وێژە

چاوەڕوانی گۆدۆ: لوکی

لێکدانەوەی کەسیایەتیەکانی چاوەڕوانی گۆدۆ

لوکی

لوکی کۆیلەی پۆزۆیە. هەم لە باری جەستەو هەم بە قسە ئازار دەبینێ، تا ئەو پەڕی تواناو شەکەت بوون ئیشی پێ دەکرێ. هەموو دەرفەتێکی لێ دەستێنرێ کە بە ئارەزوی خۆی بڕیار بدات و بجوڵێتەوە.

لەڕاستیدا پێگەی لوکی بە شێوەیەک پیشان دراوە کە ئەوانی دی ئێرەیی پێ ببەن، بڕوانن بۆ ناوەکەی. (Lucky لە ئینگلیزیدا واتە بەختەوەر). دەتوانن بڵێن کە لوکی وشەیەکە بە جۆرێک بە توانجەوە بە کار هێنراوە بەڵام ڕەنگە ئەم کەسایەتیە بە ڕاستی بەختەوەر بێ، لانی کەم بەراورد بە ئەوانی دی. ئەوەی کە کەسێک ئێرەیی بە ژیانی کۆیلەیەک بەرێت نیشاندەر و بەڵگەیەکە کە بزانین ئەوانە چەندە ژیانێکی خراپ دەژین. بەڵام ئەمە شتێکە گرنگی هەبوونی دڵنایی و بە ئاگابوون بەرز دەکاتەوە؛ دو کێشەی هەرە گەورەی ڤلادیمیر و ئێستراگۆن لەم دو پەردە شانۆیەدا.

ئاگایی و دڵنیایی دەلیلی بەختەوەری لوکی‌ن، ئەو پێویست ناکات مەراقی ئەوەی هەبێت کە دەبێ چی بکات، کەنگێ بیکات، ئایا پێویستە بیکات، ئاکامی ئەو کردەوە چی دەبێت، ئایا ئەو شادە یان نا. لوکی کەسێکی هەیە کە پێ دەڵێت چی بکات و کەی بیکات. ئەو دڵنیاییەکی لە پێناو پۆزۆ دا هەیە کە دی‌دی و گۆگۆ لە گۆدۆی دەخوازن و لە گۆدۆدا چاوەڕوانی دەکەن. ئەو لە بەرپرسیار بوون و ئازاری هەڵبژاردنەکان ڕزگاری هەیە.

ئەمە پەیوەندیەکەیە بە بەشی دڵنیاییەوە، لە ڕاستیدا لوکی بەتەواوی ئاگای لە پێگەی خۆی وەکو کۆیلەیەک هەیە. ئێستراگۆن و ڤلادیمیر کۆیلەی ئەو بیرو ڕایەن سەبارەت بە گۆدۆ، کە هەر ئەمە وادەکا نەتوانن ئەو شوێنە بە جێ بێڵن، بەڵام هێشتا خۆیان بە ڕزگار دەزانن. ئەوان ئەو خەیاڵە بە خۆیان دەبەخشن کە ئەوان بوونیان هەیە. چۆن دەکرێ لەو کۆیلایەتیە ڕزگاریان بێت و ئەو سنورە بشکێنن کاتێک تەنانەت دان بە بوونی ئەو بەند و بەربەستە نانێن؟ لانی کەم لوکی ئەو گورێسە لە دەوری ملیدا دەبینێت، ئێستراگۆن و ڤلادیمیر ئەوەش نابینن.

هێشتا کێشەگەلێک بەرانبەر کۆیلەکەی پۆزۆ هەیە. بەر لە گشتی، لوکی تەنانەت ناتوانێت دڵنیا و بێگومان بێت کە پێگەی ئەو وەکو خزمەتکارێک، هەمیشەییە. لانی کەم دەبێ دڵگران بێت کە ڕۆژێک ئەو دۆخەی دەترازێت و لەدەستی ئەدات. گرنگتر ئەوەیە کە ئەگەر لوکی گومانێکیشی هەبێت، ناتوانێت هیچ بکات و دەسەڵاتێکی نیە. لوکی تەنیا کاتێک بۆی هەیە قسان بکات کە ئەمری پێ بکرێ، ئەمە هەڵسەنگێنن لە گەڵ ئەو شەپۆلە ناکۆتایە لە پرسیارەکانی ڤلادیمیر و ئێستراگۆن دا. لوکی بۆی نیە پرسیار کات. دەتوانین بڵێین ئازارەکانی ئەو خراپ ترین جۆری ئازارن لە بەر ئەوەی کە ئەشێ لە بێدەنگیدا ئازارەکانی بچێژێ.

سەبارەت بە ناوەکەی گوتمان کە دو دێوی هەیە. ئێستا دەرکەوت لوکی هەم ناوێکی ئاساییە هەم واتایەکی پێچەوانەی هەیە، واتە ناوێکی دوودێوە.

ناتوانین باس لە لوکی بکەین و باسی وتارەکەی لە پەردەی یەکەمدا نەکەین. ئەمە تەنیا جارێکە لوکی لە شانۆنامەکەدا بدوێ. لە نیگای یەکەمدا، لوکی خەریکی چنینی پوچی لە سەر پوچیە. وتارەکەی پڕە لە ڕستەگەلێکی پچڕ پچڕ و بە جۆرێک سەیر کە بێ‌ئەوەی ئامانج و شێوازێکی گشتی هەبێت هەر دوبارە دەبێتەوە . دەتوانین ئەم بەشە وەکو بەشێکی بێ‌واتا لابەین.

بە گوێرەی ئەو شتەی لە بێکێت دەیبینین، بەشێکی زۆر کەم لە شانۆنامەکەی لە سەر ڕێکەوتە. بەر لە هەر شتێک، بڕوانن بۆ ئەو ڕستەگەلە کە دەڵێی بە ڕێکەوت لوکی هەڵیان دەبژێرێت و دوبارەیان دەکاتەوە: “بە هۆکارگەلێکی نادیار” دە جار دەردەکەوێ. “کات پێمان دەڵێ” چوار جار دوبارە دەبێتەوە، و چوار جار ڕستەی “ئەو شتەی زۆرترە” دەبیستین. ڕستەگەلی “ڕاستیەکان ئەمانەنە”، “بێ گومان” و “وا بزانم” چەندەها جار دەوترێ.

بیرۆکەگەلی کات، هەتا هەتایی بوون، گومان و لاسای کردنەوەیەکی هەڵە لە ڕاستی، دەبینرێن. ئەمە بێجگە لە بیرۆکە هەرە گرنگی دوبارەبونەوە و پوچییە. لە تێڕوانینمان بۆ کەسایەتی گۆدۆ گوتمان کە لوکی لەم وتارەدا دەرئەنجامی هەرە گرنگی شانۆنامەکە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام ئەوە باسێکی دیکەیە.

ئەوەی کە لوکی بە زمانێکی ناڕون و زانایانە دەدوێ بابەتێکە لە فێڵ کردن و خەڵەتاندن، ئەو وەکو دەسەڵاتدار و زانایەک دەدوێ بەڵام لە ڕاستیدا بێبەهرەیە لە هەموی ئەو سیفەتانە. ڕەنگە بێکێت ویستبێتی گاڵتە بە زاراوەو پەیڤینی ئەکادیمیانە بکات کە زۆربەی زانایان بە کاریان دەهێنا. ئەمە شرۆڤەیەکی ڕوون و بەهێزە کە چاوەڕوانی گۆدۆ بەرهەمێکی شانۆییە نەک وتارێکی فەلسەفی.

سەرچاوە: Shmoop

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە