وێژە

شیعرەکانی خەلیل جوبران سەبارەت بە منداڵان

زۆر شت لە گەورە بوون و گەشە کردنی منداڵان دا دەوریان هەیە. ئەم شتانە کاریگەرێیکی زۆریان هەیە لە سەر ئەوەی کە منداڵێک لە گەورەییدا چ کەسایەتیێکی ئەبێت. هەموو شتێک لە میراتی بنەماڵەییەوە تا خزم و کەس و هاوڕێکان لە سەر گەورە بوون و گەشە کردنی منداڵ دا کاریگەری دادەنێن.

لە شیعرەکانی خەلیل جوبران ئەو مانایە دەبینینەوە کە منداڵەکانمان لە ڕاستیدا هی ئێمە نین. منداڵانی ئێمە وەکوو توویەک وان کە هەر لە ئێستادا هەموو ئەوشتانەی کە بۆ گەشە کردن پێویستیانە لەگەڵ خۆیاندا هەیانە. ئیدی ئەرکی باوک و دایک ئەوەیە هەوڵ بدەن منداڵەکەیان لە دۆخێکی باش و شیاودا گەشە بکات. وەکوو چۆن گوڵێک ئەگەر ئۆکسیجن و ئاو و خۆر و خاکی بە قوەتی پێ بدرێت گەشە دەکات و دەشکۆفێتەوە. دایباب بۆیان نیە بڕیار لە سەر تواناکانی منداڵەکانیان بدەن و نابێت هەوڵ بدەن ڕێگایان بۆ دابین بکەن. ئەوان تەنیا دەبێ یارمەتیدەری منداڵانیان بن تاکوو بتوانن خودی ڕاستەقینەیان بدۆزنەوە و خۆیان بڕیار لە سەر داهاتوویان بدەن.

ڕوانگەی خەلیل جوبران سەبارەت بە منداڵان بەمجۆرەیە کە  دایک و باوک نابێ لە ژیانی منداڵانیاندا زۆر فرماندەر بن. بە ڕای من ئەمە ڕوانگەیەکی درووستە و هەست دەکەم ئەبێ منداڵان ئازاد بهێڵین تاکوو لە هەڵەکانیان شت فێر ببن. دایک و باوک خۆ هەمیشە لەگەڵ منداڵەکەیاندا نین و ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە منداڵەکان ئەو ئیشانە بکەن کە دایبابیان پێیان خۆش نیە.

منداڵەکان خەڵاتگەلێکن لە لایەن خوداوە بۆ دایک و باوک. جوبران لە کتێبی پەیامبەر دا لە دێڕی ٥ و ٦ی شێعرەکەی سەبارەت بە منداڵان بەمە ئاماژە دەکات:

«ئەوان بۆ ئێوە دێن، لە ئێوەوە نایەن.
ئەگەرچی لەگەڵتانن، بەڵام هی ئێوە نین.»

لێرەدا دەڵێ کە هەموومان مناڵی خوداین و ئەگەرچی لەم ئەستێرەیەدا دەژین بەڵام سەر بە ئێرە نین. شتێ کە زۆربەی دایک و باوکان لێ تێ ناگەن ئەوەیە کە ئێمە مەخلۆقی خوداین و بەس مولکی ئەوین.

جیاواز لە بیرۆکەکانی جوبران سەبارەت بە منداڵان، لە کۆمەڵگایێکی ئەمەریکی-چینی لە شاری ستۆکتۆن لە کالیفۆرنیا، ئەو شوێنەی ماکسین هۆنگ کینگستۆن تێدا گەورە بوو، منداڵیان بە مولک و دارایی خۆیان دەزانی. لە ڕاستیدا ڕقیان لە کچ بوو و حەزیان لەوە بوو کە کوڕیان بێت چوونکە پێیان وابوو کوڕ لە کچ سوودی زۆرترە. لە بەشی بەبرە سپیەکان لە کتێبی ژنە جەنگاوەرەکە، ماکسین دەڵێ جارێکیان بیستوویە جیرانێکیان ئەیژێت: «گەورە کردنی کچ هیچ دەسکەوت و سوودێکی نیە. قاز گەورە کەی باشترە تا کچ.» بە ڕوونی دیارە کە لەم کۆمەڵگایەدا بەو چەشنە کە جوبران ئارەزوویەتی منداڵ بە تایبەت کچ لەگەڵ ئەوین و لە دۆخێکی درووستدا گەورە ناکرێن. لەم بەشە لە کتێبەکەدا دەبینین کە چۆن ژنانی ئەم کۆمەڵگا چینیە لە کەسانێکی لاواز و بێنرخەوە دەگۆڕن بۆ کەسایەتیگەلێکی بەهێز و تەنانەت پاڵەوان و شێرەژن. نووسەرەکە پیشانی ئەدات کە چۆن ژنان و کچان لەم کۆمەڵگایەدا نرخێک و گرینگیێکی ئەوتۆیان نیە و پیاوان بە سەر ژناندا زاڵن. لە گێڕانەوەکەی ماکسیندا، خوێنەر بە ڕوونی توندوتیژی ئەم کۆمەڵگایە بەرانبەر ژنان و کچان دەبینێ. لەم کتێبەدا دەنووسێ: «باشترە قاز پەروەردە کەی تاکوو کچ» لێرەدا کچ بە قاز شوبهێندراوە واتە لەم کۆمەڵگایەدا ئاستی کچ تا ڕادەی ئاژەڵان دابەزیوە. هەروەها ئەوەش نیشان دەدات کە ئەم کۆمەڵگایە سوودێک لە کچان نابینێ چوونکە کچان ئەو ئیشانە کە کوڕان دەیکەن بۆیان جێبەجێ ناکرێ؛ وەکوو ئیشگەلێک لە سەر هێز و توانای جەستەیی و بەشداربوون لە جەنگەکان.

ماکسین باسی ئەوە دەکات کە کچان گوێیان لە چیرۆکگەلێک دەگرت کە فێریانی دەکرد چۆن ببن بە ژنێکی چەقۆوەشێن و پاڵەوان. گێڕەرەکە چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە کە دەیەوێ شێوازی مستانی لەق لەقی سپی دابهێنێت کە دوایی ڕوون دەبێتەوە پیرەپیاوێک ڕێنمایی کردووە. دایکی ماکسین هەموو شەوێک چیرۆکیان بۆ دەگێڕێتەوە و ئەمە کاریگەری لە سەر ماکسین دادەنێ، ئەگەرچی دایکی پێ دەڵێت هەر کات گەورە بوو دەبێت بە ژنی کەسێک و دایکی منداڵەکانی، بەڵام ماکسین لە خولیای ئەوە دایە کە ببێت بە ژنێکی جەنگاوەر. لەم چیرۆکەدا کچان وەکوو ژنانێکی داهاتوو دەبینرێن کە گەورە دەبن و ڕۆژێک شوو دەکەن و ئیدی هیچ سوودێکیان بۆ بنەماڵەیان نیە، بەڵام کینگستۆن دژی ئەم ڕوانینە دەبێتەوە و دەیسەلمێنێت کە کچانیش دەتوانن بە سەر کێشەکاندا سەرکەون، دەتوانن خۆیان تەرخانی نەک هەر بنەماڵەیان بەڵکوو تەواوی نیشتمانەکەشیان بکەن. بۆ نموونە کاتێک ماکسین دەبێت هەڵیبژێرێت ئاخۆ لە شاخ بمێنێتەوە و توانای شەڕ و جەنگاوەری بەهێزتر بکات یان بگەڕێتەوە، بڕیاری مانەوە دەدات. کینگستۆن سەرکەوتوو دەبێت لە سەلماندی ئەوەدا کە کچان هیچیان کەمتر لە کوڕان نیە و تواناکانیان هەرە زۆرترە لەو شتەی کۆمەڵگای چینیەکەیان بیری لێدەکاتەوە و ئەیەوێ هەموو کۆمەڵگاکەش بەو بڕوایە بگەن.

وەکوو کینگستۆن، سەندرا سیسنەرۆسیش زۆربەی کێشەکانی ژیانی بە هۆی کچ بوونیەوە بوو. باوکە مەکزیکیەکەی بە شانازیەوە دەیگوت کە حەوت کوڕی هەیە لە کاتێکدا شەش کوڕی بوو لەگەڵ کچێک واتە سەندرا. سەندرا لە کورتەچیرۆکی تاقانە کچ دا دەڵێ کە ئەمە وای کرد هەست بە بۆشایێک بکات و هەست بکات کە هیچ گرینگی پێ نادرێ. باوکی کە بڕوایەکی بەهێزی هەبوو بۆ سەرکەوتن و داهاتووی کوڕەکانی، پێی وابوو کە کچان هەر بۆ ئەوە لە دایک دەبن کە گەورە بن و ڕۆژێک شوو بکەن. ڕۆژێکیان سەندرا دەڵێت کە دەیەوێ بچێت بۆ کۆلێج، باوکیشی هاوڕای دەبێت. هەرچەن دەزانێت باوکی بۆ ئەوە دەینێرێ چونکە پێ وایە کۆلێج بۆ کچان شوێنێکی باشە بۆ شوو دۆزینەوە.

خەلیل جوبران ڕاستی دەگووت کە باوک و دایکەکان نابێ لە ڕادەبەدەر و بە تەواوی کردەوەکانی منداڵەکانیان کۆنترۆل بکەن، پێویستە ئیزنیان پێ بدەن خۆیان ژیانی خۆیان بژین و ئەزموون کۆ بکەنەوە، چوونکە ئەوان بە چەشنێکی دی بیردەکەنەوە و بۆچوونیان سەبارەت بە دونیا و ژیان جیاوازە. شتێ کە دایک و باوک پێویستە بەرچاوی بگرێت پاڵپشتی کردنی بەرداومی منداڵەکانیانە.

کاتێ کە جوبران باسی پاڵپشتی دایباب بۆ منداڵان دەکات، سەندرا سیسنەرۆس پاڵپشتیێکی زۆر کەمی لە لایەن بنەماڵەیەوە هەیە، ئەگەرچی باوکی قایل دەبێت بە ڕۆیشتنی بۆ کۆلێج بەڵام هیچ پرسیاری لێ ناکات ئاخۆ چی لەو ژیانە دەوێت و ئامانجی چیە، هۆکاریشی بۆ ناردنی کچەکەی بۆ کۆلێج ئەوەیە بەشکەم شوویەک بدۆزێتەوە. باوک و دایکیشی زۆر نیگەرانن کە لە ماوەی قوتابی بوونیدا هاوسەرێکی بۆ پەیدا نەبووە. سەندرا وێنەیەک وێنا دەکات لە پاڵپشتی نەکردن و کەمتەرخەمی باوکی لە ڕێگای هەوڵدانیدا بۆ بوون بە نووسەرێکی باشتر. دەستپێکی بیرەوەریەکانی سیسنەرۆس ئەم باسە بە تەواوی پیشان دەدات: «من تاقانە کچی بنەماڵیەیەکم کە شەش کوڕیان هەیە. ئەمە هەموو شتێک شرۆڤە دەکات» ئەم کورتەیە بە ڕوونی شی دەکاتەوە کە ئاکاری باوکی سیسنەرۆس لەگەڵیدا چۆن بووە. سیسنەرۆس بە درێژایی چیرۆکەکە هەوڵ دەدات ڕێز و  پاڵپشتی باوکی بە دەست بهێنێ. پێ خۆش نیە کاتێ باوکی بەمجۆرە ناوی دەبات و بە خەڵکی دەناسێنێ و دەڵێت: «ئەمە کچی منە، وانە دەڵێتەوە.» باوکی دەڵێ کە کچەکەی وانە دەڵێتەوە بە جێگەی ئەوەی ڕێزێکی زۆرتری بۆ دابنێت و بڵێت کچەکەم مامۆستایە. ئەمە نیشان ئەدات باوکی ئەوەندە خۆشی ناوێت کە شانازی پێوە بکات.

لە بنەماڵەیەکی نۆ کەسیدا ئەم تاقانە کچی ماڵەکە بووە و هەروا کە خۆی دەڵێت ئەمە وای کردووە لە چاوی باوکیەوە ببێت بە ‘بەس کچێک’. زۆربەی کات باوکی گرینگیێکی ئەوتۆی بە کچەکەی نەدەدا چونکە شەش کوڕی هەبوو. ئەمە وادەکات سیسنەرۆس تەواوی هەوڵی خۆی بخاتە گڕ کە باوکی لایەکی لێ بکاتەوە و سەرنج و ڕێزی باوکی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. بە درێژایی کورتە چیرۆکەکە، سەندرا خۆی وەکوو کچێکی زیرەک و لێهاتوو وێنا دەکات لەو بنەماڵەو و کۆمەڵگا پیاوسالارەدا کە تێیدا دەژیت. ئەوە نیشان دەدات کە شایەنی ڕێز و سەرنجە لە لایەن باوکیەوە بە پێچەوانەی بیرۆکە و بڕواگەلێک کە لە کۆمەڵگاکەیاندا باوە.

لە کاتێکدا جوبران ئارەزوویە ئالیکاری منداڵان بکرێت و دۆخێکی شیاو بۆیان ئامادە بکرێت تاکوو بتوانن شوێنی خولیاکانیان بکەون و ژیانی خۆیان بژین، ساندرا و ماکسین پەراوێز خراون و وا دیارە کە ڕێگای ژیانیان لە پێش دابین کرابێت هەر بە هۆی کچ بوونیانەوە. جوبران دەڵێ دایبابەکان دەبێ خۆشەویستی و ئەوینی خۆیان پێشکەشی منداڵانیان بکەن نەک بیرو باوەڕیان، چوونکە منداڵان خۆیان بیروباوەڕ و تێفکرینی خۆیانیان هەیە. بەڵام بنەماڵەی ساندرا و ئەو کۆمەڵگای مەکزیکە کە تێدا دەژی بڕوایان وایە کە کچ هەر بۆ ئەوە لە دایک دەبێت کە ڕۆژێک شوو بکات و ببێت بە ژنی کەسێک. بەڵام بەگشتی بە جیاوازی نێوان کچ و کوڕ لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکان دا، سەرکەوتنی ماکسین و ساندرا دەتوانێ وەکوو بەڵگەیەک بێت بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەگەر کەسێک تەنانەت زاڵ بێت بە سەر جەستەی منداڵەکانی و کۆنترۆلیان بکات، قەد دەستی بە ڕۆحیان ڕاناگات هەروا کە جوبران دەڵێ:

«ڕۆحیانەتی ئەوان لە خانووی سبەینێدا دەژی، کە ئێوە ناتوانن بیبینن، تەنانەت لە نێو خەیاڵەکانتاندا»

سەرچاوە:
Essay UK/Kahlil Gibran’s poems on childeren

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە