وێژە

شانۆنامەی شا لیر

شا لیر – King Lear
نووسەر: ویلیام شێکسپیر – William Shakespeare
ساڵ: ۱۶۰۶
وەرگێڕانی کوردی: شێرزاد حەسەن / ۲۰۰۷

کورتەیەک لە شانۆنامەکە

لیر پاشای پیری بریتانیا بڕیاری داوە لە تەختی پاشایەتی دابەزێت و دەسەڵاتەکەی لە نێوان سێ کچەکەیدا بە یەکسانی دابەش بکات. سەرەتا تاقی کردنەوەیەک دەخاتە بەر دەم کچەکانی و داوایان لێ دەکات پێی بڵێن کە چەندە ئەمیان خۆش دەوێ. گۆنریل و ڕیگن دوو کچە گەورەکەی پاشا، بە مەراییەوە وەڵامی باوکیان دەدەنەوە. بەڵام کۆردیلیا کچی بچووک و کچی دڵخوازی باوکی بێدەنگ دەبێت و دەڵێ هیچ وشەیەکی پێ نیە بۆ دەربڕینی ئەوەی کە چەندە باوکی خۆش دەوێ. لیر تووڕە دەبێت و حاشا لە کۆردیلیا دەکات. پاشای فەرەنسا کە خۆشی لە کۆردیلیا هاتووە دەڵێ کە هێشتا ئامادەیە لەگەڵی هاوسەرگیری بکات، تەنانەت بە بێ دارایی و خاک و زەوی. ئیدی کۆردیلیا لەگەڵی دەچێ بۆ فەرەنسا بە بێ دۆعای خێری باوکی.

هەر زوو لیر تێدەگات کە بڕیارێکی هەڵەی داوە. گۆنریل و ڕیگن خێرا دەست دەکەن بە چەوساندنەوەی ئەو دەسەڵاتە کەمەی کە لیر هێشتا بە دەستیەوەیە. لیر ناتوانێ بڕوا بکا کچە نازارەکانی خەریکن خەیانەتی لێ دەکەن و وردە وردە شێت دەبێت. لە ماڵی کچەکانی هەڵدێت و لە کاتی ڕەشەبایەکی قورس و بروسکاوی دا سەر دەنێ بەرەو بیابان و دەر و دەشت. لەم هەڵاتنەیدا لەگەڵ باڵوول و کۆنت دەبێت کە کەسێکی خانەدان و دڵسۆزە و خۆی گۆڕیوە.

هاوکات خانەدانێکی پیری دیکە بە نێوی گلۆستر ڕووبەڕووی کێشەگەلێکی بنەماڵەیی دەبێتەوە. کوڕە زۆڵەکەی، ئێدمۆند دەیخەڵەتنێ و وا دەکات بڕوا بهێنێ کە کوڕەکەی دیکەی واتە ئێدگار هەوڵی کوشتنی دەدا. ئێدگار لە دەستی ئەو جەماعەتەی کە باوکی ڕایسپاردووە بۆ گرتنی، هەڵدێ و خۆی دەگۆڕێ وەکوو سواڵکەرێکی شێت و بە خۆی دەڵێ ‘تۆم’ی هەژار. وەکوو لیری پاشا ئەمیش سەر دەنێتە بیابانەوە.

کاتێ گلۆستر_ی دڵسۆز ئاگادار دەبێتەوە کە کچەکانی شا لیر پشتیان لە باوکیان کردووە، بڕیاری یارمەتی دان بە لیر دەدات بە هەموو مەترسیەکانیەوە. ریگن و کۆرنۆل_ی شووی پێ دەزانن و بە خەیانەت تۆمەتباری دەکەن، چاوەکانی کوێر دەکەن و لە دەرەوەی شار وێڵی دەکەن. دواجار بە ڕێنوێنی و ڕێپیشاندەری ئێدگاری کوڕی، دەگات بە شاری دۆڤەر کە شا لیریش گەیشتوەتە ئەوێ.

لە دۆڤەردا سوپایەکی فەرەنسی بە ڕابەری کۆردیلیا بە مەبەستی پاراستنی باوکیەوە هێرش دێننە نێو شارەکەوە. ئێدمۆند هاوکات لە گەڵ ڕیگن و گۆنریل دەکەوێتە پێوەندی خۆشەویستیەوە. ئەلبانی شووەکەی گۆنریل خەریکە دڵی بۆ کارەساتەکەی لیر دەسووتێتەوە، ئیدی گۆنریل و ئێدمۆند پیلان دەڕێژن بۆ کوشتنی ئەلبانی.

گلۆستر_ی ناهومێد و بێهیوا دەیەوێ خۆکوژی کات، بەڵام ئێدگار بە فێڵێکی سەیر ڕزگاری دەکات و بەرەو لاپاڵێکی خەیاڵی دەیبات. هاوکات سوپای ئنگلیز دەگەنە دۆڤەر، و سوپای ئنگلیز بە ڕابەری ئێدمۆند سوپای کۆردیلیا دەشکێنێت. لیر و کۆردیلیا قۆڵبەست دەکرێن. لە پەردەی داوی دا ئێدگار لەگەڵ ئێدمۆند شەڕی دوو قۆڵی دەکەن و ئێدمۆند دەکوژرێ. لە مەرگی گلۆستر ئاگادار دەبینەوە. گۆنریل، ڕیگن ژەحرخوارد دەکات بە هۆی بەغیلی بردنی لەسەر ئێدمۆند، ئینجا خۆیشی دەکوژێ کاتێ ئەلبانی دەزانێ بە بێوەفایی و ناپاکیەکەی. لە کۆتایشدا کۆردیلیا لە بەندیخانەکە لە سێدارە دەدرێ و لیر لە خەفەت و پەژارە دا بە سەر تەرمی کۆردیلیاوە دێق دەکات و دەمرێ. ئەلبانی، ئێدگار و کۆنت_ە پیرەکە دەمێننەوە بۆ بەڕێوەبەردن و پاراستنی وڵات لە ژێر بارێک لە داخ و خەفەت دا.

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە