×

بیرکردنەوەی ئەرێنی و هەستی دڵخۆشی

بیرکردنەوەی ئەرێنی بۆ درووست کردنی هەستی دڵخۆشی و کامەرانی.

سێ ڕێگای سەرەکی هەنە بۆ دڵشاد و کەیفخۆش بوون: گۆڕینی بیرکردنەوە، گۆڕینی ئاکارەکان، گۆڕینی دۆخەکان. توێژینەوەکان زۆرتر سەرنج دەخەنە سەر گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و تیشک دەخەنە سەر هەندێک ڕێگا بۆ گۆڕینی بیروڕاکان بە مەبەستی درووست کردنی دڵخۆشییەکی زۆرتر. لە خوارەوە ئەم ڕێگایانە و شێوازی بیرکردنەوانە باس دەکەین:

١- ئەو شتانە قەبووڵ دەکەم کە ناتوانم بیانگۆڕم

قەبووڵ کردن گرێدراوە بە تەندرووستییەکی باشەوە. بۆ ئەوەی شتەکان ئاسانتر قەبووڵ بکەین دەبێت هەوڵ بدەین وشیار بین، واتە قەبووڵ کردن لەگەڵ وشیاری و ئاگاییدا بێت. بەم چەشنە ئیزن نادەین ئەو شتانەی بە ڕێکەوت ڕوو دەدەن کاریگەرییەکی زۆر لەسەرمان دابنێن و بمانشڵەژێنن و ئیدی لە ئەنجامدا دەبینین کە دڵشادی مسۆگەرتر دەبێت بۆمان. هەندێ جار شتگەلێک هەن کە دەزانین ناگۆڕن، لەم کاتانەدا باشترە بە جێگەی خەم خواردن، هەوڵ و وزەمان بخەینە سەر لایەنەکانی دیکەی ژیانمان چونکە خەم خواردن بێجگە لاوازی و خەمۆکی هیچ ئەنجامێکی دیکەی نییە.

٢- من شایەنی ئەوەم

هەستی خۆ بەنرخ زانین یەکێک لە خاڵە هەرە گرینگەکانە کە پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ دڵخۆشیدا هەیە. بۆیە ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە سەبارەت بە خۆت و ئەوەی کە خۆت بە شایەنی هەموو شتێکی باش بزانیت زۆر بەسوودە بۆ درووست کردنی دڵخۆشی. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەوڵ بدەیت بۆ بەهێز کردنی هەستی دڵسۆزی بەرانبەر خۆت و هەستی متمانە بە خۆ؛ بەگشتی هەوڵ بدە خۆتت خۆش بوێت.

٣- سوپاسگوزارم بۆ ئەو شتانەی هەمە و ئەو کەسانەی لە ژیانمدان

سوپاسگوزار بوون پێوەندی هەیە لەگەڵ هەموو چەشنە هەستێکی ئەرێنیدا، هەروەها دەبێتە هۆی درووست بوونی دۆخێکی دەروونی و جەوێکی باش. کەواتە دەبێت بیرکردنەوەکانت بە چەشنێک ئاڕاستە بکەیت کە بۆچوونێکی سوپاسگوزارانەت هەبێت بەرانبەر ئەو شتانەی لە ژیانتدا هەتە، ئەمە زۆر یارمەتیدەرە بۆ درووست کردنی ئاسوودەگی و دڵخۆشی.

٤-ئامانجەکانم دەناسم و هەوڵیان بۆ دەدەم

دابین کردنی ئامانج و هەوڵ دان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان هەستێکی چڕتر لە سەربەخۆییمان پێ دەبەخشێت. دیارە کە ئێمە هەڵیدەبژێرین چۆن ژیانی خۆمان بژین و بۆ کوێ بچین. بەڵام دانانی ئامانج لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا مانایەکی زۆرتر دەدات بە ژیانمان، چونکە بەردەوام ئامانجگەلێکمان هەیە کە لە بیریانداین و بیر لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان دەکەینەوە. کەواتە هەمیشە ئامانجگەلێکی کورتخایەن و درێژخایەن بۆ خۆت دەستنیشان بکە و بیر لە ڕێگای گەیشتنیان بکەوە، ئەمە هەستی کەیفخۆشی و شادومانی لە ژیاندا زۆرتر دەکاتەوە.

٥- بڕوام بە خۆم هەیە

ئەگەر ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەبێت و چاوەڕێی ئەنجام و داهاتووی ئەرێنی بین، بە پێی تیۆرەی چاوەڕوانی، ئەگەری زۆرە کە بەو شتە بگەین کە چاوەڕێمان کردووە. ئەمە هەروەها بۆ بیرکردنەوە و چاوەڕوانی نەرێنیش ڕاستە، کەواتە ئاگاداری بیرۆکە نەرێنییەکانتان بن چونکە ئەگەری قەومانی ئەو شتانەی چاوەڕێی دەکەن زۆرە.

٦- من ئامادە و کراوەم بۆ هەر شتێک بێتە ڕێگام

هەرچەند ئامادەتر و کراوەتر بین بەرانبەر ڕووداوەکان، کەمتر تووشی خەمۆکی و پەژارە دەبین کاتێک شتەکان بە دڵی خۆمان ناچنە پێشێ. بەم چەشنە دەتوانین خۆمان ڕزگار بکەین لە نەرێنی بیرکردنەوە سەبارەت بە ناخۆشییەکانی ڕابردوو و هەروەها نیگەرانی لە ئەگەرەکانی داهاتوو. کەواتە هەوڵ بدە  شیوازێکی بیرکردنەوە بۆ خۆت درووست بکەیت کە بەرانبەر ڕووداوە ناخۆشەکان کراوە بیت و بتوانیت خۆت لەگەڵ دۆخەکان ڕابێنیت و باشترین چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزیتەوە بێئەوەی تووشی پەشۆکان بیت.

٧- من دەتوانم ئاستی دڵخۆشی خۆم بگۆڕم

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین کۆنترۆڵێکی هەرە زۆرمان هەبێت لەسەر دڵخۆشی خۆمان؛ ڕاستە کە سەدانسەد نییە و ڕووداوەکان و دۆخی ژیان لەسەر هەستەکانمان کاریگەرییان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە تا ڕادەیەکی زۆر ئاستی دڵخۆشی گرێدراوی شێوازی بیرکردنەوە و ئاکارەکانی خۆمانە، دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری باشمان هەبێت لەسەر ئەوەی کە چەندە هەست بە دڵخۆشی بکەین. کەواتە دەبێت لە بیری نەکەین کە ئێمە دەتوانین ئاستی دڵخۆشی خۆمان بگۆڕین و هەستێکی شادومانتر بە خۆمان ببەخشین، بەس کات و تێکۆشان و هەوڵدانی دەوێت.

٨- کۆڵ نادەم

ژیان هەندێ کات کێشە و گرفتی هەیە. هیچ ڕێگایەکی نهێنی و سەرووسرووشتی نییە بۆ گۆڕینی ژیان بۆ ئەو شتەی دەتەوێت. گۆڕینی ژیان کات و تێکۆشانی دەوێت. بەڵام ئەگەر بزانین کە دەبێت چی بکەین بۆ دڵخۆشتر بوون، بەردەوام بوون و کۆڵ نەدان مسۆگەرتر دەبن بۆمان. بۆیە بیر کردنەوەی ئەرێنی زۆر گرینگ و کاریگەرە. هیچ ژیانێک بێ کێشە و گرفت نییە، گرینگ ئەوەیە هەمیشە بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمە بەهێزین و دەتوانین بە سەر کێشەکاندا سەرکەوین و ئەوەیە کە هەستی دڵخۆشیمان پێ دەبەخشێت. با لە کاتی کێشەکاندا بیر لەوە بکەینەوە کە کۆڵ نادەین و هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ چارەسەر کردنیان و گەڕاندنەوەی کاتە خۆشەکان بۆ ژیانمان. ئینجا سەرکەوتن بە سەر کێشەکاندایە کە بەهێزترمان دەکات و نایابترین هەست لە کەیفخۆشی و دڵخۆشیمان پێ دەبەخشێت.

Tchiki Davis / 2021 / ‘8 Thoughts to Help You Be Happy’ / Psychology Today

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.