وێژە

جیاوازی شیعر و فەلسەفە و هونەرە سۆماییەکان

شیعر وەکوو هونەرێک

شیعر ژانرێک لە وێژەیە کە بە شێوازێکی جیاواز و بە بەکارهێنانی کێشە شیعرییەکانی، بە هێز و توانایەکی بەرچاوەوە هەوڵ دەدات  هەست و ئەزموون و بیرۆکەگەلێک دەرببڕێ. جێگەی سەرنجە کە شیعر بە گوێرەی هونەرە سۆماییەکان (وەکوو نیگارکێشی) لە ڕوانگەی هونەرییەوە سنوورێکی کەمتری بەر دەکەوێ، چوونکە دیمەنێکی دیاریکراوی بۆ دابین ناکرێ. هەروەها شیعر بە جۆرێکە، ئەزموون و هەستی هاوبەشی تایبەت بە زۆرتر لە یەک کەس لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە.

جیاوازی شیعر و هونەرەکانی دیکە

خەیاڵ بۆ بەرهەمهێنانی هونەرێکی سۆمایی جیاوازە لە خەیاڵی شیعری. نیگارێک بۆ پیشاندانی هەست و ئەزمون و بیرۆکەکان لە وێنا کردنی شتە فیزیاییەکان کەڵک وەردەگرێ بەڵام شیعر بۆ ئەو مەبەستە زمان و ڕێزمان و وشەکان بە کار دێنێ.

دەکرێ شیعر بە لقێک لە فەلسەفە بزانین؟

لە کتێبی ‘کۆمار’دا ئەفلاتوون بە توندی ڕەخنە لە شیعر دەگرێت و نکۆڵی دەکات لەوەی کە شیعر بتوانێ لق و چەشنێک لە هزر و زانست و تێگەیشتن بێت. شیعر وەکوو بەس لاسایی کردنەوەیەک پێناسە دەکات کە تەنیا دەڕوانێتە ڕووکارەکانی جیهانەوە. لە خوارەوە بە کورتی جیاوازی و لێک چوونەکانی شیعر و فەلسفە باس دەکەین.

جیاوازییە گرینگەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە

شیعر بە ئەنقەست ئامانجێکی کراوەی هەیە، ئامانجی ئەم ژانرە گوتنەوەی بایەخەکان نیە. شاعیر دەچێتە نێو پرۆسەیەک لە پێکهێنانی مانا بە شێوازێکی خوازەییانەوە کە بە جۆرێک مانایەکی جیهانی هەیە بۆ هەموو خەڵک. بە پێچەوانەی شیعرەوە، فەلسەفە شتێکی ئنترسۆبژێکتیڤ نیە و بەڵکوو دیالێکتیکییە. فەلەسەفە بریتییە لە گفتووگۆیەکی مەنتیقی یان لێکدانەوەی بیرۆکە و بۆچوونە جیاوازەکان بە مەبەستی گەیشتن بە دەرئەنجامێک لە سەر واقیع (بە بێ کاریگەری هەستی تاک).
شیعر زۆرتر گرینگی دەدات بە جوانی یان ستایشی جوانییەکان. شاعیر ئەزمونەکانی مرۆڤ پێناسە دەکات و وەسفیان دەکات بە چەشنێک کە لە ڕوانگەی جوانناسییەوە هەم سەرسامکەر بێت هەم چێژبەخش. بە پێچەوانەی شیعرەوە، فەلسەفە زۆرتر زانستییە. فەیلەسۆف هەوڵ دەدات کە ئەزمونەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی لۆجیکی پێناسە بکات. شیعر ئەزمون و هەستە ڕاستەقینەکانی خەڵک لە خۆی دەگرێت. یان دەتوانین بڵێین شیعر تا ئەو شوێنە مانای هەیە کە پیشاندەری هەست و ئەزمونە هاوبەشەکانی مرۆڤەکان بێت.

لێکچوونەکان: تێفکرین لە شیعر و فەلەسەفەدا

شیعر و فەلسەفە هەردووکیان ئیشیان بەرهەمهێنانی مانایە، یان تێگەیشتن لە ژیان کە یارمەتیمان دەدات لە جیهان تێبگەین، پێناسەی نرخە مرۆییەکان دەکەن کە پێیان گەیشتووین یان دەمانەوێ پێیان بگەین. هەر وەکوو فەلسەفە، شیعریش هەم نرخی ئەخلاقی هەیە و هەم کۆمەڵایەتی. لە سەر ئەم لێکچوون و جیاوازیانە وا دیارە کە شیعر لە بنەڕەت و ناخی خۆیدا ژانرێکی فەلسەفی نیە. ئەگەرچی هەندێ لە شاعیرەکان دەتوانن شێوازێک لە پرسیار و لێکدانەوەی فەلسەفی تێکەڵ بە شیعرەکانیان بکەن. وەکوو فەیلەسۆف، شاعیری فەلسەفیش مەبەستی پێکهێنانی تێگەیشتن و ناسینی جیهان یان تێگەیشتن لە سرووشتی ئەزمونەکانی مرۆڤە. هەندێ جار شیعر بە پێکهێنانی تێبینی و لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ ئەزمونەکانی ژیان، گەشت و پرسیارێکی فەلسەفی پێک دێنێت.

سەرچاوە: Essay UK

 

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە