×

بەپێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان دەتوانین لە چ شتگەلێکی خەڵک تێبگەین؟

پرۆفایل و چالاکییەکانمان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت زۆر شت لەسەر کەسایەتیمان دەربخات.

زۆرینەی ئەمریکییەکان لانیکەم یەک چەشنی تۆڕەکۆمەڵایەتی بەکار دێنن. ئەگەر خەریکی خوێندنەوەی ئەم بابەتەی لەوانەیە تۆش تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکار بێنیت و بەردەنگگەلێکت هەبێت، لەو کەسانەوە کە لە نێزیکەوە دەیانناسیت وەکوو بنەماڵە و هاوڕێ نێزیکەکانت تاکوو کەسانێک کە دەمێکە ناسیوتن یان چەند جار بینیوتن، یانیش چەند ساڵە نەتبینیون.

بەپێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەتوانین لە چ شتگەلێکی خەڵک تێبگەین؟ سەرەڕای ئەو دەرفەتەی کە هەمانە بۆ کۆنترۆڵکردنی پۆستەکانمان و درووستکردنی وێنایەکی نموونەیی، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەگشتی پرۆفایلی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەسایەتی ڕاستەقینەی خەڵک دەردەخەن نەک وەشانێکی نموونەیی لە خۆیان.

پێنج ڕەوشتی سەرەکی کەسایەتی

توێژینەوەیەکی بەربڵاو لەسەر بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییەکان، سەرنجی خستووەتە سەر پێنج ڕەوشتی سەرەکی کەسایەتی؛ قەبووڵکراوترین تیۆرەی ڕەوشت. کاتێک لە خەڵک داوا دەکرێت دەستنیشانی بکەن چەندە ڕەوشتی تایبەتی لە خۆیاندا دەبیننەوە، ئەم تایبەتمەندییانە لە پێنج پۆلدا کۆ دەبنەوە:

  • ڕووکراوەیی: کۆمەڵایەتیبوون و هەست بە وزە و گەشانەوە کردن لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا
  • ڕووخۆشی: گەرم و گوڕی، ویستی هاوکاری و حەز و ویست بۆ لەگەڵ کەسانی دیکەدا بوون
  • تێکۆشەری: لێهاتووبوون و بەپێی پیلان ئیشکردن، تێکۆشان و ئەرکداری
  • کراوەیی: داهێنەری و تێفکرین و کراوەبوون بەرانبەر ئەزموونی نوێ
  • دەمارگیری: تووڕەیی و نیگەرانی

ئەدگار و خەسڵەتەکان پێشگۆیی دەکەن کە کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چ هەڵسووکەوتێکی دەبێت.

ئەو توێژەرانەی کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەسڵەتەکان دەکۆڵنەوە، زۆربەی جار لە بەکارهێنەران سەبارەت بە هەڵسووکەوتەکانیان و هەروەها هەڵسووکەوتی بەکارهێنەرانی دیکە پرسیار دەکەن و پاشان بڕیار دەدەن کە چ شتگەلێک لەگەڵ ڕەوشتە تایبەتە جیاوازەکاندا پەیوەندی هەیە. لە مێتا-ئەنالیزێکدا کە ئەنجامی زۆرتر لە ٣٠ توێژینەوەی جیاواز کۆ کرایەوە، لوویی و کامپبەل چەندین شێوازیان دۆزییەوە. ڕووکراوەکان پێیان خۆش بوو کاتێکی زۆرتر لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە تەرخان بکەن. ئەو کەسانەی ئاستی ڕووخۆشییان لەسەرەوە بوو بەراورد بەوانەی کەمتر ڕووخۆش بوون ویستیان بۆ کۆمەڵایەتیبوون نەک زۆرتر بوو نەک کەمتر، بەڵام وێنەیەکی زۆرتریان پۆست دەکرد. خەڵکانی تێکۆشەر بۆ ناسینی کەسانی دیکە و یاریکردن، کاتێکی کەمتریان بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دادەنا. ئەوانەی ئاستی کراوەییان بەرزتر بوو بە پێچەوانەی تێکۆشەرەکانەوە، کاتێکی زۆرتریان تەرخانی بەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە کەسانی دیکە و یاریکردن کردبوو. وەکوو ڕووکراوەیی، دەمارگیریش پەیوەندی هەبوو لەگەڵ زۆر پۆستکردن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

سەرەڕای ئەمانە، توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە کەسایەتی پەیوەندی هەیە بە چەشنی ئەو بابەتانەوە کە خەڵک بڵاویان دەکەنەوە. سەرەڕای ویستێکی گشتی لە پرۆفایلەکاندا بۆ دەرخستنێکی ڕێک و ڕاست لە کەسایەتییەکان، بەڵگەگەلێک هەنە کە ئەم پرۆفایلانە لە ئەو کەسانەدا کە ئاستی دەمارگیرییان لە سەرەوەیە، زۆر ڕاست نییە؛ ئەم کەسانە زۆرتر پێیان خۆشە وێناگەلێکی ئایدیایی و نموونەیی یان وێناگەلێک کە کەمتر لە خۆیان بچێت پیشان بدەن.

کەسایەتی ئەو وشانە پێشگۆیی دەکات کە خەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەکاری دێنن.

لە بوارێکی سەرنجڕاکێشی توێژینەوەدا، توێژەران نەرمامێرگەلێکی تایبەتیان بەکار هێناوە بۆ کۆڵینەوە لەسەر ئەو زمانەی خەڵک لەنێو پۆستەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەکاری دەهێنن. لە وەها توێژینەوەیەکدا، توێژەران ئەلگۆریتمێکی کۆمپیوتەرییان بەکار هێنا بۆ ئەوەی بزانن چ وشەگەلێک بە چەشنێکی تایبەت لەگەڵ ئەدگار و کەسایەتییە جیاوازەکاندا پەیوەندییان هەیە. وشەگەلێک کە پیشاندەری ئاستێکی بەرز لە ڕووکراوەیی بوون بریتی بوون لە “خۆشەویستی”، “شەو” و “جێژن”، وشگەلێک کە دەرخەری چالاکی یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن. بەڵام ئەوانەی ئاستێکی نزمتر لە ڕووکراوەییان هەبوو، زۆرتر وشەگەلێک وەکوو “کۆمپیوتەر”، “من ئەمە…” و “من ئەوە…”یان بەکار هێنابوو کە دەرخەری سەرنجێکی زۆرترە لەسەر خۆ و هەروەها ویستێک بۆ ئەو چالاکییانەی کە زۆرتر پەیوەندی بە شتەکانەوە هەبێت تاکوو خەڵک. خەڵکانی بە ئاستێکی بەرز لە تێکۆشەرییەوە زۆرتر وشەگەلێک وەکوو “بنەماڵە”، “هەفتە” و “کۆتایی هەفتە”یان بەکار هێنابوو. ئەم هەڵبژاردنی وشەگەلە ئاماژەیەکە بە ویستیان بۆ پلاندانان و سەرنجیان لەسەر بەرپرسیارێتییەکانیان لە بنەماڵەدا. خەڵکانێک بە ئاستێکی نزم لە تێکۆشەرییەوە زۆرتر جنێویان بەکار هێنابوو کە پیشاندەری کەمتەرخەمییانە سەبارەت بەو شتانەی کە پۆستی دەکەن. سەیر نییە کە کەسانی ڕووخۆش زۆرتر وشەگەلێکی ئەرێنی و پۆزەتیڤیان بەکار هێنابوو و خەڵکانێک بە ڕووخۆشییەکی کەمترەوە زۆرتر وشەی نێگەتیڤ و بەتایبەت جنێوی ناحەزیان بەکار هێنابوو. دەمارگیریش پەیوەندی هەبوو بە بەکارهێنانی وشە نێگەتیڤەکانەوە بەڵام زۆرتر خەمۆکانە تاکوو تووڕەییانە.

توێژەرانی دیکە کە داتاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان بەکار هێناوە، بەجێگەی ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ژمارەی بەکارهێنرانی وشەکان، لە سیستەمگەلێک کەڵکیان گرتووە کە وشەکان لەنێو پۆلگەلێکدا دادەنێن. بۆ نموونە توێژەران دەتوانن وشەکان لەنێو پۆلگەلێکدا دابنێن وەکوو “نێگەتیڤ”، “سۆزدارانە” یان “پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان”. سەیر نییە کە ئەم توێژینەوانە پیشانی داوە کەسانی ڕووکراوە زۆرتر وشەگەلێک بەکار دەهێنن کە پەیوەندی هەیە بە بنەماڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە. جێگای سەرنجە کە خەڵکانێک بە ئاستێکی بەرز لە ڕووخۆشییەوە پێیان خۆشە زۆرتر باسی چێشت و کەمتر باسی دەستکەوت و پارە بکەن. کەسانی بە ئاستێکی بەرز لە تێکۆشەری و کراوەییەوە هەردووکیان زۆرتر حەزیان لە باسکردن لەسەر ئیشە. ئەمە پێدەچێت دەرخەری سەرنج و ئەرککێشانی زۆرتر لە کەسانی تێکۆشەر و هەروەها شوێنگرتنی ئیشەکان بەپێی حەز و ئارەزووەوە لە کەسانی کراوەدا بێت.

بابەتەکانی سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتییەکان پێشبینی دەکەن.

توێژەران هەندێجار سەرنج دەخەنە سەر بابتگەلێکی تایبەت کە خەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا پۆستیان دەکەن. ئەمە دەتوانێت بریتی بێت لە تایبەتمەندیی پرۆفایلەکان وەکوو ژمارەی “دڵخوازەکان”، ژمارەی هاوڕێیان یان ژمارەی پۆستەکان و ستاتووسەکان. باچراچ و هاوکارەکانی تێگەیشتن کە دەتوانن بەپێی ئەم زانیارییانە ئاستی ڕووکراوەیی، کراوەیی و تێکۆشەری بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێشگۆیی بکەن.

توێژەرانێکی دیکە گەیشتوون بەوەی کە ئەو شتانەی خەڵک لە فەیسبووک لایکیان دەکەن پەیوەندی هەیە بە کەسایەتییانەوە. کەواتە حەزیان بۆ مۆسیقا و نمایشتە تەلەفیزیۆنییەکان، بەرهەمەکان و ماڵپەڕەکان یان تەنانەت چەشنی تایبەتی ئەو بابەتانەی کە هاوڕێکانیان بڵاوی دەکەنەوە هەموو پەیوەندی بە کەسایەتییەوە هەیە. لە پیشاندانێکی تایبەتی سەرنجڕاکێش لەسەر ئەم بابەتەدا، یویو، کۆسینسکی و ستیڵوەڵ “لایکەکانی” خەڵکیان بەکار هێنا بۆ پێشبینی ئاست و چەشنی کەسایەتییەکانیان. ئینجا ئەمەیان بەراورد کرد لەگەڵ دەرەجەی کەسایەتییەک کە لە هاوڕێ و بنەماڵە و هاوکارەکانی ئەو کەسەدا بەدەست هاتبوو. توێژەرەکان بەوە گەیشتن کە “لایکەکان” باشتر لە گوزارشتی ئەو کەسانەی کە دەیانناسن، کەسایەتی خەڵکیان پێشبینی کردبوو.

کەوابوو بەپێی چالاکیی کەسێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانین لە چ شتگەلێک سەبارەت بە کەسایەتییەکەی تێبگەین؟

ڕێکارەکانی ئەلگۆریتمە کۆمپیوتەرییەکان زۆر بەهێزن و پێدەچێت کە کۆمپانیای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرتر لەو شتەی کە بیری لێ دەکەنەوە سەبارەت بە ئێوە بزانن. هەڵبەت بەکارهێنەرانی ئاساییش دەتوانن لە تێبینییەکانی ئەم توێژینەوەیە بۆ باشتر ناسینی هاوڕێکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کەڵک بگرن. بەکۆی گشتی ئەم دەستکەوتانە دەڵێن کە هەندێک هۆکار هەنە کە دەتوانن بە چەشنی کەسایەتی کەسێک ئاماژە بکەن:

  • ڕووکراوەیی: کەسانی ڕووکراوە بە ئاسانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەدۆزرێنەوە. ئەمە شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە، هەروا کە لە دانیشتنە دەرهێڵییەکاندا، کاتێک بۆ یەکەمجار کەسێک دەبینیت ڕووکراوەیی ئاسانترین خەسڵەتێکە بیبینیتەوە. ڕووکراوەکان پێیان خۆشە هاوڕێی زۆرتریان هەبێت، لەگەڵ کەسانی دیکەدا زۆرتر پەیوەندییان هەبێت، بابەتەکان زۆرتر “لایک” بکەن و وشەگەلێکی زۆرتر بەکار بێنن کە دەرخەری چالاکیی کۆمەڵایەتییە.
  • تێکۆشەری: کەسانی تێکۆشەر لە سرووشتیاندا کەسانێکی وریاترن و بەراورد بەو کەسانەی ئاستی تێکۆشەرییان کەمترە، کەمتر سەرقاڵی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبن. کاتێکیش دەچنە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، زۆرتر پێیان خۆشە باسی ئیش و بنەماڵە بکەن.
  • ڕووخۆشی: خەڵکانی ڕووخۆش پێیان خۆشە زۆرتر وێنە پۆست بکەن. هەروەها پێیان خۆشە زمانێکی شیرینتر و شادتر بەکاربێنن بەپێچەوانەی ئەو کەسانەی کە ئاستی ڕووخۆشییان نزمە و زۆرتر حەزیان لە بەکارهێنانی وشەگەلێکی ڕەق و نێگەتیڤە.
  • کراوەیی: بۆ ئەو کەسانەی کە ئاستێکی بەرز لە کراوەییان هەیە، بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرتر بۆ دەرخستنی حەز و ویستەکانیانە. لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرتر وەکوو ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و قسەکردن سەبارەت بە ئیشەکانیان و یاریکردن کەڵک دەگرن.
  • دەمارگیری: کەسانی دەمارگیریش وەکوو ڕووکراوەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا چالاکییەکی زۆرتریان هەیە. بەڵام بەپێچەوانەی ڕووکراوەکانەوە لە قسەکانیاندا زۆرتر حەزیان لێیە هەستە نەرێنییەکانیان دەرببڕن کە ئەمەش شتێکی ئاسایی دەبێت ئەگەر سەرنج بدەین بەو خەسڵەتەیان کە زۆرتر هەست بە شتە نەرێنییەکان دەکەن. هەروەها بە چەشنێکی تایبەت حەزیان لێیە هەوڵ بدەن وێنایەکی نموونەیی لە خۆیان دەربخەن.

ئەگەرچی ناتوانیت لەسەر کتێبێک لەڕووی بەرگەکەی یان پرۆفایلەکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڕیار بدەیت، بەڵام پرۆفایلەکانی خۆمان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لەوانەیە زۆرتر لەو شتەی کە بیری لێ بکەینەوە سەبارەت بە ئێمە دەربخەن.

Gwendolyn Seidman / 2020 / ‘What Can We Learn About People From Their Social Media?’/ Psychology Today

سەرنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاو ناکرێتەوە. ئەو خانەگەلەی بە * دەستنیشان کراون پێویستە پڕ بکرێنەوە.