وێژە

شانۆنامەی شا لیر

کۆردیلیا لە کۆشکی شا لیر | شێوەکار: سێر جان گیلبەرت، ۱۸۷۳

کۆردیلیا لە کۆشکی شا لیر | شێوەکار: سێر جان گیلبەرت، ۱۸۷۳

بیرۆکە سەرەکییەکان

دادوەری

شا لیر شانۆنامەیەکی توندووتیژانەیە؛ پڕ لە توندووتیژی و دڵڕەقی، پڕ لە کارەسات و نامرۆڤایەتی. بە چوونە بەرەوەی شانۆنامەکە و ڕووداوە کارەساتاوییەکان ئەم پرسیارە بۆ کەسایەتییەکان دێنێتە پێشێ کە ئایا ئەم جیهانە هیچ‌ دادێکی تێدا هەیە یان جیهانێکە بە گشتی کەمتەرخەمە بەرانبەر مرۆڤ یان تەنانەت دژیەتی. کەسایەتییەکان بیر و ڕای خۆیان دەردەبڕن:

“مێشەکان بۆ کوڕە چەتوونەکان چۆنن، ئێمەش واین بۆ خوداکان؛ ئەوان ئێمە دەکوژن بۆ ڕابواردنی خۆیان.” (پەردەی ۴ دیمەنی ۱) گلۆستر ڕادەمێنێ و تێدەگات کە گەمژانەیە مرۆڤ پێی وا بێت سرووشتی جیهان تەریب لەگەڵ کۆمەڵگادا ئیش دەکات یان ئەوەی کە بیرۆکەیەکی ساکار و ئاسانی لە دادوەری هەبێت. بەڵام ئێدگار پێداگرە کە “خوداکان دادوەرن” و پێی وایە کەسەکان ئەو شتەیان بە سەر دێ کە شایەنیانە. (پەردەی ۵ دیمەنی ۳) بەڵام لە کۆتایدا ناڕوونیێکمان بۆ دەمێنێتەوە؛ لە گەڵ کەسایەتییە نەگریس و بێئەخلاقەکاندا کەسایەتییە باش و چاکەکەش دەمرێ، بە وێنەیەکی دڵتەزێنەوە کە شا لیر تەرمی کۆردیلیای لە باوشدایە. چاکە لە نێو جیهانی شانۆنامەکەدا بوونی هەیە، هەروەها کە شێتی و مەرگیش بوونیان هەیە، بەڵام ئەستەمە بڵێین لە کۆتاییدا کامیان سەردەکەون.

دەسەڵات بەرانبەر بە ئاژاوە

شانۆنامەی شا لیر چەندە سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسییە هەر ئەوەندەش سەبارەت بە هەڵسووکەوتی بنەماڵەیە. لیر بەس باوکێک نیە، ئەو شایشە و کاتێ دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی دوو کەسایەتی بێنرخ و نەگریسی گۆنریل و ڕیگن دەکات، نەک هەر خۆی و بنەماڵەکەی بەڵکوو تەواوی بریتانیا تووشی کێشە و ئاڵۆزی و نەهامەتی دەکات. کاتێ دوو خۆشکە نەگریسەکە ئارەزوویان بۆ هێز و دەسەڵات دەورووژێنن و ئێدمۆند دەست دەکات بە بەرز کردنەوەی پلە و پایە و دەسەڵاتەکانی، وڵاتەکە تووشیاری ئاڵۆزی و کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی دەبێت و تێدەگەین کە لیر نەک هەر دەسەڵاتی خۆی بەڵکوو هەموو دەسەڵاتی بریتانیای ڕووخاندووە. ڕووخاندنە یەک لە دوای یەکەکان دەست پێ دەکەن و ئاڵۆزی و شێوانشێوی هەموو وڵاتەکە دادەگرێ.

ڕووخانی دەسەڵات لە بەرانبەر ئاژاوەکاندا لە کاتی زریانەکە و سەرگەردانی لیر لە بیاباندا دیسان ڕوو دەداتەوە. لیر بە دیتنی هێزەکانی سرووشت تێدەگات کە ئەویش وەکوو مرۆڤەکانی دیکەیە لەم جیهانەدا و هیچ جیاوازیێکی نیە. ئەم تێگەیشتنە لە تێگەیشتنەکەی لە ڕووخان و لە دەس دانی دەسەڵاتە سیاسییەکەی گرینگترە و وا دەکات بیر لە نرخ و تایبەتمەندییەکانی بکاتەوە و ببێت بە کەسێکی میهرەبان و بێفیز. بەم تێگەیشتنە نوێیەی لە خۆی، لیر هیوادارە بتوانێ بەرانبەری ئاڵۆزی و هەڵەژانە سیاسییەکەشی بێتەوە.

یەکگرتنەوە

خەم و تاریکی شانۆنامەی شا لیر دادەگرێ و پەردەی خەماوی و دڵتەزێنی پێنجەم یەکێک لە تراژیدییترین و خەماویترین داوییەکانی نێو وێژەیە. هەڵبەت شانۆنامەکە پێوەندییە سەرەکییەکە، واتە ئەو پێوەندییەی نێوان لیر و کۆردیلیا، وەکوو نموونەیەکی مەزن لە خۆشەویستیێکی ڕاستەقینە و فیداکارانە پیشان دەدات. ئەگەرچی لیر بێبەزەییانە کۆردیلیا دوور دەخاتەوە بەڵام ئەو هەر وا سۆزی دەمێنێت بۆ باوکی، تەنانەت لە دوورەوە و لە کۆتایدا سوپایەک لە وڵاتێکی بیانییەوە دەهێنێ بۆ ڕزگار کردنی باوکی لە دەست ئەشکەنجەدەرەکانی. لەم نێوانەدا لیر وانەیەکی گرینگ فێر دەبێت و تێدەگات چ هەڵەیەکی کردووە، ئەو کاتەی بە دیداری کۆردیلیا بە خۆشەویستی و لێبووردەیەوە شاد دەبێتەوە. تێگەیشتنی لیر لە هەڵەکانی بەشێکی هەرە گرینگی یەکگرتنەوەی لیر و کۆردیلیایە، نەک بۆ پێزانین بە دڵڕەقی و هەڵەکەی بەرانبەر کچەکەی، بەڵکوو بۆ تێگەیشتنی لیر لە ئەو خۆشەویستییە ڕاستگۆیانە و قووڵەی کە کۆردیلیا بۆ باوکی هەیەتی. ئەو تێگەیشتنەی وا دەکات دیسان ئەو خۆشەویستییە باوکانەیە بگەڕێتەوە، کە ئەمە بەڵگەیەکە بۆ توانای خۆشەویستی بۆ گەشە کردن تەنانەت ئەگەر لە دەرفەتێکی کورتدا بێت، ئەویش لە نێوان ئەو هەموو ترس و ئاژاوەدا کە پاشماوەی شانۆنامەکە گەمارۆ دەدات.

هیچخوازی

شانۆنامەی شا لیر وێنەیەکی سارد و ناخۆش لە جیهانێکی بێمانا پیشان دەدات. شا لیر لە سەرەتادا نرخ دادەنێ بۆ داد و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاشایەتی بەڵام بە چوونە بەرەوە و بە ئەزموونەکانی، ئەم نرخانە لاواز دەبنەوە. لە کۆتایدا لیر بەو ئاکامە دەگات کە دادپەروەری و ئاسایش و پاشایەتی بەس هەر ناوگەلێکی خەڵەتێنەرن بۆ دەسەڵاتێکی دڕندە و کێوی. کۆرنۆل ئەو ڕوانگەی لیرە پەسند دەکات کاتێک دان بەوەدا دەنێت کە تەنانەت سزادانی گلۆستر بە بێ دادگایی کردن، بڕیارێکی نادادگەرانەیە. دەسەڵات ئەو ئازادییەی پێ دەبەخشێ ئەو کردەوەیەی هەبێت کە دەیەوێ. گلۆستریش جیهان وەکوو ڕێكەوت دەبینێت، وەکوو شوێنێکی دڕندە و دڵڕەق و پڕ لە تاوان کە ئاکاری خوداکان بەرانبەر مرۆڤەکان وەکوو ئەوەی کوڕە قوتابیەکانە لە گەڵ مێشەکان. شانۆنامەی شا لیر لە هیچ شوێنێکیدا ژیان پیشان نادات و مانا یان ئەگەری ڕزگاری ناخاتە ڕوو. کۆتاییە تراژیدییەکەی شانۆنامەکە هیچ وانەیەک ناڵێتەوە. کۆردیلیا بە بێ هیچ هۆیەک دەمرێ؛ فەرمانی لە سێدارە دانی هەڵوەشاوەتەوە. ئەو ژمارە کەمەی کە زیندوو دەمێننەوە خەفەتبارن لەو شتەی کە بینیویانە.

تێگەیشتن لە خود

شانۆنامەی شا لیر ئەوە پیشان دەدات کە تێنەگەیشتن لە خود دەتوانێ ببێتە هۆی ساز بوونی کێشە و ئاژاوە و تراژیدی، بەڵام هەروەها شانۆنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە تێگەیشتن لە خود ئازار بەخشە و ڕەنگە نرخی ئەو هەوڵ و ماندوو بوونەی نەبێت کە بۆ گەیشتن پێی پێویستە. هەڵەی تراژیدی لیر نەبوونی تێگەیشتنیە لە خود. ڕیگن لە پەردەی سەرەتایی شانۆکەدا لەو هەڵەیە تێدەگات کاتێ دەڵێ: “ئەم قەد بە باشی خۆی نەناسیوە” (پەردەی ۱ دیمەنی۱). لیر دەگات بە تێگەیشتن بە خود بەڵام بە نرخی سامان و دەسەڵات و هۆشمەندیەکەی. ئەو شتەی کە سەبارەت بە خۆی تێدەگات، تێگەیشتنێکی دڵخۆشکەر نیە:

لیر:
تکاتان لێ دەکەم پێم ڕامەبوێرن
من جگە لە پیرێکی کەنەفت و گەلحۆ هیچی تر نیم
هەشتا ساڵ تەمەن و زیاتریش… نە کاژێرێ کەمتر و نە کاژێرێ زیاتر.
گەر بێ پێچووپەندا بدوێم دەڵێم من لە سەر عەقڵی خۆم نیم
لەوانەیە تۆ بناسم… ئەو کابرایەش
بەڵام هەر بە گومانم… ئێستا من دەزانم ئێرە کوێیە…
بە هەموو توانا و ئاوەزی خۆم نازانم ئەم جلانەی بەرم چین و کێ لە بەری کردووم.
ناشزانم دوێنێ شەو لە کوێ مامەوە
پێم پێمەکەنن… ئەوەندەی بزانم و ئاوەزم بێ ئەوەیە ئەم خانمە کۆردیلیای کچم بێ

پەردەی ۴ دیمەنی ۷

تێگەیشتن لە خود، لیر لەو چارەنووسە تراژیدییەی ڕزگار ناکات و قەد ناتوانێت لەو چارەنووسە ڕا بکات. لە ڕاستیدا تێگەیشتن لە خود وا دەکات ئازارەکەی چڕترەوە بێت. لە کۆتایدا تێدەگات کە کۆردیلیای کچی چەندە خۆشی دەوێت و ئەمە مەرگی کۆردیلیا ئازاربەخشتر و دڵتەزێنتر دەکات. بەسەرهاتی ئێدمۆندیش ئەوە پیشان دەدات کە تێگەیشتن لە خود نرخێکی سنوورداری هەیە. بە پێچەوانەی لیرەوە، ئێدمۆند هەر لە سەرەتاوە بە ڕوونی خۆی دەبینێت، بەڵام تێگەیشتن لە خود سوودێکی وەهای بۆی نیە: ئەو بەر لە مەرگی لیر دەمرێت.

جێی متمانە نەبوونی قسەکان

شانۆنامەی شا لیر ئاماژە بەوە دەکات کە قسە و وتەکان هەمیشە جێگەی متمانە نین. ڕووداوە تراژیدییەکانی شانۆنامەکە بۆیە دەقەومن کە لیر بڕوا بە قسە جوانەکانی گۆنریل و ڕیگن دەکات، لە کاتێکدا بە ڕوونی دیارە کە خەریکن فێڵبازانە دەدون. گۆنریل دەڵێ خۆشم دەوێی پتر لەوەی کە قسە دەری ببڕێ. (پەردەی ۱ دیمەنی ۱) کە بێمانایە چونکە لە نێوان قسە و باسێکی دوور و درێژدایە. کێنت دەڵێ کە قسەیەکی ساکار و سادە وەکوو هی کۆردیلیا جێگەی متمانە و باوەڕە:

خۆشەویستی کچە چکۆلانەکەت لە هی ئەوان کەمتر نییە
ئەو کەسانەش بە دڵسارد مەزانە کە بە چرپە بۆت دەدون…
چونکێ چرپە، لە بۆشایی، بێ سەدایە.

پەردەی ۱ دیمەنی ۱

بەڵام کۆرنۆل پێوایە کە قسەی ساکار و کورت هەر وەکوو مەرایی کردنێکی دوور و درێژ جێگەی متمانە نیە. ئێدگار پێیوایە کە زمان قەد ناتوانێ هەست و ئازارەکان بە تەواوی ڕابگەینێت. لە کۆتایی شانۆنامەکەدا ئاکاری لیر پیشاندەری ئەوەیە کە ئێدگار ڕاست بووە؛ کاتێ کە کۆردیلیا بە مردوویی دەبینێت بە یەکجاری دەسبەرداری زمان دەبێت و دەست دەکات بە هاوار کردن.

سەرچاوە: Spark Notes

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە