×

تێبینی فلیم: ئێنۆلا هۆڵمز

ئێنۆلا هۆڵمز – Enola Holmes
دەرهێنەر: هاری برادبیر
ئەکتەران: میلی بۆبی براون، سام کلافلین، هێنری کاڤیل، هێلێنا بۆنام کارتەر
دەرچوون: ٢٠٢٠

ئێنۆلا هۆڵمز خوشکی دوو لێکۆڵەری بەناوبانگ شێرلۆک (هێنری کاڤیل) و مایکرۆفت هۆڵمز(سام کلافلین)ە. ئێنۆلا کچێکی لاوە کە لە ڕۆژبوونی شازدە ساڵیدا دەبینێت دایکی (هێلێنا بۆنام کارتەر) بەجێ هێشتووە و هەر زوو براکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەرپەرشتیاری کردنی. ئەو لە کاتێکەوە ساوایەک بووە براکانی نەدیوە. مایکرۆفت پێداگرە کە ئێنۆلا وەکوو کچێکی لاو بەشی قوتابخانەی کۆتایی☆ لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی خاتوون هاریسۆندا تەواو بکات و ئامادە بێت بۆ هاوسەرگیری و ڕۆیشتنە نێو کۆمەڵگا. بەڵام ئێنۆلا کە پەروەردەی دەستی دایکییە، وەکوو کچێکی سەربەخۆ گەورە بووە کە ناتوانێت ژیانی ماڵداری و ئەو ژیانەی کەسانی دەورووبەر و کۆمەڵگا بەسەریدا بیسەپێنن قەبووڵ بکات. بە پێی ئەو سەرەداو و نیشانانەی دایکی بەجێی هێشتووە، هەڵدێت بەرەو لەندەن و ئامانجی دەبێت بە دۆزینەوەی دایکی. ئێستا دەبێت دایکی بدۆزێتەوە و لە براکانی هەڵبێت تاکوو نەینێرنەوە بۆ قوتابخانەکە. لە نێو شەمەندەفەرەکەدا کوڕە لاوێکی خانەدان بە ناوی تەوکەسبووری (لویس پارتریج) دێتە سەر ڕێگای کە ئەویش لە چارەنووسێکی ڕەش هەڵاتووە. دواتر لە پاڵ هەوڵەکان و گەڕانی بە شوێن دایکیدا، چیرۆکی تەوکەسبووری و هەروەها دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییەکانی ئنگلیزی ئەو سەردەمە دێنە ئاراوە و هاوکات لەگەڵ گەڕانەکانی بە شوێن دایکیدا ڕوو دەدەن. چیرۆکی فلیمەکە لە ساڵی ١٨٨٤ی ئنگلیزدایە کە کێشمەکێشگەلێک بۆ پەرەدان بە دیموکراسی و هەروەها شەڕی کۆمەڵەی ژنان بۆ بەدەست هێنانی مافی دەنگ دان بەڕێوە دەچێت.

پاش مەرگی باوکیان شێرلۆک و مایکرۆفت ڕیگای ژیانی خۆیان دەگرنە بەر، مایکرۆفت  پۆستێکی حکوومەتی وەردەگرێت و شێرۆک وەکوو لێکۆلەری تایبەتی ئیش دەکات. ئیدی ئێنۆلا لەگەڵ دایکی گەورە دەبێت و هەر لە منداڵییەوە دایکی فێری خوێندنەوە و خۆپاراستن و شەڕ و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی وەڵامی مەتەڵکان و هتدی دەکات. لە سەرەتای فلیمەکەدا ئێنۆلا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوەکەی ئەگەر پێچەوانە پیتەکانی بخوێنیتەوە دەبێت بە ” ئڵەون” کە لە ئنگلیزیدا بە مانای تەنیایە. ئەمەش دەبێت بە یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی فلیمەکە و دواتر دەیسەلمێنێت کە تەنیایی مەرج نییە ببێت بە هۆی خەمۆکی و بێهیوایی. دایکی هەموو شتێکی فێر دەکات بێجگە شێوازی هەڵسووکەوت لە کۆمەڵگادا. فێری کچەکەی دەکات کە ژنانیش بە قەد پیاوان هێزیان هەیە و هەرشتێک پیاوان بتوانن، ئەمانیش دەتوانن بیکەن و ئیدی ناچار نییە تاکە ئامانج و شووناسی لە ژیانیدا دۆزینەوەی هاوسەر و منداڵ بەخێو کردن بێت مەگەر ئەوەی خۆی بیەوێت.

دایکی ئێنۆلا فێمینیستێکی تۆخە و لە پێناو بەدەست هێنانی دەنگی ژناندا چالاکی دەکات و لە بەرانبەردا خاتوون هاریسۆن کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە دژەفێمێنیستە و ڕوانینی بۆ دۆخی ژنان هەر وەکوو پیاوانە و کچێکی نموونەیی بە کچێک دەزانێت کە ئامادەی هاوسەرگیری بێت و بتوانێت ئەو چاوەڕوانیانە کۆمەڵگا هەیەتی لە خۆیدا دەربخات. کە ئەم ژنەش مامۆستای قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەی کچان بۆ کۆمەڵگا، واتە بەجۆرێک نوێنەری فکر و هزری کۆی گشتی کۆمەڵگایە سەبارەت بە مافی ژنان.

لە فلیمەکەدا هەندێک ئاماژەی فێمێنیستی دیکەش بەدی دەکرێن، بۆ نموونە کاتێک خاتوون هاریسۆن بە ئێنۆلا دەلێت دەبێت کۆرسەت و تەلی بەرز کردنەوەی سمت ببەستێت، ئێنۆلا بە ئۆبژە بوونی دەزانێت و کۆرسەت وەکوو هێمای چەوساندنەوە پێناسە دەکات هەرچەند دواجار دەڵێ کە سوودی خۆیشی هەیە و دەتوانێت بەسوود بێت کاتێک پارەکانی تێدا دەشارێتەوە و جارێکیش بەر بە زامدار بوونی بە چەقۆ دەگرێت. چەند جار بە جلی ژێرەوە و تیشەرتی ژێرەوە دەبینرێت و چەندجار کۆرسەتەکەی توند دەکاتەوە. هەندێ لە جلەکان هێڵی نێوان سینەی دەردەخەن. کاتێک تەوکەسبووری جلە ژێرەکانی دەبینێت، کە دایناوە وشک ببنەوە، شەرم دایدەگرێت و بە پەلەپەل کۆیان دەکاتەوە. چەند جاریش جلی پیاوان دەکاتە بەری بۆ شاردنەوەی کەسایەتی خۆی.
لەو کۆمەڵگایەدا پیاوان دەستی ژنان ماچ دەکەن و ڕێز و سۆزیان بەم چەشنە پیشان دەدەن، ئێنۆلا چەند جار باوەش بە تەوکەسبووری دەکات وەکوو نیشانەی ئەوینێکی خاوێن کە ڕەنگە سەرەتای گەشە کردنی سۆزێکی تایبەت بێت. [س]

دواجار فلیمەکە پیشانی دەدات کە تەنیا بوون بە مانای خەمۆکی و خەفەتباری نییە، ئەو تەنیاییە وادەکات ئێنۆلا خۆی بریار بدات و نەچێتە ژێر ڕکێفی بریاری کەسانی دیکەوە و خۆی ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت تەنانەت ئەگەر بڕیارەکەی دژی ویستی هەموو کۆمەڵگاش بێت. بە درێژایی چیرۆکەکە و بڕیارەکانی ئێنۆلا، فلیمەکە گرینگی و سەرنج دەخاتە سەر تاکگەرایی و یەکسانی و ئازادییەوە.
فلیمەکە سەرەتا بە چیرۆکی تاقی کردنەوەی ئێنۆلا و ئاستی سەرکەوتوویی دایکی لە پەروەردەیدا دەست پێ دەکات و هەروەها ئاستی پێداگری و ویستی سەربەخۆیی و کۆڵ نەدانی ئێنۆلا. پاشان ململانێی لەگەڵ کەلتوورەکان و کۆمەڵگا و دۆخی سیاسی و کاریگەری کچێکی لاو لە گۆڕانکارییەکانی وڵاتدا. هەروەها بەشگەلێکی سەرنجڕاکێشی دیکە وەکوو درووست بوونی کێبەرکێیەک لە لێکۆلەری لەگەڵ شێرلۆک، برا بچووکەکەی، کە بەپێچوانەی مایکرۆف تواناکان و زیرەکی ئێنۆلا دەبینێت.

بە درێژایی فلیمەکە گرینگی سەربەخۆیی و ڕزگاری زەق دەبێتەوە کە سەرەتا لە سەربەخۆیی تاک واتە ئێنۆلا و بڕیارەکانی لە ژیانی تاکەکەسی خۆیەوە دەست پێدەکات و پاشان ئەمە گەشە دەکات بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و سیستەمی حکوومەت و گۆڕانکارییەکانی. لەم پرۆسەیەدا میلی بۆبی براون بە جوانی دەوری کچێکی شازدە ساڵی پڕوزە و سەرەڕۆ دەگێڕێت و بەشێکی هەرەزۆری وزەی فلیمەکە لە ئەستۆی دەورگێڕانەکەی ئەم دەبێت.

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.