وێژە

ناساندنی کتێب: کۆمیدیای یەزدانی

کۆمیدیای یەزدانی – Divina Commedia
نووسەر: دانتی ئەلیگیێری – Dante Alighieri
ساڵ: نووسینەکەی لە ساڵی 1308 دا دەست پێ کردووە و لە ساڵی 1320 دا تەواو بووە.
وەرگێڕان بۆ کوردی: عەزیز گەردی / 2015

کۆمیدیای یەزدانی؛ کتێبێ کە هەموو کەسێک دەبێ بیخوێنێتەوە.

خۆرخێ لویس بۆرخێس دەڵێ ‘کۆمیدیای یەزدانی کتێبێکە هەموو کەسێک دەبێ بیخوێنێتەوە.’ ئینجا هەموو ئیتالیێک خوێندوویەتەوە. دانتی لە تەمەنی مامناوەندی و کێشمەکێشەکانی لە نێو لێڕە تاریکەکەدا، گەشتەکەی بەرەو نێو ئەڵقەکانی دۆزەخ و بەرەو سەرەوە بۆ کەنارەکانی بەرزەک و بۆ باوەشی بیاتریس پۆرتیناری، بۆ منداڵە قوتابیە ئیتالییەکان وەکوو شیری دایکە. لە ئەمڕۆدا دێڕگەلێک لە کۆمیدیای یەزدانی لە سەر تیشێرتەکان دەنووسرێن، دەگوترێ بەر لە جەنگ، لە سەر شەقامەکانی شاری تیورین*، ‘کێبەرکێگەلی دانتی’ بەڕێوە دەچوو؛ کە کوڕێک بەشێک لە شیعرێکی لە بەر دەخوێند و ڕکابەرەکەی دەبوا تەواوی بکات.

پارەکە لە کۆڕێکی وێژەی ئنگلیزیدا دوو قوتابی ئیتالی هەبوون، کاتێ ئاماژەم کرد بە وەرگێڕانێکی سەردەمێک ئستانداردی کۆمیدیای یەزدانی بە وەرگێڕانی دورووتی ئێڵ سایەرز، بزەیەکیان گرت و گووتیان ‘وەرگێڕانی دانتی، دانتیێکی ڕاستەقینە نیە’. بەڵام هەر وا کە ئیان تامسۆن لە کتێبەکەی بە نێوی کۆمیدیای یەزدانی دانتی: گەشتێکی بێکۆتایی دا پیشانی دەدات، تێگەیشتن لە دانتیە ڕاستەقینەکە ئەستەمە، تەنانەت بە ئیتالی. زۆرتر لە 800 وەشان لە کۆمیدیای یەزدانی پێش گووتنبێرگ هەن کە زۆربەیان هەڵەیان تێدایە و مشک قەپی لێ گرتوون، بەڵام چوونکە هیچیان لە بەر دەستی دانتیدا نین ناتوانین دڵنیا بین ئەو لە ڕاستیدا چی نووسیوە. نموونەیەک لەوانەی کە شیعرەکەی بە دەس ڕوونڤیسەران ساغ کراوەتەوە ئەو ڕاستیەیە کە جۆڤانی بۆکاچۆ وشەی یەزدان (divinia)ی زیاد کرد بەو شتەی کە دانتی بە ساکاری پێ دەگوت کۆمیدیا (La commedia).

تامسۆن دەڵێ کە بە وشەی ‘کۆمیدیا’ دانتی ئاماژە بەوە ناکات کە ویستوویە گاڵتە بکات، هەرچەند زۆر جار وایشی کردووە، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە بە وردی باسی ئەو سزایانە دەکا کە لە دۆزەخ بە سەر دوژمنەکانیدا دەسەپێنرێ. بەرهەمێکی کۆمیدیایی، چیرۆکێک بوو بە داویێکی شاد و دڵخۆشکەرەوە، بەڵام دانتی خوێنەرانی ئاماژە دەدا بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەمە بەرهەمێکی وێژەیی ‘نزم’ە نەک بەرهەمێکی ‘واڵا’، بە زمانی ڕۆژانەی تووسکانی نووسراوە نەک لاتینی، ئیدی لە بەردەستی جۆڵاکان، بیرە درووستکەران، کرێکاران و تەنانەت ژنانیش دا دەبێت. تامسۆن دەڵێ هۆکاری ئەوەی کە دانتی هێشتا گرینگە، ئەوە نیە کە خوێنەرانی ئەمڕۆ لە دۆزەخ دەترسن یان دەرکەوتنی جوانیەکانی ئایینی مەسیح کاریگەری لە سەریان دادەنێ، بەڵکوو لە بەر ئەوەیە کە دانتی چیرۆکی پیاوێکی ئاسایی نووسیوە؛ دانێ هەمووکەس*، کە بە دڵخۆشی و پڕ لە وزە لەم ژینەیدا دەس دەکات بە گەڕان بە شوێن ژیانەوە و نوێ بوونەوە.

سرووشتی ئەو بەرهەمە چیە کە ئێمەی بۆ ماوەی 700 ساڵە بە خوێندنەوەیەوە سەرقاڵ کردووە؟ تامسۆن کۆمیدیای یەزدانی وەکوو ‘مەکینەیەکی دادوەری زەبەلاح’، ‘خەونێکی خۆش لە سزا’، چیرۆکێکی کاریگەری کلاسیک’ ناو دەبات، هەر وەها زۆر زیرەکانە وەکوو ’12 پلەی پیلانێکی گەڕانەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕێگایان ون کردووە’ دەیناسێنێ. دانتی ئالیگیێری وەکوو پارێزەرێکی پیرۆزە بۆ چەوساوەکان: ئۆسکار وایڵد لە زینداندا هەمیشە کتێبی کۆمیدیای یەزدانی لەگەڵدا بوو، پریمۆ لیڤای هەوڵی دەدا دێڕەکانی شیعرەکانی کۆمیدیا لە بیری بمێنێ کاتێک لە کەمپی ئوشویز دا بوو، لە کاتی چەوساندنەوەکانی ئستالین دا، ئۆسیپ ماندێلستام بە بێ کتێبەکەی دانتی لە ماڵ نەدەچووە دەرەوە.

تامسۆن لە کتێبەکەیدا شرۆڤەیەکی ناوازە لە دوژمنایەتی نێوان گەلف و گیبلینیەکان دەکات. دانتی کە لە شاری خۆی، فلۆرەنسا دوور خرابووەوە، بە تووڕدانی سیاسەتوانەکان، پاپاکان و کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان بۆ نێو دۆزەخەکەی، تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، کە لەوێ لە نێو قیردا دەسووتێن، لە نێو سەهۆڵدا سزا دەدرێن و لە نێو پیسایی خۆیاندا دەگەوزێن. تامسۆن پێوایە ئەگەر دانتی ئەمڕۆ بووایە بەنکەوانەکانی دەخستە ئەڵقەی حەوتەمی دۆزەخەوە و قورسایی سوودەکانیان لە دەوری ملیان شۆڕ دەبوونەوە.

لە ئێستادا 50 وەرگێڕانی ئنگلیزی لە کۆمیدیا هەیە کە شاعیران و توێژەران هەموویان لەگەڵ شێوازی نووسینی تێرسا ڕیماکەیدا زۆرانیان گرتووە، کێشێک شیعری کە ئەو شتەی بەرهەم هێناوە وا تامسۆن وەکوو ‘بزوێنەری گەورەی شیعری بۆ پێشەوە’ ناوی لێ دەبات. یەکەم جار کۆمیدیا لە ساڵی 1802 بە دەس قەشەیەکی ئێرلەندی بە ناوی هێنری بۆید بۆ ئنگلیزی وەرگێڕدرا. لە وەرگێڕانەکەی بۆید دا وشەی ‘هەڵۆ / eagle’ بە ‘پارێزەری پەڕداری تەختی ئۆلیمپیا’ وەرگێڕدرابوو، کە ڕێگای خۆش کرد بۆ دانتی سەدەی نۆزدەهەم. تێنیسۆن و پێش ڕافائیلیەکان زۆر جەخت و سەرنجیان دەخستە سەر ئەوینی دانتی بۆ بیاتریس، لە کاتێکدا کیتس*، شێلی* و بایرۆن* ‘دانتی’یان وەکوو ڕۆمانتیکێکی سەربەخۆ دەبینی کە وەکوو خۆیان ناچارە بە گەڕان لە نێو جیهاندا. شێلی کاتێ کە مرد خەریکی وەرگێڕانی بەشگەلێک لە کۆمیدیا بوو، شێعری دانتی وەکوو ‘پردێک بە سەر شەپۆلی کاتدا کە جیهانی کۆن و مۆدێڕن پێکەوە دەبەستێتەوە’ پێناسە دەکرد، کە ئەمە دەتوانێ پێناسەیەکی کورت و جوان بێت لە کۆمیدیای یەزدانی.

فرانسێس ویلسۆن؛ نووسەر و ڕخنەگرێکی ئنگلیزی

سەرچاوە: Spectator

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە