×

خستنەپاڵ (پرۆجەکشن)

خستنەپاڵ: من وا نیم، تۆ وای.

خستنەپاڵ چییە؟

تا ئێستا بووە کە کەسێک پێتان بڵێت خوو و ئەخلاقی خۆت مەخە سەر من؟ یان هەستتان کردووە کەسێک خەریکە خوویەکی خۆی دەخاتە پاڵ ئێوە؟
خستنەپاڵ یان پرۆجەکشن1Projection زاراوەیەکی دەروونناسییە بە مانای ئەوەی کە کەسێک تایبەتمەندییەکی ناحەزی خۆی بخاتە پاڵی کەسانی دیکەوە. لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە خستنەپاڵ واتە ئەوەی کە بە چەشنێکی ناخۆئاگا هەست و ئاکارگەلێکی نەویست و ناحەزی خۆی کە پێت ناخۆشن بدەیتە پاڵ کەسانی دیکەوە. نموونەیەکی باو ئەو هاوسەرە بێوەفایەیە کە گومانی لە هاوژینەکەی هەیە و پێوایە کە ئەو خەیانەت دەکات. بە جێگەی ئەوەی ئاگا بێتەوە لە خەیانەت کردنی خۆی، ئەو خووە دەخاتە پاڵ هاوژینەکەیەوە.

خستنەپاڵ پرۆسەیەکی زەینییە کە تێدا کەسێک شتێک کە لە مێشکی خۆیدایە، دەخاتە پاڵ خەڵکەوە. بۆ نموونە کەسێک کە لە دۆخێکدایە شتێکی خۆی بەدڵ نییە و ڕخنەی لە خۆی هەیە، لەوانەیە بە چەشنێکی خۆئاگا یان ناخۆئاگا پێ وابێت کە کەسانی دیکە ڕخنەیان لێ هەیە. زیگمۆند فرۆید شیکارێکی دەروونی نەمساوی  ئەم چەمکەی ناساند بە کۆمەڵگای دەروونناسی؛ کە وشەی پرۆجەکشنی لە دەمارناسی2نۆرۆلۆجی بە قەرز وەرگرت کە لەوێدا واتە توانای زگماگی دەمارەخانەکان3دەمارەخانە: نۆرۆن بۆ گواستنەوەی وریاکەرەوەیەک4Stimulus لە ئاستێکی کۆئەندامی دەمارەوە5Nervous System بۆ ئاستێکی دیکە.
بە کورتی لە دەروونناسیدا خستنەپاڵ واتە دیتنی خۆت لە کەسانی دیکەدا. وەکوو لە کوردیدا دەڵێین گوێز لە هەوانەی خۆتەوە ژماردن.

بۆچی وا دەکەین؟

وەکوو زۆربەی لایەنەکانی دیکەی مرۆڤ، خستنەپاڵیش بە مەبەستی خۆپاراستن ڕوو دەدات، بەجۆرێک تۆ کاتێک کە تایبەتمەندییەکی خۆت کە حەزت لێ نییە و بێزارت دەکات دەخەیتە پاڵ کەسانی دیکەوە، بەم چەشنە خۆت قوتار دەکەیت لە ناسینی ئەو بەشانەی ناخی خۆت کە پێت ناخۆشن. هەروەها مرۆڤ ئاسوودەتر دەبێت لەوەی کە لایەنە نەرێنییەکان لە کەسانی دیکەدا ببینێتەوە تاکوو لە خۆیدا.

چ کەسانێک وا دەکەن؟

خستنەپاڵ هەر بەو چەشنە ئیش دەکات کە هەموو سیستەمەکانی خۆپاراستن ئیش دەکەن: دوور کردنەوەی نیگەرانی و نائاسوودەگی سەبارەت بە خۆمان لە بازنەی تێگەیشتن و ئاگاداری خۆمانەوە. ئەو کەسانەی زۆرتر تووشی خستنەپاڵ دەبن ئەوانەن کە بە باشی خۆیان ناناسن ئەگەرچی پێیانوابێت خۆیان دەناسن.

هەروەها ئەو کەسانەی هەست بە بچووکی و بێنرخی دەکەن تووشیاری ئەم دۆخە دەبن و لایەنە لاواز و ئاکارە خراپەکانی خۆیان دەدەنە پاڵ کەسانی دیکەوە. دەروونناسان لە بازنەیەکی بەربڵاوتردا ڕەگەزپەرستی بە نموونەیەک لەم چەشنە خستنەپاڵە دەزانن؛ کەس یان نەتەوەیەکی ڕەگەزپەرەست بە هۆی هەستی خۆ بە بچووکزانیەوە لایەنە خراپ و ناحەزەکانی ناخی خۆیان دەخەنە پاڵ نەتەوەکانی دیکەوە.

لە بەرانبەردا ئەو کەسانەی دەتوانن هەڵە و لاوازییەکانی خۆیان ببینن تووشیاری خستنەپاڵ نابن. ئەوان دەتوانن بەرگەی دیتن و ناسینی لایەنە لاواز و نەرێنییەکانی خۆیان بگرن و ئیدی پێویستیان بە خستنە پاڵی کەسانی دیکە نابێت.

هەندێک نموونەی دیکە لە خستنەپاڵ

  • بۆ نموونە لەگەڵ کەسێک ڕۆیشتوویتە دەرەوە، ئەو بەردەوام قسە دەکات، تۆ قسەکەی دەبڕی، ئینجا ئەو تۆمەتبارت دەکات بەوەی کە گوێگرێکی باش نیت و سەرنج نادەیت بە کەسانی دیکە.
  • لە ئیشدا لەسەر بیرۆکەیەکی خۆت پێداگر دەبیت، لەوانەیە هاوکارێکت تۆمەتبارت بکات بەوەی کە تۆ بەس ڕای خۆت بە لاتەوە گرینگە، لە کاتێکدا زۆربەی جار گرنگیت بە ڕای ئەوانی دیکەش دابێت و پشتگیریت کردبێت.
  • بەڕێوەبەرەکەت پێت دەڵێت کە سەبارەت بە ماوەی ئیش کردنەکانت درۆ دەکەیت! لەکاتێکدا ئەو خۆیە کە زووتر ئیش بە جێدێڵێت و بە قەد پێویست ئیش ناکات.

چۆن بەر بە خستنەپاڵ بگرین؟

ئەگەر هەستت بە وەها ئاکارێک لە خۆتدا کرد، پێویست ناکات خۆت لۆمە بکەیت و لە خۆت تووڕە بیت، بەس دەبێت بە شوێن هۆکارەکەیدا بگەڕێیت و بزانیت بۆچی وا دەکەیت!
سەرەتا سەرنج بدە و لە هەستەکانی خۆت تێبگە، ببینە هەستە ڕاستەقینەکانت چۆنن، بەتایبەت خاڵە لاوازەکانی خۆت ببیننەوە. بە پەرۆش و سەرنجەوە سەیریان بکە نەک بە ڕوانینێکی تاوانبارانەوە. پاشان سەرنجی ئاکارەکانی خۆت بدە ببینە ئاخۆ بۆ شاردنەوەی خووە خراپەکانی خۆت و لاوازییەکانی خۆت ئەو شتانەی لە خۆتدا بەدی دەکرێن دەدەیتە پاڵ کەسانی دیکەوە؟ ئەگەر وایە هێمن بە و ئەو دۆخانە بناسەوە و هەوڵی چارەسەرییان بدە. دەتوانیت لەگەڵ هاوڕێیەک کە متمانەت پێیە ڕاوێژ بکەیت و ڕای ئەویش بپرسیت بەڵام پێشتر دڵنیا بەرەوە کە ئامادە بیت بۆ بیستنی هەر چەشنە بیر و ڕایەک سەبارەت بە ئاکارەکانت.

1. It’s not me, It’s you: Projection / Healthline
2. Projection / Britannica

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.