×

ڕێگایەکی ئاسان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دڵخۆشیت

لە کاتی پەستی و ناشادیدا، هەندێک میهرەبان بوون دەتوانێت دڵخۆشت بکات.

  • بە پێی توێژینەوەکان، یەکێک لە خێراترین ڕێگاکانی زۆرترکردنەوەی دڵخۆشی، هەبوونی هەڵسووکەوتێکی بەسۆز و میهرەبانانەیە.
  • خەڵک کاتێک پارە سەرف دەکەن بۆ کەسانی دی، هەست بە شادومانی زۆرتر دەکەن. هەروەها کەسانی خۆبەخش، ئاستی ڕەزامەندییان لە ژیان زۆرتر و ئاستی خەمۆکییان کەمترە. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە شت پێشکەشکردن بە خەڵک، سیستەمی پاداشت لە مێشکماندا چالاک دەکاتەوە.
  • هەندێک هەڵسووکەوتی میهرەبانانە بریتین لە، ئیشە خۆبەخشەکان، یارمەتی دان بە ناوەندە خێرخوازییەکان یان ئەوەی کە وەکوو کەسێکی دڵشاد لەگەڵ خەڵکدا هەڵسوکەوت بکەین.

خەم و خەفەت تەشەنەکەرە؛ واتە هەبوون لەگەڵ کەسانی ناشاد و خەمۆکێدا ئێمەش ناشاد دەکات. ئەگەر ئەمەتان نەزانیبێت بە ئەگەری زۆر لە کاتی کەرەنتیندا لە ڕاستییەکەی تێگەیشتوون. خۆشییەکەی لەوەدایە کە پێچەوانەکەشی ڕاستە، واتە هەبوون لەگەڵ کەسانی دڵشاددا دەبێتە هۆی گەشانەوە و دڵشادبوونی ئێمەش. بەڵام چۆن دڵنیا ببینەوە ئەو کەسانەی لە ڕۆژدا هەڵسووکەوتمان لەگەڵیان هەیە دڵشادن یان نا؟ شتێکی ئەوەندە زەحمەت نییە!

ڕێگایەکی ئاسان بۆ شادکردنی خۆمان و کەسانی دی

بە پێێ توێژینەوەکان، یەکێک لە خێراترین ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی شادومانی، هەبوونی کردەوەی میهرەبانانەیە بەرانبەر کەسانی دیکە. ئەمە ئەو شتەیە کە منداڵان بە شێوازێکی هەستەکی و سرووشتی هەیانە. توێژینەوەگەلێک لە ئەمەریکا و چین و هۆڵەند پیشانیان داوە کە منداڵان شادومانییەکی زۆرتر لەخۆیان پیشان دەدەن لە کاتگەلێکدا کە هەڵسووکەوتێکی دڵخۆشکەریان بەرانبەر کەسانی دی هەیە بەراورد بەو کاتانەی کەسێک بەرانبەریان میهرەبانی دەنوێنێت.

ئەمە بەس تایبەت بە منداڵان نییە، گەورەساڵانیش هەست بە دڵخۆشییەکی زۆرتر دەکەن کاتێک خۆیان تەرخانی کەسانی دیکە دەکەن. بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکدا لەسەر گرووپێکی بەشداربوو، تێگەیشتن کە بەشداربووان لە ماوەی مانگێکی ئاساییدا هەرچەندە زۆرتر خۆیان تەرخانی کەسانی دی کردبوو (بە شێوازی خەڵات پێشکەش کردن یان یارمەتی خێرخوازانە) هەستی دڵخۆشییەکی زۆرتریان هەبوو. پێچەوانەی ئەو شتەی ڕەنگە بیری لێ بکەنەوە، ئاستی تەرخان کردنیان بە خۆیان لە مانگێکی ئاساییدا کاریگەرییەکی لەسەر دڵخۆشییان نەبوو.

ئەی ئەگەر پارەت نەبێت بۆ بەخشین چی؟ نیگەران مەبە، کاتیش هەر ئەوەندە کاریگەرە. توێژینەوەکان پیشانی داوە کە خەڵک هەست بە دڵخۆشییەکی زۆرتر دەکەن کاتێک بە ویستی خۆیان و بە دڵێکی فەراخەوە کاتیان بۆ کەسانی دیکە و بۆ یارمەتی بە کەسانی دی تەرخان دەکەن. بۆ نموونە لە بەراوردکردنی زۆتر لە ١٧ توێژینەوە لەسەر زۆرتر لە ٧٤,٠٠٠ بەشداربوودا، تێگەیشتن کە کەسانی خۆبەخش ڕەزامەندییەکی هەرە زۆرتر لە ژیان و خەمۆکییەکی کەمتریان هەیە بەراورد بە کەسانی دیکە. ئەم شێوازە دیسان لە ١٣٠ وڵاتی جۆراوجۆردا دووپات کرایەوە و هەر ئەم ئەنجامە دیترایەوە، چ وڵاتەکە دەوڵەمەند بووبێت چ هەژار.

ئێستا بۆچی شت پێشکەش کردن بە کەسانی دیکە دەبێتە هۆی دڵخۆشی زۆرترمان؟ زۆرێک تیۆرەی دەرووناسی هەنە بەڵام ڕەنگە هۆکارەکەی زۆر بنەماییتر بێت. توێژینەوەکانی بواری وێنەگری مێشک پیشانی داوە کە پێشکەشکردن و بەخشینی خێرخوازانە، سیستەمی پاداشت لە مێشکدا چالاک دەکەنەوە.

کردەوەگەلێکی جوامێرانە بهێنە نێو ژیانتەوە

ئەگەر دەتوانیت خۆبەخشانە یارمەتی ڕێکخراوەیەکی خێرخوازانە بدەیت یان یارمەتییان بدەیت، زۆر چاکە، ئەوە بکە. بەڵام ئەمە ڕەنگە ئیشێکی قورس بێت بۆ هەندێک کەس. نیگەران مەبە، ڕێگاگەلێکی زۆر هەنە بۆ ئەوەی کردەوەگەلێکی سووکتر لە جوامێری و میهرەبانیت لە ژیانی ڕۆژاندەتدا هەبێت.

بۆ نموونە من خۆم زۆر لە باس کردنە ئاساییەکاندا باش نیم. بەگشتی کاتێک تەلەفۆنی لەگەڵ هاوڕێیەک یان ئەندامێکی بنەماڵەدا قسە دەکەم، پێمخۆشە خێرا بچێتە سەر ناوەڕۆکی باسەکە و لەو وردەکارییانە گەڕێت کە من بە پێویستیان نازانم. ئیدی کاتێک لەگەڵیاندا قسە دەکەم و درێژە بە باسەکان دەدەن، وەڕز دەبم و لای خۆمەوە دەڵێم کە مەگەر ئەوان تێناگەن کە ئیشم هەیە؟ نازانن خەریکن سی خولەک لە کاتم بەفیڕۆ دەدەن بە باس کردنی هەندێک شتەوە کە هیچ گرینگییەکیان نییە؟

نەک هەر لە کاتی قسەکردنەکەدا ئازارم دەبینی، بەڵکوو ئەم جەوە نەرێنییە تا چەند کاتژمێر پاشتریش هەر دەمایەوە. هەوڵمدا زۆرتر بیر لەم هەستە نەرێنیانە بکەمەوە و ئیدی بڕیارم دا کە کاتێک لەگەڵ هاوڕێ یان ئەندامێکی بنەماڵەدا قسە دەکەم، خۆم بە دڵێکی کراوەوە ئەو نیو سەعاتە پێشکەشیان بکەم و بهێڵم لەسەر هەر شتێک دڵیان دەخوازێت قسە بکەن. بەم چەشنە ئیدی هیچ چاوەڕوانییەکم نەبوو کە ئاخۆ باسی چی بکەن و باسی چی نەکەن و لە ئاکامدا ئیتر هەستم بە وەڕزی نەدەکرد و تەنانەت پاش وتووێژەکە هەستێکی خۆشم هەبوو کە یارمەتی خۆشەویستێکم داوە بەس لە ڕێگای گوێ گرتن لە قسەکانی. لە کۆتایدا بەجۆرێک بە پێشکەشکردنی کات، هەندێک کاتم بۆ دەگەڕایەوە.

بیرۆکە بنەڕەتییەکە لێرەدا ئەوەیە کە تۆ لەگەڵ کەسانی دەوروبەرت بە چەشنێک هەڵسوکەوت بکەیت کە کەسێکی شادتر هەڵسووکەوت دەکات، ئیدی تۆش خۆت دەبیت بە کەسێکی شادتر. بۆ تاقی کردنەوەی ئەم شێوازە، بیر لە ڕۆژە ئاساییەکانت و ئەو دۆخانەی بکەوە کە دووپات دەبنەوە و تێیاندا بەرانبەر کەسانی دیکە تووڕە و زویر دەبیت، ئەو کەسە دەکرێت هاوژین، ئەندامێکی بنەماڵەکەت، هاوڕێ یان هاوکارێکت بێت. ئێستا لە خۆت بپرسە ئەگەر من کەسێکی دڵشادتر بامایە، چۆن هەڵسووکەوتم دەکرد؟ کەسێکی شادتر لە سەرەتای دەستپێکی ڕۆژەکانیدا چۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەڵسووکەوت دەکات؟ کەسێکی شادتر چۆن وەڵامی نامە یان ئیمەیلەکانی دەداتەوە؟ کەسێکی شادتر بۆ ئەوەی پیشان بدات کە چەندە گرینگییان پێ دەدات، چ هەڵسووکەوتێکی دەبێت؟

پاشان، ئەم گۆڕانە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک جێبەجێ بکە. لەبیرت بێت، لێرەدا تۆ بە خۆڕایی خۆت تەرخان دەکەیت و دەبەخشیت، ئەمە خەڵاتێکە، مامەڵەیەکی سەندن و کڕین نییە. ئەمە بەردەوام ئەنجام بدە و دەبینیت کە کاتێک باسی دڵخۆشی بێت، ئەگەر هەندێک ببەخشیت، هەندێک وەردەگریت.

Melissa Burkley / 2021 / ‘A Simple Way to Boost Your Happiness’ / Psychology Today

 

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.