×

تێبینی فلیم: پاشای کۆمیدیا

پاشای کۆمیدیا – The King of Comedy
دەرهێنەر: مارتن سـکۆرسێزی
ئەکتەران: ڕۆبەرت دی نیرۆ، جێری لوئیـس، سەندرا بەرنهارد، دایان ئابۆت
دەرچوون: ۱۹۸۲

پاشای کۆمیدیای دەرهێنەر مارتن سکۆرسێزی1Martin Scorsese – ئەکتەر و دەرهێنەرێکی ئیتاڵی-ئەمەریکی_یە کە وەکوو یەکێک لە گرینگترین و کاریگەرترین سینەماکارەکانی مێژووی سینەما دەناسرێت. یەکێک لە وشکترین و ئازاربەخشترین و بریندارترین فلیمگەلێکە تا ئێستا دیبێتم. ئەستەمە بڕوا بکەین سکۆرسێزی ئەم فلیمەی چێ کردبێت؛ بە پێچەوانەی ژیانی نێو شارە قەرەباڵغەکان، توندووتیژی و پێوەندییە جنسییەکانی نێو فلیمەکانی دیکەی وەکوو شۆفێری تەکسی2Taxi Driver (1976) و شەقامە کەلاوەنشینەکان3Mean Streets (1973) ئەو شتەی کە لێرە هەمانە وێنایەکی چڕە لە خەڵکانێکی تەنیا و تووڕە کە هەموو هەستەکانیان دەشارنەوە و هیچیان دەرنابڕن. ئەمە فلیمێکە پێ دەچێ کە ئامادە بێت بۆ تەقینەوە، کەچی ئەو شتە قەد ڕوو نادات.

یەکەم جار کە پاشای کۆمیدیام سەیر کرد، ئەو نەبوونی حەسانەوە و خۆ دەرخستنە لە فلیمەکەدا وەڕسی کردم. هەوڵم دا بەردەوام بم و چاوەڕێ بووم فلیمەکە خۆی دەرخات و ئەمە ماندوو و وەڕزی کردم. ڕەنگە ئەمە بیرۆکەی فلیمەکە بووبێت. ئەمە فلیمێکە سەبارەت بە نەپەژراندن و ڕەت کردنەوە، لەگەڵ پاڵەوانێک کە هیچ کات دان بەوەدا نانێت کە ڕەت کراوەتەوە، ئیدی نە تراژیدیێکی لێ دەکەوێتەوە نەک کۆمیدیێک، و دەبێت بە دواخستن و درێژە دان بە ئازار.

کاتێ لە یەکەم نمایشی فلیمەکە هاتمە دەرەوە، پڕ بووم لە هەستێکی ناخۆش بەرانبەر بە فلیمەکە و هیچ خۆشم نەویست؛ هەڵبەت خۆش نەویستن نەک بێبایەخی و گرینگ نەبوون. بیرەوەریەکانی پاشای کۆمیدیا بەردەوام چنگی لە دەروونم دەگرت و کاتێک خەڵک لێمیان دەپرسی ڕام سەبارەت بە فلیمەکە چیە، دەمگوت دڵنیا نیم! پاشان چووم فلیمەکە بۆ جاری دووهەم سەیر کەم، پێدەچوو ئەم جار باشتر بێت، ڕەنگە لە بەر ئەوەی کە دەمتوانی بە بێ هیچ چاوەڕوانیێک بچمە ژوورێ. دەمزانی کە فلیمێک نیە بۆ ڕابواردن، دەمزانی کە کۆتایێکی هەستبزوێنی نیە و کۆتاییەکەی ڕەشبینانە و ناپەسەندە. بەم زانیاریانەوە و ئەوەی کە شتێکی دیکەی تێدا نیە بۆ ڕوو دان، ئازاد بووم کە بەس سەیری ئەو شتە بکەم کە لە سەر پەردەکە نمایش دەکرێت.

ئەو شتەی دووهەم جار باشتر لە یەکەم جار بەدیم کرد، دەورگێڕانی ڕۆبەرت دی نیرۆ، جێری لوئیس، دیان ئابۆت و ساندرا بەرنهارد بوو کە دەوری سەرەکیترین کەسایەتییەکانی فلیمەکەیان هەبوو. دەشێ پیشان دانی دەوری ئەم کەسایەتییانە ئیشێکی قورس بووبێت چونکە لەم فلیمەدا کەس گوێ ناگرێت؛ هەمووان چاوەڕێن بەرانبەرەکەیان قسەکانی تەواو کات و خۆی بتوانێ دەس بکات بە قسە کردن. هەروەها هەموو کەسێک لە فلیمەکەدا ئەوەندە لە بواری هەستییەوە دابڕاو و دوورپەرێزن کە لەوانەیە تەنانەت نەتوانن تێبگەن ئاخۆ چیان کەمە!

لە فلیمەکەدا ڕۆبەرت دی نیرۆ دەوری ڕوپەرت پوپکین دەگێڕێ، پیاوێکی سەیری تەمەن سی ساڵان کە لە خولیاکانیدا خۆی وەکوو ئەستێرەیەکی تەلەفیزیۆن دەبینێت. لە ژێرخانەکەیدا مەشق دەکات و لەگەڵ پەیکەرگەلێکی کاغەزی لە وێنەی لیزا مینەلی و جێری لوئیس قسان دەکات. خەون بە ئەوەوە دەبینێ کە دەرفەتی ستەنداپ کۆمیدییەکی4ستەنداپ کۆمیدی: چەشنێک کۆمیدییە کە کۆمیدیانەکە لە بەرانبەر بەردەنگەکانیدا دەوەستێت و ڕاستەوخۆ قسەیان بۆ دەکات. هەبێت لە پرۆگرامی تەلەفیزیۆنی نیوەشەوان بە میوانداری لوئیس (کە لە فلیمەکەدا نێوی جێری لانگفۆردە). فلیمەکە بە یەکەمین دیداری ڕوپەرت لەگەڵ جێریەوە دەست پێدەکات کە بە زۆرەملێ خۆی دەخاتە نێو لیموزینەکەی5لیموزین: ئۆتۆمۆبیلێکی گرانبەها و دەوەڵەمەندانەیە کە لە ئۆتۆمۆبیلە ئاساییەکان شۆڕترە. جێرییەوە و ناحەزانە و بە نێوی بچووک جێری بانگ دەکات و دەست دەکات بە قسە کردن. جێری بەڵێنێکی نادیار دەدات بۆ سەرنج دان و بینینی شێوازی کۆمیدیایی ڕوپەرت. ئیدی درێژەی فلیمەکە تەرخان دەکرێت بە ڕوپەرت و تاکە ئامانجەکەی کە کەوتنە دووی گەیشتنە بە ناوبانگ. دەچێت بۆ نووسینگەکەی جێری، بە ڕوویەکی خۆشەوە دەینێرنە دەرەوە، دەگەڕێتەوە و دیسان پێشوازی لێ ناکرێ و گرینگی پێ نادەن، لەگەڵ دۆسەکەیدا دەچێت بۆ ماڵەکەی جێری لە دەرەوەی شار و دیسان دەس دەنرێتە ڕوویەوە و لە کۆتایدا بڕیاری ڕفاندنی جێری دەدات.

ئەمە لە چیرۆکێک دەچێت بۆ ڕابواردن، بەڵام سکۆرسێزی تاکە پەردەیەکیش ئامادە ناکات بۆ ئەوەی دەرکەوتن و دەرئەنجامێک درووست بکات. فلیمەکە ئەزموونێکە لە نیوەچڵ هێشتنەوەیەکی سینەمایی، تەنانەت لە پەردە گرینگەکەی نێو باڕەکەدا کاتێ ڕوپەرت بە کەیفخۆشی و زەوقەوە تەلەفیزیۆنەکە هەڵ دەکات تاکوو نمایشەکەی خۆی پیشان بدرێت، بە ئەنقەست بە جۆرێ دەستکاری کراوە کە ئەو گرتە فلیمانە دەرئەنجامێک لە کاردانەوەی کڕیارە سەرسووڕماوەکان پیشان نەدەن. سکۆرسێزی نایەوێ ئەم فلیمە پێکەنینی بێت، هەروەها نایەوێت دەرئەنجامی لێ بکەوێتەوە و فلیمەکە خۆی دەربخات. هەموو فلیمەکە سەبارەت بە نەتوانینی کەسایەتییەکانە بۆ گەیشتن بە هەر چەشنە کاردانەوەیەکی ئەرێنی بەرانبەر هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ پێناسە کران و بۆ ئەوەی کە کەسانی دیکە لێیان تێبگەن. ئەم لێک تێنەگەیشتنەش لە نێوان کەسایەتییەکاندا هەر وەکوو خۆی دمێنێتەوە.

پاشای کۆمیدیا فلیمێکی پێکەنینی و بۆ ڕابواردن نیە. هەروەها فلیمێکی خراپیش نیە. سەیر کردنی وەڕزکەرە و بیرەوەریێکی ناخۆش لە بینەردا بە جێ دێڵێ و بە شێوازێکی تایبەت زۆریش کاریگەرە. ئەمە پیشاندەری گۆڕانێکی گەورە و جیاوازە لە سکۆرسێزیدا کە فلیمەکانی پڕ بوون لە ژیان. لەم فلیمەدا دەبینین کە چۆن دەرهێنەرێک وا جاران کامێراکەی بە بێحەسانەوە لە نێوان جیهانی فلیمەکانیدا لە هاتووچوودا بوو، لێرەدا کامێراکەی داچەقاندووە. سکۆرسێزی و دێ نیرۆ گرووپێکی دەرهێنەر_ئەکتەری بە توانا و داهێنەرن و خاڵێکی ئەرێنییە کە ئەو ئازادییەیان بە خۆیان بەخشیوە کە وەها فلیمێکی سەیر و جیاواز درووست بکەن کە زۆر بە دڵی کۆی بینەران نیە بەڵام بەگشتی پاشای کۆمیدیا فلیمێکە پاش دیتنی وا دەکات بینەر بیەوێت بچێت و فلیمەکانی دیکەی سکۆرسێزی سەیر بکات.

سەرچاوە: Roger Ebert

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.