وێژە

لێکدانەوەی کەسایەتیەکانی شانۆنامەی هاملێت

هاملێت

هاملێت سەدەگەلێکە بینەرو خوێنەرانی سەرسامی خۆی کردوە و یەکەمین شتێک سەبارەت بەم کەسایەتیە ئاماژەی پێ بکەین ئاڵۆز بوونیەتی بە جۆرێک کە تێگەیشتن لێ بەتەواوی ئاسان نیە. بەراورد بە کەسایەتیاکانی تری شانۆنامەکە، هەمیشە سەبارەت بە هاملێت شتگەلێکی زۆرتر بۆ تێگەیشتن هەیە. تەنانەت زیرەکترین و وردبین ترین خوێنەرانیش بەوە ئەگەن کە هێشتا هەمو شتێک سەبارەت بەم کەسایەتیە نازانن. هاملێت خۆیشی بە کەسایەتیەکانی دیکە بە تایبەت دایکی و دو هاوڕێکەی دەڵێت کە ئەو لە ناخیدا شتگەلێکی زۆرتر لەوەی هەیە کە لە ڕوالەتیدا ئەیبینن. سەرسام کەری و ئاڵۆزی ئەو ئێجگار زۆرترە لەمانە. کاتێک ئەدوێ لەوە دەچێ شتێکی گرنگی پێ بێت کە نایڵێتی، لەوانەیە شتێکیش بێت کە تەنانەت خۆیشی ئاگای لێ نەبێت. توانای نوسینی تاکبێژی و وتووێژ بە جۆرێک ئاوەها کاریگەریێکی هەبێت، یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی شێکسپیر.

پرسیارگەلێکی ئاڵۆز لە هاملێت دا دروست ئەبێ کە وەڵامێکی ڕونیان بۆ نادۆزیتەوە. هاملێت ڕوبەڕوی بەڵگەیەک ئەبێتەوە کە مامی، باوکی کوشتوە؛ بەڵگەیەک کە هیچ کەسایەتیەکی دیکە لە شانۆکەدا بڕوای پێ نیە. هاملێت توشی وەسواسەیەک ئەبێت کە  ئەشێ تاوانباری مامی بسەلمێنێت بەرلەوەی حوکمێک بدات. مێشکی هاملێت تێکەڵ بوە بە پرسیارگەلێک سەبارەت بە ژیانی پاش مردن، عەقڵیەتی خۆ کوشتن یان ئەوەی کە پاش مردن چی بە سەر جەستەدا دێت و پرسیارگەلێکی قوڵی دیکە.

کە چی ئەو بە هۆی وەسواسەیەک کە هەیەتی کەسێکی تێفکرە بەڵام بەوەیشەوە هاملێت توند و تێژی ئەنوێنێ و بێ فکرانەو بە پەلە ئیش ئەکات و تێڕامانێکی ئەوتۆی نیە لەسەر کردەکانی. بۆ نمونە بێ ئەوەی سەرنج بدات بزانێک کێیە لە پشت پەردەکەوە، شمشێر ئەکات بە زک پۆلۆنیەس دا. وا دیارە زۆر سادە دەچێتە دۆخی شێتێکەوە، هەڵسوکەوت و ڕەفتارێکی ناوازە و شپڕزەی هەیە و بە وەحشیانە و توند قسە کردنەکانی هەمووان توڕە دەکات . گرنگە کە ئاماژە بەویشە بدەین کە هاملێت توشی مالیخولیایەکە و بێزارە لە بارودۆخی هەموو ئیش و کاروبارێکی دانیمارک و تەنانەت بنەماڵەکەی خۆیشی، ئەو بە گشتی لە هەموو دنیا بێزارە. هاملێت زۆر توڕەس لە دایکی کە بۆچی ئەوەندە زوو دوای مەرگی باوکی شوی کردوە بە مامی. بە توندی حاشا لە ئۆفیلیا ئەکات، کەسێک کە زەمانێک زۆر خۆشی ئەویست. قسەکانی زۆر جار نیشاندەری بێزاری و نەبونی متمانەی بە ژنانە. لە بەشگەلێکی شانۆکەدا بیر لە مردنی خۆی و تەنانەت خۆکوشتن دەکاتەوە.

سەرەڕای هەمو ئەو شتانە کە هاملێت ناڕەزایەتی خۆی پێیان دەر ئەبڕێ، گرنگە کە میرزادە هاملێت و دانیمارکیەکانی دیکەش بە شێوەیەکی تایبەتی و فەلسەفی بیر لەم کێشانە کەنەوە. هاملێت کاتێکی کەم تەرخانی بیر کردنەوە لە مەترسی و هەڕەشەکانی دەر لە وڵات و کێشەکانی ناوخۆیی ئەکات.

کلۆدیوس

دژەپاڵەوانی سەرەکی شانۆنامەی هاملێت، پاشایەکی زیرەک، گێچەڵ، دڵتەڕ، چەوت و نادروستە کە بەراورد بە کەسایەتیە نێرینە کانی دیکەی شانۆنامەکە جیاوازیەکی زۆری هەیە. لە کاتێک دا کە پیاگە گرنگەکانی دیکە لە هاملێت دا سەرقاڵی بیرۆکەکانی دادپەروەری، تۆڵە و هاوسەنگیەکانی ڕەوشتی و ئەخلاقین، کلۆدیوس هەر ها بە شوێن پارستنی هێز و دەسەڵاتەکانی خۆیەوە. هاملێتی پاشا جەنگاوەرێکی ئازا بوو، بەڵام کلۆدیوس سیاسیێکی گەندەڵە کە چەکە سەرەکیەکەی، ئەو توانایەیە کە لە قسەکردن دا هەیەتی. بە قسەکانی لەسەر ئەم و ئەو کاریگەری دادەنێ و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دێنێ. پەیڤینی کلۆدیوس بەراورد ئەکرێ بە ژارێک و بپژێتە نێو گوێی بیسەرەکەی، ئەو شێوەیە کە بۆ کوشتنی باوکی هاملێت بە کاری هێنا. عەشقی کلۆدیوس بە گێرترود لەوانەیە عەشقێکی ڕاستەقینە بێت بەڵام وایش دیارە کە خواستنی گێرترود پیلانێکی لە سەر بوبێت تا کو دوای مەرگی پاشا بتوانێ دەسەڵاتی پاشایەتی لە هاملێت بسێنێت. هەر کە شانۆنامەکە ئەچێتە پێشێ، ترسی کلۆدیوس لە شێتی هاملێت مێشکی زۆرتر خەریک ئەکات؛ کاتێک گێرترود پێی ئەڵێ هاملێت پۆلۆنیەسی کوشتوە، کلۆدیوس ئاماژەیەک بەوە ناکات کە ڕەنگە گێرترودیش لە مەترسیدا بواتای، تەنیا ئەڵێ‌ کە خۆی ئەگەر لە ژورەکەدا بایە گیانی دەکەوتە مەترسیەوە. بە لێیرتیسیش هەر وا ئەڵێ و هەوڵ ئەدات هێمنی کاتەوە. کلۆدیوس لە کۆتایی دا بۆ گەیشتن بە خواستەکانی زۆر زیرەکی بە کار دێنێ. لە پەردەی پێنجەم، دیمەنی دوهەم دا کلۆدیوس بێجگە لەو دو شێوازە کە بۆ کوشتنی هاملێت دابینی دەکا؛ شمشێری تێژ و تێغی ژەحراوی.  بیر لە شێوەیەکی سێهەمیش دەکاتەوە و پەرداخێک ژەهراوی دەکات کە بیدا بە هاملێت لێ بخواتەوە. کە گێرتود بێ ئاگا ژارەکە دەخواتەوەو ئەمرێت، لە کۆتایدا هاملێت ئەتوانێ بۆ کوشتنی کلۆدیوس بچێتە پێشێ. و پاشا بە دەستی پیلانە نامەردانەکەی خۆی دەمرێت.

گێرترود

کەمتر کەسایەتی لە کەسایەتیەکانی شێکسپیر بە قەد گێرترود، شاژنە جوانەکەی دانیمارک گومانی دروست کردبێ. شانۆنامەکە زۆرتر پرسیار لە سەر گێرترود دروست دەکا تا ئەوەی وەڵامێک بداتەوە، پرسیارگەلێک لەم بابەتانە: گێرترود بەر لە مردنی مێردەکەی پەیوەندیەکی لە گەڵ کلۆدیوس هەبوو؟ مێردەکەی خۆش ئەویست؟ ئاگای لە پیلانی کلۆدیوس بوو بۆ کوشتنی هاملێت؟ کلۆدیوسی خۆش ئەویست یان شوی پێ کرد هەر بۆ ئەوەی جێگای خۆی لە دانیمارک دا بەرز نگا بێڵێ؟ کاتێک هاملێت ئەڵێ شێت نیە، گێرترود بەڕاستی بڕوای پێ دەکات؟ یان تەنانەت لە سەر پاراستنی خۆیە وا نیشان ئەدات لە بڕوای پێ هەیە؟ بە ویستی خۆی دەرهەق بە هاملێت بێبەختی ئەکات، یان وا دەزانێ بەو چەشنە نهێنی کوڕەکەی پاراستوە؟

ئەم پڕسیارانە بە پێی ئەو کەسەی کە شانۆنامەکە دەخوێنێتەوە، ئەتوانن وەڵامگەلێکی خۆراوجۆریان بێت. گێرترود ژنێکە مەیل و ئارەزوی زۆری بۆ پلەو پایە و سۆز و خۆشەویستی هەیە. ئەیەوێ پیاوان بۆ پاراستنی خۆی بە کار بێنێ، ئەم خسڵەتیە ئەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیانی دا پێویستیێکی ئەوتۆی بە پیاوان بێت. ناسراوترین و بەرچاوترین بۆچونی هاملێت سەبارەت بە گێرترود ئەو وتە توڕە و توندەیە کە بە گشتی سەبارەت بە ژنان ئەیڵێ: “هەڵە و گوناهبار، ناوتان ژنە”. ئەم ڕوانینەی هاملێت ئاماژە بە توڕەیی و بار و دۆخی دەرونیەوە هەیە. بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر گێرترود وا دیارە کە بە هەڵەیەکی ئەخلاقیدا چوبێ. هیچ کات وا پیشان نادات کە توانای ئەوەی هەیە تێفکرینێکی تایبەت لە بارو دۆخی خۆی هەبێت، بەڵام وا دەردەکەوێ کە بە خۆڕایی و بە پەلە بەرەو ئەو ڕێگانە دەچێت کە مەترسیێکیان تێدا نیە، وەک ئەو کاتەی کە هەر لە دوای ڕوبەڕوبونەوەی لە گەڵ هاملێت دا ئەچێت بۆ لای کلۆدیوس. گێرترود لە بواری کولتوری دا بەرزترین ئاستی هەیە، جوانیەکەی ئاماژە بە کەسایەتیەکی بە نرخ و دەوڵەمەند دەکا. وا دیارە کە جوانی و شازی تاکە تایبەتمەندی ئەو بن، و پێویستی بە پیاوان تەنیا ڕێگەی پەرە دان و پیشان دانی تواناکانی بێت.

سەرچاوە: Spark Note

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە