وێژە

چاوەڕوانی گۆدۆ: ڤلادیمیر

لێکدانەوەی کەسایەتیەکانی چاوەڕوانی گۆدۆ

ڤلادیمیر ( ئێستراگۆن ڤلادیمیر بە دی‌دی بانگ دەکات)

لێکدان و شێ کردنەوەی چاوەڕوانی گۆدۆ ئیشێکی ئاڵۆز و ئەستەمە، بەڵام ئەکرێ بچینە نێو شانۆنامەکەوەو لێی ورد ببینەوە. وەرن بە ڕوانین بۆ کەسایەتی ڤلادیمیرەوە دەستی پێ بکەین. ئەگەر بمانەوێ ڕێگایەکی ئاسان بگرینە بەر، دەتوانین زۆر سادە بلێین ڤلادیمیر و ئێستراگۆن بەتەواوی وەکو یەکن. بەڵام نامانەوێ ڕوانینێکی ئەوەندە سەرەکیمان هەبێت و لە ڕاستیدا ڤلادیمیر و ئێستراگۆن دو کەسایەتی زۆر جیاوازن.

زۆربەی خەڵک پێیان وایە کە ڤلادیمیر بیریارترو و زاناترە لە ئێستراگۆن، زەین و بیریکێ تێژتر و لۆژیکێکی زۆرتری هەیە. ئەمیشە با بڵێین کە ئێستراگۆن بۆ درێژە دان بە ژیانی پێویستی بە ڤلادیمیرە.

لە سەرەتادا، هەڵوێستەکانی ڤلادیمیر لەوانەیە ڕاست و دروست نەبن. ئەوەی کە دەڵێ ئێستراگۆن بە تەواوی پێویستی بەو هەیە، ڕەنگە بە جۆرێک ئەویش هەر بەو ڕادەیە پێویستی بە ئێستراگۆن هەبێت. لەوانەیە گۆگۆ پێویستی بە دیدی بێت بۆ ئەوەی پیێ بڵێت ئەبێ چی بکات و ژیانی بپارێزی، بەڵام دی‌دی پێویستی بە گۆگۆیە بۆ ئەوەی ئەو نیاز و پێویستیەی بۆ بدرکێنێ.

پرسیارێکی دیکە ئەمەیە کە ئەم دو کەسە ئەگەر هەردوکیان بەم چەشنە پێویستیان بەوی دیە، بۆچی دۆستایەتیەکەیان ئەوەندە ئاڵۆزە؟ نیوەی کاتیان بەم پرسیارە ئەبەنە سەر کە ئەوان ئەبێ هەر دۆست و برادەر بن یان باشترە کە لە یەک داببڕن و هەر یەکەیان و بە تەنێ درێژە بە ژیانی خۆی بدات. هەر وا کە لە شانۆنامەکەدا چاوەڕوان دەکرێ، هیچ کات لەم باسە بە ئەنجامێک ناگەن. سروشتی هاوڕێتیان وەکو هەمو شتێکی دیکەی نێو شانۆنامەکە ناڕوونەو گومانی لە سەرە. تەنیا شتێکی ڕوون کە هەبێت ئەوەیە کە هەمو شتێک ناڕوونەو تێکەڵاو بە گومانە.

لە دابڕان لە یەک دەترسن، بەڵام دودڵیشن لەوەی دۆستایەتیێکی ڕاسەقینەیان هەبێت. لە دۆزەخێکدا ماونەتەوەو دیلی دوبارەبوونەوەن، بە تایبەت ڤلادمیر. ئەو دەیەوێ گۆگۆ لە ئامێز بگرێ بەڵام نایەوێ زۆر نزیک بێتەوە. چاکەتەکەی ئەدات بە هاوڕێکەی و خۆی لەکاتێکدا لایەلایەیەکی بۆ دەخوێنێ لە سەرمادا بە خۆی دەلەرزێ. تێک دەچێ و توڕە دەبێ ئەو کاتانەی ئێستراگۆن لە سەر مۆتەکەکانی شەوانەی دەدوێ. بە هەر هۆیەک بێت ڤلادیمیر ناتوانێ پەیوەندیێەکی ڕاستەقینە ساز بکات.

کێشەو و نەبوونی توانایی ڤلادیمیر بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئازاری کەسانی دیکە

ڕاستە، وا دەزانین کە ئەم ڕستەیەی ڤلادیمیر کە دەڵێ “زۆر بە من نێزیک مەبەرەوە” پەیوەندی بە هەستی توند و تیژی لەگەڵ ئازاری خەڵکانی دیکەدا هەیە. بڕوانن بۆ کاتێک کە تێک دەچێ، کاتێک کە ئێستراگۆن ئەیەوێ باسی مۆتەکەکانی بکات.

ئێستراگۆن:
(گەڕایەوە بۆ ئەو دۆخە ترسناکەی) خەوتبوم (بە کەساسیەوە)
بۆ هیچ کات ناهێڵێ بخەوم؟
ڤلادیمیر:
هەستم بە تەنیایی دەکرد.
ئێستراگۆن:
خەونێکم دی.
ڤلادیمیر:
بۆمی مەگێرەوە.
ئێستراگۆن:
خەونم دی کە…
ڤلادیمیر:
مەیگێڕەوە.
ئێستراگۆن:
(ڕو لە ئاسمان دەکات) ئەمە بۆ تۆ بەسە؟
(بێدەنگ) کارێکی باش ناکەی دی‌دی،  ئەگەر نەتوانم مۆتەکە نهێنیەکانم بۆ تۆ باس کەم، ئەبێ‌ بۆ کێیانی باس کەم؟
ڤلادیمیر: بهێڵا با هەر وا بە نهێنی بمێنێنن. تۆ دەزانی ناتوانم بیانبیستم.

ئەم دۆخە سێ جار لە چاوەڕوانی گۆدۆ دا ڕوو ئەدات.

لە سەرو ڕوی ئەمانەوە ئەو کاتەیە کە ڤلادیمیر دەچێتە قڕۆی پۆزۆ دا و لێی توڕە دەبێت کە بۆ وا لەگەڵ لوکی دا هەڵس و کەوت دەکات.

پاش ئەوە لە لوکی دەخوڕێ کە بۆچی لەگەڵ پۆزۆدا خراپ مامەڵە دەکات. ئەوە پیشان ئەدات کێشەکە زۆرتر لەوەی بە هۆی دژایەتی بەرانبەر کۆیلەیەتی بێ، بە هۆی دژایەتی لە گەڵ هەر جۆرە ئازارێکدایە. ڤلادیمیر نایەوێ ئەو ئازارانە ببیستێ، بیانبینێ یان باسیان بکات.

بەڵام ئەمە چ پەیوەندیێکی هەیە بە کێشەی ڤلادیمیرەوە بۆ سازکردنی دۆستایەتیێکی ڕاستەقینە؟ لەڕاستیدا، چاوەڕوانی گۆدۆ ئازار چێشتن وەکو دۆخێکی بنەڕەتی و نەگۆڕ پیشان ئەدات. هەمو خەڵک هەموکاتێک ئازار دەچێژن. بەمجۆرە بچینە پێشی، ئەو کەسەی کە نەتوانێ لە گەڵ ئازارەکاندا ڕێک کەوێت، ناتوانێت لە گەڵ خەڵکیش هەڵسوکوەوتی هەبێت و پەیوەندیێکی بەرچاو ساز بکات. لانی کەم ناتوانێت زۆرتر لە دە چرکە ئەو پەیوەندیە ڕا بگرێت مەگەر کاتێک وا ئەو کەسانە خەوتبێتن. (ئەگەر سەرنجتان دابێت، ئەو کاتانەی ئێستراگۆن خەوتوە، ڤلادیمیر هەست و ڕەحمێکی زۆرتری بەرانبەری هەیە.)

بڕوانن بۆ لێدوانەکەی ڤلادیمیر لە کۆتایەکانی پەردەی دوهەمدا.

ڤلادیمیر:
خەوتبوم؟ ئەو کاتەی ئەوانی دی ئازاریان دەبینی؟ ئێستا لە خەو دام؟ سبەینێ، کاتێک لە خەو ڕابووم، یان وام زانی کە (لە خەو) هەستاوم، ئەبێت سەبارەت بە ئەمڕۆ چی بڵێم؟ بڵێم کە لە گەڵ ئێستراگۆنی هاوڕێم، لەم جێگایەدا هەتاکو داهاتنی شەو چاوەڕوانی گۆدۆم کرد؟ بڵێم کە پۆزۆ لە گەڵ بارهەڵگرەکەیدا لەوێوە گوزەرا، و بڵێم کە قسەی کرد بۆمان؟ لەوانەیە. بەڵام لە هەموی ئەمانەدا چ ڕاستیێک لە ئارادا دەبێت؟ (ئێستراگۆن هەروا بێ ئەنجام، خەریکی پۆستاڵەکانیە. دیسان نوچ ئەدات. ڤلادیمیر بۆی دەڕوانێ.) ئەو لە هیچ ئاگادار نابێت. جا باسی پارە لە کیس چوەکانی بۆم دەکات و منیش گێزەرێکی دەدەمێ (وەستان). بە لنگێکی بڵاو لە سەر قەبرێکو لەدایک بوونێکی گران. لە نێو چاڵەکەدا بە هێواشی، قەورکەنەکان فۆرسێپەکان دەکەنە دەستیان. کاتمان هەیە بۆ گەورە بوون. هەوا پڕە لە هاوار و گریانی ئێمە. (گوێ دەگرێ) بەڵام خوو گرتن، بێدەنگکەرێکی بەهێزە. (دیسان بۆ ئێستراگۆن دەڕوانێ). کەسێکیش هەیە بۆ من دەڕوانێ، کەسێکیش هەیە لە سەر من دەدوێ، ئەو خەوتوە، ئاگای لە هیچ نیە، بهێڵە هەر بخەوێ. (وەستان) ناتوانم درێژەی پێ بدەم. (وەستان) چیم گوت؟

ڤلادیمیر لێرەدا لە هەموو کەسایەتیەکان زۆرتر ڕوبەڕوی گرانی ئەو قەیرانەی خۆی و ئێستراگۆن دەبێتەوە و لە ڕاستیدا نێزیک تر دەبێتەوە بە تێگەیشتن لە ئەو دۆخە هەتاهەتایەی مرۆڤ و ئازارەکانی.

بەداخەوە ئەو کاتەی لە ئەم بابەتە قوڵ دەبێتەوە، ئەوەندە سەرقاڵ دەبێت کە گریان و پاڕانەوەی پۆزۆ بۆ یارمەتی لە بیر دەکات. ڤلادیمیر لەوانەیە لە ڕوی عەقڵەوە لە ئێش و ئازارەکان تێ بگات بەڵام بە ڕوونی دیارە کە ناتوانێ تێگەیشتنێکی لە ڕوی هەست و ئەزمونەوە هەبێت. ڕەنگە هەر بەم هۆیە بێت کە بیستنی ئازارەکانی خەڵک ئەوەندە بۆی ئەستەمە: تێگەیشتنی لە ڕاستیەکان تووشی پەشێوی دەکات. ناتوانێ بیرۆکەی ئێش و ئازار لە مێشکیدا شێ بکاتەوە ئەگەر لە بەر چاوی خۆیدا ڕوبدەن و ناچار بێت بیانبینێت.

ئێستا ڤێلادیمیر دەبێ چی بکات؟

لاسایی کردنەوەی ڤێلادیمیر بۆ مرۆڤایەتی

ڤلادیمیر بۆ قەرەبوی ئەم کەم و کۆڕیە هەستیەی، دێت لاسایی ئەو شتانە بکاتەوە کە پێی وایە هەر کەسێک دەبێ بیکات. نازانێ مرۆڤ بوون چۆنە، ئیدی لاسایی مرۆڤ بوون دەکاتەوە.

بیری لێبکەنەوە، تەنیا ڤلادیمیر نیە کە ئەیەوێ تێ بگات چۆن ببێت بە مرۆڤ و هەر ئەو نیە کە هەوڵ ئەدات لە چۆنایەتی مرۆڤ بوون تێ بگات. ئێستراگۆن بێ ئەوەی بیرۆکەیەکی بۆ چەشنی کردەوەکانی هەبێت، دەورێکی هاوشێوە دەگرێتە بەر. پێشنیار دەدات: “وەرە خراپ بە یەکدی بڵێین”. “وەرەو دڵی یەک بدەینەوە” یان وتووێژێکمان هەبێت، یان پرسیار بکەین و هتد. ئەم وتانەی ئێستراگۆن بەجۆرێک پێشنیاری لاسایی کردنەوەی پۆزۆ و لوکیە، ئەو دو پیاوەی بە ڕێکەوت دەردەکەون و ئەبن بە پیشاندەری چەشنی هەڵسوکەوت کردنی خەڵکی دەوروبەر.

ئەو شتەی ڤلادیمیر لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، بێ ئاگایی لەو دۆخەی لاسایی کردنەوەیە. ئێستراگۆن بە تەواوی ئاگایە بەو دۆخە، (“هەموو کات شتێک ئەدۆزینەوە…ئەو هەستەمان پێ بات کە بوونمان هەیە.”) ڕەنگە پۆزۆ زۆرتر دانی پێدا بنێت کە زۆربەی کردەوەکانی بێ ئەنجامن. (سبەینێ من لە یادم نیە کە ئەمڕۆ ئێوەم دیوە)، بەڵام ڤلادیمیر هێشتا تێنەگەیشتوە کە تەنیا خەریکی دەوڕ گێرانێکە. بڕوانن بۆ کاتێک بە ئێستراگۆن فەرمان ئەدات بڵێت ئەو شادە “تەنانەت ئەگەر ڕاستیش نەبێت”. ڕەنگە ڤلادیمیر قایل بێت بە ئەو خەیاڵ و سەرابەی کە لە مرۆڤ بوون هەیەتی، بە جۆرێک پیشاندەری ئەوەیە کە دۆخێکی دژوارتر لە کەسانی دی دەژی.

ئەگەر بمانەوێ کەسایەتیێک هەڵبژێرین کە زۆرتر لە هەموویان شێوەی خۆمان بدات، ئەوە ڤلادیمیرە. لە هیچ کاتێک دا بە قەد کۆتایی پەردەی دوهەم ئەم ڕاستیە دەر ناکەوێ، ئەو کاتەی ڤلادیمیر لە بەرزترین پلەی لۆژیکی خۆیدایە. لە گەڵ ئەو کوڕەدا دەدوێ و تێدەگات کە ئەم مناڵە سبەینێیش دێتەوە و ئەم دیدارەی ئەمڕۆی لە بیر دەچێتەوە. سبەینێش دێتەوە و دەڵێ کە گۆدۆ نایێت، هەر بەو چەشنەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەم ساڵانەی ڕابردودا هاتوەو ئەو ڕستەیەی دوبارە کردوەتەوە.

لانی کەم ئێستا، ڤلادیمیر لە قورسی ئەو قەیرانەو ئاڵۆزی ئەو دۆخە تێدەگات. وەک هەستێکی تایبەت بە مرۆڤ توڕە دەبێت و پەلامار بۆ کوڕەکە ئەدات، ئێستا ئیدی خەریکی لاسایی کردنەوەو دەور گێران نیە. هەلبەت دوایی دیسان ئەگەڕێتەوە بۆ دۆخەکەی جارانی، (بە ئێستراگۆن دەڵێت: ” پێویستە سبەینێ بێینەوە… و چاوەڕوانی گۆدۆ بکەین”)، بەڵام ئەم جار، ڤلادیمیر ئەو توڕەیی و بێزاریە لۆژیکیەی ئێمە پیشان ئەدات.

ڤێلادیمیر و گۆدۆ، ژیان و شتە ناکۆتایی و ناڕوونەکانی دیکە

ئەو شتانەی کێشەکانی ڤێلادیمیر و ئێستراگۆن قورستر دەکەن، وا دەکەن لانی کەم لە چەن بەشێکدا دڵمان بە ڤلادیمیر بسوتێ. شتێک کە زۆرتر هەستمان دەبروژێنێ ئەوەیە کە تەواوی کێشەکانی ڤلادیمیر بە هۆی هەڵەکانی خۆیەتی. ئەو لە دۆزەخێکی دەستکردی خۆیدا دەژی. لە ڕوی وتەیەکی خۆیەوە، ئەو چاوەڕوانیە بۆ هاتنی گۆدۆ نەیهێشتوە ئیشێکی تر هەڵبژێرێت.

ئێستراگۆن ئەیەوێ بزانێت بۆچی ناتوانن ئەوێ بە جێ بێڵن: لەبەر ئەوەی کە ئەوان چاوەڕێ هاتنی گۆدۆن. بۆچی ناچارن سبەینێ بێنەوە بۆ ئەوێ؟ چونکە چاوەڕوانی گۆدۆن. بۆچی ناتوانن ژیانی خۆیان بژین بەجێگەی ئەوەی لە بازنەیەکی ناکۆتاو و بێ ئەنجامدا بسوڕێنەوە؟ دیسان چونکە چاوەڕوانی گۆدۆن.

شتێک کە ڤلادیمیر تێناگات ئەوەیە کە چاوەڕوانی کردنی گۆدۆ خۆی هەڵبژاردەیەکە. ئەگەر ئەو بەستراوەتەوە بەو چاوەڕوانی کردنەوە، لەبەر ئەوەیە کە خۆی ئەو چاوەڕوانیەی هەڵبژاردوەو خۆی ئەو سنورەی بۆ خۆی داناوە. سەرنج بدەن کە ڤلادیمیر بوو نەک ئێستراگۆن کە سوور بوو لە سەر مانەوەیان. دەلیلیشی ئەمەیە کە کاتێک وادەیەک دابین کرا، پێویستە ڕەچاوی بگرێت و لە سەری بمێنێت. بەڵام هەر بەوجۆرەی کە دو جار لە گفتوگۆکانی لە گەڵ کوڕەکەدا دەیبینین، ڤلادیمیر بەردەوام وادەکەی لەگەڵ گۆدۆدا نوێ دەکاتەوە. بەم جۆرە ئەو خۆی مەحکوم دەکات و هەرچی ڕۆژە لە چاوەڕوانی دا دەباتە سەر و بڕیار ئەدات سبەینێش هەر بەم شێوازە درێژە بە ژیان بدات.

سەرچاوە: Shmoop

سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
ئاگادار بوونەوە لە