سینەما

فلیم و کاریگەریەکانی لە سەر کۆمەڵگا

فلیم بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیان کە ئیدی لێ جیا ناکرێتەوە. لە دنیای ئەمڕۆدا بە هۆی پاش کەوتنی تەکنۆلۆجیاوە ڕەنگە ژمارەی ئەو کەسانەی دەچن بۆ هۆڵەکانی سینەما دابەزیبێ بەڵام بە گشتی ژمارەی فلیم بینەکان زێدەی کردووە. هۆکاری ئەوەی کە جیهانی فلیم و سینەما وەها لە گەشە کردن دایە و خەڵک بە زۆری شەیدای ئەم هونەرەنە ئەوەیە کە فلیم دەلاقەیەک بەرانبەر بینەر ئەکاتەوە پڕ لە خەیاڵ و ئەگەری جۆراوجۆر؛ بە شێوەیەک کە بتوانێ بۆ ساتێک لە تاڵیەکان و واقیعی ژیانی ڕۆژانەی دوور بێتەوە.

لەم بابەتەدا سەرەتا سەبارەت بە کاریگەریە ئەرێنی و نەرێنیەکانی فلیم و سینەما لە سەر تاک و کۆمەڵگا باس ئەکەین و ئینجا ئاوڕێک ئەدەینەوە لە پێوەندی سینەما بە سیاسەتەوە و ئەوەی کە چۆن وەکوو ئامرازێک ئەتوانێ لە سیاسەتدا بە کار بێت و چەندە ئەتوانێ لە سەر خەڵک کاریگەری هەبێت و یان بە پێچەوانەوە خەڵک و بیری تاکەکان چەندە لە سەر سینەما کاریگەریان هەیە.

کاریگەرییە ئەرێنیەکانی فلیم لە سەر کۆمەڵگا

ئاگاداری سەبارەت بە واقیع و کێشە کۆمەڵایەتیەکان

هەندێ لە فلیمەکان کاریگەریێکی بەرچاو و ئەرێنیان لە سەر بینەر داناوە. بۆ نموونە بینەریان سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان و شێواز و ئاکارە سیاسیەکان، یان سەبارەت بە زیانەکانی مادە هۆشبەرەکان، نەخۆشینی ئەیدز، خواردنەوەی زۆری کهوول، هەبوونی سێکسی زۆر لە گەڵ چەندین کەسدا ئاگادار کردووەتەوە. هەندێ فلیمیش سەبارەت بە گرنگی پەروەدە و دەرمان و سیاسەت و هونەر ئاگاداری ئەخەنە بەر دەست بینەرانیان، یان سەبارەت بە وڵاتە دوا کەوتوەکان یان ئەو وڵاتانەی بە هۆی جەنگەوە ڕوخاون زانیاری ئەبەخشن بە بینەر. ئەم فلیمانە لە ناخی بینەردا هەستێکی بەزەیی و بەپرسیاری سەبارەت بە ئەو کێشانە دەخولقێنن. ئەم فلیمانە هەستمان دەبزوێنن و کاریگەریێکی ئەرێنی لە سەرمان دادەنێن بۆ ئەوەی بتوانین لە پێناو مرۆڤایەتیدا چالاکتر بین، خۆمان بە بەرپرسیار بزانین و لەم ڕێگایە هەنگاوێک هەڵبگرین. هەندێ جار دیومانە کەسانێک پاش دیتنی فلیمێک دەسیان کردووە بە چالاکی لە مرۆیی یان هەوڵیان داوە بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان.

گەشە کردنی هەستی داهێنان

فلیمەکان یارمەتیمان ئەدەن کە خەیاڵ و فەنتازیاکانمان بەهێزتر بکەین. ئێمە سەبارەت بە ئەو شتەی ئەیبینین بیر دەکەینەوە، وێنە و خەیاڵی پێ دەبەخشین و خەیاڵەکانمان بەرەو دوورتر دەبەین. ئەمە یەکێک لەو هۆکارەکانەیە کە خەڵک زۆر سەرسامی جیهانی فلیمسازین. تەنانەت ئەکتەر و دەرهێنەرە لاوەکان زۆر شەیدای ئەوەن بتوانن بێنە نێو کایەی فلیمسازیەوە تاکو ئەوانیش بتوانن لە جیهانی خەیاڵەکانیاندا بسوڕنەوە و داهێنانی خۆیانیان هەبێت و شتێکی نوێ بخولقێنن.

پێکهێنانی ئیشی نوێ لە کۆمەڵگا

درووس بوونی هەر فلیمێک ئەنجامی هاوکاری کەسانێکی زۆرە و ئەمە ئەبێتە هۆی پێکهێنانی دەرفەتگەلێک بۆ خولقاندنی ئیشی نوێ لە کۆمەڵگا.

ڕابواردن

سەیر کردنی فلیمەکان ئەتوانێ ڕێگایەکی زۆر بەرچاو بێت بۆ ڕابواردنی خەڵک؛ بۆ ئەوەی بتوانن بۆ چەن ساتێک لە ژیان و کێشەکانی دوور ببنەوە و بچنە نێو دنیایەکی خەیاڵیەوە و لە جیهانی ڕاستەقینە و بۆ ماوەیەک گرفتەکانیان ڕزگاریان بێت. هەرچەن ئەم ماوەیە کورت بێت و لە چەن کاژێر تێنەپەڕێت بەڵام ڕێگایەکی باشە بۆ پشوو دانێک لە نێو سەرئێشە و ئالۆزیەکانی ژیاندا.

کاریگەرییە نەرێنیەکان

بڵاوکردنەوەی پرۆپاگاندا

فلیمەکان تا ڕادەیەکی زۆر ئەتوانن لە سەر بینەران کاریگەرییان هەبێت. بۆیە فلیمەکان ئەتوانن یارمەتیدەرێکی بەهێز بن بۆ کۆمپانیا ڕێکلامکەرەکان. بۆیە ئەبینین لە فلیمەکان بۆ ناساندن و ڕێکلامی بەرهەمکانیان کەڵک وەر ئەگرن. بۆ نموونە لە فلیمێکدا مۆدێلی نوێی ترۆمبیلێک یان دیزاینی جل و بەرگێک ئەبینین، ئەمە وا ئەکات بینەر ئاگاداری ئەو بەرهەمە نوێیە بێتەوە و دوایی لە ڕێگای ئنتەرنێتەوە بە دووی دا بگەڕێت یان لە گەڵ هاوڕێکانیدا باسیان بکات. بەم شێوازە بەرهەمە نوێکانی کۆمپانیاکان بە خەڵک دەناسێنرێ بێ ئەوەی پارەیەکی جیاواز بۆ ڕێکلام کردن دابین کرابێ.

کاریگەری دانان لە سەر شێوازی ژیان

هەر شتێک کە ئەیبینین یان ئەیبیستین بە جۆرێک و لە ڕێگایەکەوە کاریگەری لە سەرمان هەیە. ئەگەریش خۆمان ئاگاداری ئەم کاریگەریە نەبین، لە سەر دەروونمان شوێنەواری خۆی بە جێ دێڵێتەوە. کاتێک ئەکتەرێکمان خۆش ئەوێ، ئەمانەوێ لاسایی بکەینەوە و وەک ئەوان هەڵسوکەوت کەین. ئاکاریان لە سەرمان کاریگەری ئەبێت. شێوازی قسە کردن و جل لە بەر کردنیان لە سەر بینەران کاریگەری دادەنێن؛ چ لە نێو فلیماەکاندا چ لە ژیانی ڕاستەقینەو دەر لە سینەما. تەنانەت سەیری ژیانی تاکەکەسیانیش دەکەین. هەر بە هۆی ئاستی ئەم کاریگەریانە بوو کە جگەرە کێشان لە فلیمەکاندا قەدەغە کرا. میدیاکان لە سەر کولتور کاریگەریان هەیە، بۆ نمونە لە سەر بڕوا مۆرال و ئەخلاقیەکان کاریگەریێکی بەرچاو دادەنێن، هەندێ فلیمەکان بنەماکانی هاوسەرگیریان بەرانبەر مەترسی کردۆتەوە. هەندێ فلیمەکان پێوەندی جنسی بێجگە لە هاوسەری خۆت، یان چەن هاوسەری وەکوو شتێکی ئاسایی پیشان ئەدەن، لە کاتێکدا لە جیهانی واقیعدا ئەتوانێ تاکەکان بەرانبەری مەترسی بکاتەوە و ژیان و سەلامەتیان تێک بدات.

فلیم وەکوو هەر شتێکی دیکە ئەتوانێ هەم کاریگەری ئەرێنی هەبێت هەم نەرێنی. بەڵام بە گشتی کاریگەری فلیم و سینەما لە گۆمەڵگای ئەمڕۆدا شتێکی حاشا هەڵنەگرە و سینەما بووە بە بەشێکی بەرچاوی ژیانی دونیای مۆدێڕن کە زۆرتر لەو شتەی بیری لێ دەکەینەوە لە سەر ژیانمان کاریگەریان هەیە.

فلیمەکان ئەتوانن لە سەر ڕوانینمان بۆ حکومەت کاریگەری دابنێن؟

لە تاقی کردنەوەیەکدا دوکتۆر میشێل سی.پۆتز مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانستگای دایتۆن، بۆی دەرکەوت کە فلیمەکان ئەتوانن کاریگەریێکی سەرنجڕاکێشیان لە سەر ڕوانینی بینەر سەبارەت بە سیاسەت و حکومەت هەبێت. ئەم مامۆستایە لە کۆلێجێکدا لە قوتابیەکانی داوا دەکات پێش و پاش بینینی فلیمەکانی ئارگۆ و نیو کاژێر پاش نیوەشەو هەندێک پرسیار وەڵام بدەنەوە. لە ئەنجامی ئەم تاقی کردنەوەدا بۆی دەرکەوت کە ٢٠ تا ٢٥ لەسەدی بەشداربوان پاش دیتنی فلیمەکان بیروڕا و سەرنجیان سەبارەت بە حکومەت گۆڕاوە. بە جۆرێک کە متمانەیان بە حکومەت زۆرتر بووبوەوە و هەروەها سەبارەت بە ڕێگا و ئاڕاستەی وڵاتەکەیان گەشبینتر بووبوون.

دوکتۆر پۆتز دەڵێ هەر دوو فلیمەکە حکومەت کەمهێز و لاواز پیشان ئەدەن بەڵام دوو کەسایەتی سەرەکییان هەیە کە زۆر بەهێز و تێکۆشەرن؛ تۆنی مەندێز (بێن ئافلێک) لە فلیمی ئارگۆ و مایا (جێسیکا چاستەین) لە نیو کاژێر پاش نیوەشەو.

دوکتۆر پۆلتز بڕوای وایە بینەرە لاوەکان زۆرتر لە ژێر کاریگەری فلیمەکاندان. دەڵێ لاوەکان بە تایبەت تازە لاوەکان زۆرتر لە گەورەساڵان هانە ژێر کاریگەری فلیمەکانەوە چوونکە هێشتا ڕوانینیان بۆ دونیا لە گەشەکردن و گۆڕاندایە. لاویەتی تەمەنی پەروەردە بوونە و ئاساییە کە هۆکارە دەرەکیەکان کاریگەریێکی تۆختری لە سەریان هەیە.

هەروەها دەشڵێ ناتوانین بێژین ئەم کاریگەریانە بۆ چ ماوەیەک دەمێننەوە؛ بۆ ساڵانێک، دەیان ساڵ یان تەواوی ژیان. بەڵام بە گشتی کاریگەری فلیمەکان لە پاڵ شتانێکی دیکەدا ئەتوانێ زۆر قوڵ و بەرچاو بێت.

فلیمەکان بەشێکن لە پەروەردەی سیاسی خەڵک بە تایبەت تازەلاوان، بۆیە زۆر گرینگە بینەران چی ببینن و ڕێکخراوەکان لە فلیمەکاندا چۆن پێناسە بکرێن. هەروەها ئەم مامۆستایە دەڵێ کە فلیم ئەتوانێ کەرەستەیەکی گرینگ بێت بۆ گفتوگۆ و پیشاندانی باسەکانی نێو کۆمەڵگا. خەڵک لە هەر چینێک لە چینی کرێکارەوە بگرە تا خەڵکی ساماندار، هەمووان فلیم ئەبینن و ئەمە بەردەستترین جۆری هونەرە و خاڵێکی هاوبەشە لە نێو تەواو کۆمەڵگادا و ئەتوانین لەم ڕێگایەوە باس لە کێشەکان بکەین و ئاوڕ لە بوارگەلی جۆراوجۆر بدەینەوە. بۆ نموونە هێشتا باسگەلی سەبارەت بە پەیوەندی ڕەگەزەکان و ڕەگەزپەرستی بۆ ئەمریکیەکان قورسە و بە ئاسانی ناتوانی لەم بوارەدا بیروڕای خۆت دەر ببڕی. بەڵام ئەتوانی بە ئاسانی باس لە فلیمێک بکەی کە دواجار دەچێتەوە سەر ئەو باسانە. بەم شێوەیە گفتوگۆیەک لەو بوارەدا دێتە ئاراوە.

دوکتۆر پاوتز دەڵێ هەر چۆن فلیمەکان لە سەر خەڵک کاریگەریان هەیە، خۆشیان لە ژێر کاریگەری خەڵک و کاۆمەڵگادان. خەڵک و فلیمبینەکان ڕوانینێکی نەرێنی و دژ بە حکومەتیان هەیە کە ئەمە خۆی لە سەر فلیمەکانیش ڕەنگ ئەداتەوە. ئاخۆ کامیان لە پێشدا سەریان هەڵدا بێت؛ چەشنی ڕوانینی نەرێنی خەڵک یان فلیمەکان؟ ئەمە وەکوو باسی هێلکەو مریشکە، نازانم ئاخۆ ڕوانینەکان سەبارەت بە حکومەت خراپ بوو ئینجا کاریگەری لە سەر فلیمەکان دانا یان بە پێچەوانەوە. دوایی بە ڕوونی ناتوانین فلیمەکان لە بواری سەیاسیەوە پۆلێن بکەین، بۆ نموونە ناتوانین بڵێین فڵان لایەنی سیاسی زۆرتر حەزی لە دیتنی فلیمە جەنگیەکانە و فیسار لایەن زۆرتر سەیری چ فلیمگەلێک دەکەن.

بەڵام بە گشتی پۆتز فلیم بە کەرەستەیەکی زۆر باش دەزانێت بۆ پێک هێنانی گفتوگۆ و ئاوڕ دانەوە لە بابەتە جۆراوجۆرەکان. هەروەها فلیمەکان ئەتوانن تێگەیشتن لە کێشە و باسە کۆمەڵایەتیان ئاسانتر بکەنەوە و تیشک بخەنە سەر بابەتە گرنگەکانی نێو کۆمەڵگا.

بەڵام پاش دیتنی فلیمەکان پێویستە ڕاوەستین و بیر بکەینەوە سەبارەت بە ئەو شتانەی ئەیبینین و بە وردی لێکیان بدەینەوە و پرسیار بکەین ئاخۆ ئەو شتەی پیشانمان ئەدرێ خەیاڵە یان وێنەیەکی ڕاستەقینەیە لە واقیعی کۆمەڵگا. فلیمەکان هەمیش تەنیا بۆ ڕابواردن نین و هەندێ جار پەیامگەلێکی زۆریان هەیە کە ئەیانەوێ بە بینەری ڕاگەینن.

سەرچاوە:

Entertainism. Movies and Its Deep Impact on Society. March 2018

Nytimes. How Movies Can Change Our Minds. February 2015

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە