×

تێبینی فلیم: ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت

ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت – Mission Impossible-Fallout
دەرهێنەر: کریستۆفەر ماککواری – Cristopher McQuarri
ئەکتەران:تۆم کرووز، هێنری کاڤیڵ، ڤینگ ڕاهمیس، سیمۆن پەگ، ڕێبێکا فێرگوسۆن
دەرچوون: 2018

تێبینیێک لە سەر فلیمی ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت
تێبینیێک لە سەر فلیمی ئەرکی مەحاڵ-فاڵئەوت

لەم ٢٢ ساڵەدا هەر لە یەکەم ژمارەی فلیمی ئەرکی مەحاڵەوە، کەسایەتیی ئێتان هەنت بە دەورگێڕانی تۆم کرووز هەر وەک خۆی ماوەتەوە، کەسایەتییەکی بەئەخلاق و قۆز، ڕوومەتیشی هیچی لێ نەگۆڕاوە و هەر وەک جارانە. کردەوە مەترسیدار و سەرنجڕاکێشەکانی هەنت، شێوازێکی نوێی بۆ پاڵەوانەکانی فلیمە ئاکشن و سەرکێشییەکان داهێناوە. جەیمز بۆند بێبەزەیی و دڵڕەقی لەگەڵە، بۆرن (Bourne) کەسایەتییەکی خۆپەرستە، جۆن ویک (John Wick) ئەگەرچی لە گرووپێکی دژەتاوان ئیش دەکات بەڵام پاڵەوان نییە و ئالوودەیە بە هەستی تۆڵەکردنەوە. بەڵام بەپێچەوانەی پاڵەوانی فلیمەکانی دیکەوە، هەنت بە ئاکارەکانییەوە وەکوو کەسێکی بەهەست و بەزەییەوە دەناسرێت؛ لاوازییەک کە تێکەڵی ئەم ژمارە لە فلیمەکە دەبێت و نرخی ئیشەکە دەباتە سەرێ.

ئەم جار سێ گولەتۆپی پلۆتۆنیۆمی زیوی کەوتۆتە دەستی گرووپی ئاپۆستەلز، گرووپێکی ئەنارشیست کە دەیانەوێت بەم بۆمبانە ڤاتیکان، ئورشەلیم و مەککە بتەقێننەوە. دەیانەوەێت ئەم تەقەمەنیانە بکڕن بۆ سۆلۆمۆن لان (بە دەورگێڕانی شان هاریس) تاوانکارێک کە هەنت لە نەتەوەی بێ یاسا ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە فلیمەدا گرتبووی. ئێستا هەنت و هاوڕێکانی لە گرووپی ئەرکە ئەستەمەکان ماوەیەکی کەمیان هەیە بۆ ئەوەی پێش بە ڕوودانی کارەساتێکی گەورە بگرن. هەنت بە یارمەتی لوتەر (ڤینگ ڕاموس) و بێنجی (سیمۆن پەگ) بەردەوام دەبێت، هەروەها ڕاسپاردەیەکی وەڕزکەری سی‌ئای‌ئەی بە نێوی واکەر (هێنری کاڤیل)یش لە گەڵیاندایە. سەرۆکی سی‌ئای‌ئەی وەکوو “چەکوشێک” بۆ یارمەتی دان بە “چەقۆی” هەنت وەسفی ئەم زەلامە دەکات، کەچی لە ڕاستیدا کوتەدارێکی داتاشراو دەتوانێت لە ئەو بەسوودتر بێت. بەشێکی دیکە لە جووڵەی چیرۆکی فلیمەکە دەگەڕێتەوە بۆ تاوانکارێک بە نێوی وایت ویدەو بە دەورگێڕانی ڤانەسا کیربای.

لە سەرەتای فلیمەکە کێشمەکێشێک دێتە ئاڕاوە؛ شتێک کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و دەستپێکی چیرۆکی فلیمەکە، ئەویش هەڵبژاردنێکە لەلایەن پاڵەوانی فلیمەکەوە. هەنت ناچارە لە نێوان ژیانی هاوڕێکەی و سەرکەوتن لەو ئەرکەدا یەکێکیان هەڵبژێریت. بەڵام هەروا کە لە کەسایەتی هەنت چاوەڕوان دەکرێت، ڕزگارکردنی ژیانی لووتەر هەڵدەبژێرێت. بەم جۆرە پلۆتۆنیۆمەکان دەکەونە دەستی تاوانکارەکان و ژیانی چەند ملیۆن کەس دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەم هەڵبژاردنە ئەخلاقییە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی کەسایەتی هەنت پیشان دەدات، سەرۆکەکان لۆمەی دەکەن بەڵام لە ئەنجامی فلیمەکەدا وەکوو پاڵەوانێک دەیبیننەوە کە بە یارمەتی هاوڕێکانی پێش بە ڕوودانی کارەساتێکی گەورە دەگرێت.

بە دیزاین و پێکهێنانێکی جوانەوە دەبینین کە تۆم کروزی ٥٦ ساڵان لە بەرزاییەکی زۆرەوە لە فڕۆکەیەکەوە دادەپەڕێت ئەویش لەکاتێکدا کە زریانێک لە ئاسماندایە، لە کڵابێکی پاریس بە کرژوکۆڵی هاتووچوو دەکات و پەردەگەلێکی ئاکشنی جوان دەخولقێنێت. دەچێتە نێو مەنهۆڵەکانی ژێر گالەری تات مۆدەڕن لە لەندەن. دێڕگەلێک دەڵێتەوە وەکوو: “کاتێک بگەین بەو پردە، دەیڕوخێنین”. تۆم کرووز بە درێژایی فلیمەکە کەرەستەگەلێک وەکوو ماتۆڕسکیل، هەلیکۆپتەر، تەناف و ماسک بەکار دەهێنێت. دڵی دوو ژن لە ژیانی ڕابردوویدا دەخاتە خورپەوە (ژولیا بە دەورگێڕانی میشێل مۆناگان، ئیلسا فراست بە دەورگێڕانی ڕێىێکا فەرگوسۆن). لە شێوازی ژانرەکە دیارە کە لە ئاکامدا ئەم ئیشانە نەکردە و مەحاڵ نین، بەڵام کریستۆفەر مەککارنی دەرهێنەری فلیمەکە بە جۆرێک ڕووداوەکان دەر دەخات و سەرنج دەخاتە سەر خێرایی تێپەڕبوونی کات کە سەیرکردنی ئەم فلیمانە زۆر چێژبەخش دەبن.

سیمران هانس
سەرچاوە: The Guardian

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.