاریگەرترین گۆرانی بە سەر هەموو شێوازە مۆسیقاییەکانا سەیر دەکرێ، کە بە جۆرێک گۆزانەوەی دیلان بوو لە شێوازی فۆلک بۆ راک.

زۆربەی لێکۆلەران جەختن لە سەر ئەوەی کە ئەم گۆرانیە لاپەڕەیەکە لە ژیانی خودی بۆب دیلان. گۆرانیەکە باسی هاوڕێ کچێکی پێشوی دیلان دەکا. لەو چەشنە گۆرانیانە نیە وا ئەیانەوێ بە خۆشەویستەکەیان بڵێن “ژیانێکی پڕ لە خۆشیت بۆ ئاواتەخوازم” یان “هیوادارم هەموو ژیانت پڕ بێت لە دڵخۆشی و کامەرانی ئەگەرچی لە گەڵ کەسێکی دیکەدا بیت”. لەم گۆرانیەدا بەزەیی و هەستێکی ناسک بەرانبەر بە خۆشەویستەکە نابینین. لە دیمانەیەکدا بۆب دیلان لە سەر ئەم گۆرانیە دەڵێ:

” دە لاپەڕە بوو. نێوێکی نەبوو، تەنیا شتێکی کێشدار بوو سەبارەت بە ڕقی من بەرانبەر بە شتێک. لە کۆتایدا ئەمە ڕق و قین نەبوو، گوتنەوەی شتێک بوو بۆ کەسانێک کە خۆیان ئاگاداری بابەتەکە نەبوون، ئەوەی کە پێیان بڵێت ئەوان بەختدار بوون. تۆڵە کردنەوە دەربڕینێکی باشترە بۆی. هیچ کات وەکوو گۆرانیێک سەیریم نەکرد تا ئەو کاتەی لە پشت پیانۆکە دانیشتم، و لە سەر لاپەڕەکە دەمخوێند”چۆن هەستێکە؟” بە هێواشیەوە، بە گامێکی زۆر هێواش.”

دێڕی یەکەمی گۆرانیەکە ڕێک لە ناوەڕۆکی باسەکەوە دەست پێ دەکات.

“ڕٶژگارێک بوو جلی هەرە جوانت لە بەر دەکرد

ئەوەندە دارا بووی کە بتوانی پارە توڕ بدەی بۆ نەداران، وا نەبوو؟

 خەڵک بانگیان دەکرد، دەیانگوت “ئاگات لە خۆت بێ خانمە شازەکە، هاکا بدۆڕێی”

واتدەزانی هەموویان گاڵتەیان بۆ دەکردی”

بۆب دیلان ئەیەوێ بەم گۆرانیە شتێک بڵێت و ئەم کارەش بە خێرایی ئەکات. هەر لە یەکەم دێڕەوە لە سەر بابەتەکەیە.

باسی شێوازی ژیانی کەسێک لە ڕابردودا دەکا، لە ئەو کەسانەی کە هەر شتێکیان ویستبێت بۆیان ئامادە بووە. کاتێک لە ژیانتدا هەموو شتێک بە باشی دەچێتە پێشێ هەندێ جار شتە گرنگەکان لە بیر ئەکەی. ئەتەوێ و هەوڵ ئەدەی شتیكی زۆرتر بە دەست بێنی و بە لاڕێدا دەچی. هاوڕێ کچە پێشینیەکەی دیلان ئێستا لە گەڵ تاقمێک خەڵکدا دەگەڕێ کە ئەوەندە پارەیان زۆرە ئەتوانن پارە توڕ بدەن. بڕوانن کە دیلان ئەڵێ ئەو پارەی توڕ ئەدا بۆ هەژارەکان و ناڵێ کە پارەی پێیان ئەدا. ئەمە جیاوازیەکی بەرچاو دەخولقێنێت و ئەم وشە کورتانە ڕەنگێکی جیاوازیان بە گۆرانیەکە بەخشیوە.

لەوە ناچێ خەڵکانی دەوروبەری ئەو کچە هەوڵ بدەن ئاگاداری کەنەوە کە ئەو جۆرە ژیانە بەرەو ڕوخانی دەبات. بەڵام کچەکە وا دەزانی ئەو کەسانەی دەوروبەری گاڵتە و شۆخی بۆ دەکەن.

“ڕاهاتبوی بە پێکەنین لەگەڵ

هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا دەگەڕای “

ئەو کچە ڕۆحێکی کێوی هەبوو. ئەڵێ لە گەڵ پیاوانێکی زۆردا هەبووە. گوزەرانێکی خۆشی هەبووە ئەو کاتەی پارەدار و جوان و لاو بووە.

” ئێستا ئەوەندە بەرز قسە ناکەی

ئێستا شانازیێکی ئەوتۆت پێوە دیار نیە

لەوەی کە ناچار دەبی سواڵی کەی بۆ ئەم ژەمەکەت”

ئێستا دەنگی وەکوو پچە کردن دێت، دەنگێ کە جاران بەرز بوو و فەرمانی ئەدا. ئێستا سەری نەویە، ئەو سەرەی کە جاران بە شانازیەوە بەرز ڕای دەگەرت. ئەوەندە دۆڕاوە کە بۆ ئەم ژەمەکەی ناچارە سواڵی بکات. لەم گۆرانیەدا بۆب دیلان بە بێ بەزەیی باسی ڕوداوەکان دەکات.

دەنگی کۆڕ(گۆرانی بە کۆمەڵ) نێو گۆرانیەکەش بەزەیەکی بە ئەو کچەدا نایە:

“چۆن هەستێکە؟ چۆن هەستێکە؟

ئەوەی کە بێخانوو بی

وەکوو کەسێکی بە تەواوی نامۆ، وەکوو کەسێکی گەڕۆک”

بۆب دیلان بەردەوام پرسیاری لێ دەکا کە چ هەستێکی هەیە ئێستا کە هەموو شتێکی دۆڕاندوە. ئێستا کە نە خانوویەکی هەیە نە کەسیش دەیناسێت و هەموو ئەو شتانەی کە لە ڕابردودا هەبووی و پێی شانازی دەکرد ئێستا لە دەست چوونە.

“بەردێکی تلۆر قەوزە هەڵ ناگرێت” پەندێکی کولتوری ڕۆژاواییە. واتە ئەو کەسانەی هەموو کات لە ڕۆیشتن دان و لە یەک شوێندا سەقام ناگرن، پەیوەندی و گرێبەستیان بە هیچ شتێکەوە نابێت. هەمیشە لە گەڕان دان و دەگۆڕن. هاوڕێ کچە کۆنەکەی دیلانیش ناتوانێت دەست بە هیچێکدا ڕابگرێت. سامان و دارایەکەی لە ناو دەچێت و دواجار ئەبێت بە هەژارێکی بێچارە و نەدار و سەرگەردان. کاتێک بۆ ڕابردوش ئاوڕ ئەداتەوە هیچ ڕیشەیەک نیە دەستی پێوە بگرێت.

” ئای، تۆ دەچوی بۆ باشترین قوتابخانەکان، باشە ‘خاتونی تەنیا’

بەڵام خۆت دەزانی لەوێ هەر ڕاهاتبوی بە مەست بوون “

ئەو کچە بە هۆی دارایی و سامانێکەوە کە هەبووی ئەچوو بۆ باشترین قوتابخانە. بەڵام لەوێ کەسێکی تەنیا بوو. باسی خواردنەوەکانی دەکات. وا دیارە کە هیچ هاوڕێیێکی نەبووە.

” هیچ کەس فێرێ نەکردوی لەسەر شەقام چۆن بژیت

و ئێستا دەزانی کە ناچار دەبی پێی ڕا بیت “

قوتابخانە زیرەکیێک تایبەت بە جیهانی کتێبەکانت پێ دەبەخشێ، بەڵام خەڵک و سەر شەقام زیرەکیێکی تایبەت بە کۆمەڵگا و نێو شەقامەکانت پێ دەبخشن. ئەو کچە پەیوەندیێکی لە گەڵ خەڵکانێکی دیکە بێجگە لە هاوچینەکانی خۆی نەبووە. بەڵام ئێستا کە هەموو دەرفەتەکانی لە ناو چوونە، ناچارە شەقام بکات بە ماڵی خۆی، و ئەمە کێشمەکێشێکی گەورە ئەبێت چونکە هیچ لە جیهانی سەر شەقام نازانێت. نازانێ لەوێ شتەکان چۆنن و زانستی نێو کتێبەکان بە کەڵکی ژیانی سەر شەقام نایە.

” تۆ دەڵێی کە هیچکات قایل نابی

بە سۆزانی بوون(مەبەستی سۆزانیێکە کە خۆی وەکوو خاتونێک پیشان ئەدا)، بەڵام ئێستا تێ دەگەی

ئەو(زەلامە)هیچ داوای لێبوردن ناکات

کاتێک چاو ئەبڕیتە چۆڵایی نێو چاوەکانی

و پێ دەڵێی، ئەتەوێ مامەڵەیەک بکەین؟”

ئەو کچە نایەوێ لەو خۆپەرستیە دابەزێ، بەڵام کاتی هاتووە کە بۆ واقیعی شتەکان بڕوانێت. دیلان باسی سۆزانیێک ئەکا کە خۆی وەکوو خاتونێک دەرئەخا (ئەڵبەت خۆشەویستەکەی بۆب دیلان لە ڕاستیدا نەبوو بە سۆزانی، ئەوە تەنیا گومانی دیلان خۆیەتی). دێڕەکانی دیکەی ئەم بەشە وەسفی بوون بە سۆزانی ئەو کچە دەکات. ئەو زەلامەی کە پارەی داپێ بۆ خزمەتەکانی، ئێستا لەوێ نیە کە یارمەتی بدات. ئەو پەیوەندیە تەنیا کاتێکی خۆش بوو بۆ ئەو پیاوەو و تەواو. ڕەنگە چاوانێکی بێ هەستی هەبێت بەرانبەر ئەم کچە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی کە ژنەکەی لە ماڵدایە و چاوەڕوانیە. بەمانەشەوە خۆشەویستە کۆنەکەی دیلان هێشتا ئەیەوێ ئەو زەلامە بخاتە داو. دەپاڕێتەوە کە مامەڵەیەکی لە گەڵ بکات، ڕەنگە مامەڵەی مادەی هۆشبەر لە بەرانبەر جنس کردن. دەڵێن کە ئەو خۆشەویستەی دیلان کێشەیەکی زۆری لە گەڵ مادە هۆشبەرەکان هەببوە.

هۆنراوەی کۆری دوهەم جیاوازیێکی کەمی هەیە لە گەڵ کۆری یەکەم:

“چۆن هەستێکە؟ چۆن هەستێکە؟

کە هەر خۆت بیت، هیچ ڕێگایەکیشت بەرەو ماڵ نەبێت

نامۆیەکی تەواو بیت، وەکوو کەسێکی گەڕۆک”

بۆب دیلان دیسان هەر ئەو پرسیارانە سەبارەت بە بێ خانوو بوون دەپرسێتەوە.

بەندی چوارەمی هۆنراوەکە بێڕێزی و توندیێکی کەمتری تێدایە:

“ئای، تۆ هیچ کات سەرنجت نەدا ئەو گرژی و مۆنیە ببینی

کە لە سەر ڕومەتی ئەو لیبوک و گاڵتەچیانەوە بوو

کاتێک هەموویان فێڵیان لێ دەکردی

هیچکات تێ نەگەیشتی کە هیچ سودێکیان نیە”

خەڵکانێک دێنە پێشێ، بەداخەوە ئەم کچەش وەڵامی ئەرێنیان ئەداتێ. دیلان ئاماژە بەم زەلامانە ئەکات و وەکوو”لیبووک و گاڵتەچی” ناویان دەبات. ئەوان فێڵبازن و دیلان ئەمە پەیوەند ئەدات بە دۆخی ئەو کچەوە کە کەسانێک بە پیشان دانی بەخت و ناوداری فێڵیان لێ کرد. بەڵام ئەوانە مۆنی و گرژیێک لە سەر ڕومەتیان بوو ئەگەر زۆرتر سەرنجی بدایە، تێدەگەیشت.

“نابێ ئیزن بدەی خەڵکانی دیکە خۆشیت بۆ ساز کەن(و شاگەشکەت کەن)”

فێڵکەرەکان بە سەندنی شت و مەک دڵی ئەویان بە دەست هێنا. ئەو کچەش وای دەزانی دونیا هەر ئەوەیە. بەڵام ڕوکار و ئەو خۆشیە کاتیانە نوقم بوون و دوایی هەر واقیع مایەوە.

“تۆ هەموو کات لە سەر ئەسپیکی زیوین سوار ئەبوی لە پاڵ ئەو دیپلۆماتە(زەلامە)دا

کەسێ کە پشیلەیەکی سیامی لە سەر شانی ئەنا”

ئەسپی کرۆم ڕەنگ ئاماژەیەکی قایمە بە ئۆتۆمۆبیلە زیویەکەی ئەو زەلامە کە ئەم کچە لە گەڵی هەڵات. پشیلەی سیامی ڕەگەزێکی پشیلەیە.

دەڵێن ئەندی وارهۆل لە گەڵ ئێدی پالمەر واتە هاوڕێ کچە پێشینیەکەی بۆب دیلان دەچێتە نێو ژوانەوە. لە دواییشدا پالمەر هەموو شتێکی دەدۆڕێنێ و بە سواڵی و ئالودەیی دەمرێ.

“دڵتەزێن نەبوو کاتێک تێگەیشتی

ئەو(زەلامە) لە ڕاستیدا ئەوە نەبوو کە ئەینواند؟

دوای ئەوەی کە لێی سەندی هەموو ئەو شتانەی توانی لێتی بدزێ؟”

بۆب دیلان بە پالمەر دەڵێ ئاخۆ چەندە دڵتەزێن بووبێ کاتێک تێگەیشتی ئەو زەلامەی کە بە هۆیەوە منت بە جێ هێشت، فێڵکەرێک بوو کە هیچ ئەوینێکی ڕاستەقینەی لە دڵدا نەبوو بۆت. ئەو زەلامە کە هەموو شتێکی، کاتی لاویەتی و جوانیەکەی لێ دەستێنی. لە دوی ئەوەش ئەم کچە چارە ڕەشە دەڕوخێت و هاوڕێ کوڕەکەی دەچێت و بە جێی دێڵێت.

“ئای،شازادەی سەر تاجی کلێسە و ئەو خەڵکە شازە

هەموو کات دەخۆنەوەو وا دەزانن باشترین ژیانیان هەیە

خەڵاتی بەنرخ دەگۆڕنەوە”

ئەو کچە تاجی سەر چینێکی سەرەوەی نێو کۆمەڵگا بوو. هەموو کەسێکی ئەو چینە ڕێزیان دەگرت و ستایشیان دەکرد. ئەم خەڵکە هەموو کات دەیانخواردوەو و لە سامانداریەکەیان چێژیان دەبینی، وایاندەانی ژیان هەر ئەوەیە. زۆرجار خەڵاتگەلێک وەکوو زێڕ و شەرابی گرانیان دەگۆڕایەوە.

“بەڵام نازارەکەم، باشترە ئەنگوستیلە ئەڵماسەکەت ببەی و لە گرەودا دایبنێی”

بەڵام ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. ئێستا هاوڕێ لوتبەرزەکانی نەماون، و ناچارە بۆ کڕینی ژەمێکی خواردن ئەو زێڕانەی هان بەوقەویەوە بە گرەو دابنێ.

“ناپلێئۆن بە جلی شڕەوە” توانجێکی دیکەیە کەدیلان دەیگرێتە ئەندی وارهۆل؛ کەسێک کە خۆی وەکوو هونەرمەند/نیگارکێشێک پیشان ئەدات کە هەموو سامان و ژیانی سەرفی هونەر کردوە، لەکاتێک دا زۆر پارەدار و بەهێز بوو، ئەم تایبەتمەندیانەش بوو کە سەرنجی ئێدی پالمێریان ڕا کێشا.

دیلان شوێنی ئەو کچە ئەکەوێ تا بگات بە هۆی هەڵهاتنی لەگەڵ ئەو زەلامەدا. ئێستا ئەو کچە چ دۆخێکی هەیە؟ هەروەها دیلان ئەڵێ تایبەتمەندیەکانی ئەو پیاوە کە ئەم کچەی سەرسامی خۆی کردوە “سامان و هێزە” لەکاتێکدا دیلان لە داهاتوودا ئەبێت بە هونەرمەندێکی مەزن و ئەندی هەر نابێت بە هیچ. ئێستا کە دیلان بەخت و ناوداریێکی زۆری هەیە لە ژیانیدا ئیدی جێگایەک نیە بۆ خۆشەویستە دێرینەکەی.

“کاتێک کە هیچت نەبێ، هیچت نیە بۆ دۆڕان

تۆ ئێستا نوقمی، هیچ نهێنیەکت نیە بۆ شاردنەوە”

کاتێک کەسێک هیچی نەبێت، ئیدی شتێکیشی نیە تاکو بیدۆڕێنێ. ئەو کچە و دڵدارەکەی ئێستا پەلکە پوشێکیش نین لە جیهانی بۆب دیلان دا.

بۆب دیلان لەم گۆرانیەدا هەموو ڕوداوەکە دەگێڕێتەوە ئیدی شتێک بۆ شاردنەوە نەماوە.

بە گشتی دیلان لەم گۆرانیە بە جۆرێک تۆڵە دەستێنێتەوە و بە توندی و بێ بەزەیانە باسی خۆشەویستە کۆنەکەی دەکات. بەڵام ئەم کارەی زۆر بە وردی و هونەرمەندانە کردوە. ئەم هۆنراوە وەکوو هەر بەرهەمێکی مەزنی دیکە دەتوانێ بە شێوازگەلی دیکەش تەفسیری بۆ بکرێ.

سەرچاوە: Just Random Things / Song Facts

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»