×

چۆن کتێبێکی باش هەڵبژێرین؟

حەزت لە کتێب خوێندنەوەیە؟ دەزانیت دەتەوێت چ کتێبێک بخوێنیتەوە؟ کتێبە دڵخوازەکانتت دەیان جار خوێندووەتەوە و ئێستا دەتەوێت کتێبێکی نوێ بخوێنیتەوە؟ دەتەوێت کتێبێکی چاک هەڵبژێریت بەڵام نازانی چۆن؟ ئەگەر زانیاری پێویستت هەبێت هەڵبژاردنی کتێب زۆر ئاسان دەبێتەوە بۆت.

 

سەرەتا بۆ خۆت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەوە

  • حەزت لە چ ژانرێکە؟ خەیاڵی-زانستی، سەرکێشی، ڕیالیزم، ڕیالیزمی سیحری، خەیاڵ، چیرۆکی ڕاستەقینەیی، ئاڵۆز و هتد
  • حەزت لە کامانە نووسەرە؟ بگەرە لە نێو کتێبەکانی دیکەی ئەو نووسەرانەی پێشتر بەرهەمێکت لێیان خوێندووەتەوە و حەزت پێ کردووە، بە ئەگەری زۆر کتێبی دیکەشیان هەیە کە حەزت لێ بێت و لە چەشنی کتێبە دڵخوازەکانت بن.
    _چەشنێک کتێب هەیە کە حەزت لێ بێت یان کتێبێکی تایبەت هەیە کە بتەوێت بیخوێنیتەوە؟ ئەگەر ئەرێ، کورتەیەکی لێ بخوێنەوە، ئەمە یارمەتیت دەدات لە بڕیاردان بۆ ئەوەی بیخوێنیتەوە یان نا.
    _کتێبێکی زنجیرەیی کە چەند بەرگە دەناسیت کە حەزت لە خوێندنەوەیان بێت؟ سەبارەت بە چیرۆک و ناوەڕۆکەکەی گەڕانێک بکە و پاشان دەست بکە بە خوێندنەوەیان، دەتوانیت لە کتێبخانە بگەڕیت ببینیت ئاخۆ هەموو کتێبەکانیان هەیە.
  • زۆرتر حەزت لە چ بوارێکە؟ بە کلیلەوشەکان بگەڕە و کتێبی پەیوەندیدار بە بابەتە دڵخوازەکانت دەدۆزیتەوە.

سەرنجێکی کتێبەکانت لە ماڵەوە بدە

هەندێ جار دەبینیت لە ماڵدا و لە نێو کتێبخانەکەتدا هەندێک کتێبی زۆر چاک هەن کە دەمێکە تۆزیان لێ نیشتووە و ئاگات لێیان نییە، یان کەسێک لە ئەندامی بنەماڵەکەت کتێبێکی چاکی هەیە. بەم چەشنە ئیدی پێویستیش ناکات پارە بدەیت بۆ کڕینی کتێبی نوێ، هەر لە دەورووبەری خۆتدا کتێبێکی چاکت دۆزیوەتەوە.

لە کەسێک داوا بکە کتێبێکت پێ بناسێنێت

لە خۆشک و براکانت، هاوڕێکانت یان کتێبفرۆشەکان داوا بکە کتێبێکت پێ بناسێنن کە خۆیان خوێندوویانە و حەزیان لێ بووە. لە کەسانێک کە ئەو ژانرەی تۆ حەزت لێیە دەخوێننەوە بپرسە. کتێبفرۆشەکان زۆرجار دەتوانن پێشنیاری چاکت پێ بکەن بەتایبەت ئەگەر باشتر بتناسن و بزانن چ چەشنە کتێبێکت پێ خۆشە. هەروەها دەتوانیت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا داوا لە خەڵک بکەیت کتێبت پێ بناسێنن بەڵام لەبیرت بێت کە ژانری دڵخوازی خۆتت پێیان گوتبێت ئەگینا پێشنیارەکان زۆر بەربڵاو دەبن و دۆزینەوەی کتێبێک کە بە دڵی تۆش بێت لە نێو پێشنیارەکاندا زەحمەت دەبێت.

لە گۆڤار و ماڵپەڕەکان تێبینی و سەرنجەکان لەسەر کتێبەکان بخوێنەوە

لە گۆڤار و ماڵپەڕەکان لەسەر کتێبەکان بخوێنەوە، ببینە کامە کتێب زۆرترین فرۆشی بووە یان باسی چ کتێبێک زۆرتر دەکرێت و هۆکارەکەی چییە. تێبینییەکان و کورتەی کتێبەکان بخوێنەوە بزانە کامانەیان سەرنجت ڕادەکێشن و زۆرتر لە حەزەکانت نێزیکن.

بەشداری کۆڕەکانی کتێب خوێندنەوە ببە

کۆڕی تایبەت بە کتێبخوێندنەوە دەتوانێت بەسوود بێت بۆ ناسینی کتێبی نوێ، حەزەکان جۆراوجۆرن ئیدی لەم کۆڕانەدا دەتوانیت ئەو کەسانەی پێکەوە حەزتان لە ژانرێکی تایبەتە بدۆزیتەوە و ئەو کتێبانەی ئەوان خوێندوویانەتەوە و پێیان خۆش بووە تاقی بکەیتەوە و لەسەر کتێبەکان پێکەوە باس بکەن.

پێش کڕینی کتێبێک چەند لاپەڕەیەکی لێ بخوێنەوە

ئەگەر دەتەوێت کتێبێک لە کتێبخانە وەربگریت یان کتێبێک بکڕیت، پێش وەرگرتنی لە شوێنێک دانیشە و چەند لاپەڕە یان بەشی یەکەمی کتێبەکە بخوێنەوە. دیارە کە خوێندنەوەی بەشی سەرەتای هەموو کتێبەکان کات دەبات، بەڵام ئەگەر حەزەکانت بناسیت و نووسەرە دڵخوازەکانت بناسیت دەتوانیت ئاسانتر کتێبی نوێ هەڵبژێریت.

سەرنج بدە بە پێشنیارەکانی خوێندنەوە لەلایەن نووسەرە دڵخوازەکانتەوە

لیستەی خوێندنی نووسەرەکان سەیر بکە کە هەندێ جار بڵاوی دەکەنەوە، ناوی کتێبەکان بنووسە و ببینە کامانەیانت خوێندووەتەوە و کامانەیان سەرنجت ڕادەکێشن. ئەگەری زۆرە کە تۆیش حەزت لە هەندێ لەو کتێبانە بێت کە نووسەرە دڵخوازەکانت حەزیان لێ بووە.

پرسیارە باوەکان

ئایا دەکرێت متمانە بکەم بەو شتەی لەسەر بەرگی کتێبەکان دەنووسرێت؟

بەپێی بەرگی کتێبەکان لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکان بڕیار مەدە. هەندێ جار لەسەر کتێبەکان شتگەلێک دەنووسرێت بەس بۆ سەرنجڕاکێشان و فرۆشی زۆرتر. باشترە تێبینیەکانی نێو گۆڤار و ماڵپەڕەکان بخوێنیتەوە تاکوو زانیارییەکی گشتی لە کتێبەکە بەدەست بێنیت.

 

ئایا دەکرێت گوێ بدەم بە بۆچوونی خەڵک سەبارەت بە کتێبێکی تایبەت؟

هەم ئەرێ هەم نا. گوێدان بە بۆچوونی خەڵک لەسەر کتێبێک هەندێ جار دەتوانێت ڕوانگەت سەبارەت بە کتێبەکە تێکبدات و بۆچوونێکت تێدا درووست بکات کە ئەگەر بیخوێنیتەوە ڕای تۆ تەواو جیاواز بێت سەبارەت بە کتێبەکە. بەڵام چاکترە کە سەرنج بدەیت بە ئەو خەڵاتانەی کتێبەکە وەریگرتووە و هەروەها تێبینییەکان کە لەسەریان نووسراوە، ئەمانە ڕوانگەیەکی چاکت پێ دەدەن سەبارەت بە کتێبەکە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانییەکت تێدا درووست بکەن.

 

بەرگی کتێب چەندە گرینگە؟

هیچ، گرینگ چیرۆک و ناوەڕۆکە.

 

ئایا کڕینی کتێبی فەلسەفە دەبێتە هۆی دڵخۆشی یان پارە بەفیڕۆدانە؟

کڕینی هیچ کتێبێک پارە بەفیڕۆدان نییە. ئەگەر حەزت لە فەلسەفەیە کتێبێک هەڵبژێرە و بیکڕە و بیخوێنەوە، ئەگەریش نیگەرانی پارەی، لە کتێبخانە کتێبەکە وەربگرە.

 

ئێوە چۆن کتێبی نوێ هەڵدەبژێرن بۆ خوێندنەوە؟ هەر سەرنج یان پرسیارێکتان هەیە فەرموو لە کۆمنت بینووسن.

 

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.