شێوەکاری

نیگاری مۆنا لیزا – لیۆناردۆ دا ڤینچی

مۆنا لیزا – Mona Lisa
شێوەکار: لیۆناردۆ دا ڤینچی – Leonardo da Vinci
چەشن: ڕەنگی ڕۆن لە سەر چێو
ساڵ: 06-1503
نیگاری مۆنالیزا - لیۆناردۆ دا ڤینچی
نیگاری مۆنالیزا – لیۆناردۆ دا ڤینچی

نیگاری مۆنا لیزا نرخی لە یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێ و بەنرخترین گەنجینەی هونەری سەردەمی ڕێنێسانسە. یەکێکە لە شاکارە هەرە مەزنەکانی ڕێنێسانسی واڵا و لە مۆزەخانەی لووڤری فرەنسەدایە. لە ئیتالی بە La Gioconda و لە فرەنسیدا بە La Joconde دەناسرێ. ئەم نیگارە بە دڵنیاییەوە مەزنترین پۆرترەیە و یەکێ لە شاکارەکانی شێوەکاری سەردەمی ڕێنێسانسی سەدەگەلی پازدە و شازدەیە.

مۆنا لیزا ئەگەرچی ناسراوترین نیگاری جیهانە بەڵام وەکوو نیگارەکانی دیکەی داڤینچی نە واژۆ کراوە و نە بەرواری لە سەر نووسراوە. نێوی بەرهەمەکە لە ژیاننامەی لیۆناردۆ دا هاتووە کە شێوەکار و ژیاننامەنووسی سەدەی ١٦ جۆرجیۆ ڤاساری نووسیویە و لە ساڵی ١٥٥٠دا بڵاو کراوەتەوە. لەو ژیاننامەیەدا هاتووە کە لیۆناردۆ قایل بووە نیگارێکی پۆرترەی لیزا گێراردینی، ژنی فرانسێسکۆ دێل جیۆکۆندۆ بکێشێت کە بازرگانێکی هەورێشمی پارەدار و پلەداری فلۆرەنسا بووە. ڤاساری ئاماژە بەوەش دەکات کە لیۆناردۆ هەندێ مۆسیقار و گۆرانیبێژی بە ئیش گرتووە بۆ ئەوەی کە ئەو خاتوونە بێتە سەر زەوق و ڕەنگە ئەمە هۆکاری ئەو بزە سیحراوی و نهێنیەی نیگارەکە بێت. وەکوو هەمیشە لیۆناردۆ کێشانی وێنەکەی زۆر خستە دواوە، بە تایبەت بۆ کێشانی دەستەکانی ژنەکە. ئەو ماوەی ٢٠ ساڵ لە سەر کێشانی نیگارەکە بەردەوام بوو. ئەم نیگارە ئەوەندە بەنرخ و ناسراوە کە کەس دەرفەتی ئەوەی پێ نادرێ بە وردی سەیری کات. نیگارەکە لە مۆزەخانەی لووڤر لە نێو شووشەیەکدا پارێزراوە و خەڵک بەس دەتوانن لە دوورەوە سەیری بکەن.

پۆرترەکە ژنێک پیشان ئەدات کە قیت و بە لاوە لە سەر کورسیێک دانیشتووە و ڕوومەت و بەرۆکی نەختێک بەرەو لای بینەر وەرچەرخاوە: شێوەی دانیشتنێک کە لە وێنەکانی پیرامیددەوە وەرگیراوە کە بۆ کێشانی مریەمی مەسێح لە کاتی دانیشتنا بە کار دەبرا. باسکی چەپی لە سەر دەسکی کورسیەکە داناوە و بە دەستی ڕاستی ئەم دەستەکەی گرتووە. شێوەی سەقامگیری باسکەکانی و دەسکی کورسیەکە هەستێک لە مەودایەک لە نێوان دانیشتووەکە و بینەراندا درووست دەکات.

دیمەنی پاشخانی دانیشتووەکە بە شێوازی پێرسپەکتیڤی ئاسمانی کێشراوە، بە دووکەڵگەلێکی شینەوە کە وردەکاریەکان بە هۆی مەودا و دووری دیمەنەکە ناڕوونن. ئەم شێوازە بە پێکهاتەکە قووڵایەکی بەرچاوی بەخشیوە و جیاوازیەکی بەرچاو بەرجەستە دەکاتەوە لە نێوان ئاسۆ شاخاویەکان لە دەستی ڕاستەوە و زەوینە تەختاییەکان لە لای چەپەوە. ئەم نەهاوسەنگیە هەستی سوریالی وێنەکە زۆرتر دەکاتەوە.

تایبەتمەندیێکی سوریالی دیکەی مۆنالیزا نەبوونی برژانگ و برۆیە. ئەمە شتێکی ئەنقەست لە لایەنی شێوەکارەکەوە نەبووە، پشکنینەکان دەریانخستووە کە لە سەرەتادا هەم برۆی هەبووە و هەم برژانگ. ڕەنگە مادەڕەنگیەکان کە بۆ کێشانی ئەم بەشە بە کار هێنراوە دوایی کز بووبێتنەوە یان لە کاتی خاوێن کردنەوەدا بە بێ ویست سڕدرابێتنەوە.

نیگاری مۆنالیزا پیشاندەری توانا و گرینگی دانی لیۆناردۆ بۆ شێوەکاری ڕەنگی ڕۆنە و بە تایبەت پسپۆڕی و شارەزایی لە شێوازی سفووماتۆ دا. ئەم شێوازی شێوەکاریە بریتیە لە گۆڕانی نەرم و نیان لە ڕەنگێکەوە بۆ ڕەنگێکی دی بە چەشنێ کە هەستی پێ نەکرێ، واتە گۆڕانی ڕەنگەکان بە شێوەیەکی نادیار کە سنووری ڕەنگەکان ڕوون نەبن. بە کار هێنانی ئەم شێوازە لە نیگاری مۆنالیزا بە تایبەت لە ڕوومەتی ناسکی لیزا گێراردینی و دەوری چاو و دەمیدا بە ڕوونی بە دی دەکرێ. ئەمە تەکنیکێکی شێوەکاری ڕەنگی ڕۆن بوو کە پێشتر لە نیگاری مریەمی شاخەکان بە سەرکەوتووی پیشانی دابوو.

هەستێکی گشتی کە لە وێنەی مۆنالیزادا درووست بووە، هێمنایەتیێکی قووڵ و چەشنێک لە نهێنی و ئاڵۆزییە. ئەم هێمنایەتییە بە هۆی شێوازی تێکەڵبوونی ڕەنگەکان، شێوازی سفووماتۆ و شێوەی دانیشتنی دانیشتووەکە و جلەکانیەوە ساز بووە. نهێنی و ئالۆزیەکانی ئەم نیگارە چەن هۆیان هەیە: یەکەم ئەو نیوە بزە سەرنجڕاکێشەی سەر لێوی و دووهەم چەشنی نیگایەتی کە بەرەو لای ڕاستی بینەر ڕاکشاوە و هەروەها دەستەکانی کە تا ڕادەیەک بێگیان و ساختە دیارن وەک بڵێی دەستی کەسێکی دیکە بن.

ئەم نیگارە کە بە دەستی یەکێک لە کەڵە هونەرمەندانی مامۆستایانی مەزن کێشراوە نموونەیەکی بێوێنەیە لە بەرهەمەکانی ڕێنێسانسی واڵا و بووە بە یەکێک لە هێما گرنگەکانی کەلتووری ڕۆژاوا.

سەرچاوە: Visual Arts Cork

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە