زنجیرە و فلیمەکانی ڤایۆلێت ئێڤێرگاردەن

ڤایۆلێت ئێڤێرگاردەن ناوی زنجیرەیەکی یەک وەرزییە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاو بووەوە. ئەوەندە چیرۆکێکی خەمهێن و هەستبزوێنە کە پێموا نییە کەسێک هەبێت، دیبێتی و نەگریابێت. ڤایۆلێت کچێکە لە کاتی شەڕدا وەکوو کەرەستەیەکی جەنگی کەڵکی لێ گیراوە و پاش ئەوەی کە شەڕ تەواو دەبێت، دەست دەکات بە ئیشی نامەنووسین لە کۆمپانییایەکدا کە پێ دەڵێن بووکەڵەکانی زەینی نادیار (Auto Memory Dolls). ئەم نامەنووسانە لە بری کەسانی دیکە نامە دەنووسن. نامە دەنووسن بۆ کەسانێک کە ڕەنگە بە پێی یاساکان قەد نەیانبینن و نەیانناسن. کاتێک کەسێک دەیەوێت نامەیەک بنووسێت و خۆی توانای دەربڕینی هەستەکانی نییە یارمەتی لەم کچانە وەردەگرێت بۆ نووسینی نامەکان و ئەمانیش نامەکان تایپ دەکەن.

ڤایۆلێت کە لە جەنگدا هەردوو دەستی لەدەست داوە و ئێستا دەستی دەستکردی ئاسنینی هەیە کە هێمای ئەو بێڕۆحی و بێهەستییەیە کە جەنگ درووستی کردووە. ئەو مرۆڤێکە هیچ هەستێک ناناسێت بێجگە شەڕ و جەنگ و کوشتن نەبێت و ئیستا لە ڕێگای نامەکانەوە دەیەوێت لە دوا ڕستەی فەرماندەکەی بە ناوی گیلبەرت تێبگات کە پێی گوتبوو ‘خۆشم دەوێی’.

ڤایۆلێت ئەگەرچی سەرباز بووە و لە جەنگدا شەڕی کردووە بەڵام ڕوومەتێکی ساوایانەی هەیە و سەرنجی هەمووان بۆ خۆی ڕادەکێشێ. یارمەتی خەڵک دەدات بەڵام هەموو شتێک وەکوو ئیش و فەرمان جێبەجێ دەکات، ئەگەر یارمەتی کەسێک دەدات لە بەر فەرمانەکان و ئەرکەکانییە نەک هەستەکانی؛ هەر وەکوو سەربازێک. بە نووسینی نامەکان و دەربڕینی هەستەکان لە ڕێگای وشەکانەوە، هەستە بزربووەکانی دەدۆزێتەوە و دەبێت بە باشترین و ناودارترین نامەنووس یان بڵێین بووکەڵە کە لە فلیمەکەدا بەو ناوە بانگیان دەکەن. یەکێک لە بیرۆکە و خاڵە گرینگەکانی فلیمەکە ئەوەیە کە سەربازێک یان باشتر بڵێین کەرەستەیەک چۆن دەگات بە هەستێکی مرۆیی و ئەو شتەی تێدا کوژراوە زیندوو دەکاتەوە. چۆن دەستێکی ئاسنین بە مەکینەیەکی ئاسنینییەوە لە ڕێگای وشەکانەوە جوانترین و بەسۆزترین هەستەکان دەگوازێتەوە؛ هەستگەلێک کە لە ناخی کەسایەتییەکاندا پەنگیان خواردووە و دەرنابڕدرێن.

لە ٢٠١٩دا فلیمێکی سینەمایی لێ درووست کرا بە ناوی ڤایۆلێت ئێڤێرگاردەن: هەتاهەتایی و بووکەڵەی زەینی نادیار. لەم فلیمەدا ڤایۆلێت دەچێت بۆ لای کچێکی خانەدان بە ناوی ئیزابەلا یۆرک کە لە خوێندنگە یارمەتی بدات بۆ فێربوونی ڕەوشتی تایبەت بە کچانی خانەدان. سەرتا ئەو کچە متمانە بە ڤایۆلێت ناکات بەڵام پاشان کە دەبینێت ڤایۆلێت هیچ گرینگییەک بە دۆخی کۆمەڵایەتی ئەو نادات پێوەندییەکی دۆستانە لە نێوانیاندا درووست دەبێت. دواتر ڕوون دەبێتەوە کە ئیزابێلا لەڕاستیدا ئێمی بارتلەت_ە، کچێکی زۆڵی بنەماڵەی یۆرک کە ژیانێکی هەژار ژیاوە و منداڵێکی ساوا واتە تایلۆر کە بێسەرپەرشتە، بەخێو دەکات و بڕیار دەدات ئەو شتانەی لە ژیانی خۆیدا بزر بوون، بۆ ژیانی ئەو منداڵە دابینی بکات. بەڵام بنەماڵەکە شوێنی هەڵدەکەن و دەیدۆزنەوە و داوای لێدەکەن بگەڕێتەوە نیو بنەماڵە و لە بەرانبەردا ئەوانیش ژیانێکی چاک بۆ تایلۆر دابین بکەن کە ئەم لەو هەژاریەدا ناتوانێ بە باشی بەخێوی بکات. ئێمی_ش نابەدڵ لە بەر ژیانی تایلۆر ئەوە قبووڵ دەکات. پاشان داوا دەکات ڤایۆلێت نامەیەکی بۆ بنووسێت و بینێرێت بۆ تایلۆر. بێنیدیکت کە پۆستەچیی ڕێکخراوەکەیە نامەکە دەگەیەنێتە تایلۆر کە لە هەتیوخانەیەکدا دەژیت…

*ئەم فلیمەش وەکوو زنجیرەکە زۆر هەستبزوێنە بەڵام بە ڕای من ئەم چیرۆکە هێزی فلیمێکی سینەمایی نەبوو و هەر وەکوو ئەڵقەیەک لە وەرزێکی نوێ بوایە گونجاوتر دەبوو. بەڵام بەگشتی دیتنەوەی ڤایۆلێت و دونیای زنجیرەکە چێژبەخش دەبێت بۆ ئەوانەی زنجیرەکەیان دیوە.

فلیمی ڤایۆلێت ئێڤێرگاردەن ٢٠٢٠ دوا ئەڵقە و کۆتایی زنجیرەکەیە. لەم مانگەدا لە ژاپۆن بڵاو بووەتەوە و ماوەیەک دەخایەنێت تاکوو لە نێت دا بەردەست بێت بۆ سەیر کردن.

گوایە ئەم فلیمە درێژەیەکی زنجیرەکەی ساڵی ٢٠١٨ەیە و شوێنی چیرۆکی ڤایۆلێت دەگرێت کە هێشتا نەیتوانیوە گیلبەرت لە بیر بکات. ڕۆژێک دەگات بە دایتفراید، براکەی گیلبەرت، کە پێی دەڵێ گیلبەرت لەبیر بکات و شوێنی ژیانی خۆی بکەوێت بەڵام ئەمە بۆ ڤایۆلێت نەکردەیە. ماوەیەک پاش ئەمە مشتەرییەکی لاو پێوەندی دەکات بە ڤایۆلێتەوە لە کاتێک دا لە نێو عەنباری کۆمپانیاکەدا نامەیەکی بێناونیشان دەدۆزنەوە…

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.