سینەما

سەرنجڕاکێشترین دیالۆگەکانی واڵتەر وایت

واڵتەر وایت یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پاڵەوانەکانی نێو زنجیرە فلیمەکان بوو کە بینەرانی تووشی ئەو کێشمەکێشە دەکرد ئاخۆ ڕقیان لێ بێت یان پاڵپشتی بکەن و دڵیان بۆی بسووتێتەوە. بە هێواشی بەڵام بە جۆرێکی ترسناک لە مامۆستایەکی هێمنی کیمیاوە دەگۆڕێ بۆ پاشایەکی جیهانی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و کەسایەتیێکی وەها ترسناکی لێ دەردەچێ کە کەس ناوێرێ بەرانبەری قسە بکات و هەندێ جار بە هەندێک وشەی کورت و نیگایەکی گرژ و مۆنەوە ترسێکی قووڵ لە دڵی بەرانبەکەیدا دەچێنێت. سەرەتا توانای بۆ ساز کردنی باشترین مادەکان سەرنجی بۆ ئەم ئیشە ڕادەکێشێ بەڵام دووایی تینوویەتی بۆ گەیشتن بە هێز و دەسەڵاتی زۆرتر، هانی ئەدات بۆ بەردەوام بوون لەم ڕیگایەدا. سەرەتا ئامانجێکی ڕوونی هەیە بەڵام ڕابردوویەکی خەماوی ژیانی و تووشیار بوونی نەخۆشینی شێرپەنجە وا دەکات بە ڕێگایەکی ترسناکدا بڕوات و کەسایەتیەکەی بە تەواوی بگۆڕێ بۆ مرۆڤێکی دیکە. لەم ڕیگایەدا بە درێژایی چیرۆکەکە هەندێک لە جوانترین دیالۆگەکانی نێو زنجیرەکانی لێ دەبیستین.

لێرەدا هەندێک لە جوانترین دیالۆگەکانی واڵتەر وایت لە زنجیرەی گۆڕانی خراپ (Breaking Bad) دا بخوێنەوە:

تۆ باش نازانی لە گەڵ کێدا خەریکی قسە دەکەی، بێڵا با بۆتی ڕوون کەمەوە. من لە مەترسی دا نیم سکایلەر، من خۆم مەترسیم. زەلامێک دەرگاکە دەکاتەوە و تەقەی لێ دەکرێ و تۆ وادەزانی ئەوە منم؟ نە! من ئەو کەسەم کە لە دەرگا ئەدات!

ئەمە یەکێک لە مەنشوورترین تاکبێژییەکانی واڵتەر وایت لە زنجیەرەکەدا بوو. ئەمەی لە کاتێکدا گوت کە سکایلەر بۆ یەکەم جار تێگەیشت هاوژینەکەی چ گۆرانکاریێکی بە سەردا هاتووە. بێجگە لە شێوەی گوتنەکەی واڵتەر، نیگای سکایلەریش بێ ئەوەی هیچ بڵێ، ترس و دڵەڕاوکێیەکی تایبەت دەخاتە نێو ئەم دیمەنە لە فلیمەکەوە.

ئەگەر نازانی من کێم، ئیدی ڕەنگە باشترین وانە بۆت ئەوە بێ کە ئاگات لە خۆت بێ

واڵتەر یان هایزەنبێرگ کەس ناوێرێ سەر بنێتە سەری و هەر کەس بیەوێ سووک لە گەڵی مامەڵە بکات، لە ئاکارەکەی پەژیوان دەبێتەوە. لێرەدا ئەگەر چی دیالۆگەکەی زۆر کورتە بەڵام شێوازی گوتن و نیگای وا دەکات ترسێکی قووڵ بچێتە نێو دڵێ بەرانبەرەکەیەوە.

من هەموو تەمەنم لە نێو ترسدا بە سەر بردووە، هەمیشە ترساوم لەو شتانەی دەکرێ ڕووبدەن، ڕەنگە ڕوبدەن، ڕەنگە ڕوو نەدەن. من ٥٠ ساڵم بەم شێوازە تێپەڕ کردووە. لە کاژێری سێی بەیاندیدا لە خەو ڕادەبووم. بەڵام دەزانی چیە؟ لە کاتێکەوە کە بە نەخۆشینەکەمم زانیوە، بە ئاسوودەیی دەخەوم. ئەو شتەی لێ تێگەیشتووم ئەمەیە کە ترس لە هەموو شتێک خراپترە، دوژمنە ڕاستەقینەکە ئەوەیە. ئیدی هەستە، هەستە و بچۆ نێو جیهانی ڕاستەقینەوە و بە ئەوپەڕی هێزتەوە بکێشە نێو دەمی ئەو زۆڵەدا.

لەم تاکبێژیەدا واڵتەر لەگەڵ هاوزاواکەیدا قسە دەکات و دانی پێدا دەنێ کە ئاگادار بوونەوە لە نەخۆشینەکەی وای کردووە هەموو ترسەکانی لە بیر باتەوە، ئیدی لە ئێستادا بژیت و ئەو شتەی پێویستە بیکات.

من ئەو ئیشەم بۆ خۆم کرد. چێژم لێ دەبینی. لە ئیشەکەدا بەهێز بووم. بە ڕاستی… بەڕاستی هەستم بە زیندوو بوون دەکرد.

لە سەرەتادا کە واڵتەر دەسی کرد بە ئەم ئیشە ئامانجی ئەوە بوو لە ڕێگەی زانستە کیمیایەکانیەوە هەندێک پارە پاشەکەوت بکات بۆ پاشەڕۆژی ژن و منداڵەکەی لە دوای مردنی. بەڵام کە دوایی دەچێتە نێو جەرگەی ئیشەکەوە بەوە دەگات کە دەتوانێ زۆرتر بچێتە پێشيوە و دەسکەوتی زۆرتری هەبێت. پاش ساڵانێک کە بە هۆی خیانەتی هاوڕێ کچەکەی و هاوڕێکەی پارەیەکی زۆری لە دەس چووبوو و ئێستا بە نابەدڵ وانەی کیمیای دەگوتەوە، ئێستا بەو قەناعەتە گەیشتبوو کە پێویستە شتێک بکات.

جێسی تۆ لێت پرسیم ئاخۆ لە ئیشی مادەی هۆشبەردام، یان لە ئیشی پارە… هیچیان. من لە ئیشی ئیمپەراتووریەتدام

لە درێژەی چیرۆکەکەدا لە بنەڕەتی خواستی واڵتەر بۆ دەسەڵات تێدەگەین: لە ساڵانێکی ڕابردوودا بەشی خۆی لە کۆمپانیای گرای مەتێر بە پارەیەکی زۆر کەم دەفرۆشێ، کۆمپانیایەک کە نیوەی دەبوا هی ئەم بایە. ئێلیوت شوارتزی هاوڕێی و ئەو کچە کە ئەو کات لەگەڵ واڵتەر ژوانیان دەکرد، هاوسەرگیری دەکەن و لە ڕێگای ئەو کۆمپانیایەوە بە ملیۆنان پارە کۆ دەکەنەوە. ئیدی بەم چەشنە ئامانجی واڵتەر بۆ پاشەکەوت کردنی پارە بۆ بنەماڵەکەی پەرە دەستێنێ و دەگۆڕێ بۆ ئەیەوەی کە شتێک بە خۆی بسەلمێنێت، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگای ساز کردنی مادە هۆشبەرەکانەوە بێت.

من سەیری مردنی جەینم کرد. لەوێ بووم و سەیری مردنیم دەکرد. سەیریم دەکرد کاتێ خەریک بوو دەخنکا. دەمتوانی ڕزگاری کەم بەڵام نەمکرد.

کاتێ جەین لە سەرە مەرگدا بوو واڵتەر لە بان سەریەوە ئامادە بوو. مابووەوە کە ئاخۆ یارمەتی بدات یان وێڵی بکات بمرێت. بەڵام دوایی لە بەر ئەوەی ئەو کچە جێسی لە ئامانجەکانی دوور دەخستەوە، هێشتی بمرێت و کاتێک ڕاستیەکەی بۆ جێسی درکاند، بوو بە هۆی پەشۆکان و تێکشکانێکی گەورە لە جێسی دا.

نێوی من واڵتەر هارتوێڵ وایتە. لە ‘نێرگا ئارۆیا لاین، ئەلبەکێرکی، نیو مەکزیکۆ’ دەژیم. بە هەموو ڕێکخراوە یاساییەکان دەڵێم ئەمە دانپێدانان بە تاوان نیە. ئێستا لە گەڵ بنەماڵەکەمدا قسە دەکەم. سکایلەر تۆ ئەوینی ژیانمی، هیوادارم ئەوە بزانی. واڵتەری چکۆلە کوڕە چاکەکەم. هەندێک شت هەن لەم چەن ڕۆژانەی داهاتوودا ڕەنگە سەبارەت بە من لێ ئاگادار بنەوە. بەڵام بەس ئەوە بزانن کە گرینگ نیە ئەو شتانە چۆن دەربکەون، من بەس ئێوەم لە دڵدا بوو، ماڵئاوا.

ئەمە دوا قسەکانی واڵتەر لە گەڵ بنەماڵەکەیدا بوو کە بە هۆی ئازاردانیان داوای لێبووردنیان لێ دەکا. بەڵام قەد دان بە هەڵە و تاوانەکانیدا نانێ. ئەیەوەێ بڵێت گرینگ نیە چی کردووە و بەس ئەوە گرینگە کە بنەماڵەکەی خۆش دەوێ.

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە