×

خۆشەویستی یان خستنەپاڵ؟

ئەوین واتە بەخشینی شتێک کە نیتە بە کەسێک کە نایەوێت.

دەڵێین “خۆشتم دەوێت… هەست بە خۆشەویستیت دەکەم.” ئەم ڕستانە سەرەڕای چێژبەخش بوون و دڵگیر بوونیان، هەندێکیش ئاڵۆز و ڕەمزین. ئاڵۆزییەکەی کەمتر دەبێتەوە کاتێک هەر ئەم وشە ناوازەیە، خۆش ویستن، لە دۆخگەلێکی ئاسایی و ڕۆژانەدا دەبیستین وەکوو “عاشقی فڵانە خواردنم” عاشقی یاری فووتبۆڵم و هتد. یان لە ڕستەگەلێکی ئاڵۆزتر وەکوو “گوتی خۆشتم دەوێ کەچی بە جێی هێشتم.” خۆشم دەوێ بەڵام خۆشەویستیمان نییە!”

کەواتە دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دەربڕینەدا بکەین؟ مانای چی کاتێک کەسێک هەستی خۆشەویستی خۆی بەرانبەرمان دەردەبڕێت؟ ئەم نهێنییەی چۆن دەتوانین شی بکەینەوە؟ ئایا ئەوین کردارە؟ ناکامڵییە یان مانایە؟

ئەوین ناکامڵییە

لاکان بۆ پێناسەی ئەوین، بابەتی ناکامڵی هەڵدەبژێرێت و دەڵێت: ‘ئەوین ئەو شتەت دەداتێ کە نیتە’ ئێمە عاشقی ئەو کەسانە دەبین کە بە جۆرێک تەواوکەری کەم و کۆڕییەکانی خۆمانن. ژیانی هاوسەر یان یارەکەمان وەکوو مۆدیلێکە بۆ تەواو کردنی بەشە ناتەواوەکانی خۆمان؛ سەرکەوتن بەسەر لاوازییەکانمان و لە کۆتاییدا بوون بە ‘یەک’ێکی تەواو. دەربڕینی ئەوین بەرانبەر کەسێک لاوازمان دەکات چونکە وتنی خۆشتم دەوێ واتە دەربڕینی ئەوەی کە من هێشتا ئەو شتە نیم کە دەمەوێت و شتێکم کەمە و دەمەوێ بیگەمێ. کەچی دەمەوێت ئەو شتەی ببەخشم بە بەرانبەرەکەم کە خۆم نیمە. بە هەست کردن بە لاوازییەکانی خۆم، ئەوین دەبێت بە ڕووکەش و دەرخستنێک کە لە ڕێگایەوەدەست دەکەم بە پیشاندانی شتێک کە من نیم، بە دووی سەرسام کردنی کەسێکەوەم کە دەمەوێت شتێکی لێوە فێر بم.  پێموا هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە لە گۆرانی و شیعرەکاندا زۆر باوە کە تایبەتمەندییەکی ڕزگارکەرانە دەدەنە پاڵ ئەوین. لە هەوڵی گەیشتن بەو چاوەڕوانیانە کە پێموایە لە بەرانبەرەکمدا هەیە، ئەو من دەپارێزێت و من دەبم بە کەسێکی باشتر. ئەوین بەو ویستە بەهێزە بۆ باشتر بوون، بۆ گۆڕان و بۆ هەست کردن بە بێخەوشی و تەواو بوون، دەورووژێت. لە ئەویندا من ئەو شتە پێشکەش دەکەم کە نیمە، بەم چەشنە خۆم فریو دەدەم بەو هیوایە کە لە کۆتایدا بەسەر کەم و کۆڕییەکانمدا سەردەکەوم و دەبم بە یەکێکی تەواو. ئەمە لێرەدا دەبێت بە دژێکی بەهێزی ئەوین:

  • لە هەوڵدان بۆ بوون بە یەک، خۆمان پارچە پارچە دەکەین (بە ژمارەی ئەو کەسانەی هەستێکمان بەرانبەریان هەیە)
  • لە هەوڵدان بۆ نێزیک بوونەوە بەو کەسانەی خۆشمان دەوێن، سرووشتی ڕاستەقینەیان لەبیر دەکەین.

کاتێک ئەوین واتە لەدەست دانی ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت

لە نواندنی ئەویندا زۆربەی جار خۆمان و بەرپرسیارێتی خۆمان بەرانبەر تەندرووستیمان لەبیر دەکەین و چاو دادەخەین بە سەر سرووشتی ڕاستەقینە و پێدوایستییەکانی بەرانبەرەکەماندا. بەم چەشنە بەردەوام دوورتر دەبینەوە لە خۆمان و لە بەرانبەرکەشمان. لە هەڵسووکەوتێکی فیداکارانە لە ئاواتە ڕاستەقەینەکانی خۆمان دوور دەکەوینەوە بە مەبەستی دڵخۆش کردنی بەرانبەرەکەمان. بەرانبەرەکەشمان دەبێت بە هەڵگەری خستنەپاڵەکانی ئێمە. سەبارەت بەم بابەتە لاکان دەڵێت: ‘ئەوین واتە بەخشتینی شتێک کە نیتە بە کەسێک کە نایەوێت.’ لە ئیشەکەمدا وەکوو ڕاوێژکارێکی فەلسەفی زۆرجار دەبیستم کە دەڵێن ‘هەست دەکەین بەرانبەرەکەمان ساردە لەگەڵمان.’ شتێک کە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت بۆم ئەوەیە کە زۆربەی جار نازانن ئەوان خۆیانن کە کەمتەرخەمن و بەرانبەرەکەیان ناوێت.  لەم چەشنە دۆخانەدا کە دەبینم وەها ئاستی بێهیوایی و ماندوویەتییان زۆر بەرز دەبێتەوە لێیان دەپرسم: تکایە دەکرێت پێم بڵێیت بەرانبەرەکەت کێیە؟ تکایە دەکرێت بۆم باس بکەیت کە بەرانبەرەکەت چ جۆرە مرۆڤێکە؟ ئەوان ناتوانن بەرانبەرەکەیان ببینن ئەوەندە سەرقاڵی پێشکەش کردنی شتگەلێکن؛ ئەوەی کە شتێک بدەن بە بەرانبەرەکەیان کە ئەو قەد نەیویستووە و داوای نەکردووە. بەم جۆرەیە کە بۆ قایل کردنی خۆیان، هەر خۆیان دەبنە هۆی ئەوەی هەست بە ناتەواوی و لاوازی خۆیان بکەن.

لەم دۆخە ئاڵۆزەدا ئەوین دەبێت بە قەفەسێک کە تێیدا دوو کەسەکە هەست بە نادیار بوون دەکەن بەرانبەر بە یەکدی و ناتوانی خۆیان بن. ئیدی لێک تێگەیشتنێکی ژیرانە و دوولایەنە ڕوو نادات. ئەفلاتوون لە زمانی سوکراتەوە دەڵێت: ‘دیلەکە خۆی هاودەستە سەرەکییەکەیە بۆ لە بەند کرانی.’ ئەمە زیندانی دەروونی خۆمانە. لە هە موو شوێنێکیدا خۆمان و شەرمەزاریمان لە لاوازی و پێداویستییەکانمان دەبینیەوە. لێرەدا ئەو ناکۆکییەی ئەوینە کە بە کورتی باسم کرد لە ڕستەیەکدا دەڵێمەوە: خۆشم دەوێ بەڵام خۆشەویستیمان نییە.

چۆن دەتوانین ئەو قەفەسی نامۆییە بشکێنین؟

چۆن ئەم زیندانە جێبێڵین؟ بە جێگەی سووڕانەوە لە نێو قفەسەکەدا و بیر کردنەوە لەوەی کە ناتوانیت خۆت بیت و بە درووستی پێوەندی لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا درووست بکەیت، هەنگاوی داهاتوو ئەمە دەبێت کە گوێ بگری لەو بەشە ناکامڵەی ناخی خۆت و بزانی ئەو بەشە چی دەوێت. من ئەو کەسەم کە زۆربەی کاتی ژیانم لەگەڵی بەسەر دەبەم کەواتە پێویستە پێوەندییەکی قوڵ لەگەڵ خۆم درووست بکەم و و بەرپرسیار بم بەرانبەر ئەو دەرفەتانەی بۆ خۆمی تەرخان دەکەم بۆ باشتر بوون و گەشە کردنم. ئەم پێوەندییە سەرەتاییە ناو دەنێم “فیلییا” ئەم وشە یۆنانییە ئاماژە دەکات بە پێوەندییەکی سەرکی و چڕ لەگەڵ خۆماندا. ئەمە درگای گەیشتنە بە ڕاستییەکان و دوور کەوتەنەوە لە ئەگەری ڕوودانی ئاکاری خستنەپاڵ.

زویر بوون لە ئەوینداریدا شتێکی ناخۆشە چونکە باس لە کەم و کۆڕییەکانمان دەکات، هەر شتێک لە بەرانبەرەکاماندا ئازارمان بدات، ئەوە باس لە ئەو کەسە ناکات بەڵکوو باس لە خۆمان دەکات. کاتێک لەگەڵ نەخۆشەکانمدا دەدوێم و پرسیارەکانم لایەنە لاوازییەکانیان بەرجەستە دەکاتەوە و ئاگا دەبنەوە پرسیارە سەرەکیییەکەیان ئەمە دەبێت کە بۆچی بڕیارم دا لەگەڵی هاوسەرگیری بکەم؟ بۆچی ناتونم ئەم کەسە، یان گرینگتر لەوە، خۆمم خۆش بوێت؟ ئامانجە گرینگەکانمان لەو پێوەندییەدا، منداڵدار بوون، ژیانی هاوبەش درووست کردن، پێکەوە خانوو درووست کردن، پێکەوە کات بەسەر بردن… لەوانەیە هەمووی تێک بچێت ئەگەر نەتوانین ڕێگای هەڵسووکەوت  لەگەڵ خاڵە لاوازەکانمان و ناکامڵییەکانمان وئەو خستنەپاڵانە بدۆزینەوە. تەنانەت ڕستەیەکی ساکار و ئاسایی وەکوو ‘عاشقی بەفرەشیرم’ دەتوانێت ببێت بە کارەساتێک ئەگەر لەو بەفرەشیرە بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی خۆمان کەڵک بگرین.

ئەوینێکی تەندرووست لە درووست کردنی پێوەندییەکی قووڵ لەگەڵ ڕاستەقینەوی خۆمانەوە دەست پێدەکات و ئینجا لەگەڵ ڕاستەقینەی ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت.

Susi Ferrarello / 2020 / ‘Love or Projections?’ / Psychology Today

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.