×

سواڵ کردنی خۆشەویستی

چۆن ئێمە بە چەشنێکی ناتەندرووست وابەستەی کەسانی دیکە دەبین.


زۆربەمان لە کاتی کێشە و گرفتەکانی ژیاندا بۆ چارەسەر کردنیان هانا دەبەینە بەر کەسانی دیکە بۆ ئەوەی کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن یان یارمەتیمان بدەن. لە زۆر ڕوانگەوە ئەمە تا ڕادەیەک ئاساییە. هەندێ جار هەیە کە هەست بە تەنیایی و لاوازی و وەڕزی دەکەین و پێوەندی و بوون لەگەڵ کەسانی دیکە هێمنمان دەکاتەوە و ئەو هەستانە دادەمرکێنێت. ئەم هەست و پاڵنەرە بۆ پێوەندی گرتن نەک هەر پێداویستیمان بە پارێزراوی و ئاسوودەگی پڕ دەکاتەوە بەڵکوو لەسەر ئامانجەکان و ئاڕاستەی ژیانیشمان کاریگەرە. کەسانی دیکە وەکوو خۆشەویستەکەمان، هاوڕێیان، منداڵەکانمان، کەسانی ناودار یان ئەو کۆڕ و گرووپانەی کە بەشدارییان تێدا دەکەین و تەنانەت بوونەوەرە خەیاڵییەکان وەکوو فریشتە و هتد دەتوانن ئاسوودەگی و واتا و ئامانج ببەخشن بە ژیانمان.

جیاوازی نێوان پیوەیندییەکی تەندرووست و پێوەندییەکی ناتەندرووست لەسەر بنەمای هۆکاری درووست بوونی ئەو پێوەندییەوەیە؛ ئەوەی کە چ شتێک هانمان دەدات ئەو پێوەندییە درووست بکەین: ناوەندی مێشکی مەترسی1threat brain – ئەو بەشە لە سیستەمی هەستەکان کە بەرانبەر مەترسی چالاک دەبێتەوە و دژکردەوەی دەبێت. یان مێشکی دڵنیایی2safe brain – ئەو بەشە لە سیستەمی هەستەکان کە وا دەکات پشوو بدەین، ئاسوودە بین، پێوەندی درووست بکەین، و ئاگامان لە کەسانی دیکەش بێت، قووڵ بیر بکەینەوە و هەست بە هێمنایەتی بکەین.. کاتێک ناوەندی مەترسی لە مێشکدا چالاک بێت و زاڵ ببێت، پێوەندی ئێمە بە کەسانی دیکەوە بە هۆی ترسەوەیە و ئەوە ترس و پێداویستی بە دڵنیاکردنەوە و پارێزران لە لایەن کەسانی دیکەوەیە کە هانمان دەدات بۆ پێوەندی گرتن. لە کاتێکدا ئەگەر هۆکار و هاندەری پێوەندی گرتنەکە زاڵ بوونی هەستی دەڵنیایی بێت، پێوەندییەکە بە هۆ و مەبەستی گەشە کردنێکی دوو لایەنە و لە ڕێگای هاوبەش کردنی هەستەکان و متمانە کردنەوە دەبێت. بەگشتی مێشکێک کە هەستی ترس و مەترسی تێدا زاڵە دەڵێت: خۆشم دەوێیت چونکە پێویستیم پێتە بەڵام مێشکێک کە هەستی دڵنیایی بەسەریدا زاڵە دەڵێت: پێویستیم پیتە چونکە خۆشم دەوێی.

ترس و پێداویستی نائاسایی و لەڕادەبەدەر بۆ گەیشتن بە ئاسوودەگی و هێور بوونەوە، هاندەرێکن کە بەشێکن لە ناسەربەخۆیی. ناسەربەخۆیی. لەم چەشنە دۆخانەدا مێشک و جەستەمان سەرشار دەبن لە کۆرتیزۆل_ێکی(هۆرمۆنێکی سترێس و دڵەڕاوکێ) بەهێز و دۆپامین (هۆرمۆن و دەمارگوێزەرەوەیەکە3دەمارگوێزەرەوە/neurotransmiter – مادەیەکی کیمیاییە کە پەیامەکان لە خانەیەکەوە دەگوازێتەوە بۆ خانەیەکی دی یان بۆ ماسوولکەیەک. کە پێمان دەڵێت کەسێک یان شتێک شایەنی ڕێز و ستایشێکی هەرە زۆرترە). ئەم هۆرمۆن و مادە کیمیاییانە دەتوانن هەم وزەمان پێ بدەن هەم  بمانخڵاوێنن و بەرانبەر کێشە ئاسایی و ئاڵۆزەکانی ژیانی ڕۆژانە هێورمان بکەنەوە و ئاسوودەگیمان پێ ببەخشن. هەروەها دەتوانن ئالوودەمان بکەن. لە پێوەندییەکاندا ئەو هەستە خۆشانەی لە ئەنجامی ستایش کردن و خۆ تەرخان کردن و سۆز و خۆشەویستییە لەڕادەبەدەرەکان لامان درووست دەبن، هەستی چێژێکی چڕ درووست دەبێت کە دەتوانێت وا بکات زۆرتر و زۆرتر لەو چێژەمان بوێت. ئەم پرۆسەیە لە هەموو چەشنە ئالوودە بوونەکاندا هەیە و کاتێک تێکەڵ بە پێوەندییەکان دەبێت وا دەکات خۆمان لە پێوەندییەکی ڕووخێنەردا ببینینەوە کە ڕزگار بوون لێی ئەستەمە.

کاتێک دەکەوینە ژێر باندۆڕ و وابەستە بوون بە کەسێکەوە، زۆربەی کاتەکان لە دۆخێکی ملکەچیدا دەبین. ملکەچی و خۆ بەدەستەوە دان بە شێوازێک کە لە خەیاڵی خۆماندا کەسێکی ئاسایی  دەکەین بە بوونەوەرێکی نائاسایی و وێنایەکی لەڕادەبەدەر مەزنی لێ درووست دەکەین. لەم دۆخەدا زۆر هەستیار دەبینەوە بەرانبەر بۆچوونی خەڵک و داماوانە داوای میهرەبانی و سەرنجی کەسانی دیکە دەکەین، بەردەوام بەهرە و تایبەتمەندییەکانی ئەوان گەورە دەکەینەوە لەکاتێکدا تواناکانی خۆمان بە بێنرخ دادەنێین و بە بچووکیان دەبینین.

ملکەچی و هۆگر و وابەستە بوون بە کەسانی دیکە ئەگەری ڕوودانی زۆرترە ئەگەر:

  • بە قەد پێویست سەرنج نەدەین بە هەستەکانمان و لێیان تێنەگەین و نەزانین کە چۆن هانمان دەدەن و کاریگەرییان لەسەرمان هەیە، بەتایبەت ئەو هەستانەی تایبەت بە مێشکی مەترسی.
  • لە ئەزموونە ناوشیارەکانمان کە ڕوو دەدەن ئاگادار نەبین یان بەرانبەر تێگەیشتن لێیان کەمتەرخەم بین و پشت گوێیان بخەین؛ بۆ نموونە لە هەستی ڕووخان یان تووشی ڕاڕایی و کێشمەکێش بوون بە هۆی هەندێک پێداویستی و ویستی دژ بە یەکەوە.
  • زۆر سەرقاڵی بەرخۆدانی دەروونی بین وەکوو نکۆڵی کردن (ئەوەی کە بڵێی هیچ کێشەیەک نییە) و خستنەپاڵ (ئەوە من نیم کە کێشەم هەیە، کێشە لە تۆیە)
  • نامۆ بین بە خۆمان، واتە خۆمان بە کەسێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و کرداری خۆمان نەزانین کە دەرەنجامەکەی دەبێت بە درووست بوونی بۆشاییەکی دەروونی و لاوازی و داماوی.

بەم چەشنە ژیان بەسەر بردنە وا دەکات بەردەوام سەرنجمان لەسەر بۆچوون و ڕای کەسانی دیکە بێت سەبارەت بە خۆمان، و بۆ نرخاندنی کردەوەکانی خۆمان پێویستیمان بە ڕای کەسانی دیکە بێت، چونکە ئەو شتەی پێمان ڕاستە و بۆمان گرینگە بووە بە شتێکی دەرەکی. وابەستە بوون بە شتگەلێکی دەرەکی بەتایبەت کەسانی دیکە، وا دەکات توانانمان بۆ تێگەیشتن لە نرخ و بەهرە و سرووشتی ناخی خۆمان (کە پەیوەست نییە بە بۆچوون و پشتڕاست کردنەوەی کەسانی دیکەوە) دابەزێت.

بۆ سەرکەوتن بەسەر ویستی ملکەچی و وابەستەیی بە کەسانی دیکەوە دەتوانین چوار ڕێگا و چەشنی ڕاهێنان بەکار بێنین بەجێگەی هانا بردن بۆ هەندێ ڕێگەچارەی باو وەکوو نکۆڵی کردن، خستنەپاڵ، سەرکوت کردنی هەستەکان، لێگەڕان و پشت گوێ خستن، یان ڕێگەچارەگەلێکی خێرا و ساکار کە زۆربەمان هانایان بۆ دەبەین کاتێک تووشیاری کێشمەکێش و دڵەڕاوکێ دەبین.

ڕاهێنانی یەکەم؛ سەرنج دان و هێور کردنەوەی ترسەکانمان لە مەترسییە. چونکە ڕاستییەکان بە هۆی هیزی ناوەندی مێشکی مەترسی، کاڵ دەبنەوە. ڕێکارگەلی مێشکی دڵنیایی وەکوو هەناسەی قووڵ و بە ڕێتم، گەشەدان بە سۆز و خۆشەویستی بۆ خۆت، هەروەها کات دانان بۆ پشوو و بیرکردنەوەی ئەرێنی دەتوانن یارمەتیدەر بن.

ڕاهێنانی دووهەم؛ قبووڵ کردن. لێرەدا فێر دەبین کە بەرانبەر بە ئەو هەستە نائاسایی و نامۆ و ئاڵۆز و کێشمەکێشییانەی کە لە ژیانماندا ڕوو دەدەن کەمتەرخەم نەبین، پشت گوێیان نەخەین و بە گاڵتەیان نەزانین. لەم ڕێگایەدا بە هێمن کردنەوە و ناسک کردنەوەی ئەو ڕخنەگرە دەروونییەمان دەست پێدەکەین کە بەر بە توانای قبووڵ کردنمان دەگرێت.

ڕاهێنانی سێهەم؛ گەشەپێدانی هەستی کۆڵینەوە و پرسیار کردنە، ڕەوتێکی توێژەرانە بەرانبەر ئەزموون و هەستە ناوەکییەکانمان بە جۆرێک کە ببێتە هۆی گەشە کردن و بەهێزتر بوونی تواناییمان بۆ تێگەیشتن و ناسینی ئەو هەستە دەروونییانەمان.

ڕاهێنانی چوارەم هەنگاوێکی ئاڵۆزتر و قووڵترە سەبارەت بە ئەزموونەکانمان، هەنگاوێک کە ئەنجامی ڕێکارە پێشووەکان واتە سەرنج دان/هێور کردنەوە و قەبووڵ کردن و پرسیار کردن/تێگەیشتن چاکتر دەکات. لە هەنگاوی چوارەمدا زۆتر هەوڵ دەدەین بۆ وێنا کردن و گەڕان و کۆڵینەوە لە پرۆسەکانی نێو لایەنی ناوشیارمان و سەرنج دەخەینە سەر دۆخی دەروونیمان تاکوو ژیانی دەرەکیمان.

ڕاهێنانەکانی سەبارەت بە تێگەیشتن، بە گواستنەوەی ئاڕاستەی سەرنجەکانمان ئیش دەکەن و ئیدی وا دەکەن چاکتر خۆمان بناسین و متمانەمان بە خۆمان هەبێت. کاتێک ئەمە ڕوو بدات ئاسانتر دەتوانین لە کەسانی دیکەش تێبگەین و متمانەیان پێ بکەین و هەروەها لە چۆنێتی و هێزی خۆشەویستییەکی دوولایەنە تێبگەین و گەشە بە دوولایەنە بوون لە پێوەندییەکانماندا بدەین.

Nelisha Wickremasinghe / 2021 / ‘Desperately Seeking Love’ / Psychology Today

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.