وێژە

ناساندنی کتێب: ڕۆمانی کافکا لە کەنار

کافکا لە کەنار – Kafka on the Shore
نووسەر: هارووکی موراکامی – Haruki Murakami
ساڵ: 2002
ڕۆمانی کافکا لە کەنار
ڕۆمانی کافکا لە کەنار

هارووکی مووراکامی وەکوو بەناوبانگترین ڕۆماننووس لە ژاپۆن و هەروەها ناسراوترین ڕۆماننووسی ژاپۆنی لە جیهاندا دەناسرێ. مووراکامی تایبەتمەندیەکانی ژانرە باوەکانی چیرۆک گێڕانەوە وەکوو چیرۆکە پۆلیسیەکان دەگرێت و شێوازێکی نوێیان پێ دەبەخشێ کە زۆرجار ئاکامێکی سوریالی لێ ئەکەوێتەوە. خۆی دەڵێ کە پێش ڕۆمانە ژاپۆنیەکان، ڕۆمانە ئەمریکیەکان وەکوو ئەوانەی ئێرنست هێمینگوەی و کورت ڤانێگێتی خوێندووە و گاریگەریەکانیشی لە سەر نووسراوەکانی دیارە. کتێبەکانی پڕن لە ئاماژەگەلێک بۆ وێژە، فلیم و مۆسیقای ئەمریکی و ئەوروپی. ناسراوترین بەرهەمی، بە نێوی (The Wind-Up Bird Chronicle) ئیلهامی لە درامایەکی تەلەفیزیۆنی دەیڤید لینچ بە نێوی (1991-1990,Twin Peaks) گرتبوو. وەکوو جیهانی لینچ، جیهانی پاش مۆدێڕنی مووراکامیش شوێنێکی تەواو جیاوازە لە واقیع، شوێنێکە هەر شتێک لە هەر کاتێکدا بۆی هەیە ڕوو بدات. زۆربەی پاڵەوانەکانی مووراکامی زەلامگەلێکی تەمەن سی ساڵانن بەڵام کافکا لە کەنار باسی ژیانی تازەلاوێک و پیرەمێردێک دەکات.

کافکا تاموورا کوڕێکی پازدە ساڵانە، لەو ژیانەی لە تۆکیۆ بێزارە و لە ماڵ هەڵدێ. کافکا پێوەندیێکی ناحەزی لەگەڵ باوکیدا هەببوە. کیوچی باوکی کافکا پەیکەرتاشێکی بەناوبانگە. لەو کاتەوە کافکا چوار ساڵی بووە ئیدی دایکی نەدیوە؛ دایکی و زڕخۆشکە گەورەکەی ئەچن و ئەمان بە جێ دێڵن. کیوچی پێشگۆیی دەکات کە کافکا ڕۆژێک دەیکوژێت و لە گەڵ دایکی و خۆشکیدا دەخەوێ، ئەم پێشگۆییە بەتەواوی مێشکی دادەگرێ.

ساتۆروو ناکاتا شەست سالیەتی و ئەویش هەر لەو نێزیکانەی کافکا دا دەژی بەڵام ئەم دوو کەسە هیچ کات یەکدیان نەبینیوە. کاتێک ناکاتا قوتابی دەبێ لە ساڵانی ١٩٤٤، ڕوداوێکی سەیر و سەمەرە ئەقەومێ، ئیدی بیری تک دەچێت و توانای نووسین و خوێندنەوەشی لە دەس ئەدات. ناکاتاش وەکوو کافکا لە لایەن بنەماڵەیەوە کەسێکی لە بیر کراوە. مووراکامی چیرۆکی ئەم دوو کەسایەتیە لە بەشەکانی ڕۆمانەکەدا بە شوێن یەکدیدا ئەگێڕێتەوە.

کافکا زۆربەی کاتی بە خوێندنەوە، گوێ گرتن لە مۆسیقای باوی ڕۆژانە، ئیش کردن و بیر کردنەوە سەبارەت بە جنس(سێکس) تێپەڕدەکات. هاوڕێ و پێوەندیێکی نزیکی نیە. هیوای ئەوەیە دایک و خۆشکی بدۆزێتەوە. ناکاتا کە زۆربەری ژیانی گەورەساڵانی بە ئیش کردن بۆ دروس کردنی کەل و پەل داوەتە سەر، بە پارەی یارمەتی دەوڵەت و ئەو پارانە ژیان بە سەر ئەبات کە لە ڕێگای دۆزینەوەی پشیلە ون بووەکانەوە بە دەسی دێنێ. ئەو ئەتوانێ لە گەڵ پشیلەکاندا قسە بکات و لێیان تێبگات، ئەم پشیلانە کە لە چیرۆکی مووراکامیدا دەر ئەکەون، بۆ ناکاتا نێزیکترین کەس و هاوڕێن. مووراکامی جیهانی ناکاتا بە چەشنێک وێنا ئەکات کە پارە و سیاسەتی تێدا جێ نابێتەوە. بە گشتی ناکاتا لەو شتانەی ڕوو ئەدەن چێژ دەبینێ.

کافکا لە گەڕانەکانیدا دەگات بە تاکاماتسوو لە شیکۆکۆ؛ بچووکترین دوورگە لە نێو چوار دوورگە سەرەکیەکانی ژاپۆندا. بە شوێن کتێبخانەیەک دەگەڕێت بۆ کتێب خوێندنەوە و دەگات بە کتێبخانەی یادگاری کۆمورا کە کۆمەڵێک کتێبی پیاوێکی سامانداری تێدایە. لەوێ لەگەڵ ئیشکەرێکی کتێبخانەکە ئەبێت بە هاوڕێ؛ نێرەمۆکێکی هەستیار بە نێوی ئۆشیما. بەڕێوەبەری کێبخانەکەش خاتوون ساکیە کە ساڵانێک پێشتر ئەوینداری کوڕی بنەماڵەی کۆمیرا بووە، ئەو کوڕە ساڵانێک پێش مردووە. ساکی پێش مردنی یارەکەی، بە هۆی خوێندن و بڵاو کردنەوەی گۆرانیێک بە نێوی “کافکا لە کەنار” ناوبانگێک دەرئەخات. دوایی لە دنیا ئەتۆرێ و ئەم ساڵانە سەرقاڵی بە ڕێوە بردنی کتێبخانەکە دەبێت.

ساکی ئیزن ئەدات کافکا وەکوو یارمەتیدەری ئۆشیما لەوێ بمێنەێتەوە و ئیش بکات. کافکا لە ژوورێکدا دەمێنێتەوە کە پێشتر ژووری یارەکەی خاتوون ساکی بووە، لەوێش وێنەی نیگارێک بە دیوارەکەوە دەبینێ؛ وێنەی کوڕێکی لاو لە کەناری زەریایەک. ڕۆحی ١٥ ساڵانی خانمی ساکی شەوانە دەچێت کە لە تەنیاییدا بۆ ئەو وێنەیە بڕوانێت. کافکا عاشقی هەم ئەو ڕۆحە هەم جەستەی ئەو خانمە ئەوێ کە گومان ئەبات ڕەنگە دایکی بێت. کافکا و ئۆشیما سەبارەت بە کێشەکانی ئۆدیپی ئەم پەیوەندیە باس ئەکەن. کافکا لە ڕێگایدا بەرەوە تاکاماتسوو، کچێکی ئارایشگەر بە نێوی  ساکورا دەبینێ و ئەکەوێتە نێوان کێشمەکێشێک لە حەزێکی جنسی و ئەوەی کە دەخوازێ ئەو کچە هەر خۆشکە ون بووەکەی خۆی بێت.

لەم ماوەیەدا ناکاتا کە ها بە شوێن دۆزینەوەی پشیلەیەکەوە، بۆی دەرئەکەوێ زەلامێک بە نێوی جۆنی والکەر خەریکی کوشتنی پشیەکانی ئەو گەڕەکەیە. دوایی جۆنی والکەر ناکاتا ناچار ئەکات کە بیکوژێت و بە دوای ئەوە ناکاتا ئەچێ بەرەو تاکاماتسوو؛ ئەو شوێنەی کارەساتەکەی کاتی منداڵی تێدا ڕووی دا. شۆفێری لۆریێک بە ناوی هۆشینۆ ئیشەکەی وێڵ ئەکات بۆ یارمەتی دان بە ناکاتا و لەگەڵی دەڕوات.

نە کافکا و نە ناکاتا نازانن بە دووی چی دان، تەنیا کاتێک لە شتەکان تێدەگەن کە ڕوو بدەن و بیانبینن…

*ئەم ڕۆمانە هێشتا بە کوردی وەرنەگێڕداوەتەوە.

سەرچاوە: Enotes

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

1
سەرنجێک بنووسە

avatar
  بە ئەندام بوون  
نوێترین کۆنترین زۆرترین دەنگ
ئاگادار بوونەوە لە
سارا
میوان
سارا

چەنێ پێچەڵپێچە، ئینگلیزیەکەیمان هەس، وەلێ کە بوو بە کوردی منیش ئەیخوێنم 🙂