×

تێبینی فلیم: ژیان جوانە

ژیان جوانە – Life Is Beautiful
دەرهێنەر: ڕۆبەرتۆ بێنیگنی
ئەکتەران: ڕۆبەرتۆ بێنیگنی، نیکۆلێتا براسچی
دەرچوون: 1997

لە دەستپێکدا باشترە سەرنجێکی کورتمان هەبێت بۆ پێڕەوێکی ئارسەر شۆپنهاوەر کە بیرۆکەکانی لەم فلیمەدا بە کار هێنراوە. شۆپنهاوەر فەیلەسۆفێکی ئەڵمانی بوو کە لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا دەژیا. لە ناسراوترین بەرهەمیدا بە ناوی ‘جیهان وەکوو ویست و بیرۆکە’، باسی ئەوە دەکات کە ‘ویست’ هێزێکی جیهانییە و بۆ خۆی لە هەموو شوێنێکدا هەیە و ئەمە شتێک نیە هی بەس کەسێکی تایبەت بێت. بە بڕوای ئەو، ئەم ویستە تەنانەت زۆر گرنگترە لە زەینی ئاوەزمەند. ئەگەرچی هەر ئەم ویستەیە کە سەرچاوەی هەموو ئازارێکیشە.

بەکارهێنانی بیرۆکەکانی شۆپنهاوەر لەم فلیمەدا بە چەند هۆیەک تا ڕادەیەک ئاڵۆز دەبێت. گیوودۆ لە ئەو سەرنجەی شۆپنهاوەر بۆ سەر گرنگی خواست بە هەڵەدا دەچێ و وا تێدەگات کە ئەو هێزی خواستە بەسە بۆ ئیش کردن و گۆڕانکاری لە جیهانی دەورووبەریدا. لە ڕاستیدا، ڕوانگەی شۆپنهاوەر ئەوەیە کە ژیان شتێکی بێ ئامانج و ئازاربەخشە؛ خواستەکان، ئازار و ناخۆشی و خەفەت و خەمۆکی پێک دێنن و ئەگەر بکرێ باشترە بەر بە ژیان بگیردرێ. ئەمە تەوس (ئایرۆنی)ێکە کە گیوودۆ بیرۆکەی شۆپنهاوەر لەگەڵ ئایدیالیزم و هیوادا بەکار دێنێ و سوودی لێ دەگرێ و دەیەوێت سەرنجی دۆرا بۆ خۆی ڕابکێشی، هەروەها ئەم شێوازە بە کار دێنێ تا کوڕەکەی لە نێو کامپەکەدا لە مەرگ بپارێزێ. هەندێک لە ڕخنەگرەکان دەڵێن کە فەلسەفەکانی شۆپنهاوەر بەشێک لە سرووش و ئیلهامەکانی ڕژیمی فاشیستی بووە، بەجۆرێک کە کاتێک گیوودۆ بیرۆکەکەی شۆپنهاوەر دژ بە فاشیزم بە کار دەهێنێ، ئایرۆنییەکی زۆر بەرچاو پێک دێت.

گیوودۆ جیهانێکی خەیاڵی بۆ کەسانی دەوروبەری دەخولقێنێ. بە ناوی ‘شازادە خاتوون’ بانگ لە دۆرا دەکات و خۆیشی بە ‘میرزادەیەک’ پیشان دەدات. سەرەڕای ئەوە کە هەردووکیان ڕاستییەکە دەزانن، زۆر حەز دەکەن کە لەو جیهانە خەیاڵیەدا بن و چێژ لەو گەمەیە ببینن. بەم جۆرە، خەیاڵەکانی گیوودۆ شێوەیەکە بۆ دەرچوون لە ناخۆشییەکان و ڕزگار بوون لە زامەکانی ژیانی واقیع، شێوەیەکە بۆ بەرانبەر بوونەوە لە گەڵ واقیعە ناحەزەکان و ڕازاندنەوەی ئازارەکان و ناشرینییەکان بۆ شتێکی جوان.

گیوودۆ لە هەندێک ڕووداوی هاوکات سوود دەگرێت و خۆی بە جۆرێک پیشان دەدات کە دەڵێی کاریگەری لە سەر چارەنووس هەیە یان دەتوانێ شتێکی جادوویی بکات. بەوجۆرە دەوروبەرییەکانی سەرسام دەکات و فێڵەکانیشی ئاشکرا ناکات. ئەو پێی خۆشە کە جیهانێکی دی بۆ کەسانی دەوروبەری و خۆشەویستەکانی بخولقێنێ. ئەمە ئەو بیرۆکەیە بەرز دەکاتەوە کە دەرک و تێگەیشتنی هەر کەسێک بەشێکە لە واقیعی ئەو کەسە. گیوودۆ بە ئیشەکانی، شێوازی تێگەیشتنی کەسانی دەوریبەری لە دونیا دەگۆڕێت و لە چەشنی هەڵسووکەوتی ئەوان لەگەڵ دونیادا کاریگەری دادەنێ. کاتێک گیوودۆ بە سواری ئەسپ دەچێ بۆ ڕزگار کردنی دۆرا، لە خەیاڵ و فەنتەزیای خۆیدا، سوارچاکێک دەبینێت کە دەچێت کچێکی خەمۆک ڕزگار بکات و لەم خەیاڵەی چێژ دەبینێت. ئەگەرچی بە ڕاستیش خەریکە دۆرا لە ئەو ژیانەی ڕزگار دەکات و بە سواری ئەسپ دەیڕفێنێ. هەر بەم جۆرە، کاتێک دەکەونە نێو کامپەکەدا و ڕووبەڕووی مەترسی مەرگ دەبنەوە، بە گیۆسۆدەڵێ هەموو شتێک گەمەیەکە، هەوڵ دەدات چیرۆک و خەیاڵێک لە ڕۆح و دەروونی کوڕەکەیدا نگا بێڵێت. سەرەڕای ئەمانە لە کۆتایی فلیمەکەدا، گیۆسۆ زیندوو دەمێنێت و ڕزگاری دەبێت، ژیان و ئەو شتانەی فێریان دەبێت زۆر ڕاست و واقعین. لە ژیان جوانە دا دەبینین کە فەنتازیا و خەیاڵ دەتوانێ ببێت بە واقیع.

گیوودۆ بە ویستی خۆی کەسێکی ساوایە، یان لانی کەم بەو چەشنە خۆی دەردەخا. کاتێک فێرووکیۆ بیرۆکەکەی شۆپنهاوەری بۆ باس دەکات، ئەو بابەتە زۆر بە جدی وەر دەگرێت بەڵام هەر لە واتا ڕووکارەکەی دەگات و تێناگات کە ئەوە دۆخێکی زەینییە و فێڵێکی جادوویی نیە. ئەم ساوایەتییە جۆرێک لە خاوێنی و پاکییە کە زۆر جار وا دەکات وا دەربکەوێ کە ناتوانێ لە دڵڕەقی و لایەنی شەیتانی نێو کەسانی دیکە تێبگات. کاتێک ئێلیسیۆی مامی ئەسپەکەی پێ نیشان دەدات کە وشەی ئەسپی جوولەکەی لە سەر نووسراوە، وەکوو گاڵتەیەکی ئازاربەخش سەیری دەکات نەک نیشانەیەک لە ڕق و توندووتێژی.

گیۆسۆ خاوێنی و پاکی منداڵێکی هەیە، گیوودۆیش هەوڵ دەدات ئەم خاوێنییەی کوڕەکەی بپارێزێت. ئەو گەمەیە کە بۆ گیۆسۆ دەیخولقێنێ، ئەو منداڵە لە لایەنە ناشرین و پیسەکەی نێو سرووشتی مرۆڤەکان دەپارێزێ. جیا لە پاراستنی گیانی کوڕەکەی، گیوودۆ خاوێنی کوڕەکەیشی دەپارێزێت. لە ژیان جوانە دا، خاوێنی و ساوایی ڕوانگەیەکە نەک بەس شتێکی پاک کە کەس بتوانی تێکی بدات. سەرەڕای ئەوەی کە فلیمەکە چەند ساڵ دەخایەنێ، گیوودۆ هیچکات فێری شۆفێری نابێت و هەر بە سواری پاسکیل هاتووچوو دەکات. گیوودۆ تێدەگات لەو چەوساندنەوانە کە سەرۆکە فاشیستەکانی کامپەکە بە سەریدا دەیسەپێنن، بەڵام دەیەوێ ڕوانینێکی ئەرێنی لە ژیانیدا نگا بێڵێت. گیۆسۆیش ڕووبەڕووی ئەم چەوساندنەوە دەبێتەوە، بەڵام گیوودۆ ڕوانینە ئەرێنیەکەی خۆی فێری کوڕەکەیشی دەکات. گیوودۆ دەیەوێ ساوایی خۆی و کەسانی دیکەی خۆش بوێت، چونکە ئەو عاشقی مرۆڤایەتییە و ناهێڵێت دۆڕانەکان بیبەزێنێت.

بابەتێکی گرنگی دیکە لە ژیان جوانە دا بیرۆکەی بێدەنگیە. بێدەنگی لێرەدا هەم ئازایەتی و هەم ترسەنۆکیش نیشان دەدات. مامە ئێلیسیۆ بیرۆکەی بێدەنگی وەکوو ئازایەتیێک دەنوێنێ: کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی و بێڕەحمی دەبێتەوە، هێمنە و ئازارەکانی دەر ناخات. بۆ یەکەمین جار کە لە فلیمەکەدا دەردەکەوێ، بەر هەڕەشە و گوڕەشەی هەندێک بەڕبەڕ و کەسانی دژ بە جوولەکە کەوتووە. کاتێک لێ دەپرسن بۆچی دەنگی بەرز نەکردەوە و هاواری نەکرد، دەڵێت ‘هەندێ جار بێدەنگ بوون باشترین چەکە’. درێژە بە ژیانی ڕۆژانەی دەدات و زۆر کەم گرنگی بەو پەلامارانە دەدات. زۆرتر هەوڵ دەدات یارمەتی گیوودۆی برازای بدات کە لەگەڵ دۆخە نوێکەیدا ڕا بێت. مەترسییەکانی فاشیزم وەکوو درێژەی چارەڕەشی و کێشەیەک دەبینێ و هەوڵ دەدات ئەم کێشانە بە هێمنی ڕابگرێت.

دوکتۆر لێسینگیش بەرانبەر ئەو هەڵسووکەوتەی دژ بە جوولەکەکان بێدەنگە، بەڵام ئەم جۆرە بێدەنگییە شیاو نیە. وەکوو کەسێکی پلەبەرز لە حیزب و لایەنە فاشیستەکەدا، هێزێکی زۆری هەیە. قسەی ئەو کاریگەری هەیە، بەڵام بێدەنگییەکەی وا دەکات فاشیستەکان کارەکانیان بە بێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک درێژە پێ بدەن. یارمەتی نەدانی گیوودۆ، مەحکوومی دەکا. ئەگەرچی لە ڕاستیدا ڕاستەوخۆ کەسێک ناکوژێت بەڵام بێدەنگی و هیچ نەبێژییەکەی یارمەتیێکە بۆ ئەو ئیشە نامرۆییانە کە لە کامپەکەدا ڕوو دەدەن. بێدەنگییەکەی ترسەنۆکانەیە، ئەوەی کە نایەوێ بەرەنگاری فاشیستەکان و ئازاری جووەکان و تەنانەت هاوڕێکەی خۆیشی بێتەوە بە جۆرێک ڕازی بوونی لە گەڵ ئەو دۆخە پیشان دەدات.

گیوودۆ زۆر حەزی لە مەتەڵە و لە وەڵام دانەوەیان زۆر شارەزایە، ئەم توانایە لە شی کردنەوەی مەتەڵەکان شێوازی هەڵسووکەوتی لە گەڵ ژیاندا نیشان دەدات. زۆر چێژ دەبینێ لەوەی چارەسەری بۆ کێشە ئاڵۆزەکان بدۆزێتەوە و هەموو کات لە بیری ئەوەدایە کە بە زەینی خێرا و تێژی خۆی، ئەوانەی دەوروبەری سەرسام بکات یان لە مەترسی بیانپارێزێ.

کاتێک دوکتۆر لێسینگ لە جێژنی شامەکەدا مەتەڵێک بۆ گیوودۆ دەڵێت، گیوودۆ وا دەزانێ دوکتۆر دەیەوێ یارمەتییان بدات لەوێ ڕزگاریان بێت، بەڵام ئەم هیوایەی تێک دەچێت. لەم بەشەدا گرنگی دۆخی گیوودۆ بەرانبەر سرووشتی بێنرخ و بێبایەخی مەتەڵدا دەبینین. پێش هۆلۆکۆست ژیان زۆر هێمن و ئاسانتر بوو، کێشەگەلێک کە خەڵک پێی سەرقاڵ بوون شتگەلێکی زۆر ساکارتر بوون و مەترسییەکان ئەوەندە بەهێز نەبوون. مەتەڵ (یان ڕەنگە کێشەگەلی ڕۆژانە) بەراورد بە دۆخی ئێستای گیوودۆ شتێکی سوریاڵ و گەمژانە دێنە بەرچاو.

بابەتێکی گرنگی دیکە لەم فلیمەدا ئازایەتیە. ئازایەتی بیرۆکەیەکە لە سەرانسەری ژیان جوانەدا دەردەکەوێ. گوشاری دژەجووەکان و بێڕەحمی و زوڵم و ڕق لە سەر هەمووکەسێکی نێو فلیمەکە کاریگەری دادەنێ. کاردانەوەی هەر کەسایەتیێکیش بەرانبەر ئەم گوشارانە، پیشاندەری بڕوا و سرووشتی دەروونی ئەو کەسانەیە.

دۆرا نموونەیکی تەواو لە کەسێکی ئازایە. دووڕێیانگەلێک کە لە فلیمەکەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئاوێنەی ئەو دوڕێیانانەن کە خەلکێکی زۆری ئیتالیا لە ساڵەکانی ١٩٣٠ ڕووبەڕووی دەبوونەوە. لە سەرەتای فلیمەکەدا خۆی لە نێو پەیوەندییەک لە گەڵ پیاوێکدا دەبینێتەوە کە خۆشی ناوێت. دەوروبەریشی کەسانێکن کە بیر و کردەوەیان لە گەڵ ئەودا ناگونجێت. ڕقی لەو دۆخ و شێوازی ژیانی کەسانی دەوروبەریەیە بەڵام هەست دەکات بێیارمەتیدەرە و ڕزگاری نابێت. کاتێک گیوودۆ دێتە نێو ژیانیەوە، تێدەگات کە ڕێگایەکی دیش هەیە: ئەوەی کە بە شوێن دڵی بکەوێت. دۆرا زۆر ئازایانە ئەو دۆخە ئاسوودەیە بە جێ دێڵێ تاکوو لەگەڵ ئەوینە ڕاستەقینەکەیدا بێت، زۆر لەو بڕیارەشی دڵخۆش دەبێت. هەستی دۆرا وەکوو دیلێک لە نێو دۆخ و کەسانی دەوروبەریدا، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە کاتێک فاشیستەکان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، ئاخۆ خەڵکی ئیتالیا چ هەستێکیان هەبووە. دۆرا ئەو شتانەی لە ژیانیدا ڕو دەدەنی پێ خۆش نیە، بەڵام چارەیەکیش بۆ سەرکەوتن نابینێ. هەر بەمجۆرە خەڵکی ئیتالیای ئەو ساڵانەش هەستیان دەکرد کە بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ حکومەت شتێکی نەکردە و مەترسیدارە. لەولاشەوە بێدەنگیەکەیان ئیزنی دەدا بە چەوسێنەرەکان کە هەرچێک دەیانەوێ بیکەن. بێدەنگیەکەیان ڕەنگە وەکوو ترسنۆکی و ئازانەبوونیان دەرکەوتبێ. کاتێک گیوودۆ بە ئەسپێکەوە دێتە نێو هۆڵەکەوە و دۆرا ڕزگار دەکات، پیشانی دەدات کە وەها ئازایەتیێک دەتوانێ بوونی هەبێت و زۆریش بەنرخە، ئەو کردەوەیە وەکوو ئالیگۆری و نموونەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوە دژ بە حکومەت دێتە بەر چاو.

هەروا کە دیارە، باسی سەرەکی فلیمەکە کارەساتی هۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژی جوولەکەکانە. کارەساتێک وەکوو هۆلۆکۆست زۆر زۆر ئاڵۆزترە لە کارەساتێکی سرووشتی وەکوو زریان یان بوومەلەرزە. کارەساتە سرووشتیەکان ئازایەتی کەسەکان تاقی دەکەنەوە بەڵام دەستپێک و ڕوودانیان بەدەرە لە ویست و کردەوەی مرۆڤەکان. بەڵام هۆلۆکۆست بەرهەمی ڕاستەوخۆی هەڵبژاردن و ویستی مرۆڤە. (ئاکامی ئەم ویستە جیا لە کەسەکان نەبوو وەکوو شۆپنهاوەر باسی دەکات، ئەم ویستە ڕاستەوخۆ لە هەندێک کەسی تایبەتەوە درکەوتووە). ئەگەر کارەساتێکی سرووشتی وەکوو پێکدادانێک لە نێوان کۆمەڵگا و سرووشتدا سەیر بکەین، کارەساتێک وەکوو هۆلۆکۆست، کۆمەڵگا ڕووبەڕووی خۆی دەکاتەوە. لە کاتی ڕوودانی هۆلۆکۆستدا هەر کەسێک دەبوو دۆخەکەی شێ بکردایەوە و بڕیاری بدایە ئاخۆ دەبێ مل بدات بە بەها نوێکانی کۆمەڵگا یان نا. ئازایەتی لە پاڵ وەفاداری تاک و بەها تاکییەکان تاقی دەبوونەوە. ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەم بڕیارە ئاڵۆزانەدا پێک دەهاتن تاقیکەرەوەی ئاستی ئازایەتی کەسەکان بوو. بۆ نموونە فەرمانبەرێکی نازی لەگەڵ مامێکی جوولەکە دەبوا وەفاداریان بەرانبەر حکومەت لە گەڵ وەفاداریان بۆ بنەماڵەیان بسەنگێنن، لێرەدا ئەم پرسیارەی کە چۆن دەبێ ئازا بن وەڵامێکی ئاسانی نیە. جووتیارێکی جوولەکەی ئیتالی کە زەوینێکی هەبوو، دەبووا بڕیاری بدایە ئاخۆ وڵات بە جێ بێڵێت یان بمێنێتەوە و ئەو زەوینە کە هی باوک و باپیرانی بووە بپارێزێت. ئەوینی بۆ ماڵ و نیشتمان لە گەڵ خواستی سرووشتی بۆ ژیان بسەنگێنێ. مرۆڤایەتی و ئایدیاڵیزم و ویست و ئارەزوو شتگەلێکی پێویست و گرنگن. هەندێ جار ‘کاری درووست کردن‘ ئەوەندەی ئازا بوون بەرانبەر مەترسییەکان ئاسان نیە. کردەوەی ئازایانە شتێکە لە سەر هەبوونی بیرمەندی و ئایین و هەڵسەنگاندن و بڕیار دان کە لە نێوان دوڕێیانەکاندا سەر هەڵدەدات.

ژیان جوانە دەیەوێ شتێک بڵێت ئەویش باس کردنی واقیعی ژیانە لە دۆخێکی تایبەت لە مێژووی مرۆڤدا، بە تایبەت ژیانی بنەماڵەیەک لە کامپێکدا کە فاشیستەکان جوولەکەیەکی زۆری تێدا دەکوژن. ئەم فلیمە ڕۆحێکی نوێ دەخاتە نێو چیرۆکێکی تراژیدی و دڵتەزێنەوە کە پێشتر زۆر جار گێڕدراوەتەوە. ئەم بڕیارەی بێنیگنی کە بۆ پیشاندانی نامرۆڤایەتی و نەگریسی فاشێستەکان کۆمیدیا بە کار بهێنێ، زۆر سەرسووڕهێنەرە. بەڵام کاریگەریێکی زۆری هەبووە و توانیویە ئەو بیرو بڕوایەی بە باشی وێنا بکات کە جوانی و ڕووناکی تەنانەت لە ناخۆشترین و سامناکترین شوێنەکانیشدا هەر دەدۆزرێنەوە.

سەرچاوە: Grade Saver

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.