وێژە

لێکدانەوەی کەسایەتیەکانی شانۆنامەی هاملێت

هاملێت

هاملێت سەدەگەلێکە بینەر و خوێنەرانی سەرسامی خۆی کردووە و یەکەمین شتێک سەبارەت بەم کەسایەتیە ئاماژەی پێ بکەین ئاڵۆز بوونیەتی بە جۆرێک کە تێگەیشتن لێ بە تەواوی ئاسان نیە. بەراورد بە کەسایەتیەکانی تری شانۆنامەکە، هەمیشە سەبارەت بە هاملێت شتگەلێکی زۆرتر بۆ تێگەیشتن هەیە. تەنانەت زیرەکترین و وردبینترین خوێنەرانیش بەوە دەگەن کە هێشتا هەموو شتێک سەبارەت بەم کەسایەتیە نازانن. هاملێت خۆیشی بە کەسایەتیەکانی دیکە بە تایبەت دایکی و دوو هاوڕێکەی دەڵێت کە ئەو لە ناخیدا شتگەلێکی زۆرتر لەوەی هەیە کە لە ڕوالەتیدا دەیبینن. سەرسامکەری و ئاڵۆزی ئەو ئێجگار زۆرترە لەمانە. کاتێک دەدوێ لەوە دەچێ شتێکی گرنگی پێ بێت کە نایڵێتی، لەوانەیە شتێکیش بێت کە تەنانەت خۆیشی ئاگای لێ نەبێت. توانای نوسینی تاکبێژی و وتووێژ بە جۆرێک ئاوەها کاریگەریێکی هەبێت، یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی شێکسپیر.

پرسیارگەلێکی ئاڵۆز لە هاملێت دا درووست دەبێ کە وەڵامێکی ڕوونیان بۆ نادۆزێتەوە. هاملێت ڕووبەڕووی بەڵگەیەک دەبێتەوە کە مامی، باوکی کوشتووە؛ بەڵگەیەک کە هیچ کەسایەتیەکی دیکە لە شانۆکەدا بڕوای پێ نیە. هاملێت تووشی وەسواسەیەک دەبێت کە  دەشێ تاوانباری مامی بسەلمێنێت بەرلەوەی حوکمێک بدات. مێشکی هاملێت تێکەڵ بووە بە پرسیارگەلێک سەبارەت بە ژیانی پاش مردن، عەقڵیەتی خۆ کوشتن یان ئەوەی کە پاش مردن چی بە سەر جەستەدا دێت و پرسیارگەلێکی قووڵی دیکە.

کە چی ئەو بە هۆی وەسواسەیەک کە هەیەتی کەسێکی تێفکرە بەڵام بەوەیشەوە هاملێت توند و تیژی دەنوێنێ و بێ فکرانە و بە پەلە ئیش دەکات و تێڕامانێکی ئەوتۆی نیە لە سەر کردەوەکانی. بۆ نموونە بێ ئەوەی سەرنج بدات بزانێت کێیە لە پشت پەردەکەوە، شمشێر دەکات بە زک پۆلۆنیەس دا. وا دیارە زۆر سادە دەچێتە دۆخی شێتێکەوە، هەڵسووکەوت و ڕەفتارێکی سەیر و شپڕزەی هەیە و بە دڕندانە و توند قسە کردنەکانی هەمووان تووڕە دەکات. گرنگە کە ئاماژە بەویشە بدەین کە هاملێت تووشی مالیخولیایەکە و بێزارە لە باروودۆخی هەموو ئیش و کاروبارێکی دانیمارک و تەنانەت بنەماڵەکەی خۆیشی، ئەو بە گشتی لە هەموو دنیا بێزارە. هاملێت زۆر تووڕەیە لە دایکی کە بۆچی ئەوەندە زوو پاش مەرگی باوکی شووی کردووە بە مامی. بە توندی حاشا لە ئۆفیلیا دەکات، کەسێک کە زەمانێک زۆر خۆشی دەویست. قسەکانی زۆر جار نیشاندەری بێزاری و نەبوونی متمانەی بە ژنانە. لە بەشگەلێکی شانۆکەدا بیر لە مردنی خۆی و تەنانەت خۆکوژی دەکاتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو شتانە کە هاملێت ناڕەزایەتی خۆی پێیان دەردەبڕێ، گرنگە کە میرزادە هاملێت و دانیمارکیەکانی دیکەش بە شێوەیەکی تایبەتی و فەلسەفی بیر لەم کێشانە بکەنەوە. هاملێت کاتێکی کەم تەرخانی بیر کردنەوە لە مەترسی و هەڕەشەکانی دەر لە وڵات و کێشەکانی ناوخۆیی دەکات.

کلۆدیووس

دژەپاڵەوانی سەرەکی شانۆنامەی هاملێت، پاشایەکی زیرەک، گێچەڵ، دڵتەڕ، چەوت و نادرووستە کە بەراورد بە کەسایەتیە نێرینەکانی دیکەی شانۆنامەکە جیاوازیەکی زۆری هەیە. لە کاتێکدا کە پیاوە گرنگەکانی دیکە سەرقاڵی بیرۆکەکانی دادپەروەری، تۆڵە و هاوسەنگیەکانی ڕەوشتی و ئەخلاقین، کلۆدیووس هەر ها بە شوێن پارستنی هێز و دەسەڵاتەکانی خۆیەوە. هاملێتی پاشا جەنگاوەرێکی ئازا بووە، بەڵام کلۆدیووس سیاسیێکی گەندەڵە کە چەکە سەرەکیەکەی، ئەو توانایەیە کە لە قسە کردن دا هەیەتی. بە قسەکانی لەسەر ئەم و ئەو کاریگەری دادەنێ و بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کاریان دێنێ. پەیڤینی کلۆدیووس بەراورد دەکرێ بە ژارێک و بپژێتە نێو گوێی بیسەرەکەی، ئەو شێوەیە کە بۆ کوشتنی باوکی هاملێت بە کاری هێنا. عەشقی کلۆدیووس بە گێرتروود لەوانەیە عەشقێکی ڕاستەقینە بێت بەڵام وایش دیارە کە خواستنی گێرتروود پیلانێک بووبێت تاکوو پاش مەرگی پاشا بتوانێ دەسەڵاتی پاشایەتی لە هاملێت بسێنێت. هەر کە شانۆنامەکە دەچێتە پێشێ، ترسی کلۆدیووس لە شێتی هاملێت مێشکی زۆرتر سەرقاڵ دەکات؛ کاتێک گێرتروود پێی دەڵێ هاملێت پۆلۆنیەسی کوشتووە، کلۆدیووس ئاماژەیەک بەوە ناکات کە ڕەنگە گێرتروودیش لە مەترسیدا بایە، بەس دەڵێ‌ کە خۆی ئەگەر لە ژورەکەدا بایە گیانی دەکەوتە مەترسیەوە. بە لێیرتیسیش هەر وا دەڵێ و هەوڵ دەدات هێمنی کاتەوە. کلۆدیووس لە کۆتاییدا بۆ گەیشتن بە خواستەکانی زۆر زیرەکی بە کار دێنێ. لە پەردەی پێنجەم، دیمەنی دووهەم دا کلۆدیووس بێجگە لەو دوو شێوازە کە بۆ کوشتنی هاملێت دابینی دەکا واتە شمشێری تێژ و تێغی ژەحراوی،  بیر لە شێوەیەکی سێهەمیش دەکاتەوە و پەرداخێک ژەهراوی دەکات کە بیدا بە هاملێت لێ بخواتەوە. کە گێرتوود بێئاگا ژارەکە دەخواتەوە و دەمرێت، لە کۆتایدا هاملێت دەتوانێ بۆ کوشتنی کلۆدیووس بچێتە پێشێ و پاشا بە دەستی پیلانە ناجوامێرانەکەی خۆی دەمرێت.

گێرتروود

کەمتر کەسایەتیێک لە کەسایەتیەکانی شێکسپیر بە قەد گێرتروود، شاژنە جوانەکەی دانیمارک گومانی درووست کردبێ. شانۆنامەکە زۆرتر پرسیار لە سەر گێرتروود درووست دەکا تا ئەوەی وەڵامێک بداتەوە، پرسیارگەلێک لەم بابەتانە: گێرتروود بەر لە مردنی مێردەکەی پەیوەندیەکی لە گەڵ کلۆدیووس هەبووە؟ مێردەکەی خۆش دەویست؟ ئاگای لە پیلانی کلۆدیووس بووە بۆ کوشتنی هاملێت؟ کلۆدیووسی خۆش دەویست یان شووی پێ کرد هەر بۆ ئەوەی جێگای خۆی لە دانیمارکدا بەرز نگا بێڵێ؟ کاتێک هاملێت دەڵێ شێت نیە، گێرتروود بەڕاستی بڕوای پێ دەکات؟ یان بەس بۆ پاراستنی خۆیە وا نیشان دەدات کە بڕوای پێیە؟

ئەم پرسیارانە بە پێی ئەو کەسەی کە شانۆنامەکە دەخوێنێتەوە، دەتوانن وەڵامگەلێکی جۆراوجۆریان هەبێت. گێرتروود ژنێکە مەیل و ئارەزوی زۆری بۆ پلەو پایە و سۆز و خۆشەویستی هەیە. دەیەوێ پیاوان بۆ پاراستنی خۆی بە کار بێنێ، ئەم خسڵەتیە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیانیدا پێویستیێکی ئەوتۆی بە پیاوان بێت. ناسراوترین و بەرچاوترین بۆچونی هاملێت سەبارەت بە گێرتروود ئەو وتە تووڕە و توندەیە کە بە گشتی سەبارەت بە ژنان دەیڵێ: ‘هەڵە و گوناهبار، ناوتان ژنە’. ئەم ڕوانینەی هاملێت ئاماژە بە تووڕەیی و بار و دۆخی دەروونیەوە هەیە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر گێرتروود وا دیارە کە بە هەڵەیەکی ئەخلاقیدا چووبێ. هیچ کات وا پیشان نادات کە توانای ئەوەی هەیە تێفکرینێکی تایبەت لە بارودۆخی خۆی هەبێت، بەڵام وا دەردەکەوێ کە بە خۆڕایی و بە پەلە بەرەو ئەو ڕێگانە دەچێت کە مەترسیێکیان تێدا نیە؛ وەکوو ئەو کاتەی کە پاش ڕووبەڕوو بونەوەی لە گەڵ هاملێت دەچێت بۆ لای کلۆدیووس. گێرتروود لە بواری کولتووریدا لە بەرزترین ئاستدایە، جوانیەکەی ئاماژە بە کەسایەتیەکی بە نرخ و دەوڵەمەند دەکا. وا دیارە کە جوانی و شازی تاکە تایبەتمەندی ئەو بن و پێویستی بە پیاوان تاکە ڕێگای پەرە دان و پیشان دانی تواناکانی بێت.

سەرچاوە: Spark Note

0 0 vote
Article Rating

ئەگەر لە هەر گۆڤار، ماڵپەڕ، وێبلۆگ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەر شوێنێکی دیکە لەم بابەتە کەڵکتان وەر گرت، تکایە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکەن و بنووسن «سەرچاوە: ماڵپەڕی شانۆڤان»

بە ئەندام بوون
ئاگادار بوونەوە لە
guest
0 Comments
Inline Feedbacks
View all comments
0
Would love your thoughts, please comment.x
()
x