وێژە

چاوەڕوانی گۆدۆ: پۆزۆ

لێکدانەوەی کەسایەتیەکانی چاوەڕوانی گۆدۆ

پۆزۆ

پۆزۆ کەسێکی دڵڕەق و چەوسێنەرە کە تەنیا گرینگی بە خۆی ئەدات. کاژێرێکی بە جۆرێک ئەفسانەیی هەیە. لە خولەکێکدا ئەو کاژێرە سەرسوڕهێنەرە دەبینین. هەوەڵین شتێک کە بە دەرکەوتنی پۆزۆ ڕوو ئەدا ئەوەیە کە ئێستراگۆن بە هەڵە دەچێتو پێی وایە کە گۆدۆیە. ناویشی بە جۆرێکە دەڵێی ئەیەوێت لە گەڵ گۆدۆدا بەراورد بکرێ؛ پۆزۆ، گۆدۆ.

گۆدۆ هەر وا کە لە بەشی خۆیدا باسمان کردوە، کەسایەتیێکی خوداییە کە دەرناکەوێ. پۆزۆیش بە جۆرێک شێوەی یەزدانێک ئەدات: ئەو دەسەڵاتی تەواوی بە سەر لوکی‌دا هەیە، دەڵێ ئەو زەوی و خاکە هی ئەوە، بەو بیرۆکەیە پێکەنینی دێ کە ئەوانیش بوونەوەرێک بن وەکو ئەم، تەنانەت دەشڵێت کە ئەو مرۆڤ نیە. بەڵام ئەگەر پۆزۆ یەزدانێک بێت، دەبێ لە گەڵ ئەو کەسایەتیەی کە دەینوێنێ بەراوردی کەین واتە ئەو کەسێکە دڵڕەق و چەوسێنەر کە تەنیا بایەخ بە خۆی ئەدات.

ئەمە جۆرێکی زۆر جیاواز لە خودا بوونە بەراورد بەو شتەی لە گۆدۆدا وێنەی دەکەین. هەندێک جەختیان لە سەر ئەوەیە کە گۆدۆ خودای کریستیانە، ئاگای لە هەموو شتە، تێکەڵ نابێت، شێواز و تایبەتمەندی مرۆڤیشی نیە. بەڵام پۆزۆ شتێکە وەکو خودای نێو ئەفسانە گریکیەکان. پۆزۆ هەر ئەو هەستانەی هەیە کە خەڵکی هەیانە، هەر ئەو کورتی و هەڵەگەلیە هەیە و زۆر خۆپەرست و خۆبینە. تەنیا جیاوازی ئەو لە گەڵ کەسێک بمردا لە تواناو هێزیدایە.

بەڵام ئەگەر پۆزۆ هێزی خودایی هەبێت، ئەو هێزەی سنوردارە. بیرەوەری تێک چووە، بێ یارمەتیدەرە، پێویستە پێ بێژن تا دانیشێت، بە بێ یارمەتی ناتوانێت هەستێتە سەر پێ و بۆ هەر جۆرە ئیشێک کە بیەوێ بیکات، پێویستی بە کەسانی دیکەیە. دەڵێ هەرچێکی زانیوە فێری لوکی کردوە. پۆزۆ لەوانەیە خودایەک بێت بەڵام ئەگەریش وا بێت خودایەکی ناکامڵە.

پۆزۆ هەر وەکو ڤلادیمیر و ئێستراگۆن گیرۆدەی بەربەستێکی بەهێزە لە بێمانایی. جگەرەکەی هەر ئەو دەورەی پۆستاڵەکانی ئێستراگۆنی هەیە:‌ بوەتە شتێکی هەمیشەیی لە ژیانی هەمووڕۆژێکی دا و کاتێکی زۆری دەگرێ و بێ ئەوە ناتوانێ هیچ بکات. ون بونی کاژێرەکەی پۆزۆ دەڕوخێنێت و لەوانەیە پەیوەندی بە کوێر بونیشیەوە هەبێت.

لە چاوەڕوانی گۆدۆ دا هیچ کورتیەک لە شتە بێمانا و پڕوپوچەکاندا نیە. پۆستاڵ، شەپقە و جگەرەکە یەک شتی هاوبەشیان هەیە:‌ هەر سێیان کەرستەگەلێکی بێ مانا و پوچن کە ئەم سێ پیاوە بە جۆرێکی بێ مێشکانە و گەمژانە پێویستیێکی زۆریان بەو شتانەوە هەیە. لوکی بە بێ شەپقەکەی ناتوانێ بیر بکاتەوە. پۆزۆ بۆ پەیڤین پێویستی بە جگەرەکەیە. ئێسرتاگۆن بۆ هەتاهەتایی بەستراوەتەوە بە کردنە پێ و لە پێ کەندنی پۆستاڵەکانی، ڤلادیمیریش هەر بەو شێوەیە پێویستی بە کڵاوەکەی هەیە. ئەمەش تێکەڵاوێکی دیکەیە لە کۆمێدی و تراژیدیی، ئەم دۆخە بە هۆی ئەو پڕوپوچی و بێ‌ماناییە، دۆخێکی پێکەنیناوی ساز دەکات و لەهەمان کاتیشدا خەمهێنە.

باسی کاژێرەکەی پۆزۆمان کرد، بەڕاستی ون بوونی کاژێرەکە بوو بە هۆی کوێر بوونی پۆزۆ؟‌ هەر وایە ببینن:

  1.  پۆزۆ باوەڕێکی بەهێز و قوڵی هەیە بە تواناکانی خۆی لە تێگەیشتن و پێواندنی کات. ئەو تەمەنی ڤلادیمیر دەپرسێ، دەڕوانێتە کاژێرەکەی کە بزانێت چەن ساڵ تێپەڕ بوە (شەست). بە تام و چێژەوە سەبارەت بە خۆراوا (شوێنێکی کاتی خۆڵەمێشی لە نێوان ڕۆژ و شەودا) دەدوێ، لە سەر بەرنامەیەک ئیش دەکات، بە ڤلادیمیر دەڵێ کە بە هەرچی پێ خۆش بوو بڕوا بکات بێجگە لەوەی کە بڵێن کات ڕاوەستاوە.
  2. پۆزۆ کاژێرەکەی ون دەکات. وادەزانێ دەنگی کاژێرەکە دەبیستێ بەڵام تێدەگات کە ئەوە دەنگی کوتانی دڵی ئینسانە. ئیدی کات کۆنترۆڵ ناکرێ، ئێستا ناچارە کات لە سەر ژیانی ئینسان بپێوێ، ژماردنی ژمارەی کوتانی دڵ بژمێرێ. ئەمە بیرۆکەیەکی ترسناکە (پۆزۆش هاوار دەکات و نفرین دەکات). کوتانی دڵی مرۆڤ تەنیا واتایەکی هەیە: ڕۆژێک ئەو دڵە ڕادەوەستێت و ئیدی لێ نادا.
  3. لە ڕاستیدا ئەم بیرۆکە زۆر ترسناکە کە پۆزۆ بە ویست و بڕیاری خۆی کوێر دەبێت. ئەو خۆی بڕیار ئەدات کوێر ببێت. ڤلادیمیر لە کۆتایی پەردەی دوهەمدا ئاماژە دەکات کە ڕەنگە پۆزۆ دەوری گێڕابێت و درۆی کردبێ. بەو شتەدا کە دەیبینین تێدەگەین ئازارەکانی ئەو چاوەڕوانیە بۆ هاتنی گۆدۆ شتێکی دەست کردە و کەسایەتیەکان خۆیان ئەو دۆخەیان پێک هێناوە. دەکرێ بڵێین پۆزۆ خۆی بوەسە هۆی کوێربوونی، خۆی کوێر بوونی هەڵبژاردوە لە بەر ئەوەی نایەوێت ڕوبەروی ئەو ڕاستیە ببێتەوە کە ئاگاداری لە ژمارەی کوتانی دڵیەتی.

ئایا کات ئیش و پەیوەندیێکی بە سەر بیناییەوە نیە؟ بڕوانن بۆ توڕە بوونەکەی پۆزۆ لە وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەی ڤلادیمیر کە لێ دەپرسێ کەی کوێر بووی:

پۆزۆ:
(بە توڕەیەوە) لە من مەپرسە! کوێر هیچ بیر و ڕایەکی لە سەر کات نیە. هەر شتێک پەیوەندی بە کاتەوە بێت لە کوێر قایم و ونە.

پۆزۆ خۆی ئەو پەیوەندیە ساز دەکات لە نێوان کوێر بوونی و ڕەت کردنەوەی ئاگاداربوونی لە کات. لە بۆچونەکانیدا کات بوەتە کاژێرێک کە پاشماوەی ژیانی دەژمێرێ. ئەو کوێر بوون هەڵدەبژێرێ تا بتوانێ ئیدی بیر لە کات نەکاتەوە ( هەروەها بیر لە مەرگ نەکاتەوە). لە لاڵ بوونی لوکیش دا هەر ئەم شتە ڕوو ئەدات، لە تەوای شانۆنامەکەدا لوکی تەنیا ئەو کاتە دەدوێ کە پۆزۆ فەرمانی پێ بدات. دەلیلێک کەم هەیە بۆ ئەوەی بڕوا بکەین لوکی توانای پەیڤینی لە دەس دابێت، ئەگەر بێدەنگ بووە بۆ ئەوەیە پۆزۆ نایەوێ دەنگی ببیستێ (ڕەنگە لەبەر ئەوەی دیسان باس لە کات نەکەنەوە).
پۆزۆ تەنانەت لۆمەی کات دەکات بۆ بێمانا بوون و پڕوپوچی ژیان. ڤلادیمیر تەک ئەودا ناکۆکە و خوو گرتن لۆمە دەکات ( کوشندەترین شت). بەڵام پۆزۆ توند لە سەر ئەو باوەڕەیە کە کاتی بوونی سروشتی مرۆڤ, ئەو دەرفەتەی لێ دەگرێ کە ئامانجێکی هەبێت:

پۆزۆ:
(لە ناکاو بە توڕەیەوە) منت ئازار نەداوە بە ئەو کاتە نەفرەتاویەوە! زۆر وەڕسکەرە! کەنگێ! کەنگێ! ڕۆژێک، ئەمە بەس نیە بۆ تۆ، ڕۆژێک لاڵ بوو، ڕۆژێک من کوێر بووم، ڕۆژێک دێت ئێمە کەڕ دەبین، ڕۆژێک لە دایک بوین، ڕۆژێک دەمرین، هەمان ڕۆژ، هەمان چرکە، ئەمە بەس نیە بۆ تۆ؟ (هێمنتر) ئەوان لە سەر قەبرێک منداڵێک بە دنیا تێرن، ڕوناکی دەسبەجێ ئەدرەوشێتەوە، جا جارێکی دیکە شەو دادێت. (گورێسەکە ڕادەوەشێنێ)

پۆزۆ لە دایک بوونی مناڵێک لە سەر قەبرێک ڕەسم دەکات، ژیانی ئەو مناڵە ئەو کات و ساتەیە لە نێوان لە دایک بوونی هەتاکو کەوتنیە نێو قەبرەکە. زۆر دڵگیرە. بەڵام ئەمە ئەوە دەخاتەوە بیرمان کە ژیان زۆر کورتە.

سەرچاوە: Shmoop

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە