گۆرانی کوردی

جوانی بێناو-هۆمەر دزەیی

جوانی بێناو
هۆنراوە: مامۆستا گۆران
گۆرانیبێژ: هۆمەر دزەیی

قژ کاڵی لێو ئاڵی، پرشنگی نیگا کاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێک ئاڵ!

ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو
گەندەمووی دەم و چاو، مەچەک هەڵنەگرتوو

ئەی ئەندام وردیلەی، نەرمۆڵەی، ئێسک سووک
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک!

ڕاستە من ڕێبوارم، سەرپێیی ئەڕوانم
بەڵام وا جوانی تۆ کاری کرد لە گیانم

ئەڵێی،نەک هەر ئێستا، عومرێکی درێژە
بەو دەستو پەنجانەت برینم ساڕێژە!

ئەی کچە کاڵەکە! جوانی تر با زۆر بن
لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر بن

با ڕەنگیان پەرداخت بێ و جێگەیان سەرچڵ بێ
بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ،

گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە!

لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان!
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان!

لە تەختێک هەڵ دەستێ هەزار و یەک نەغمە:
ئەوەیان شیرینتر دێتە گوێم زۆر نزمە!
کانیێکی ڕوونی بەر تریفەی مانگە شەو
لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو

جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیشکی ڕۆژ شڵپ و هووڕ!

قژ کاڵی لێو ئاڵی، پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێک ئاڵ!

دەربەست نیم ڕێبوارم، دەربەست نیم ڕەوتەنیم
ئەزانی شپرزە و دەربەستی ئێجگار چیم؟

هی ئەوەی نیگارێک لە یادم کێشراوە
شۆخێکی نایابە، بەڵام ئاخ، بێ ناوە.

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە