گۆرانی کوردی

نیاز – ناسر ڕەزازی

نیاز
گۆرانیبێژ: ناسر ڕەزازی
هۆنراوە: مامۆستا گۆران
ئەلبۆم: نیاز
دەرچوون: ١٩٩٤

سەردەمێک بوو بێنەغمە بوو باغچەی ژیانم
بێورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم
لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکابوو
شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستابوو

ناهۆمێد بووم، وامئەزانی دەردێکە کاری
بەرەو پیری چوون هێناویە دیاری ئێجگاری
چاوەڕوان بووم سا کەی گەردوون، گەردوونی بێباک
جانەوەری گۆڕ هان ئەدا بمکاتە خۆراک

بەڵام ئەی یار، یاری نازدار، شۆڕەژنی شۆخ
بە لێوی ئاڵ، بە چاوی ڕەش، چاوی ڕەشی تۆخ
بەم جوانیانەی کە زینەتی بەهەشتی دنیان
بەم جوانیانەی کە لە تۆدا هەموویان پەیدان
لەو ڕۆژەوە دیومە سێحری زەردەخەنەی تۆ
دنیای دەروون مەلەکانی هاتوونەوە گۆ
سەرچاوەکەی عومری جوانیم هاتۆتەوە قوڵ
باخچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ
باخچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ
باخچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە